عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نه‌زركردن 
1
هه‌روه‌ها موسا به‌ سه‌رۆك هۆزه‌كانی نه‌وه‌ی ئیسرائیلی گوت: «ئه‌مه‌ ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ یه‌زدان فه‌رمانی پێی كردووه‌،
2
ئه‌گه‌ر پیاوێك نه‌زرێكی بۆ یه‌زدان كرد یان سوێندی خوارد بۆ پابه‌ندبوون به‌ شتێك، با قسه‌ی خۆی نه‌شكێنێت و به‌گوێره‌ی هه‌موو ئه‌وه‌ی گوتوویه‌تی ئاوا بكات.
3
«به‌ڵام ئافره‌ت ئه‌گه‌ر نه‌زرێكی بۆ یه‌زدان كرد و به‌ شتێك خۆی پابه‌ند كرد، له‌ ماڵی باوكی، له‌ كاتی كچێنی و
4
باوكی گوێی له‌ نه‌زره‌كه‌ی و ئه‌و شته‌ بوو كه‌ خۆی پێ پابه‌ند كردووه‌، ئه‌گه‌ر خۆی لێ بێده‌نگ كرد، ئه‌وا هه‌موو نه‌زره‌كانی و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی خۆی پێ پابه‌ند كردووه‌ ده‌چه‌سپێت.
5
به‌ڵام ئه‌گه‌ر باوكی له‌ ڕۆژی بیستنی نه‌یهێشت، ئه‌وا هه‌موو نه‌زر و ئه‌و شتانه‌ی خۆی پێ پابه‌ند كردووه‌ ناچه‌سپێت، یه‌زدانیش لێی خۆشده‌بێت، چونكه‌ باوكی نه‌یهێشتووه‌.
6
«ئه‌گه‌ر مێردی هه‌بوو و نه‌زری كرد یان به‌ ده‌می خۆی ئه‌و شته‌ی گوت كه‌ خۆی پێ پابه‌ند ده‌كات و
7
مێرده‌كه‌ی بیستی و له‌ ڕۆژی بیستنه‌كه‌ی بێده‌نگ بوو، ئه‌وا نه‌زره‌كانی ده‌چه‌سپێت و ئه‌و شتانه‌ش كه‌ خۆی پێ پابه‌ند كردووه‌ ده‌چه‌سپێت.
8
به‌ڵام ئه‌گه‌ر مێرده‌كه‌ی له‌ ڕۆژی بیستنی نه‌یهێشت، ئه‌وا نه‌زره‌كه‌ی به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و شته‌ی به‌ ده‌می خۆی گوتی كه‌ خۆی پێ پابه‌ند ده‌كات، یه‌زدانیش لێی خۆشده‌بێت.
9
«به‌ڵام نه‌زری بێوه‌ژن یان ته‌ڵاقدراو، ئه‌وا هه‌موو ئه‌وه‌ی خۆی پێ پابه‌ند ده‌كات له‌سه‌ری ده‌چه‌سپێت.
10
«به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژنێك له‌ ماڵی مێردی نه‌زری كرد و خۆی به‌ سوێند به‌ شتێكه‌وه‌ پابه‌ند كرد،
11
مێرده‌كه‌ی بیستی و بێده‌نگ بوو، ڕێی لێ نه‌گرت، ئه‌وا هه‌موو نه‌زره‌كانی ده‌چه‌سپێن و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی خۆی پێ پابه‌ند كردووه‌ ده‌چه‌سپێت.
12
به‌ڵام ئه‌گه‌ر مێرده‌كه‌ی له‌ ڕۆژی بیستنی به‌تاڵی كرده‌وه‌، ئه‌وا هه‌رچی گوتوویه‌تی له‌ نه‌زر و پابه‌ندبوونه‌كانی ناچه‌سپێن، چونكه‌ مێرده‌كه‌ی به‌تاڵی كردووه‌ته‌وه‌، یه‌زدانیش لێی خۆشده‌بێت.
13
هه‌موو نه‌زرێك و هه‌موو سوێندێكی پابه‌ندبوون بۆ زه‌لیلكردنی گیان، مێرده‌كه‌ی ده‌یچه‌سپێنێت و مێرده‌كه‌ی به‌تاڵی ده‌كاته‌وه‌.
14
ئه‌گه‌ر مێرده‌كه‌ی ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ لێی بێده‌نگ بوو، ئه‌وا هه‌موو نه‌زره‌كانی یان هه‌موو ئه‌و پابه‌ندبوونانه‌ی له‌سه‌ریه‌تی ده‌چه‌سپێن، چه‌سپاندوویه‌تی چونكه‌ له‌و ڕۆژه‌ی بیستوویه‌تی لێی بێده‌نگ بوو،
15
جا ئه‌گه‌ر له‌دوای بیستنی به‌تاڵی كرده‌وه‌، ئه‌وا تاوانه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌و.»
16
ئه‌مه‌ ئه‌و فه‌رزانه‌یه‌ كه‌ یه‌زدان فه‌رمانی به‌ موسا كرد له‌نێوان مێرد و ژنه‌كه‌ی و له‌نێوان باوك و كچه‌كه‌ی له‌ كاتی كچێنیدا له‌ ماڵی باوكی.