عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هۆزه‌كانی ئه‌وبه‌ری ڕووباری ئوردون 
1
به‌ڵام نه‌وه‌ی ڕه‌ئوبێن و نه‌وه‌ی گاد گاوگۆتاڵی زۆریان هه‌بوو، كاتێك بینییان خاكی یه‌عزێر و خاكی گلعاد شوێنی مه‌ڕوماڵاته‌،
2
ئیتر نه‌وه‌ی گاد و نه‌وه‌ی ڕه‌ئوبێن هاتن، له‌گه‌ڵ موسا و ئه‌لعازاری كاهین و ڕابه‌ره‌كانی كۆمه‌ڵدا دوان و گوتیان:
3
«عه‌ته‌رۆت و دیڤۆن و یه‌عزێر و نیمرا و حه‌شبۆن و ئه‌لعالێ و سه‌ڤام و نه‌بۆ و به‌عۆن،
4
ئه‌و خاكه‌ی یه‌زدان له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵی ئیسرائیل به‌زاندی، ئه‌وه‌ خاكی مه‌ڕوماڵاته‌ و خزمه‌تكاره‌كانیشت مه‌ڕوماڵاتیان هه‌یه‌.»
5
هه‌روه‌ها گوتیان: «ئه‌گه‌ر له‌به‌رچاوت په‌سه‌ندین، با ئه‌و خاكه‌ بدرێت به‌ خزمه‌تكاره‌كانت و ببێت به‌ موڵكمان و له‌ ڕووباری ئوردون مه‌مانپه‌ڕێنه‌وه‌.»
6
موساش به‌ نه‌وه‌ی گاد و ڕه‌ئوبێنی گوت: «ئایا ده‌بێت براكانتان بۆ جه‌نگ بڕۆن و ئێوه‌ش لێره‌ دانیشن؟
7
بۆچی دڵی نه‌وه‌ی ئیسرائیل سارد ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ په‌ڕینه‌وه‌یان بۆ ئه‌و خاكه‌ی یه‌زدان پێیداون؟
8
باوكانتان ئاوایان كرد كاتێك له‌ قادێش به‌رنێعه‌وه‌ ئه‌وانم نارد هه‌تا ته‌ماشای خاكه‌كه‌ بكه‌ن،
9
به‌ دۆڵی ئه‌شكۆلدا سه‌ركه‌وتن و ته‌ماشای خاكه‌كه‌یان كرد و دڵی نه‌وه‌ی ئیسرائیلیان سارد كرده‌وه‌ له‌ چوونه‌ ناو ئه‌و خاكه‌ی یه‌زدان پێیداون.
10
له‌و ڕۆژه‌دا تووڕه‌یی یه‌زدان جۆشا و سوێندی خوارد و فه‌رمووی:
11
”ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ له‌ میسر هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ گه‌نجی بیست ساڵ به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌، ناچنه‌ ناو ئه‌و خاكه‌ی سوێندم له‌سه‌ری خوارد بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، چونكه‌ به‌ هه‌موو دڵیانه‌وه‌ دوام نه‌كه‌وتن،
12
ته‌نها كالێبی كوڕی یه‌فونه‌ی قه‌نیزی و یه‌شوعی كوڕی نون نه‌بێت، چونكه‌ به‌ هه‌موو دڵیانه‌وه‌ دوای یه‌زدان كه‌وتن.“
13
تووڕه‌یی یه‌زدان به‌سه‌ر ئیسرائیلدا جۆشا و چل ساڵ له‌ چۆڵه‌وانی وێڵی كردن، هه‌تا هه‌موو ئه‌و نه‌وه‌یه‌ له‌ناوچوون كه‌ له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌یان كرد.
14
«ئه‌وه‌تا ئێوه‌ش له‌ جیاتی باوكانتان هه‌ستاون، كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكێكی گوناهبارن، هه‌تا كوڵی تووڕه‌یی یه‌زدان له‌سه‌ر ئیسرائیل زیاتر بكه‌ن.
