عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - عیسا دەدرێتە دەست پیلاتۆس
 - 1
 - کاتێک ڕۆژبووەوە، هەموو کاهینانی باڵا و پیرانی گەل تەگبیریان کرد کە عیسا بکوژن.
 - 2
 - جا بەستیانەوە و بردیان و دایانە دەست پیلاتۆسی فەرمانڕەوا.
 - یەهوزا خۆی دەکوژێ
 - 3
 - ئینجا یەهوزا، ئەوەی بە گرتنی دا کە بینی عیسا حوکمی بەسەردا درا، پەشیمان بووەوە، سی دراوە زیوەکەی بۆ کاهینانی باڵا و پیران گەڕاندەوە و
 - 4
 - گوتی: «گوناهم کرد کە ناپاکیم لە مرۆڤێکی بێتاوان کرد.»
گوتیان: «بە ئێمە چی؟ خۆت دەزانیت.» - 5
 - ئەویش زیوەکانی لە پەرستگا فڕێدا و چوو خۆی هەڵواسی.
 - 6
 - بەڵام کاهینانی باڵا دراوە زیوەکانیان هەڵگرتەوە و گوتیان: «دروست نییە بیخەینە گەنجینەی پەرستگاوە، چونکە نرخی خوێنە.»
 - 7
 - ئینجا تەگبیریان کرد و کێڵگەی گۆزەکەرەکەیان بۆ گۆڕستانی بێگانان پێ کڕی.
 - 8
 - لەبەر ئەوە ئەو کێڵگەیە هەتا ئەمڕۆش پێی دەگوترێ کێڵگەی خوێن.
 - 9
 - ئەوسا ئەوەی بەهۆی پێغەمبەر یەرمیا گوتراوە، هاتە دی: ﴿سی پارچە زیوەکەیان برد، ئەم نرخە لەلایەن نەوەی ئیسرائیلەوە لەسەری خەمڵێنرا،
 - 10
 - ئینجا بە کێڵگەی گۆزەکەرەکەیان دا، وەک یەزدان فەرمانی پێدام.[a] ﴾
 - پیلاتۆس پرسیار لە عیسا دەکات
 - 11
 - عیساش لەبەردەم پیلاتۆسی فەرمانڕەوا ڕاوەستا، فەرمانڕەواش لێی پرسی و گوتی: «ئایا تۆ پاشای جولەکەی؟»
عیساش فەرمووی: «خۆت گوتت.» - 12
 - کاتێک کاهینانی باڵا و پیران سکاڵایان لێی دەکرد، هیچ وەڵامی نەدەدایەوە.
 - 13
 - پیلاتۆس پێی گوت: «ئایا گوێت لێ نییە چەند شایەتیت لەسەر دەدەن؟»
 - 14
 - بەڵام عیسا تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە، فەرمانڕەواش زۆر سەرسام بوو.
 - بڕیاری لەخاچدانی عیسا
 - 15
 - لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا کردبوویە نەریت بەگوێرەی خواستی خەڵکەکە بەندکراوێک ئازاد بکات.
 - 16
 - لەو کاتەدا گیراوێکی بەناوبانگیان هەبوو کە ناوی باراباس بوو.
 - 17
 - لەبەر ئەوە کاتێک کۆببوونەوە، پیلاتۆس لێی پرسین: «دەتانەوێت کێتان بۆ ئازاد بکەم، باراباس یان عیسا، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟»
 - 18
 - چونکە زانی لەبەر ئیرەیی عیسایان بە گرتن دابوو.
 - 19
 - کاتێک پیلاتۆس لەسەر کورسی دادوەری دانیشتبوو، ژنەکەی هەواڵی بۆ نارد: «هیچ لەو بێتاوانە مەکە، چونکە ئەمڕۆ لە خەوندا لەبەر ئەو زۆر ئازارم چێژت.»
 - 20
 - بەڵام کاهینانی باڵا و پیران خەڵکەکەیان جۆشدا کە داوا بکەن باراباس ئازاد بکرێ و عیسا لەناو ببردرێت.
