عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - عیسا حەفتا و دوو قوتابی دەنێرێت
 - 1
 - پاش ئەمە مەسیحی خاوەن شکۆ حەفتا و دوو کەسی دیکەی دەستنیشان کرد، لەپێش خۆی دوو دوو ناردنی بۆ هەر شار و جێگایەک کە بەتەمابوو بۆی بچێت.
 - 2
 - جا پێی فەرموون: «دروێنە زۆرە، بەڵام سەپان[a] کەمە. لەبەر ئەوە داوا لە خاوەنی دروێنە بکەن تاکو سەپان بۆ دروێنەکەی بنێرێت.
 - 3
 - بڕۆن! ئەوا من وەک بەرخ بۆ ناو گورگتان دەنێرم.
 - 4
 - نە کیسەی پارە و نە توورەکە و نە پێڵاو هەڵمەگرن، لە ڕێگاش سڵاو لە کەس مەکەن.
 - 5
 - «چوونە هەر ماڵێکیش، یەکەم جار بڵێن: ”ئاشتی بۆ ئەم ماڵە بێت،“
 - 6
 - ئەگەر پیاوی ئاشتی لەوێ بێت، ئەوا ئاشتیتان دەچێتە سەری، ئەگینا بۆ خۆتان دەگەڕێتەوە.
 - 7
 - لەو ماڵە بمێننەوە و لەوەی هەیانە بخۆن و بخۆنەوە، چونکە کرێکار شایانی کرێی خۆیەتی. ماڵە و ماڵیش مەکەن.
 - 8
 - «چوونە هەر شارێک و پێشوازییان لێکردن، ئەوەی لەبەردەمتانی دادەنێن بیخۆن،
 - 9
 - ئەو نەخۆشانەی تێیدایە چاکیان بکەنەوە و پێیان بڵێن: ”پاشایەتی خودا لێتان نزیک بووەتەوە.“
 - 10
 - بەڵام ئەگەر چوونە شارۆچکەیەک و پێشوازییان لێ نەکردن، بڕۆنە سەر شەقامەکانی و بڵێن:
 - 11
 - ”تەنانەت تۆزی شارۆچکەکەتان کە بە پێمانەوە نووساوە بۆتانی دەتەکێنین، بەڵام ئەمە بزانن: پاشایەتی خودا لێتان نزیک بووەتەوە.“
 - 12
 - پێتان دەڵێم: لەو ڕۆژەدا[b]  سەدۆم سزای سووکتری دەبێت لەوەی ئەو شارۆچکەیە.
 - 13
 - «قوڕبەسەرت، ئەی شاری خورازین! قوڕبەسەرت، ئەی بێتسەیدا! چونکە ئەو پەرجووانەی[c] لەنێو ئێوەدا کران، ئەگەر لە سور و سەیدا بکرایە، ئەوا هەر زوو خەڵکەکەی بە جلوبەرگی گوش[d] و لەناو خۆڵەمێشدا دادەنیشتن و تۆبەیان دەکرد.
 - 14
 - بەڵام لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، سزای سور و سەیدا لە هی ئێوە سووکتر دەبێت.
 - 15
 - تۆش ئەی کەفەرناحوم، ئایا بۆ ئاسمان بەرز دەکرێیتەوە؟ نەخێر، تۆ بۆ جیهانی مردووان[e]  دەچیتە خوارەوە.
 - 16
 - «ئەوەی گوێتان لێ بگرێت، گوێ لە من دەگرێت، ئەوەی ڕەتتان دەکاتەوە من ڕەت دەکاتەوە. ئەوەش من ڕەت دەکاتەوە، ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە منی ناردووە.»
 - گەڕانەوەی حەفتا و دوو قوتابی
 - 17
 - حەفتا و دوو نێردراوەکە بە شادییەوە گەڕانەوە و گوتیان: «گەورەم، تەنانەت ڕۆحی پیسیش بە ناوی تۆوە ملکەچمانن.»
 - 18
 - ئەویش پێی فەرموون: «شەیتانم بینی وەک بروسکە لە ئاسمانەوە دەکەوت.
 - 19
 - ئەوەتا دەسەڵاتم پێتان داوە پێ بە مار و دووپشک و هەموو هێزی دوژمندا بنێن، هیچ شتێکیش زیانتان پێناگەیەنێت.
 - 20
 - بەڵام بەمە دڵخۆش مەبن کە ڕۆحە پیسەکان ملکەچتانن، بەڵکو دڵخۆش بن کە ناوتان لە ئاسماندا نووسراوە.»
 - 21
 - لەو کاتەدا عیسا بە ڕۆحی پیرۆز شادمان بوو و فەرمووی: «ئەی باوک سوپاست دەکەم، پەروەردگاری ئاسمان و زەوی، چونکە ئەمانەت لە دانا و تێگەیشتووان شاردووەتەوە و بۆ منداڵانت ئاشکرا کردووە. بەڵێ ئەی باوک، چونکە ئەمەت پێ باش بوو!
 - 22
 - «باوکم هەموو شتێکی پێ سپاردووم، کەس نازانێت کوڕەکە[f]  کێیە باوک نەبێت، یان باوک کێیە کوڕەکە و ئەوانە نەبێت کە کوڕەکە دەیەوێ بۆیانی ئاشکرا بکات.»
 - 23
 - ئینجا ئاوڕی لە قوتابییەکانی دایەوە و بە تەنها بەوانی فەرموو: «خۆزگە دەخوازرێت بەو چاوانەی ئەوە دەبینێت کە ئێوە دەیبینن،
 - 24
 - چونکە پێتان دەڵێم، زۆر پێغەمبەر و پاشا ویستیان ئەوە ببینن کە ئێوە دەیبینن، بەڵام نەیانبینی، ئەوەش ببیستن کە ئێوە دەیبیستن، بەڵام نەیانبیست.»
