عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - کڕینەوەی ئەوەی هی یەزدانە
 - 1
 - هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو
 - 2
 - «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەگەر کەسێک کەسێکی بۆ یەزدان نەزر کرد، ئەوا ئاوای دەخەمڵێنێت،
 - 3
 - ئەگەر خەمڵاندنەکەت بۆ نێرێکی تەمەن بیست هەتا شەست ساڵ بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت پەنجا شاقل[a] زیو بەگوێرەی شاقلی پیرۆزگا دەبێت.
 - 4
 - ئەگەر مێینەش بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت سی شاقل دەبێت.
 - 5
 - ئەگەر تەمەنی پێنج هەتا بیست ساڵ بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت بیست شاقل بۆ نێر و دە شاقل بۆ مێ دەبێت.
 - 6
 - ئەگەر تەمەنی مانگێک هەتا پێنج ساڵ بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت پێنج شاقل زیو بۆ نێر و سێ شاقل زیو بۆ مێ دەبێت.
 - 7
 - ئەگەر تەمەنی شەست ساڵ و بەرەو سەرەوە بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت پازدە شاقل بۆ نێر و دە شاقل بۆ مێ دەبێت.
 - 8
 - ئەگەر کەسێک نەزری کرد و ئەو کەسە هەژار بوو و ئەو خەمڵاندنەی لە توانادا نەبوو، ئەوا نەزرەکە دەهێنێتە بەردەم کاهین و کاهینەکەش بۆی دەخەمڵێنێت. بەگوێرەی توانای ئەو کەسەی نەزرەکەی کردووە کاهینەکە بۆی دەخەمڵێنێت.
 - 9
 - «”ئەگەر نەزرەکە ئاژەڵ بێت، لەوانەی پەسەندە وەک قوربانی بۆ یەزدان، ئەوا هەموو ئەوەی لێی دەدرێت بە یەزدان، پیرۆز دەبێت.
 - 10
 - پێویستە نەیگۆڕێت و ئاڵوگۆڕی پێ نەکات، باش بە خراپ یان خراپ بە باش، ئەگەر ئاژەڵێکی بە ئاژەڵێکی دیکە ئاڵوگۆڕ کرد، ئەوا هەردوو ئاژەڵەکە پیرۆز دەبن.
 - 11
 - ئەگەر نەزرەکە بەپێی ڕێوڕەسم ئاژەڵێکی گڵاو بوو، لەوانەی کە قبوڵ نییە وەک قوربانی بۆ یەزدان، ئەوا پێویستە ئاژەڵەکە بهێنرێتە بەردەم کاهین.
 - 12
 - جا نرخەکەی دەخەمڵێنێت، هەر چۆنێک بێت باش یان خراپ، ئەو نرخەی کاهین دەیخەمڵێنێت، هەر ئەوە دەبێت.
 - 13
 - جا ئەگەر خاوەنەکەی ویستی ئاژەڵەکە بکڕێتەوە، ئەوا پێویستە پێنج یەک بخاتە سەر خەمڵاندنەکە.
 - 14
 - «”ئەگەر یەکێک ماڵەکەی تەرخان کرد هەتا بۆ یەزدان پیرۆزکراو بێت، ئەوا کاهینەکە دەیخەمڵێنێت باش بێت یان خراپ، کاهینەکە چۆنی بخەمڵێنێت ئاوا دەبێت.
 - 15
 - ئەگەر ئەو کەسە ویستی ماڵە تەرخانکراوەکەی بکڕێتەوە ئەوا پێنج یەکی نرخی خەمڵاندنەکە دەخاتە سەری و دەبێتەوە هی خۆی.
 - 16
 - «”ئەگەر کەسێک بەشێکی لە کێڵگەکەی موڵکی خێزانی خۆی بۆ یەزدان تەرخان کرد، ئەوا خەمڵاندنەکە بەگوێرەی تۆوکردن تێیدا دەبێت، جێی حۆمەرێک[b] تۆوی جۆ بە پەنجا شاقل زیو دەبێت.
 - 17
 - ئەگەر لە ساڵی یۆبیلدا[c] کێڵگەکەی تەرخان کرد، ئەوا بەگوێرەی ئەو خەمڵاندنەی کە دانراوە دەمێنێتەوە.
 - 18
 - بەڵام ئەگەر لەدوای ساڵی یۆبیل کێڵگەکەی تەرخان کرد، ئەوا کاهینەکە بەگوێرەی ئەو ساڵانەی ماوەتەوە بۆ ساڵی ئاییندەی یۆبیل، نرخەکەی بۆ دەژمێرێت. لە خەمڵاندنەکە کەم دەکاتەوە.
 - 19
 - ئەگەر ئەو کەسەی کێڵگەکەی تەرخان کردووە ویستی کێڵگەکە بکڕێتەوە، ئەوا پێنج یەکی نرخی خەمڵاندنەکە دەخاتە سەری و کێڵگەکە بۆ ئەو دەبێت.
