عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - عیسا دەبێتە میوانی زەکا
 - 1
 - ئینجا عیسا چووە ناو ئەریحا و پێیدا تێدەپەڕی.
 - 2
 - لەوێ کابرایەکی لێبوو بە ناوی زەکا، دەوڵەمەند و گەورەی باجگران بوو.
 - 3
 - دەیویست ببینێت عیسا کێیە، بەڵام لەبەر خەڵکەکە نەیدەتوانی، چونکە کورتەباڵا بوو.
 - 4
 - ڕایکرد و سەرکەوتە سەر دار هەنجیرێک تاکو بیبینێت، چونکە عیسا بەوێدا تێدەپەڕی.
 - 5
 - کە عیسا گەیشتە شوێنەکە، چاوی هەڵبڕی و پێی فەرموو: «زەکا، خێرا وەرە خوارەوە، چونکە دەبێت ئەمڕۆ لە ماڵی تۆ بمێنمەوە.»
 - 6
 - جا خێرا هاتە خوارەوە و بە خۆشییەوە پێشوازی لێکرد.
 - 7
 - هەموو بینییان و دەستیان کرد بە بۆڵەبۆڵکردن و گوتیان: «چووە بووەتە میوانی گوناهبارێک.»
 - 8
 - بەڵام زەکا ڕاوەستا و بە مەسیحی خاوەن شکۆی گوت: «گەورەم، ئەوەتا نیوەی سامانەکەم دەدەمە هەژاران و ئەگەر بە هەر شێوەیەک فێڵم لە کەسێک کردبێت، چوارقاتی دەدەمەوە.»
 - 9
 - عیساش پێی فەرموو: «ئەمڕۆ ڕزگاری بۆ ئەم ماڵە هات، لەبەر ئەوەی ئەویش کوڕی ئیبراهیمە،
 - 10
 - چونکە کوڕی مرۆڤ هاتووە بەدوای لەناوچواندا[a]  بگەڕێت و ڕزگاریان بکات.»
 - نموونەی دە کیسە زیوەکە
 - 11
 - کاتێک خەڵکەکە گوێیان لەمانە دەگرت، درێژەی پێدا و نموونەیەکی هێنایەوە، چونکە لە ئۆرشەلیم نزیک بوو و وایان دەزانی کە پاشایەتی خودا خەریکە دەردەکەوێت.
 - 12
 - ئینجا فەرمووی: «پیاوماقوڵێک بۆ وڵاتێکی دوور ڕۆیشت، تاوەکو شانشینێک بۆ خۆی وەربگرێت و بێتەوە.
 - 13
 - دە لە کۆیلەکانی خۆی بانگکرد و دە کیسە زیوی[b]  پێدان و پێی گوتن، هەتا دێمەوە بازرگانی بکەن.
 - 14
 - «بەڵام دانیشتووانی ناوچەکە ڕقیان لێی بوو، شاندێکیان بەدوایدا نارد و گوتیان: ”نامانەوێت ئەمە پاشایەتیمان بکات.“
 - 15
 - «ئەوە بوو کە گەڕایەوە پاشایەتییەکەی وەرگرتبوو، فەرمانی دا ئەو کۆیلانەی زیوەکەی پێدابوون بانگ بکرێنە لای، تاکو بزانێت چییان لە بازرگانی قازانج کردووە.
 - 16
 - «یەکەمیان هات و گوتی: ”گەورەم، کیسە زیوەکەت دە کیسە زیوی قازانج کردووە.“
 - 17
 - «ئەویش پێی گوت: ”ئافەرین کۆیلەی چاک، چونکە لە کەمترین شت دەستپاک بوویت، ببە بە فەرمانڕەوای دە شار.“
 - 18
 - «دووەمیان هات و گوتی: ”گەورەم، کیسە زیوەکەت پێنج کیسە زیوی قازانج کردووە.“
 - 19
 - «بەمەشیانی گوت: ”تۆش ببە بە فەرمانڕەوای پێنج شار.“
 - 20
 - «ئەوی دیکە هات و گوتی: ”گەورەم ئەوەتا کیسە زیوەکەت، لە دەستەسڕێک پێچابوومەوە و هەڵمگرتبوو.
 - 21
 - لە ڕاستیدا لێت ترسام، لەبەر ئەوەی پیاوێکی دڵڕەقیت، ئەوەی داتنەناوە دەیبەیت و ئەوەی نەتچاندووە دروێنەی دەکەیت.“
 - 22
 - «ئەویش پێی گوت: ”ئەی کۆیلەی بەدکار، بە زارت تاوانبارت دەکەم، کە دەتزانی پیاوێکی دڵڕەقم، ئەوەی دامنەناوە دەیبەم و ئەوەی نەمچاندووە دروێنەی دەکەم،
 - 23
 - ئیتر بۆچی زیوەکەمت لە بانک دانەنا، کاتێک دەهاتمەوە لەگەڵ سوودەکەی وەرمدەگرتەوە؟“
 - 24
 - «بەوانەی گوت کە لەوێ ڕاوەستابوون: ”کیسە زیوەکەی لێ بسەننەوە و بیدەنە ئەوەی دە کیسە زیوەکەی پێیە.“
 - 25
 - «ئەوانیش پێیان گوت: ”گەورەم، دە کیسە زیوی هەیە!“
 - 26
 - «وەڵامی دایەوە: ”پێتان دەڵێم: ئەوەی هەیەتی پێی دەدرێت، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە.
