عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
زیندووبوونه‌وه‌ی عیسا 
1
دوای شه‌ممه‌ له‌ به‌ره‌به‌یانی یه‌كه‌م ڕۆژی هه‌فته‌دا، مریه‌می مه‌جده‌لی و مریه‌مه‌كه‌ی دیكه‌ هاتن ته‌ماشای گۆڕه‌كه‌ بكه‌ن.
2
له‌ناكاو بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز ڕوویدا، چونكه‌ فریشته‌یه‌كی یه‌زدان له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاته‌ خواره‌وه‌، چوو به‌رده‌كه‌ی گلۆر كرده‌وه‌ و له‌سه‌ری دانیشت.
3
ڕوخساری وه‌ك بروسكه‌ وابوو، جله‌كانی وه‌ك به‌فر سپی بوون.
4
پاسه‌وانه‌كان له‌ ترسی ئه‌و له‌رزین و وه‌ك مردوویان لێ هات.
5
به‌ڵام فریشته‌كه‌ به‌ ژنه‌كانی گوت: «مه‌ترسن، چونكه‌ ده‌زانم به‌ شوێن عیسای له‌خاچدراودا ده‌گه‌ڕێن.
6
ئه‌و لێره‌ نییه‌، وه‌ك خۆی فه‌رمووی، هه‌ستێنراوه‌ته‌وه‌. وه‌رن سه‌یری ئه‌و شوێنه‌ بكه‌ن كه‌ لێی درێژكرابوو.
7
خێرا بڕۆن و به‌ قوتابییه‌كانی بڵێن: ”ئه‌و له‌نێو مردوواندا هه‌ستێنراوه‌ته‌وه‌، پێش ئێوه‌ ده‌چێته‌ جه‌لیل، له‌وێ ده‌یبینن.“ ئه‌وه‌تا پێم گوتن.»
8
ئه‌وانیش خێرا له‌لای گۆڕه‌كه‌ ڕۆیشتن، به‌ ترس و خۆشییه‌كی گه‌وره‌وه‌ ڕایانكرد، تاوه‌كو هه‌واڵ بده‌نه‌ قوتابییه‌كانی.
9
ئه‌وه‌ بوو عیسا تووشیان هات: «سڵاو!» ئه‌مانیش چوونه‌ پێشه‌وه‌، پێی عیسایان گرت و كڕنۆشیان بۆ برد.
10
عیسا پێی فه‌رموون: «مه‌ترسن، بڕۆن به‌ باوه‌ڕداران بڵێن با بچنه‌ جه‌لیل، له‌وێ ده‌مبینن.»
قسه‌ی پاسه‌وانه‌كان 
11
كه‌ ده‌ڕۆیشتن، هه‌ندێك له‌ پاسه‌وانه‌كان هاتنه‌ ناو شار و ئه‌وه‌ی ڕوویدابوو بۆ كاهینانی باڵایان گێڕایه‌وه‌.
12
ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ پیران كۆبوونه‌وه‌ و ڕاوێژیان كرد، زیوێكی زۆریان دایه‌ سه‌ربازه‌كان و
13
گوتیان: «بڵێن، ”كاتێك ئێمه‌ خه‌وتبووین، قوتابییه‌كانی له‌ شه‌ودا هاتن و دزییان.“
14
ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش له‌لای فه‌رمانڕه‌وا بیسترا، ئه‌وا ڕازی ده‌كه‌ین و له‌ گرفته‌كه‌ ده‌تانپارێزین.»
15
ئه‌وانیش زیوه‌كه‌یان وه‌رگرت و چۆن فێركران، وایانكرد، ئیتر ئه‌م قسه‌یه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆش له‌ناو جوله‌كه‌دا بڵاو بووه‌ته‌وه‌.
ده‌ركه‌وتنی عیسا بۆ قوتابییه‌كان 
16
ئیتر یازده‌ قوتابییه‌كه‌ چوونه‌ جه‌لیل، بۆ ئه‌و كێوه‌ی عیسا فه‌رمانی پێدابوون.
17
كاتێك بینییان كڕنۆشیان بۆ برد، به‌ڵام هه‌ندێكیان گومانیان كرد.
18
عیسا لێیان نزیك بووه‌وه‌ و قسه‌ی بۆ كردن: «هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكم له‌ ئاسمان و له‌سه‌ر زه‌وی دراوه‌تێ.
19
كه‌واته‌ بڕۆن، هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان بكه‌نه‌ قوتابی، به‌ ناوی باوك و كوڕ و ڕۆحی پیرۆز له‌ ئاویان هه‌ڵبكێشن،
20
فێریان بكه‌ن با كار بكه‌ن به‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ڕامسپاردوون. دڵنیابن من هه‌موو ڕۆژێك له‌گه‌ڵتانم، هه‌تا كۆتایی زه‌مان.»