15
ئه‌گه‌ر لێی هه‌ڵگه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌وا دیسان له‌م چۆڵه‌وانییه‌ وازیان لێ ده‌هێنێت، ئیتر ده‌بنه‌ هۆی له‌ناوچوونی هه‌موو ئه‌م گه‌له‌.»
16
ئه‌وانیش لێی هاتنه‌ پێش و گوتیان: «لێره‌ پشتیر[a] بۆ ماڵاته‌كانمان و چه‌ند شارێك بۆ ژن و منداڵه‌كانمان بنیاد ده‌نێین،
17
به‌ڵام خۆمان چه‌ك هه‌ڵده‌گرین و به‌ خێرایی پێش نه‌وه‌ی ئیسرائیل ده‌كه‌وین هه‌تا ده‌یانبه‌ینه‌ شوێنه‌كه‌یان. هه‌روه‌ها ژن و منداڵه‌كانیشمان له‌به‌ر دانیشتووانی ئه‌م خاكه‌ له‌ شاری قه‌ڵابه‌ند ده‌بن.
18
ناگه‌ڕێینه‌وه‌ ماڵه‌كانمان هه‌تا نه‌وه‌ی ئیسرائیل هه‌ریه‌كه‌ میراتگری میراته‌كه‌ی خۆی نه‌بێت،
19
ئێمه‌ له‌ پشتی ڕووباری ئوردون و به‌و لاوه‌ میراتمان له‌گه‌ڵیان نابێت، چونكه‌ میراتی خۆمان له‌ به‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری ئوردون وه‌رگرت.»
20
موساش پێی گوتن: «ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌تان كرد، ئه‌گه‌ر له‌به‌رده‌م یه‌زدان چه‌كتان بۆ جه‌نگ هه‌ڵگرت و
21
هه‌موو چه‌كداره‌كانتان له‌ ڕووباری ئوردون په‌ڕینه‌وه‌، هه‌تا هه‌موو دوژمنه‌كانی له‌به‌رده‌می خۆی ده‌ركرد و
22
خاكه‌كه‌ له‌به‌رده‌م یه‌زدان ژێرده‌سته‌ كرا و له‌دوای ئه‌مه‌ گه‌ڕانه‌وه‌، ئه‌وا سه‌باره‌ت به‌ یه‌زدان و به‌ ئیسرائیل ئازاد ده‌بن له‌ پابه‌ندییه‌كه‌تان و له‌به‌رده‌م یه‌زدان ئه‌م خاكه‌ ده‌بێته‌ موڵكتان.
23
«به‌ڵام ئه‌گه‌ر وا نه‌كه‌ن، ئه‌وا گوناه له‌ دژی یه‌زدان ده‌كه‌ن و ده‌زانن خۆتان تووشی چ گوناهێك ده‌كه‌ن.
24
بۆ خۆتان چه‌ند شارێك بۆ ژن و منداڵه‌كانتان و پشتیر بۆ ماڵاته‌كانتان بنیاد بنێن، ئه‌وه‌ی به‌ڵێنتان دا بیكه‌ن.»
25
نه‌وه‌ی گاد و نه‌وه‌ی ڕه‌ئوبێن له‌گه‌ڵ موسادا دوان و گوتیان: «خزمه‌تكاره‌كانت ئاوا ده‌كه‌ن، وه‌ك گه‌وره‌م فه‌رمانی دا،
26
ژن و منداڵ و گاوگۆتاڵه‌كانمان له‌وێ له‌ شاره‌كانی گلعاد ده‌بن.
27
به‌ڵام خزمه‌تكاره‌كانت، هه‌موو چه‌ك هه‌ڵگره‌كان له‌به‌رده‌م یه‌زدان بۆ جه‌نگ ده‌په‌ڕنه‌وه‌، وه‌ك گه‌وره‌مان گوتی.»
