عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پاشایەتی نەینەوا دەڕووخێنرێت 
1
ئەی نەینەوا، پەلاماردەر لە دژی تۆ هات.
قەڵاکە بپارێزە،
چاودێری ڕێگاکە بکە،
بازووی لێ هەڵبکە،
توانای زۆر بخەرە گەڕ!
2
یەزدان سەروەری یاقوب دەگەڕێنێتەوە
وەک سەروەری ئیسرائیل،
هەرچەندە تاڵانکەران تاڵانیان کردن و
ڕەزەمێوەکانیان تێکدان.
3
قەڵغانی پاڵەوانەکانی ئاڵ هەڵگەڕاون،
قارەمانەکانی لە بەرگی سووردان،
لە ڕۆژی خۆ ئامادەکردنیاندا
پۆڵای گالیسکەکان بریسکە دەداتەوە،
ئەو ڕمانەی لە دار سنەوبەر دروستکراون دەلەرنەوە.
4
گالیسکەکان لە شەقامەکان تیژڕەون،
لە گۆڕەپانەکان سەرەڕۆن.
دیمەنیان وەک مەشخەڵە،
وەک بروسک غار دەدەن.
5
نەینەوا پاڵەوانەکانی بانگ دەکات،
بەڵام ساتمە دەکەن و لە ڕۆیشتنیاندا دەکەون.
پەلە دەکەن بۆ لای شووراکانی و
قەڵغانەکان ئامادە کراون.
6
دەروازەکانی ڕووبار دەکرێنەوە و
کۆشکەکە دەڕمێت.
7
بە فەرمانی خودا بە دیل دەگیرێت و
ڕاپێچ دەکرێت.
کەنیزەکانی هەروەک کۆتر دەگمێنن،
سنگیان دەکوتن.
8
نەینەوا وەک حەوزێکی وشکبووە.
هاوار دەکەن، «ڕاوەستن! ڕاوەستن!»
بەڵام کەس ئاوڕ ناداتەوە.
9
«زیو تاڵان بکەن!
زێڕ تاڵان بکەن!
گەنجینەکانی لەبن نایەن،
پڕە لە گەوهەری بەهادار.»
10
چۆڵ و تاڵانکراو و داماڵراوە،
دڵ دەتوێتەوە و ئەژنۆکان شلن،
هەموویان دەلەرزن، ڕەنگیان دەپەڕێت.
11
کوا لانەی شێرەکان،
لەوەڕگای بەچکە شێران؟
لەوێدا شێر و شێرە مێ دەگەڕان
لەگەڵ بەچکە شێر، هیچ شتێک نەیدەترساندن.
12
شێر بۆ پێویستی بەچکەکانی پەلاماری دەدا و
نێچیرەکەی بۆ شێرە مێیەکەی دەخنکاند،
ئەشکەوتەکەی پڕ دەکرد لە نێچیر،
لانەکانیشی لەوانەی پەلاماری داون.
13
یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت:
«من لە دژی تۆم.
گالیسکەکانت دەسووتێنم و دەبنە دووکەڵ،
بەچکە شێرەکانیشت شمشێر دەیانخوات و
نێچیرت لەسەر زەوی لێ دەبڕم.
ئیتر دەنگی نێردراوەکانت نابیسترێن.»