 - 27
 - دوژمنانیشم، ئەوانەی نەیاندەویست پاشایەتییان بکەم، بیانهێننە ئێرە و لەبەردەمم بیانکوژن.“»
 - کەژاوەی پاشایانە
 - 28
 - دوای ئەوەی عیسا ئەمەی فەرموو، لە پێشەوە ڕۆیشت و بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوت.
 - 29
 - کاتێک لە گوندی بێتفاجی و بێتعەنیا نزیک بووەوە، کە لەلای ئەو کێوەی کە کێوی زەیتوونی پێ دەگوترێت، دووان لە قوتابییەکانی نارد و
 - 30
 - فەرمووی: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، کە دەچنە ناوی، دەبینن جاشکێک بەستراوەتەوە هەتا ئێستا کەس سواری نەبووە، بیکەنەوە و بیهێنن.
 - 31
 - ئەگەر یەکێک پرسیاری لێکردن: ”بۆچی دەیکەنەوە؟“ لە وەڵامدا بڵێن: ”گەورەمان پێویستی پێیەتی.“»
 - 32
 - دوو قوتابییەکە چوون و چی پێ گوتبوون بینییان.
 - 33
 - کاتێک جاشکەکەیان دەکردەوە، خاوەنەکانی لێیان پرسین: «بۆچی جاشکەکە دەکەنەوە؟»
 - 34
 - گوتیان: «گەورەمان پێویستی پێیەتی.»
 - 35
 - ئینجا بۆ عیسایان هێنا و کەواکانیان خستە سەر جاشکەکە و عیسایان سواری کرد.
 - 36
 - کاتێک بەڕێوە بوو، خەڵک کەواکانیان لەسەر ڕێگا ڕادەخست.
 - 37
 - لە لێژاییەکەی کێوی زەیتوون نزیک بووەوە، سەرجەم قوتابییەکان بە شادی و بە دەنگی بەرز دەستیان بە ستایشکردنی خودا کرد، بۆ هەموو ئەو پەرجووانەی بینییان، دەیانگوت:
 - 38
 - «﴿پیرۆزە ئەو پاشایەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!﴾[c] »
«ئاشتی لە ئاسمان و شکۆ بۆ خودا لە بەرزایی!» - 39
 - هەندێک فەریسی نێو خەڵکەکە، بە عیسایان گوت: «مامۆستا، قوتابییەکانت سەرزەنشت بکە.»
 - 40
 - وەڵامی دایەوە: «پێتان دەڵێم: ئەگەر ئەوانە بێدەنگ بن، بەردەکان هاوار دەکەن.»
 - گریانی عیسا بۆ ئۆرشەلیم
 - 41
 - کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بووەوە و شارەکەی بینی، بۆی گریا،
 - 42
 - فەرمووی: «خۆزگە بتزانیایە، تەنانەت تۆش، لەم ڕۆژەدا چ شتێک بۆت مایەی ئاشتییە! بەڵام ئێستا لەبەرچاوت شاراوەیە.
 - 43
 - ڕۆژانێکت بەسەردێت، کە دوژمنانت سەنگەرت لێ دەگرن، ئابڵوقەت دەدەن و لە هەموو لایەکەوە دەورت دەگرن.
 - 44
 - خۆت و منداڵەکانت لەناو شووراکانت لەگەڵ زەوی تەخت دەکرێن. بەردت بەسەر بەردەوە ناهێڵن، چونکە کاتی هاتنی پەروەردگارت[d]  نەزانی.»
 - عیسا پەرستگا پاک دەکاتەوە
 - 45
 - کاتێک عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا، دەستی بە دەرکردنی فرۆشیاران کرد.
 - 46
 - پێی فەرموون: «نووسراوە: ﴿ماڵەکەم ماڵی نوێژە،﴾[e]  کەچی ئێوە کردووتانە بە ﴿ئەشکەوتی دزان!﴾[f] »
 - 47
 - ڕۆژانە لە پەرستگا خەڵکی فێردەکرد، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و ڕابەرانی گەل هەوڵیان دەدا لەناوی ببەن.
 - 48
 - بەڵام هیچیان بۆ ئەنجامدانی نەدەدۆزییەوە، چونکە هەموو گەل بە پەرۆشەوە گوێیان لێ دەگرت.
 
- a. 19:10 ئەو کەسانەی شایستەی دۆزەخن.
 - b. 19:13 یۆنانی: مەنا. عیبری: مانێ. بڕوانە نەحەمیا 7:71. یەک مەنا دەکاتە نزیکەی کرێی سێ مانگی کرێکارێک.
 - c. 19:38 زەبوورەکان 118:26
 - d. 19:44 مەبەستی هاتنی مەسیحە بۆ ڕزگارکردنیان.
 - e. 19:46 ئیشایا 56:7
 - f. 19:46 یەرمیا 7:11
 