28
موساش له‌باره‌ی ئه‌وانه‌وه‌ فه‌رمانی به‌ ئه‌لعازاری كاهین و یه‌شوعی كوڕی نون و گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌كانی هۆزه‌كانی نه‌وه‌ی ئیسرائیل كرد و
29
پێی گوتن: «ئه‌گه‌ر نه‌وه‌ی گاد و نه‌وه‌ی ڕه‌ئوبێن، هه‌موو چه‌ك هه‌ڵگره‌كان بۆ جه‌نگ، له‌به‌رده‌م یه‌زدان له‌گه‌ڵتان له‌ ڕووباری ئوردون په‌ڕینه‌وه‌. كاتێك خاكه‌كه‌ كه‌وته‌ ژێر ده‌ستتان، ئه‌وا خاكی گلعادیان وه‌ك موڵك پێده‌ده‌ن.
30
به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ چه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵتان نه‌په‌ڕینه‌وه‌، ئه‌وا له‌نێوتان له‌ خاكی كه‌نعان موڵكیان ده‌بێت.»
31
نه‌وه‌ی گاد و نه‌وه‌ی ڕه‌ئوبێن وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و گوتیان: «ئه‌وه‌ی یه‌زدان سه‌باره‌ت به‌ خزمه‌تكاره‌كانت فه‌رمووی، ئاوا ده‌كه‌ین.
32
ئێمه‌ به‌ چه‌كه‌وه‌ له‌به‌رده‌م یه‌زدان بۆ خاكی كه‌نعان ده‌په‌ڕینه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری ئوردون به‌شه‌ میراتمان ده‌درێتێ.»
33
ئینجا موسا پاشایه‌تییه‌كه‌ی سیحۆنی پاشای ئه‌مورییه‌كان و پاشایه‌تییه‌كه‌ی عۆگی پاشای باشان، ته‌واوی خاكه‌كه‌ له‌گه‌ڵ شاره‌كانی و به‌ سنووره‌كانی ده‌وروبه‌ریه‌وه‌ دایه‌ نه‌وه‌ی گاد و نه‌وه‌ی ڕه‌ئوبێن و نیوه‌ی هۆزی مه‌نه‌شه‌ی[b] كوڕی یوسف.
34
نه‌وه‌ی گاد دیڤۆن و عه‌ته‌رۆت، عه‌رۆعێر،
35
عه‌ترۆت شۆفان، یه‌عزێر، یۆگبه‌ها،
36
بێت‌نیمرا و بێت‌هارانیان كرده‌ شاری قه‌ڵابه‌ند، پشتیری مه‌ڕیشیان بنیاد نا،
37
نه‌وه‌ی ڕه‌ئوبێنیش حه‌شبۆن و ئه‌لعالێ و قیریاته‌یم و
38
نه‌بۆ و به‌عل‌مه‌عۆن كه‌ ناوه‌كه‌یان گۆڕیوه‌ و هه‌روه‌ها سیڤما، ناویشیان له‌و شارانه‌ نا كه‌ بنیادیان ناوه‌.
39
نه‌وه‌ی ماكیری كوڕی مه‌نه‌شه‌ش چوونه‌ گلعاد و گرتیان، ئه‌و ئه‌مورییانه‌یان ده‌ركرد كه‌ تێیدا بوون.
40
ئینجا موساش گلعادی دا به‌ ماكیرییه‌كان، كه‌ نه‌وه‌ی مه‌نه‌شه‌ن، ئه‌وانیش تێیدا نیشته‌جێ بوون.
41
یائیری نه‌وه‌ی مه‌نه‌شه‌ش چوو و ده‌ستی به‌سه‌ر ئاوه‌دانییه‌كانیاندا گرت و ناوی لێنان حه‌ڤۆت یائیر.
42
نۆڤه‌حیش چوو و ده‌ستی به‌سه‌ر قه‌نات و ئاوه‌دانییه‌كانیدا گرت و به‌ ناوی خۆیه‌وه‌ ناوی لێنا نۆڤه‌ح.
  1. a. 32‏:16 پشتیر: گه‌وڕ، شوێنێكی تایبه‌ت بووه‌ به‌ په‌روه‌رده‌كردنی ئاژه‌ڵ.
  2. b. 32‏:33 هۆزی مه‌نه‌شه‌ دابه‌ش ببوون بۆ سه‌ر دوو به‌ش، هه‌ریه‌كه‌یان كه‌وتبووه‌ لایه‌كی ڕووباری ئوردون.