عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
وتاری سەر چیا 
1
کاتێک عیسا خەڵکەکەی بینی، چووە سەر چیا، ئینجا دانیشت و قوتابییەکانی هاتنە لای،
2
دەستی کرد بە فێرکردنیان و فەرمووی:
3
«خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە بە ڕۆح هەژارن[a] ،
چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە.
4
خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە ماتەمدارن،
چونکە دڵنەوایی دەکرێن.
5
خۆزگە دەخوازرێت بە دڵنەرمەکان،
چونکە زەوییان بە میراتیی بۆ دەمێنێتەوە.
6
خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە برسی و تینوون بۆ ڕاستودروستی[b] ،
چونکە تێر دەکرێن.
7
خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە دڵیان پڕ لە بەزەییە،
چونکە بەر بەزەیی دەکەون.
8
خۆزگە دەخوازرێت بە دڵپاکەکان،
چونکە خودا دەبینن.
9
خۆزگە دەخوازرێت بە ئاشتیخوازان،
چونکە بە ڕۆڵەی خودا ناودەبردرێن.
10
خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە پێناوی ڕاستودروستی دەچەوسێنرێنەوە،
چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە.
11
«خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی جنێوتان پێدەدەن‏ و دەتانچەوسێننەوە، لەبەر من هەموو جۆرە بوختانێکتان بۆ هەڵدەبەستن.
12
دڵخۆش و شادمان بن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە پێش ئێوە پێغەمبەرانیشیان ئاوا چەوساندووەتەوە.
خوێی زەوی و ڕووناکی جیهان 
13
«ئێوە خوێی زەوین، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، چۆن تامە سوێرەکەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە؟ ئیتر بەکەڵکی هیچ نایەت، ئەوە نەبێ فڕێبدرێتە دەرەوە و خەڵکی پێشێلی بکەن.
14
«ئێوە ڕووناکی جیهانن، شارێک لەسەر شاخ دروست‏کرابێت ناتوانرێت بشاردرێتەوە.
15
هەروەها خەڵکی چرا هەڵناکەن تاکو بیخەنە ژێر تەشتەوە، بەڵکو لەسەر چرادان دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕووناکی بداتە هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەدان.
16
بە هەمان شێوە، با ئێوەش ڕووناکیتان بۆ خەڵک بدرەوشێتەوە، تاکو کردارە باشەکانتان ببینن و ستایشی باوکتان بکەن کە لە ئاسمانە.
تەواوکردنی تەورات 
17
«وا بیر نەکەنەوە من هاتووم تەورات یان نووسراوی پێغەمبەران بسڕمەوە، نەهاتووم بۆ سڕینەوەیان، بەڵکو هاتووم بۆ تەواوکردنیان.
18
ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەتا زەوی و ئاسمان لەئارادا بێت، پیتێک یان خاڵێک لە تەورات لەناو ناچێت، هەتا هەمووی دێتە دی.
19
بۆیە ئەوەی بچووکترینی ئەم ڕاسپاردانە بشکێنێت و خەڵکیش ئاوا فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە بچووکترین ناودەبردرێت. بەڵام ئەوەی پەیڕەویان بکات و خەڵکی فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە مەزن ناودەبردرێت.
20
ئیتر پێتان دەڵێم: ئەگەر ڕاستودروستیتان لە مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان زیاتر نەبێت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمانەوە.
تووڕەیی 
21
«بیستووتانە بە پێشینان گوتراوە: ﴿مەکوژن﴾[c] و ”ئەوەی بکوژێت شایانی حوکم بەسەردادان دەبێت.“
22
بەڵام من پێتان دەڵێم ئەوەی لە خوشکی یان براکەی تووڕە بێ، دەبێ حوکم بدرێت. ئەوەی بە براکەی بڵێ ”هیچوپووچ،“ دەبێت بدرێتە ئەنجومەنی باڵای جولەکە، ئەوەش بڵێت ”گێلە“، دەبێت بخرێتە ناو ئاگری دۆزەخەوە.
23
«لەبەر ئەوە ئەگەر قوربانیت بۆ قوربانگا هێنا و لەوێ بیرت کەوتەوە کە خوشکت یان برات شتێکی بەسەرتەوە هەیە،
24
لەوێ لەبەردەم قوربانگا قوربانییەکەت بەجێبهێڵە و بڕۆ یەکەم جار خوشکت یان برات ئاشت بکەرەوە، ئینجا وەرە و قوربانییەکەت بکە.
25
«خێرا لەگەڵ ڕکابەرەکەت ئاشت بەرەوە لەو کاتەی لەگەڵتە و بە ڕێگاوەن بۆ دادگا، نەوەک ڕکابەرەکەت بتداتە دەست دادوەر و دادوەریش بتداتە دەست پۆلیس و فڕێبدرێیتە بەندیخانە.
26
ڕاستیت پێ دەڵێم: لەوێ دەرناچی هەتا دوایین فلس نەدەیتەوە.
