عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
كێوی یه‌زدان 
1
له‌ ڕۆژانی كۆتاییدا،
كێوی په‌رستگای یه‌زدان
له‌سه‌ر لووتكه‌ی چیاكان جێگیر ده‌بێت،
به‌سه‌ر گرده‌كانه‌وه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و
گه‌لان به‌ لێشاو به‌ره‌و لای ئه‌و ده‌چن.
2
زۆرێك له‌ نه‌ته‌وه‌كان به‌ڕێ ده‌كه‌ون و ده‌ڵێن:
«وه‌رن با به‌ره‌و كێوی یه‌زدان سه‌ربكه‌وین،
بۆ ماڵه‌كه‌ی خودای یاقوب.
فێری ڕێگاكانی خۆیمان ده‌كات،
بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ڕێچكه‌ی ئه‌ودا بڕۆین.»
فێركردن له‌ سییۆنه‌وه‌ ده‌رده‌چێت،
په‌یامی یه‌زدانیش له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌.
3
له‌نێو چه‌ندین گه‌ل دادوه‌ری ده‌كات،
ناوبژی بۆ نه‌ته‌وه‌ به‌هێز و دووره‌كان ده‌كات،
شمشێره‌كانیان ده‌كوتنه‌وه‌ و ده‌یكه‌نه‌ گاسن،
ڕمه‌كانیشیان ده‌كه‌نه‌ داس.
هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك شمشێر له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ هه‌ڵناكێشێت،
چیتر فێری جه‌نگ نابن.
4
هه‌ریه‌كه‌ و له‌ژێر ڕه‌زه‌مێوه‌كه‌ی و
له‌ژێر دار هه‌نجیره‌كه‌ی داده‌نیشێت،
كه‌س نایترسێنێت،
چونكه‌ یه‌زدانی سوپاسالار فه‌رموویه‌تی.
5
هه‌ر گه‌لێك ڕێگای خۆی ده‌گرێته‌به‌ر،
هه‌ریه‌كه‌ و به‌ ناوی خوداوه‌نده‌كانی خۆیه‌وه‌؛
ئێمه‌ش به‌ ناوی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمانه‌وه‌
بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ و هه‌تاسه‌ر ڕێگا ده‌گرینه‌به‌ر.
پلانی یه‌زدان 
6
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت:
«له‌و ڕۆژه‌دا شه‌له‌كان كۆده‌كه‌مه‌وه‌ و
ڕاپێچكراوه‌كان خڕده‌كه‌مه‌وه‌،
هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی سزام داون.
7
شه‌له‌كان ده‌كه‌مه‌ پاشماوه‌،
دوورخراوه‌كانیش ده‌كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی به‌هێز.
یه‌زدانیش له‌ كێوی سییۆن پاشایه‌تییان ده‌كات
له‌و كاته‌وه‌ و بۆ هه‌تاهه‌تایه‌.
8
تۆش ئه‌ی تاوه‌ری پاسه‌وانی مێگه‌ل،
ئه‌ی قه‌ڵای سییۆنی كچ،
هه‌روه‌ك پێشتر ده‌سه‌ڵاتت بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌،
پاشایه‌تی ئۆرشه‌لیمی كچ.»
9
ئێستا بۆچی به‌ هاواره‌وه‌ ده‌گریت؟
بۆچی وه‌ك ژانی منداڵبوون ژانت گرتووه‌؟
ئایا پاشات نییه‌،
یان ڕاوێژكارت مردووه‌؟
10
ئه‌ی سییۆنی كچ، له‌به‌ر ژان بگه‌وزێ
وه‌ك ژنی ژانگرتوو،
چونكه‌ ئێستا له‌ شار دێیته‌ ده‌ره‌وه‌ و
له‌ ده‌شتوده‌ر چادر هه‌ڵده‌ده‌یت.
ده‌چیته‌ بابل،
له‌وێ ده‌رباز ده‌كرێیت.
له‌وێ یه‌زدان ده‌تكڕێته‌وه‌
له‌ ده‌ستی دوژمنه‌كانت.
11
به‌ڵام ئێستا، چه‌ندین نه‌ته‌وه‌
له‌ دژی تۆ كۆده‌بنه‌وه‌.
ده‌ڵێن: «با گڵاو بێت،
با به‌ دیمه‌نی سییۆن دڵخۆش بین.»
12
به‌ڵام ئه‌وان نازانن
بیركردنه‌وه‌ی یه‌زدان چییه‌،
هه‌روه‌ها له‌ پلانی ئه‌و تێناگه‌ن،
چونكه‌ وه‌ك مه‌لوی گه‌نم بۆ سه‌ر جۆخین كۆی كردنه‌وه‌.
13
«ئه‌ی سییۆنی كچ، هه‌سته‌ و پێشێلی بكه‌،
چونكه‌ قۆچی ئاسنینت پێ ده‌به‌خشم.
سمی بڕۆنزت پێ ده‌به‌خشم و
چه‌ندین گه‌ل ته‌فروتونا ده‌كه‌یت.»
ده‌ستكه‌وتی ناڕه‌وایی ئه‌وان بۆ یه‌زدان ته‌رخان ده‌كه‌یت،
سامانیان بۆ په‌روه‌ردگاری هه‌موو جیهان.