عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پێشبینی وێرانبوونی په‌رستگا 
1
عیسا له‌ په‌رستگا هاته‌ ده‌ره‌وه‌، هێشتا له‌ ڕێگا بوو كاتێك قوتابییه‌كانی لێی هاتنه‌ پێشه‌وه‌ تاكو سه‌رنجی بۆ ته‌لاره‌كانی په‌رستگا ڕابكێشن.
2
وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌بینن؟ ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: لێره‌ به‌ردی به‌سه‌ر به‌ردیه‌وه‌ نامێنێت كه‌ نه‌ڕووخێت.»
نیشانه‌كانی كۆتایی سه‌رده‌م 
3
كاتێك له‌سه‌ر كێوی زه‌یتوون دانیشتبوو، قوتابییه‌كان به‌ ته‌نها هاتنه‌ لای و گوتیان: «پێمان بفه‌رموو كه‌ی ئه‌مه‌ ڕووده‌دات؟ نیشانه‌ی هاتنه‌وه‌ت و كۆتایی زه‌مان چییه‌؟»
4
عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «ئاگاداربن، كه‌س چه‌واشه‌تان نه‌كات،
5
چونكه‌ زۆر كه‌س به‌ ناوی منه‌وه‌ دێن و ده‌ڵێن ”من مه‌سیحم،“ زۆر كه‌س چه‌واشه‌ ده‌كه‌ن.
6
جه‌نگ و هه‌واڵی جه‌نگیش ده‌بیستن، وریابن مه‌تۆقن، چونكه‌ ده‌بێت ئه‌مه‌ ڕووبدات، به‌ڵام هێشتا كۆتایی نییه‌.
7
نه‌ته‌وه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ ڕاست ده‌بێته‌وه‌ و شانشین له‌ شانشین، قاتوقڕی و بوومه‌له‌رزه‌ش له‌ شوێنی جیاجیا ده‌بێت.
8
به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی سه‌ره‌تای ژانه‌كانن.
9
«ئینجا بۆ چه‌وسانه‌وه‌ به‌ گرتنتان ده‌ده‌ن و ده‌تانكوژن، هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان له‌به‌ر ناوی من ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌.
10
ئه‌و كاته‌ زۆر كه‌س له‌ڕێ لاده‌ده‌ن و یه‌كتری به‌ گرتن ده‌ده‌ن و ڕقیان له‌ یه‌كتری ده‌بێته‌وه‌.
11
زۆر پێغه‌مبه‌ری درۆزن ده‌رده‌كه‌ون، زۆر كه‌س چه‌واشه‌ ده‌كه‌ن.
12
له‌به‌ر زۆربوونی سه‌رپێچی، خۆشه‌ویستی زۆر كه‌س سارد ده‌بێته‌وه‌.
13
به‌ڵام ئه‌وه‌ی تاكو كۆتایی دانبه‌خۆیدا بگرێت، ڕزگاری ده‌بێت.
14
ئه‌م مزگێنی پاشایه‌تییه‌ش له‌ هه‌موو جیهاندا ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، وه‌ك شایه‌تییه‌ك بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان، ئینجا كۆتاییه‌كه‌ دێت.
گه‌وره‌ترین ته‌نگانه‌ 
15
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ كاتێك ده‌بینن {قێزه‌ونی وێرانكه‌ر}[a] له‌ شوێنی پیرۆزدا ڕاوه‌ستاوه‌، ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر دانیال باسی كردووه‌، با خوێنه‌ر تێبگات،
16
ئینجا با ئه‌وانه‌ی له‌ یه‌هودیان ڕاكه‌نه‌ چیاكان،
17
ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ربانه‌ با نه‌یه‌ته‌ خواره‌وه‌ تاكو شته‌كانی له‌ ماڵه‌وه‌ ببات.
18
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی له‌ كێڵگه‌یه‌ با نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ تاكو جله‌كه‌ی ببات.
19
له‌و ڕۆژانه‌دا قوڕبه‌سه‌ر دووگیان و شیرده‌ران!
