عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سه‌رزه‌نشتی ڕابه‌ران و پێغه‌مبه‌ران 
1
گوتم:
«ئه‌ی سه‌ركرده‌كانی یاقوب،
ئه‌ی ڕابه‌رانی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل، گوێ بگرن.
ئایا بۆ ئێوه‌ نییه‌ زانینی دادپه‌روه‌ری؟
2
ئێوه‌ كه‌ ڕقتان له‌ چاكه‌یه‌ و حه‌ز له‌ خراپه‌ ده‌كه‌ن،
پێستی گه‌له‌كه‌م داده‌ماڵن و
گۆشتیان له‌ ئێسكه‌كانیان جیا ده‌كه‌نه‌وه‌؛
3
ئێوه‌ كه‌ گۆشتی گه‌له‌كه‌م ده‌خۆن،
كه‌وڵیان ده‌كه‌ن،
ئێسكیان ده‌شكێنن،
پارچه‌پارچه‌یان ده‌كه‌ن وه‌ك بۆ ناو مه‌نجه‌ڵ،
وه‌ك گۆشتی ناو تاوه‌.»
4
ئینجا هاوار بۆ یه‌زدان ده‌كه‌ن،
به‌ڵام وه‌ڵامیان ناداته‌وه‌.
له‌و كاته‌دا ڕووی خۆی لێیان ده‌شارێته‌وه‌،
له‌به‌ر ئه‌و خراپانه‌ی كردیان.
5
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«سه‌باره‌ت به‌ پێغه‌مبه‌ره‌كان،
ئه‌وانه‌ی گه‌له‌كه‌م گومڕا ده‌كه‌ن،
بانگه‌وازی ئاشتی ده‌كه‌ن
بۆ ئه‌وانه‌ی تێریان ده‌كه‌ن،
به‌ڵام جه‌نگ له‌ دژی ئه‌وانه‌ به‌رپا ده‌كه‌ن
كه‌ تێریان ناكه‌ن.
6
له‌به‌ر ئه‌وه‌ شه‌وێكتان به‌سه‌ردا دێت كه‌ هیچ بینینێكتان بۆ ئاشكرا ناكرێت،
تاریكییه‌كی بێ فاڵگرتنه‌وه‌.
خۆر له‌ پێغه‌مبه‌ره‌كان ئاوا ده‌بێت،
ڕۆژیان لێ تاریك دادێت.
7
پێشبینیكه‌ران شه‌رمه‌زار ده‌بن،
فاڵگره‌وه‌كان ڕیسوا ده‌بن،
هه‌موویان چاوه‌ڕوویان نه‌ماوه‌،
چونكه‌ خودا وه‌ڵامیان ناداته‌وه‌.»
8
به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ من، پڕم له‌ هێز،
پڕ له‌ ڕۆحی یه‌زدان،
له‌ دادپه‌روه‌ری و پاڵه‌وانیێتی،
تاكو یاخیبوونه‌كه‌ی یاقوب به‌ خۆی ڕابگه‌یه‌نم،
به‌ ئیسرائیلیش گوناهه‌كه‌ی.
9
ئه‌ی سه‌ركرده‌كانی بنه‌ماڵه‌ی یاقوب،
ڕابه‌رانی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل، گوێ له‌مه‌ بگرن،
ئێوه‌ كه‌ قێزتان له‌ دادپه‌روه‌ری ده‌بێته‌وه‌ و
هه‌موو ڕاستییه‌ك خواروخێچ ده‌كه‌ن،
10
ئێوه‌ سییۆن به‌ خوێن بنیاد ده‌نێن و
ئۆرشه‌لیم به‌ سته‌م.
11
ڕابه‌ره‌كانی به‌ به‌رتیل دادوه‌ری ده‌كه‌ن،
كاهینه‌كانی به‌ كرێ خه‌ڵكی فێرده‌كه‌ن،
پێغه‌مبه‌ره‌كانی به‌ پاره‌ فاڵ ده‌گرنه‌وه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پشت به‌ یه‌زدان ده‌به‌ستن و ده‌ڵێن:
«ئایا یه‌زدان له‌نێوانماندا نییه‌؟
هیچ به‌ڵایه‌كمان به‌سه‌ردا نایه‌ت.»
12
له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌هۆی ئێوه‌وه‌
سییۆن وه‌ك كێڵگه‌ ده‌كێڵدرێت،
ئۆرشه‌لیم كاول ده‌بێت،
گرده‌كه‌ی په‌رستگاش ده‌بێته‌ دارستانێكی بێ كه‌ڵك.