عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ناردنی نه‌حه‌میا بۆ ئۆرشه‌لیم 
1
ئه‌وه‌ بوو له‌ مانگی نیسان، له‌ بیسته‌مین ساڵی ئه‌رته‌حشه‌سته‌ پاشا، شه‌رابی له‌پێش بوو، منیش شه‌رابه‌كه‌م هه‌ڵگرت و دامه‌ پاشا. پێشتر له‌به‌رده‌می ئه‌و خه‌مبار نه‌ببووم،
2
له‌به‌ر ئه‌وه‌ پاشا لێی پرسیم: «بۆچی ڕووت خه‌مباره‌، له‌ كاتێكدا كه‌ نه‌خۆش نیت؟ هه‌بێت و نه‌بێت دڵت به‌ خه‌مه‌.»
من زۆر ترسام،
3
به‌ڵام به‌ پاشام گوت: «با پاشا هه‌تاهه‌تایه‌ هه‌ر بژیێت! چۆن ڕووم خه‌مبار نه‌بێت، كه‌ ئه‌و شاره‌ی ماڵی گۆڕستانی باوباپیرانمه‌ كاول بووه‌، ده‌روازه‌كانیشی سووتێنراون؟»
4
پاشا پێی گوتم: «چیت ده‌وێت؟»
منیش نزام بۆ خودای ئاسمان كرد و
5
به‌ پاشام گوت: «ئه‌گه‌ر پاشا پێی باش بێت، ئه‌گه‌ر خزمه‌تكاره‌كه‌ت له‌به‌رده‌مت په‌سه‌نده‌، بمنێره‌ یه‌هودا، بۆ شاری گۆڕستانی باوباپیرانم، تاوه‌كو بنیادی بنێمه‌وه‌.»
6
شاژنیش له‌ته‌نیشتی پاشا دانیشتبوو. پاشا پێی گوتم: «گه‌شته‌كه‌ت چه‌ندی پێ ده‌چێت و كه‌ی ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌؟» پاشا پێی خۆش بوو بمنێرێت، منیش كاتێكم بۆ دیاری كرد.
7
به‌ پاشام گوت: «ئه‌گه‌ر پاشا پێی باش بێت، با چه‌ند نامه‌یه‌كم بۆ پارێزگاره‌كانی هه‌رێمی ئه‌وبه‌ری فورات پێ بدات بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگام بده‌ن هه‌تا ده‌گه‌مه‌ یه‌هودا،
8
هه‌روه‌ها نامه‌یه‌ك بۆ ئاسافی چاودێری دارستانه‌كانی پاشا بنووسه‌، تاكو دارم پێ بدات بۆ كاریته‌ی سه‌ر ده‌روازه‌كانی قه‌ڵای په‌رستگاكه‌ و شووراكانی شاره‌كه‌ و ئه‌و ماڵه‌ی كه‌ تێیدا ده‌ژیم.» پاشا پێیدام، چونكه‌ ده‌ستی چاكه‌ی خوداكه‌م له‌سه‌رم بوو.
9
ئیتر چوومه‌ لای پارێزگاره‌كانی هه‌رێمی ئه‌وبه‌ری فورات و نامه‌كانی پاشام پێدان، پاشا چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی سوپا و چه‌ند سوارێكی له‌گه‌ڵمدا ناردبوو.
10
كاتێك سه‌نڤه‌له‌ت حۆرۆنی و تۆڤییای كاربه‌ده‌ستی عه‌مۆنی ئه‌مه‌یان بیسته‌وه‌، زۆریان پێ ناخۆش بوو كه‌ كه‌سێك هاتووه‌ و هه‌وڵی چاكه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیل ده‌دات.