 - 21
 - فەرمانڕەوا وەڵامی دانەوە: «لەم دووانە کامەتان دەوێ بۆتان ئازاد بکەم؟»
گوتیان: «باراباس.» - 22
 - پیلاتۆس لێی پرسین: «ئەی چی لە عیسا بکەم، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟»
هەموو گوتیان: «با لە خاچ بدرێت!» - 23
 - ئەویش گوتی: «بۆ؟ چ خراپەیەکی کردووە؟»
بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان دەکرد: «با لە خاچ بدرێت!» - 24
 - پیلاتۆس بینی سوودی نییە و خەریکە ئاژاوە ڕوودەدات، ئاوی هێنا و لەبەردەم خەڵکەکە دەستی شوشت و گوتی: «لە خوێنی ئەمە بێتاوانم! لە ئەستۆی ئێوەیە!»
 - 25
 - گەل هەموو وەڵامیان دایەوە: «با خوێنی لە ئەستۆی ئێمە و منداڵمان بێت!»
 - 26
 - ئەوسا باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.
 - سەربازەکان گاڵتە بە عیسا دەکەن
 - 27
 - سەربازەکانی فەرمانڕەوا عیسایان بۆ کۆشکی فەرمانڕەوا برد و تەواوی سەربازەکان لە دەوری کۆبوونەوە.
 - 28
 - ڕووتیان کردەوە و کەوایەکی سووریان لەبەرکرد.
 - 29
 - هەروەها تاجێکیان لە دڕک دروستکرد و لە سەریان کرد، قامیشێکیان دایە دەستی ڕاستی، لەبەردەمی چۆکیان دادا و گاڵتەیان پێ دەکرد و دەیانگوت: «سڵاو ئەی پاشای جولەکە!»
 - 30
 - تفیان لێکرد، قامیشەکەیان برد و بە سەریاندا کێشا.
 - 31
 - دوای ئەوەی گاڵتەیان پێکرد، کەواکەیان لەبەر داکەند و کراسەکەی خۆیان لەبەرکردەوە، بردیان تاوەکو لە خاچی بدەن.
 - لەخاچدانی عیسا
 - 32
 - کاتێک دەهاتنە دەرەوە پیاوێکی کورێنییان[b] بینی ناوی شیمۆن بوو، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت.
 - 33
 - کە گەیشتنە ئەو شوێنەی پێی دەگوترا گولگۆسا، کە بە واتای «شوێنی کاسەسەر» دێت،
 - 34
 - شەرابی تێکەڵ بە تاڵاویان دایە عیسا تاکو بیخواتەوە، کە تامی کرد نەیویست بیخواتەوە.
 - 35
 - کە لە خاچیان دا، بە تیروپشک جلەکانیان دابەش کرد.
 - 36
 - ئینجا لەوێ دانیشتن و ئێشکیان بۆ گرت.
 - 37
 - لەژوور سەرییەوە تاواننامەکەی ئەویان دانا کە نووسرابوو:
«ئەمە عیسایە، پاشای جولەکە.» - 38
 - دوو دزیشیان لەگەڵی لە خاچ دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی.
 - 39
 - ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا و
 - 40
 - دەیانگوت: «ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی لە سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بکە! ئەگەر تۆ کوڕی خودای، لە خاچەکە دابەزە!»
 - 41
 - بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا لەگەڵ مامۆستایانی تەورات و پیران گاڵتەیان پێدەکرد و دەیانگوت:
 - 42
 - «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات! ئەگەر پاشای ئیسرائیلە، با ئێستا لە خاچەکە دابەزێت، باوەڕی پێدەهێنین!
 - 43
 - پشتی بە خودا بەست، با ئێستا خودا ڕزگاری بکات، ئەگەر ئەمی دەوێت، چونکە گوتی: ”من کوڕی خودام.“»
 - 44
 - دزەکانیش کە لەگەڵی لە خاچ درابوون قسەیان پێ دەگوت.
 - مردنی عیسا
 - 45
 - لە کاتژمێر دوازدەوە[c] هەتا سێ[d] ، تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا.
 - 46
 - نزیکەی کاتژمێر سێ عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «﴿\tl ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟\tl*﴾» کە بە واتای ﴿خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟﴾[e]  دێت.
 - 47
 - کاتێک هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون گوێیان لێی بوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات!»
