عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پیلانی مرۆڤ و پلانی خودا 
1
قوڕبه‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی بیر له‌ به‌دكاری ده‌كه‌نه‌وه‌ و
له‌ناو نوێنه‌كانیان پیلان بۆ خراپه‌ داده‌ڕێژن!
كاتێك ڕووناكی به‌یان دێت جێبه‌جێی ده‌كه‌ن
چونكه‌ له‌ ده‌ستیان دێ.
2
چاویان له‌ كێڵگه‌كانه‌ و داگیری ده‌كه‌ن،
هه‌روه‌ها له‌ ماڵه‌كانه‌ و ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرن.
ده‌ست به‌سه‌ر ماڵی خه‌ڵكدا ده‌گرن،
تاكو له‌ میراته‌كه‌ی بێبه‌شی بكه‌ن.
3
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«ئه‌وه‌تا من سه‌باره‌ت به‌م گه‌له‌ بیر له‌ به‌ڵا ده‌كه‌مه‌وه‌،
ئه‌وه‌ی ناتوانن ملتانی له‌به‌ر لابده‌ن.
به‌ لووتبه‌رزییه‌وه‌ هاتوچۆ ناكه‌ن،
چونكه‌ كاتی خراپه‌ ده‌بێت.
4
له‌و ڕۆژه‌دا په‌ندتان به‌سه‌ردا هه‌ڵده‌درێت و
شیوه‌ن ده‌گێڕن و ده‌گوترێ:
”به‌ ته‌واوی وێران بووین،
به‌شی گه‌له‌كه‌ی منی گۆڕیوه‌.
چۆن لێی داماڵین!
كێڵگه‌كانی ئێمه‌ی به‌سه‌ر ناپاكه‌كاندا دابه‌ش كرد؟“»
5
له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌نێو كۆمه‌ڵی یه‌زداندا كه‌ست نابێت
به‌ گوریسی پێوانه‌ خاكه‌كه‌ به‌ تیروپشك دابه‌ش بكات.
پێغه‌مبه‌رانی درۆزن 
6
پێغه‌مبه‌ره‌كانیان ده‌ڵێن: «پێشبینی مه‌كه‌ن!
ده‌رباره‌ی ئه‌م شتانه‌ پێشبینی مه‌كه‌ن،
ڕیسواییمان به‌سه‌ردا نایه‌ت.»
7
ئه‌ی بنه‌ماڵه‌ی یاقوب، ئایا دروسته‌ خه‌ڵك بپرسێت:
«ئایا یه‌زدان ئارامی له‌به‌ر ده‌بڕێت؟
یان ئه‌مه‌ كاره‌كانی ئه‌وه‌؟»
«ئایا وشه‌كانم باش نین
بۆ ئه‌وانه‌ی به‌ ڕێكی هاتوچۆ ده‌كه‌ن؟
8
به‌ڵام له‌م دواییه‌دا گه‌له‌كه‌م
بۆ دوژمنایه‌تی ڕاپه‌ڕین.
ئێوه‌ كراس و كه‌وا پێكه‌وه‌ داده‌ماڵن
له‌وانه‌ی به‌ دڵنیاییه‌وه‌ تێده‌په‌ڕن،
وه‌ك ئه‌وانه‌ی له‌ جه‌نگ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.
9
ژنانی گه‌له‌كه‌م ده‌رده‌كه‌ن
له‌و ماڵانه‌یان كه‌ دڵیان پێی خۆشه‌.
به‌ره‌كه‌ته‌كه‌م له‌ منداڵه‌كانیان
بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ده‌به‌یت.
10
هه‌ستن و بڕۆن!
چونكه‌ ئه‌مه‌ شوێنی حه‌سانه‌وه‌ نییه‌،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گڵاو بوو،
وێران بوو، وێرانبوونێكی خراپ.
11
ئه‌گه‌ر درۆزن و چه‌واشه‌كار بێت و بڵێت:
”پێشبینیت بۆ ده‌كه‌م، سه‌باره‌ت به‌ شه‌راب و مه‌ی زۆر ده‌بێت،“
ئه‌وا ئه‌و ده‌بێته‌ پێغه‌مبه‌ری ئه‌م گه‌له‌!
به‌ڵێنی ڕزگاری 
12
«ئه‌ی یاقوب، به‌ دڵنیایی به‌ ته‌واوی كۆتده‌كه‌مه‌وه‌،
به‌ دڵنیایی پاشماوه‌ی ئیسرائیل خڕده‌كه‌مه‌وه‌.
یه‌كیانده‌خه‌م وه‌ك ڕانه‌ مه‌ڕی ناو پشتیر[a] ،
وه‌ك ڕانێك له‌ناو له‌وه‌ڕگاكه‌ی،
ئه‌م شوێنه‌ پڕ له‌ خه‌ڵك ده‌بێت.
13
كه‌لێندڕ پێشیان ده‌كه‌وێت،
ده‌روازه‌كه‌ ده‌شكێنن و لێی تێده‌په‌ڕن و دێنه‌ ده‌ره‌وه‌.
پاشاكه‌شیان له‌پێشیانه‌وه‌ تێده‌په‌ڕێت،
یه‌زدانیش پێشه‌نگیانه‌.»
  1. a. 2‏:12 پشتیر: گه‌وڕ، شوێنێكی تایبه‌ت بووه‌ به‌ په‌روه‌رده‌كردنی ئاژه‌ڵ.