 - نموونەی سامیرەییە چاکەکە
 - 25
 - تەوراتناسێک هەستا بۆ ئەوەی عیسا تاقی بکاتەوە و گوتی: «مامۆستا چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟»
 - 26
 - ئەویش پێی فەرموو: «لە تەوراتدا چی نووسراوە؟ چۆن دەیخوێنیتەوە؟»
 - 27
 - وەڵامی دایەوە: «﴿بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو توانا و هەموو بیرتانەوە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشبوێت،﴾[g]  هەروەها ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾[h] »
 - 28
 - عیسا پێی فەرموو: «وەڵامەکەت ڕاستە، ئەمە بکە، ژیانی هەتاهەتایی بەدەستدەهێنیت.»
 - 29
 - بەڵام تەوراتناسەکە ویستی پاکانە بۆ خۆی بکات، بە عیسای گوت: «نزیکەکەم کێیە؟»
 - 30
 - عیسا وەڵامی دایەوە: «پیاوێک لە ئۆرشەلیمەوە بۆ ئەریحا[i] دەچوو، کەوتە دەست جەردە، ڕووتیان کردەوە و برینداریان کرد، ئینجا بە نیوەمردوویی بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن.
 - 31
 - وا ڕێککەوت کاهینێک بەو ڕێگایەدا دەڕۆیشت، کاتێک ئەوی بینی لەو بەرەوە تێپەڕی.
 - 32
 - هەروەها کابرایەکی لێڤیش[j] بە هەمان شێوە گەیشتە شوێنەکە، هات و سەیری کرد و لەو بەرەوە تێپەڕی.
 - 33
 - بەڵام سامیرەییەکی[k] ڕێبوار هاتە سەری، بینی و دڵی پێی سووتا،
 - 34
 - لێی چووە پێش و ڕۆن و شەرابی بەسەر برینەکاندا کرد و پێچایەوە، سواری وڵاخەکەی خۆی کرد و بردییە خانێک و چاودێری کرد.
 - 35
 - ڕۆژی پاشتر دوو دیناری دەرهێنا و دایە خانچییەکە و گوتی: ”چاودێری بکە و هەرچی زیاترت خەرجکرد، کە گەڕامەوە دەتدەمەوە.“
 - 36
 - «کام لەم سێ کەسە بە نزیک دەزانیت بۆ ئەو پیاوەی کە کەوتە دەست جەردەکان؟»
 - 37
 - تەوراتناسەکە گوتی: «ئەوەی بەزەیی پێیدا هاتەوە.»
عیساش پێی فەرموو: «تۆش بڕۆ و بەو شێوەیە بکە.» - لە ماڵی مریەم و مەرسا
 - 38
 - کاتێک عیسا و قوتابییەکانی بەرەو ئۆرشەلیم دەچوون، عیسا لایدا گوندێک، ژنێک لە ماڵەکەی خۆی پێشوازی لێکرد ناوی مەرسا بوو.
 - 39
 - خوشکێکی هەبوو ناوی مریەم بوو، لەبەرپێی مەسیح دانیشت و گوێی لە فەرمایشتەکانی دەگرت.
 - 40
 - بەڵام مەرسا لەبەر زۆری خزمەتکردن شڵەژا بوو، ڕاوەستا و گوتی: «گەورەم، باکت نییە خوشکم بە تەنها بەجێی هێشتووم و خزمەت دەکەم؟ پێی بفەرموو با یارمەتیم بدات.»
 - 41
 - مەسیح وەڵامی دایەوە: «مەرسا، مەرسا، تۆ خەم لە زۆر شت دەخۆیت و ناڕەحەتیت.
 - 42
 - بەڵام یەک شت پێویستە، مریەم شتە باشەکەی هەڵبژاردووە کە لێی ناسەنرێتەوە.»
 
- a. 10:2 سەپان: پاڵە، وەرزێر، ئەو کەسەی دەغڵ و دان دەدروێتەوە.
 - b. 10:12 ڕۆژی لێپرسینەوە.
 - c. 10:13 پەرجوو: موعجیزە.
 - d. 10:13 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.
 - e. 10:15 یۆنانی: \+tl هادیس\+tl*: بڕوانە پەراوێزی مەتا 11:23.
 - f. 10:22 کاتێک عیسا باسی (باوک) دەکات مەبەستی لە خودایە و کاتێکیش باسی (کوڕەکە) دەکات مەبەستی لە خودی خۆیەتی.
 - g. 10:27 دواوتار 6:5
 - h. 10:27 لێڤییەکان 19:18
 - i. 10:30 ئەریحا نزیکەی 32کم لە ئۆرشەلیمەوە دوورە، نزیکەی 1000م لە سەرووی ئاستی دەریا لە ئۆرشەلیم نزمترە و ڕێگای شاخاوییە، بۆ جەردە و ڕێگران گونجاوە.
 - j. 10:32 تیرەیەکی جولەکە بوون، ئەرکی خزمەتکردنی پەرستگایان لە ئەستۆ بوو.
 - k. 10:33 سامیرە شارێکە لە ناوەڕاستی ئیسرائیل. سامیرەییەکان لە ڕێگای ژنهێنانەوە لەگەڵ نەتەوەکان تێکەڵ ببوون، لەلای گەلی جولەکە گڵاو بوون و وەکو نەتەوە ناجولەکەکان هەژمارد دەکران.
 