20
نوێژ بكه‌ن با هه‌ڵاتنتان له‌ زستان یان له‌ شه‌ممه‌دا نه‌بێت،
21
چونكه‌ له‌و كاته‌دا ته‌نگانه‌یه‌كی وا گه‌وره‌ ڕووده‌دات، له‌ سه‌ره‌تای جیهانه‌وه‌ هه‌تا ئێستا ئاوا نه‌بووه‌ و نابێت.
22
«ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕۆژانه‌ كورت نه‌كرابوونایه‌وه‌، كه‌س ڕزگاری نه‌ده‌بوو. به‌ڵام له‌ پێناوی ئه‌وانه‌ی هه‌ڵبژێردراون، ئه‌و ڕۆژانه‌ كورت ده‌كرێنه‌وه‌.
23
ئه‌گه‌ر ئه‌و كاته‌ یه‌كێك پێی گوتن: ”ئه‌وه‌تا مه‌سیح لێره‌یه‌!“ یان: ”ئه‌وه‌تا له‌وێیه‌!“ باوه‌ڕ مه‌كه‌ن،
24
چونكه‌ مه‌سیحه‌ درۆزنه‌كان[b] و پێغه‌مبه‌رانی درۆزن ده‌رده‌كه‌ون، نیشانه‌ی گه‌وره‌ و په‌رجوو ده‌كه‌ن، به‌ شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر بكرێ ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی هه‌ڵبژێردراون چه‌واشه‌ ده‌كه‌ن.
25
ئه‌وه‌تا پێشوه‌خت پێم گوتن.
26
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر پێیان گوتن: ”ئه‌وه‌تا له‌ چۆڵه‌وانییه‌!“ مه‌ڕۆن، ”ئه‌وه‌تا له‌ ژووره‌كانی ناوه‌وه‌یه‌!“ باوه‌ڕ مه‌كه‌ن،
27
چونكه‌ وه‌ك چۆن هه‌وره‌تریشقه‌ دێت و ڕووناكی ده‌دات له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ هه‌تا ڕۆژئاوا، هاتنه‌وه‌ی كوڕی مرۆڤیش ئاوا ده‌بێت.
28
كه‌لاك له‌كوێ بێت، داڵ له‌وێ كۆده‌بێته‌وه‌.
هاتنه‌وه‌ی عیسا 
29
«ده‌ستبه‌جێ دوای ته‌نگانه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌،
«{خۆر تاریك ده‌بێت، مانگ ڕووناكییه‌كه‌ی نادات،
ئه‌ستێره‌كان له‌ ئاسمان ده‌كه‌ون،
ته‌نی ئاسمانی ده‌هه‌ژێن.}[c]
30
«له‌و كاته‌ نیشانه‌ی كوڕی مرۆڤ له‌ ئاسماندا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وسا هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی زه‌وی شیوه‌ن ده‌گێڕن، كوڕی مرۆڤ ده‌بینن به‌سه‌ر هه‌وری ئاسماندا به‌ هێز و شكۆیه‌كی گه‌وره‌وه‌ دێت.[d]
31
فریشته‌كانی به‌ كه‌ڕه‌نایه‌كی ده‌نگ به‌رزه‌وه‌ ده‌نێرێت، له‌ ئاراسته‌ی هه‌ر چوار بایه‌كه‌ ئه‌وانه‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵبژێردراون، له‌م سه‌ری ئاسمانه‌وه‌ تاكو ئه‌وسه‌ری.
له‌ دار هه‌نجیره‌وه‌ په‌ند وه‌رگرن 
32
«له‌ دار هه‌نجیره‌وه‌ په‌ند وه‌رگرن: كاتێك لقه‌كانی نه‌رم بوون و گه‌ڵایان كرد، ده‌زانن هاوین نزیكه‌.
33
به‌ هه‌مان شێوه‌، ئێوه‌ش كه‌ هه‌موو ئه‌م شتانه‌تان بینی، بزانن نزیكه‌ و له‌ به‌رده‌رگایه‌.
34
ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌م نه‌وه‌یه‌ به‌سه‌رناچێت، هه‌تا هه‌موو ئه‌مانه‌ نه‌یه‌نه‌ دی.
35
ئاسمان و زه‌وی به‌سه‌رده‌چن، به‌ڵام وشه‌كانم هه‌رگیز به‌سه‌رناچن.