داوێنپیسی 
27
«بیستووتانە گوتراوە: ﴿داوێنپیسی مەکەن.﴾[d]
28
بەڵام من پێتان دەڵێم: ئەوەی بە هەوەسبازییەوە سەیری ئافرەتێک بکات، ئەوا لە دڵی خۆیدا داوێنپیسی لەگەڵ کردووە.
29
ئەگەر چاوی ڕاستت تووشی گوناهی کردیت، دەریبهێنە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت فڕێبدرێتە ناو دۆزەخ.
30
ئەگەر دەستی ڕاستت تووشی گوناهی کردیت، بیبڕەوە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت بچێتە دۆزەخەوە.
تەڵاق 
31
«دیسان گوتراوە: ﴿ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات، با تەڵاقنامەی بداتە دەست.﴾[e]
32
بەڵام من پێتان دەڵێم: ئەوەی بەبێ هۆی داوێنپیسی ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات، وای لێدەکات داوێنپیسی بکات. ئەوەش تەڵاقدراوێک بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی دەکات.
سوێندخواردن 
33
«دیسان بیستووتانە کە بە پێشینان گوتراوە: ﴿سوێندەکانت مەشکێنە، بەڵکو سوێندەکانت بۆ یەزدان بەرەسەر.﴾[f]
34
بەڵام من پێتان دەڵێم: هەرگیز سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان، لەبەر ئەوەی تەختی شاهانەی خودایە،
35
نە بە زەوی، لەبەر ئەوەی تەختەپێیەتی[g] ، نە بە ئۆرشەلیم، لەبەر ئەوەی شاری پاشای پایەبەرزە.
36
سوێند بە سەری خۆت مەخۆ، چونکە ناتوانیت تاڵە مووێکی سپی یان ڕەش بکەیت.
37
با قسەتان ”بەڵێ“ بۆ ”بەڵێ“ و ”نەخێر“ بۆ ”نەخێر“ بێت، لەمە بترازێت لە شەیتانەوەیە[h] .
تۆڵەسەندن 
38
«بیستووتانە گوتراوە: ﴿چاو بە چاو، ددان بە ددان.﴾[i]
39
بەڵام من پێتان دەڵێم: بەربەرەکانێی خراپەکار مەکەن، بەڵکو ئەوەی لە ڕوومەتی ڕاستی دایت، لایەکەی دیکەشی بۆ شل بکە،
40
ئەوەی ویستی بتداتە دادگا و کراسەکەت لێ بستێنێت، چاکەتەکەشتی بدەرێ.
41
ئەوەی یەک میل بێگاری پێ کردیت، دووانی لەگەڵ بڕۆ.
42
ئەوەی داوای شتێکی لێکردیت بیدەرێ. ئەوەی داوای قەرزی لێکردیت پشتی تێمەکە.
خۆشویستنی دوژمنان 
43
«بیستووتانە گوتراوە: ﴿نزیکەکەت خۆشبوێت،﴾[j] ”ڕقت لە دوژمنت بێتەوە.“
44
بەڵام من پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی دەتانچەوسێننەوە،
45
تاکو ببنە ڕۆڵەی ئەو باوکەتان کە لە ئاسمانە، ئەو خۆری خۆی بەسەر چاک و خراپدا هەڵدێنێت و باران بەسەر پیاوچاک و زۆرداریشدا دەبارێنێت.
46
ئەگەر هەر ئەوانەتان خۆشبوێ کە ئێوەیان خۆشدەوێت، چ پاداشتێک وەردەگرن؟ ئایا باجگرانیش ئەمە ناکەن؟
47
ئەگەر سڵاوتان تەنها لە ناسیاوەکانتان کرد، چی زیاترتان کردووە؟ ئایا بتپەرستانیش ئەمە ناکەن؟
48
بۆیە ئێوە کامڵ و تەواو بن، هەروەک باوکی ئاسمانیتان کامڵ و تەواوە.
  1. a. 5‏:3 ئەوانەی کە دەزانن لەلایەنی ڕۆحییەوە کەموکوڕییان هەیە.‏
  2. b. 5‏:6 مەبەست ئەوەیە کە دەبێت هەموو شتێک بەگوێرەی خواستی خودا پەیڕەو بکرێت.‏
  3. c. 5‏:21 دەرچوون 20‏:13‏‏
  4. d. 5‏:27 دەرچوون 20‏:14‏‏
  5. e. 5‏:31 دواوتار 24‏:1‏‏
  6. f. 5‏:33 لێڤییەکان 19‏:12‏‏
  7. g. 5‏:35 کاتێک کەسێک لەسەر کورسییەکی بەرز دادەنیشێت تەختەپێ لەژێر پێیەکانی دادەنرێت.‏
  8. h. 5‏:37 یۆنانی: خراپەکار.‏
  9. i. 5‏:38 دەرچوون 21‏:24‏‏
  10. j. 5‏:43 لێڤییەکان 19‏:18‏‏