پشكنینی شووراكانی ئۆرشه‌لیم 
11
هاتمه‌ ئۆرشه‌لیم و سێ ڕۆژ له‌وێ بووم،
12
ئینجا به‌ شه‌و هه‌ستام و له‌گه‌ڵ چه‌ند پیاوێكی كه‌م به‌ڕێ كه‌وتم، به‌ كه‌سیشم ڕانه‌گه‌یاند كه‌ خوداكه‌م چی خستووه‌ته‌ دڵمه‌وه‌ هه‌تا له‌ ئۆرشه‌لیم بیكه‌م، بێجگه‌ له‌و وڵاخه‌ی سواری ببووم هیچ وڵاخێكی دیكه‌م له‌گه‌ڵ نه‌بوو.
13
به‌ شه‌و له‌ ده‌روازه‌ی دۆڵه‌كه‌ به‌ به‌رده‌م بیری چه‌قه‌ڵدا چوومه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ لای ده‌روازه‌ی زبڵ و سه‌رنجم دایه‌ شووراكانی ئۆرشه‌لیم كه‌ ڕووخابوون و ده‌روازه‌كانی كه‌ سووتابوون.
14
پاشان په‌ڕیمه‌وه‌ بۆ ده‌روازه‌ی كارێز و بۆ گۆمی پاشا، به‌ڵام جێگا نه‌بوو بۆ په‌ڕینه‌وه‌ی ئه‌و وڵاخه‌ی له‌ ژێرم بوو.
15
به‌ شه‌و به‌ دۆڵه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتم و سه‌رنجم دایه‌ شووراكه‌. دوایی گه‌ڕامه‌وه‌ و به‌ ده‌روازه‌ی دۆڵه‌كه‌دا هاتمه‌ ژووره‌وه‌.
16
كاربه‌ده‌سته‌كان نه‌یانزانی بۆ كوێ چووم و چیم كرد، هه‌تا ئه‌و كاته‌ش به‌ كه‌سم ڕانه‌گه‌یاندبوو، جوله‌كه‌ و كاهین و پیاوماقوڵ و كاربه‌ده‌سته‌كان و ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ ده‌بێت كاره‌كه‌ بكه‌ن.
17
ئینجا پێم گوتن: «ئێوه‌ ئه‌و خراپه‌یه‌ ده‌بینن كه‌ ئێمه‌ تێیداین، كه‌ ئۆرشه‌لیم كاوله‌ و ده‌روازه‌كانی سووتێنراون. وه‌رن با شوورای ئۆرشه‌لیم بنیاد بنێینه‌وه‌ و چیتر نه‌بینه‌ مایه‌ی ڕیسوایی.»
18
له‌باره‌ی ده‌ستی چاكه‌ی خوداش كه‌ له‌سه‌رم بوو پێم ڕاگه‌یاندن، هه‌روه‌ها قسه‌كانی پاشا كه‌ پێی گوتبووم.
ئه‌وانیش گوتیان: «با هه‌ستین و بنیادی بنێینه‌وه‌.» بازوویان لێ هه‌ڵكرد بۆ چاكه‌.
19
به‌ڵام كاتێك سه‌نڤه‌له‌ت حۆرۆنی و تۆڤییای كاربه‌ده‌ستی عه‌مۆنی و گه‌شه‌می عه‌ره‌بی ئه‌مه‌یان بیسته‌وه‌ گاڵته‌ و سووكایه‌تییان پێكردین و گوتیان: «ئه‌مه‌ چییه‌ ئێوه‌ ده‌یكه‌ن؟ ئایا له‌ پاشا هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌؟»
20
منیش وه‌ڵامم دانه‌وه‌ و پێم گوتن: «خودای ئاسمان سه‌ركه‌وتوومان ده‌كات و ئێمه‌ش خزمه‌تكاری ئه‌وین، هه‌ڵده‌ستین و بنیادی ده‌نێینه‌وه‌، به‌ڵام ئێوه‌ هیچ به‌ش و ماف و یادكردنه‌وه‌یه‌كتان له‌ ئۆرشه‌لیم نییه‌.»