عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دژایەتییەکانی بنیادنانەوە 
1
کاتێک سەنڤەلەت بیستییەوە کە ئێمە شووراکە بنیاد دەنێینەوە، ڕقی هەستا و زۆر تووڕە بوو، گاڵتەی بە جولەکەکان کرد.
2
لەبەردەم یاوەرەکانی و سوپای سامیرە قسەی کرد و گوتی: «ئەو جولەکە لاوازانە چی دەکەن؟ ئایا شووراکەیان چاک دەکەنەوە؟ ئایا قوربانی سەردەبڕن؟ ئایا بە ڕۆژێک تەواو دەبن؟ ئایا بەردەکان کە لەناو گردە خۆڵەکان سووتێنراون، دەیانژیێننەوە؟»
3
تۆڤییای عەمۆنیش لەلایەوە بوو و گوتی: «ئەوەی ئەوان بنیادی دەنێنەوە، ئەگەر ڕێوییەک سەربکەوێتە سەری دیوارە بەردەکەیان دەڕووخێنێت!»
4
«ئەی خودای ئێمە، گوێت لێ بێت، چونکە ئێمە سووکایەتیمان پێکرا. توانجەکانیان بەسەر خۆیاندا بگەڕێنەوە و با لە خاکی دیلیێتیدا تاڵان بکرێن.
5
تاوانەکانیان دامەپۆشە و گوناهەکانیان لەبەردەمتدا مەسڕەوە، چونکە ئەوان سووکایەتییان بە بیناسازەکان کردووە.»
6
جا شووراکەمان بنیاد ناوە و هەموو شووراکە هەتا نیوەی بە یەک گەیشت. گەلیش دڵیان لەسەر کارەکە بوو.
7
ئەوە بوو کاتێک سەنڤەلەت و تۆڤییا و عەرەب و عەمۆنی و ئەشدۆدییەکان بیستیانەوە کە چاککردنەوەی شووراکانی ئۆرشەلیم بەرەو پێش دەچوو، خەریک بوو بۆشاییەکان پڕ دەکرانەوە، زۆر ڕقیان هەستا.
8
جا هەموو پێکەوە پیلانیان گێڕا هەتا بێن و لە دژی ئۆرشەلیم بجەنگن و کێشەی بۆ بنێنەوە.
9
ئێمەش نزامان بۆ خودامان کرد، شەو و ڕۆژ پاسەوانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوان ڕاگرت.
10
لەو کاتەدا خەڵکی یەهودا گوتیان: «کرێکارەکان توانایان لەبەر بڕاوە، خۆڵەکەش زۆرە و ئێمەش ناتوانین شووراکە بنیاد بنێینەوە!»
11
ناحەزەکانیشمان گوتیان: «پێش ئەوەی بزانن و ببینن، دەچینە ناویان و دەیانکوژین، کارەکە ڕادەگرین.»
12
ئینجا ئەو جولەکانەی لە نزیکیانەوە نیشتەجێ بوون، دەیان جار هاتن و پێیان گوتین: «لە هەموو لایەکەوە دێن و هێرشمان دەکەنە سەر.»
13
ئیتر هەندێک لە گەلەکەم لە خوار شوێنەکەوە، لە پشت شووراکە، لە شوێنە بەرچاوەکان ڕاگرت، بەگوێرەی خێڵەکانیان بە شمشێر و ڕم و تیروکەوانەکانیانەوە گەلم ڕاگرت.
14
دوای ئەوەی کە سەیری بارودۆخەکەم کرد، هەستام و بە خانەدان و کاربەدەست و پاشماوەی گەلم گوت: «لێیان مەترسن، بەڵکو پەروەردگاری گەورە و سامناکم بهێننەوە بیرتان، لە پێناوی برا و کوڕ و کچ و ژن و ماڵەکانتان بجەنگن.»
15
دوای ئەوەی دوژمنەکانمان بیستیانەوە کە ئێمە زانیومانە و خودا پیلانەکەیانی پووچ کردووەتەوە، هەموو گەڕاینەوە بۆ شووراکە، هەریەکە بۆ سەر کارەکەی خۆی.
16
لەو ڕۆژەوە نیوەی خزمەتکارەکانم کارەکەیان دەکرد و نیوەشیان ڕم و قەڵغان و تیروکەوانیان هەڵگرتبوو و زرێیان پۆشیبوو، ئەفسەرەکانیش پشتگیری هەموو بنەماڵەی یەهودایان دەکرد.
17
بیناسازەکان لەسەر شووراکە بوون و ئەوانەی کە کەرەستەیان دەگواستەوە، بە دەستێک کارەکەیان دەکرد و بە دەستەکەی دیکەش چەکیان هەڵدەگرت.
18
بیناسازەکانیش هەریەکە شمشێرەکەی بە ناوقەدیەوە بەستبوو و بنیادی دەنا، ئەوەش فووی بە کەڕەنادا دەکرد لەتەنیشتم بوو.
19
ئینجا بە خانەدان و کاربەدەست و پاشماوەی گەلم گوت: «ئیشەکە زۆرە و بەربڵاوە، ئێمەش پەرتین لەسەر شووراکە لە یەکتر دوورین.
20
لەبەر ئەوە لەو شوێنەی گوێتان لە دەنگی کەڕەناکە بوو، بگەنە لامان بۆ ئەوێ، خودامان بۆمان دەجەنگێت!»
21
ئیتر ئێمە کارەکەمان دەکرد و نیوەیان لە بەرەبەیانەوە هەتا دەرکەوتنی ئەستێرەکان ڕمەکانیان لەدەست دەگرت.
22
هەروەها لەو کاتەدا بە هەموو گەلم گوت: «با هەریەکە لەگەڵ خزمەتکارەکەی لە ناوەڕاستی ئۆرشەلیم بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی بە شەو پاسەوانمان بن و بە ڕۆژیش کار بکەن.»
23
جا نە من و نە براکانم و نە خزمەتکارەکانم و نە پاسەوانەکانی دوای من، جلەکانمان دانەکەند، بەڵکو هەرکەسێک بە چەکەکەیەوە بۆ ئاوکێشان دەچوو.