كه‌س ئه‌و كاته‌ نازانێت 
36
«سه‌باره‌ت به‌و ڕۆژ و كاته‌ كه‌س نایزانێت، نه‌ فریشته‌كانی ئاسمان و نه‌ كوڕه‌كه‌، ته‌نها باوك نه‌بێت.
37
ڕۆژانی نوح چۆن بوو، هاتنه‌وه‌ی كوڕی مرۆڤیش ئاوا ده‌بێت.
38
وه‌ك چۆن له‌ ڕۆژانی پێش لافاوه‌كه‌ ده‌یانخوارد و ده‌یانخوارده‌وه‌، ژنیان ده‌هێنا و مێردیان ده‌كرد، هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی نوح چووه‌ ناو كه‌شتییه‌كه‌،
39
كه‌س نه‌یده‌زانی چی ڕووده‌دات، هه‌تا لافاوه‌كه‌ هات و هه‌مووی برد. هاتنه‌وه‌ی كوڕی مرۆڤیش ئاوا ده‌بێت.
40
له‌و كاته‌دا دوو پیاو له‌ كێڵگه‌ ده‌بن، یه‌كیان ده‌بردرێت و ئه‌وی دیكه‌ به‌جێده‌هێڵدرێت.
41
دوو ئافره‌ت ده‌ستاڕ ده‌گێڕن، یه‌كیان ده‌بردرێت و ئه‌وی دیكه‌ به‌جێده‌هێڵدرێت.
42
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێشك بگرن، چونكه‌ نازانن له‌ چ ڕۆژێكدا گه‌وره‌تان مه‌سیح دێته‌وه‌.
43
به‌ڵام ئه‌وه‌ش بزانن: ئه‌گه‌ر گه‌وره‌ی ماڵ بزانێت له‌ چ كاتێكدا دز دێته‌ سه‌ری، ئێشك ده‌گرێت و نایه‌ڵێت ماڵه‌كه‌ی ببڕدرێت.
44
كه‌واته‌ ئێوه‌ش ئاماده‌ بن، چونكه‌ كوڕی مرۆڤ له‌ كاتێكدا دێته‌وه‌ كه‌ بیری لێ ناكه‌نه‌وه‌.
نموونه‌ی كۆیله‌ی دڵسۆز 
45
«كه‌واته‌ ئه‌و كۆیله‌ دڵسۆز و ژیره‌ كێیه‌ كه‌ گه‌وره‌كه‌ی كردوویه‌تی به‌ لێپرسراوی خزمه‌تكارانی دیكه‌ تاكو له‌ كاتی خۆیدا خواردنیان بداتێ؟
46
خۆزگه‌ ده‌خوازرێت به‌و كۆیله‌یه‌ كاتێك گه‌وره‌كه‌ی دێته‌وه‌ ده‌بینێت ئاوا ده‌كات.
47
ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: به‌سه‌ر هه‌موو ماڵه‌كه‌یه‌وه‌ دایده‌نێت.
48
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆیله‌یه‌ خراپ بێت و له‌ دڵی خۆیدا بڵێ: ”گه‌وره‌كه‌م دواده‌كه‌وێت،“
49
ئینجا ده‌ست بكات به‌ لێدانی كۆیله‌ هاوكاره‌كانی و له‌گه‌ڵ سه‌رخۆشان بخوات و بخواته‌وه‌.
50
ئه‌وسا گه‌وره‌ی ئه‌و كۆیله‌یه‌ له‌ ڕۆژێكدا دێته‌وه‌ كه‌ چاوه‌ڕێی ناكات و له‌ كاتژمێرێك كه‌ نایزانێت.
51
ئینجا پارچه‌پارچه‌ی ده‌كات و به‌شی له‌گه‌ڵ دووڕوواندا داده‌نێت، جا له‌وێ ده‌گریێت و جیڕه‌ی ددانه‌كانی دێت.
  1. a. 24‏:15 \+xt دانیال 9‏:27؛ 11‏:31؛ 12‏:11‏\+xt*‏
  2. b. 24‏:24 كه‌سانێك بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ مه‌سیحن.
  3. c. 24‏:29 \+xt ئیشایا 13‏:10؛ 34‏:4‏\+xt*‏
  4. d. 24‏:30 \+xt دانیال 7‏:13‏\+xt*‏