 - 48
 - دەستبەجێ یەکێک لەوان ڕایکرد و ئیسفەنجێکی هەڵگرت، خستییە ناو سرکەوە و کردی بەسەر قامیشێکەوە و پێیدا تاکو بیخواتەوە،
 - 49
 - بەڵام ئەوانی دیکە گوتیان: «لێگەڕێ، با بزانین ئەلیاس دێت ڕزگاری بکات؟»
 - 50
 - عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کردەوە و گیانی سپارد.
 - 51
 - لەو کاتەدا پەردەی پەرستگا لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەق بوو و بوو بە دوو پارچەوە. زەوی لەرزی و بەرد درزیان برد و
 - 52
 - گۆڕەکان کرانەوە، زۆرێک لە لاشەی گەلی پیرۆزی خودا کە مردبوون هەستانەوە.
 - 53
 - دوای هەستانەوەی عیسا، لە گۆڕەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو شاری پیرۆز، بۆ زۆر کەسیش دەرکەوتن.
 - 54
 - کاتێک سەرپەلەکە و ئەوانەی لەگەڵی پاسەوانیی عیسایان دەکرد، بوومەلەرزەکە و ئەو شتانەیان بینی کە ڕوویدا، زۆر ترسان و گوتیان: «بەڕاستی ئەمە کوڕی خودا بوو!»
 - 55
 - زۆر ژن لەوێ بوون، لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، ئەوانەی لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد،
 - 56
 - مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب و یوسف، لەگەڵ دایکی کوڕەکانی زەبدی لەنێویان بوون.
 - ناشتنی عیسا
 - 57
 - کاتێک ئێوارە داهات، پیاوێکی دەوڵەمەندی خەڵکی ڕامە هات، ناوی یوسف بوو، ئەو خۆی قوتابی عیسا بوو.
 - 58
 - چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای لێکرد، ئینجا پیلاتۆس فەرمانی دا بیدرێتێ.
 - 59
 - یوسفیش تەرمەکەی برد و بە کەتانی پاک پێچای و
 - 60
 - لەو گۆڕە نوێیەی خۆی ناشتی کە لە تاشەبەرد هەڵکەنرابوو، ئینجا بەردێکی گەورەی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە و ڕۆیشت.
 - 61
 - مریەمی مەجدەلی و مریەمەکەی دیکەش لەوێ بوون، بەرامبەر گۆڕەکە دانیشتبوون.
 - ئێشکگرتنی گۆڕی عیسا
 - 62
 - بۆ بەیانی، کە دوای ڕۆژی خۆ ئامادەکردنە[f] ، کاهینانی باڵا و فەریسییەکان لەلای پیلاتۆس کۆبوونەوە،
 - 63
 - گوتیان: «گەورەم، هاتەوە بیرمان ئەو چەواشەکارە کاتێک زیندوو بوو گوتی: ”دوای سێ ڕۆژ هەڵدەستمەوە.“
 - 64
 - جا فەرمان بدە هەتا ڕۆژی سێیەم گۆڕەکەی پاس بکرێت، نەوەک قوتابییەکانی بێن و بیدزن، ئەوسا بە گەل بڵێن لەنێوان مردووان هەستاوەتەوە. جا چەواشەی دوایی لەوەی یەکەم خراپتر دەبێت.»
 - 65
 - پیلاتۆسیش گوتی: «پاسەوانتان هەیە، بڕۆن چۆنتان پێ باشە وا پاسی بکەن.»
 - 66
 - ئەوانیش چوون گۆڕەکەیان پاس کرد، مۆریان لە بەردەکە دا و پاسەوانیان دانا.
 
- a. 27:10 زەکەریا 11:12-13 و یەرمیا 19:1-13؛ 32:6-9.
 - b. 27:32 کورێن: شارێکی یۆنانی بووە کە دەکەوێتە ناو وڵاتی لیبیای ئێستا.
 - c. 27:45 یۆنانی: کاتژمێری شەشەم.
 - d. 27:45 یۆنانی: کاتژمێری نۆیەم.
 - e. 27:46 زەبوورەکان 22:1.
 - f. 27:62 ڕۆژی خۆ ئامادەکردن: مەبەست لە ڕۆژی هەینییە کەوا لە کەلتوری جولەکەکاندا ئامادەکاری تێدا دەکرێت بۆ پێشوازی لە ڕۆژی شەممە، چونکە دروست نییە لە ڕۆژی شەممەدا هیچ کارێک بکرێت.
 