 - 20
 - بەڵام ئەگەر کێڵگەکەی نەکڕییەوە یان کێڵگەکەی بە کەسێکی دیکە فرۆشت، ئەوا ئیتر ناکڕدرێتەوە،
 - 21
 - بەڵکو کێڵگەکە لە ساڵی یۆبیل ئازاد دەکرێت، پیرۆز دەبێت، وەک کێڵگەی ڕاگیراو[d]  بۆ یەزدان. ئەو کاتە دەبێتە موڵکی کاهینەکان.
 - 22
 - «”ئەگەر کێڵگەیەکی کڕاوی بۆ یەزدان تەرخان کرد، کە لە کێڵگەکانی موڵکی خێزانی نەبوو،
 - 23
 - ئەوا کاهینەکە بڕی خەمڵاندنەکەی بۆ دەژمێرێت هەتا ساڵی یۆبیل، جا کەسەکە لەو ڕۆژە نرخی خەمڵاندنەکە دەدات، وەک تەرخانکراوی پیرۆز بۆ یەزدان.
 - 24
 - لە ساڵی یۆبیلیش کێڵگەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لێی کڕیوە، بۆ خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکە.
 - 25
 - هەموو خەمڵاندنەکەش بەپێی شاقلی پیرۆزگا دەبێت، هەر شاقلێک بیست گیرە دەبێت.
 - 26
 - «”بەڵام هەر نۆبەرەیەکی ئاژەڵ کە وەک نۆبەرە بۆ یەزدان جیا دەکرێتەوە، با کەس تەرخانی نەکات، گا[e] بێت یان بەران ئەوا بۆ یەزدانە؛
 - 27
 - ئەگەر لە ئاژەڵە گڵاوەکان بوو، ئەوا بەگوێرەی خەمڵاندنەکە دەیکڕێتەوە و پێنج یەکیشی دەخاتە سەر. ئەگەر نەیکڕییەوە ئەوا بەگوێرەی خەمڵاندنەکە دەفرۆشرێت.
 - 28
 - «”بەڵام هەموو ڕاگیراوێک[f]  کە مرۆڤ بۆ یەزدانی تەرخان دەکات لە هەموو ئەوانەی هەیەتی، لە خەڵک و ئاژەڵ و کێڵگەکانی موڵکی خۆی، ئەوا نافرۆشرێت و ناکڕدرێتەوە، هەموو ڕاگیراوێک هەرەپیرۆزە بۆ یەزدان.
 - 29
 - «”هەرکەسێک تەرخانکراو بێت بۆ قڕکردن[g]  بە بارمتە ناکڕدرێتەوە، دەبێت بکوژرێت.
 - 30
 - «”هەموو دەیەکی زەوی لە دانەوێڵەی زەوی و بەروبوومی درەختەکان بۆ یەزدانە، پیرۆزە بۆ یەزدان.
 - 31
 - ئەگەر کەسێک هەندێک لە دەیەکەکەی خۆی کڕییەوە، ئەوا پێنجیەکی دەخاتە سەر،
 - 32
 - بەڵام گاگەل و مێگەل دەیەمی هەر ئاژەڵێک بەژێر گۆچانی شواندا تێبپەڕێت، ئەوا پیرۆز دەبێت بۆ یەزدان.
 - 33
 - نابێت تەماشا بکرێت ئاخۆ باشە یان خراپ و ئاڵوگۆڕی پێ ناکات، ئەگەر ئاڵوگۆڕی پێکرد، ئەوا هەردوو ئاژەڵەکە و ئالۆگۆڕکراوەکە پیرۆز دەبن بۆ یەزدان، ناکڕدرێنەوە.“»
 - 34
 - ئەمانە ئەو فەرمانانەن کە یەزدان فەرمانی بە موسا کرد بۆ نەوەی ئیسرائیل لە شاخی سینا.
 
- a. 27:3 هەر شاقلێک یازدە گرام و نیوە.
 - b. 27:16 (حۆمەر) نزیکەی 135 کیلۆگرامی تۆوی جۆ. بڕوانە پاشکۆی کتێبەکە.
 - c. 27:17 لە ساڵی یۆبیلدا: بڕوانە 25:8 هتد.
 - d. 27:21 بە واتای وەستێنراویش دێت، هەر موڵکێک و هەر گیانلەبەرێک ئاژەڵ بێت یان مرۆڤ کە جیا کرایەوە بۆ خزمەتی خودا، ئیتر هەرگیز گەڕانەوەی بۆ نابێت و کڕین و فرۆشتنی لەسەر ناکرێت. لێرە و لە ئایەتی 28.
 - e. 27:26 لە زمانی عیبری دەشێت ئەم وشەیە بۆ نێر و مێ (چێڵ و گا) بەکاربهێنرێت.
 - f. 27:28 لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان.
 - g. 27:29 لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.
 

