عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نزای نه‌حه‌میا 
1
یاداشتی نه‌حه‌میای كوڕی حه‌خه‌لیا:
ئه‌وه‌ بوو له‌ مانگی كیسلێڤ[a] له‌ ساڵی بیسته‌م، كاتێك له‌ قه‌ڵای شوش بووم،
2
حه‌نانی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ براكانم له‌گه‌ڵ چه‌ند پیاوێك له‌ یه‌هوداوه‌ هاتن، منیش له‌باره‌ی ئه‌و جوله‌كانه‌ی ده‌ربازبوون، ئه‌وانه‌ی له‌دوای ڕاپێچكردنه‌كه‌ مانه‌وه‌، له‌باره‌ی ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ پرسیارم لێكردن.
3
پێیان گوتم كه‌ ئه‌وانه‌ی له‌دوای ڕاپێچكردنه‌كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ له‌وێ له‌ هه‌رێمه‌كه‌ له‌ ته‌نگانه‌یه‌كی گه‌وره‌ و له‌ ڕیسوایی دان، شووراكانی ئۆرشه‌لیم ڕووخاون و ده‌روازه‌كانیشی سووتێنراون.
4
كاتێك گوێم له‌م قسانه‌ بوو، دانیشتم و گریام، چه‌ند ڕۆژێك له‌به‌رده‌م خودای ئاسمان شینم گێڕا و له‌ ڕۆژووگرتن و نزاكردندا بووم.
5
دوای ئه‌وه‌ گوتم:
«ئه‌ی یه‌زدان، خودای ئاسمان، ئه‌ی خودای مه‌زن و سامناك، ئه‌ی ئه‌وه‌ی په‌یمانی خۆشه‌ویستییه‌كه‌ت ده‌به‌یته‌سه‌ر بۆ خۆشه‌ویستانت و بۆ ئه‌وانه‌ی فه‌رمانه‌كانت جێبه‌جێ ده‌كه‌ن،
6
تكایه‌، با گوێیه‌كانت شل و چاوه‌كانت كراوه‌بن بۆ گوێگرتن له‌ نزای خزمه‌تكاره‌كه‌ت، ئه‌وه‌ی شه‌و و ڕۆژ له‌ پێناوی نه‌وه‌ی ئیسرائیلی خزمه‌تكاره‌كانت له‌به‌رده‌متدا ده‌یكات. دان به‌ گوناهه‌كانی نه‌وه‌ی ئیسرائیلدا ده‌نێم، كه‌ گوناهمان به‌رامبه‌ر به‌ تۆ كرد، هه‌روه‌ها من و ماڵی باوكیشم گوناهمان كرد.
7
به‌ ته‌واوی به‌رامبه‌ر به‌ تۆ گه‌نده‌ڵ بووین. فه‌رمان و فه‌رز و حوكمه‌كانی تۆمان به‌جێنه‌هێنا كه‌ تۆ فه‌رمانت به‌ موسای خزمه‌تكارت كردبوو.
8
«تكایه‌ ئه‌و فه‌رمایشته‌ت به‌بیر بهێنه‌ره‌وه‌ كه‌ فه‌رمانت پێی كرد كاتێك به‌ موسای خزمه‌تكارت فه‌رموو: ”ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ناپاكی بكه‌ن من به‌ناو گه‌لاندا په‌رته‌وازه‌تان ده‌كه‌م،
9
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لام و فه‌رمانه‌كانم بپارێزن و كاریان پێ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر دوورخراوه‌كانتان له‌وپه‌ڕی ئاسمان بن، ئه‌وا له‌وێوه‌ كۆیان ده‌كه‌مه‌وه‌ و ده‌یانهێنمه‌ ئه‌م شوێنه‌ی كه‌ هه‌ڵمبژارد هه‌تا تێیدا ناوه‌كه‌م نیشته‌جێ بێت.“
10
«ئه‌وانه‌ خزمه‌تكارانی تۆ و گه‌لی تۆن كه‌ به‌ هێزه‌ گه‌وره‌كه‌ت و ده‌سته‌ به‌ تواناكه‌ت ئه‌وانت كڕییه‌وه‌.
11
ئه‌ی په‌روه‌ردگار، لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌، تكایه‌ با گوێت شل بێت بۆ نزای خزمه‌تكاره‌كه‌ت و پاڕانه‌وه‌ی ئه‌و خزمه‌تكارانه‌ت كه‌ خوازیارن له‌ ناوه‌كه‌ت بترسن. تكایه‌ ئه‌مڕۆ خزمه‌تكاره‌كه‌ت سه‌ركه‌وتوو بكه‌ و له‌به‌رده‌م ئه‌م پیاوه‌دا به‌زه‌یی پێ ببه‌خشه‌.»
منیش ساقی پاشا بووم.
  1. a. 1‏:1 مانگی كیسلێڤ له‌نێوان تشرینی دووه‌م و كانونی یه‌كه‌می ئه‌مڕۆ بووه‌.