عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
قوربانی بۆ پێکەوە ژیان 
1
«”ئەگەر قوربانییەکەی قوربانی هاوبەشی[a] بوو، لە گاگەل پێشکەشی کرد، نێر یان مێ دەبێت ساغ بێت و بیهێنێتە بەردەم یەزدان.
2
دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی دادەنێت و لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن سەری دەبڕێت. نەوەی هارون کە کاهینەکانن، خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن.
3
لە قوربانی هاوبەشیش، بەم جۆرە قوربانی بە ئاگر پێشکەشی یەزدان دەکرێت: هەموو هەناوی و ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە،
4
لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە، هەروەها ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکرێتەوە.
5
نەوەی هارونیش لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنن، لەسەر ئەو قوربانی سووتاندنەی لەسەر دارەکانی سەر ئاگرەکەیە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
6
«”ئەگەر قوربانییەکەی لە مەڕوماڵات بوو، قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان، نێر یان مێی ساغ پێشکەش دەکات.
7
ئەگەر قوربانییەکەی بەرخ بوو، لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات.
8
دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی دادەنێت و لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن سەری دەبڕێت و نەوەی هارون خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن.
9
لە قوربانی هاوبەشییەکەش پیوەکەی وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش دەکرێت. دوگەکەی[b] بە تەواوی لەلای دوا بڕبڕەی پشتەوە لێ دەکاتەوە لەگەڵ ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی بەسەر هەناویەوەیە،
10
لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە و ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکاتەوە.
11
کاهینەکەش وەک خواردن لەسەر قوربانگا دەیانسووتێنێت، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.
12
«”ئەگەر قوربانییەکەشی گیسک بوو، نێر یان مێ، لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات،
13
دەستی لەسەر سەری دادەنێت و لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن سەری دەبڕێت. نەوەی هارون خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن،
14
لەوەوە قوربانی بە ئاگرەکەی بۆ یەزدان پێشکەش دەکرێت. ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی لەسەر هەناوەکەیە،
15
لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە و ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکاتەوە،
16
کاهینەکەش وەک خواردن لەسەر قوربانگا دەیانسووتێنێت. قوربانی بە ئاگرە، بۆنی خۆشییە، هەموو پیوەکە هی یەزدانە.
17
«”ئەمە فەرزێکی هەتاهەتاییە نەوە دوای نەوە لە هەموو نشینگەکانتاندا، نە پیو و نە خوێن مەخۆن.“»
  1. a. 3‏:1 قوربانی هاوبەشی: ئەم قوربانییە هاودەمی قوربانی سووتاندن بوو. تەنها یەک کەس هەڵدەستا بە دابینکردنی ئەم قوربانییە، بەڵام لەگەڵ خەڵکی دیکە بەشی زۆری ئەم قوربانییەیان لەبەردەم خودا دەخوارد وەک هێمایەک بۆ پێکەوە ژیان. بڕوانە لێڤییەکان 7‏:11‏-15.‏‏
  2. b. 3‏:9 دوگ یان دونگ.‏