عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گوناهی عاخان 
1
به‌ڵام نه‌وه‌ی ئیسرائیل سه‌باره‌ت به‌ شته‌ ته‌رخانكراوه‌كان بۆ یه‌زدان[a] ناپاكییان كرد، عاخانی كوڕی كه‌رمی كوڕی زیمری كوڕی زه‌ره‌ح له‌ هۆزی یه‌هودا له‌ شته‌ ته‌رخانكراوه‌كانی برد، ئیتر تووڕه‌یی یه‌زدان به‌سه‌ر نه‌وه‌ی ئیسرائیلدا جۆشا.
2
یه‌شوعیش چه‌ند پیاوێكی له‌ ئه‌ریحاوه‌ بۆ عای نارد كه‌ له‌لای بێت‌ئاڤنه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی بێت‌ئێل و پێی گوتن: «سه‌ربكه‌ون و سیخوڕی له‌باره‌ی خاكه‌كه‌وه‌ بكه‌ن.» پیاوه‌كانیش سه‌ركه‌وتن و سیخوڕی عاییان كرد.
3
كاتێك گه‌ڕانه‌وه‌ لای یه‌شوع و پێیان گوت: «با هه‌موو گه‌ل سه‌رنه‌كه‌ون، به‌ڵكو ته‌نها نزیكه‌ی دوو هه‌زار یان سێ هه‌زار پیاو به‌سه‌ر عایدا بده‌ن، هه‌موو گه‌ل شه‌كه‌ت مه‌كه‌، چونكه‌ ئه‌وان كه‌من.»
4
جا نزیكه‌ی سێ هه‌زار كه‌س له‌ گه‌ل بۆ ئه‌وێ سه‌ركه‌وتن، به‌ڵام له‌به‌رده‌م پیاوه‌كانی عای هه‌ڵاتن،
5
خه‌ڵكی عای لێیاندان و نزیكه‌ی سی و شه‌ش پیاویان كوشتن و دوایان كه‌وتن. له‌به‌رده‌م ده‌روازه‌كه‌وه‌ هه‌تا كانه‌ به‌رده‌كان، له‌ لێژاییه‌كه‌ لێیان دان، گه‌ل ڕه‌نگیان په‌ڕی.
6
یه‌شوعیش جله‌كانی دادڕی و له‌به‌رده‌م سندوقی یه‌زدان به‌ ڕوودا كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وی و هه‌تا ئێواره‌ له‌وێ مایه‌وه‌. هه‌روه‌ها پیرانی نه‌وه‌ی ئیسرائیل هه‌مان شتیان كرد و خۆڵیان به‌سه‌ر سه‌ری خۆیاندا كرد.
7
هه‌روه‌ها یه‌شوع گوتی: «ئای یه‌زدانی باڵاده‌ست، بۆچی ئه‌م گه‌له‌ت به‌ ته‌واوی له‌ ڕووباری ئوردون په‌ڕانده‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بمانده‌یته‌ ده‌ست ئه‌مورییه‌كان و له‌ناومان ببه‌ن؟ خۆزگه‌ به‌وه‌نده‌ ڕازی ده‌بووین و له‌وبه‌ری ڕووباری ئوردون ده‌ماینه‌وه‌.
8
ئه‌ی په‌روه‌ردگار، من چی بڵێم پاش ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌به‌رده‌م دوژمنه‌كانیاندا به‌زین؟
9
جا كه‌نعانییه‌كان و سه‌رجه‌م دانیشتووانی خاكه‌كه‌ ئه‌مه‌ ده‌بیستن و گه‌مارۆمان ده‌ده‌ن و ناومان له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی ده‌سڕنه‌وه‌، ئه‌ی چی بۆ ناوی گه‌وره‌ی خۆت ده‌كه‌یت؟»
10
یه‌زدان به‌ یه‌شوعی فه‌رموو: «هه‌سته‌، بۆچی ئاوا به‌سه‌ر ڕووتدا كه‌وتوویت؟
11
نه‌وه‌ی ئیسرائیل گوناهیان كرد و هه‌روه‌ها په‌یمانه‌كه‌ی منیان شكاند كه‌ فه‌رمانم پێكردبوون، هه‌ندێك له‌ شته‌ ته‌رخانكراوه‌كانیان برد، دزییان كرد و درۆیان كرد و له‌ناو كه‌لوپه‌له‌كانی خۆیاندا دایاننا.
12
بۆیه‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل ناتوانن به‌رامبه‌ر به‌ دوژمنه‌كانیان ڕابوه‌ستن، پشتیان تێ ده‌كه‌ن و هه‌ڵدێن، چونكه‌ به‌رپرسیار بوون له‌ قڕبوونی خۆیان. ئه‌گه‌ر بێتو ئه‌و ته‌رخانكراوه‌ له‌نێو خۆتاندا بنبڕ نه‌كه‌ن، ئه‌وا له‌مه‌ودوا له‌گه‌ڵتاندا نابم.
13
«هه‌سته‌، گه‌ل ته‌رخان بكه‌ و پێیان بڵێ: ”خۆتان بۆ به‌یانی ته‌رخان بكه‌ن، چونكه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئه‌ی ئیسرائیل له‌نێوتان ته‌رخانكراو هه‌یه‌، ناتوانن به‌رامبه‌ر به‌ دوژمنه‌كانتان ڕابوه‌ستن، هه‌تا ئه‌و ته‌رخانكراوه‌ له‌نێو خۆتاندا دانه‌ماڵن.
14
«”به‌یانی به‌ هۆزه‌كانتانه‌وه‌ وه‌رنه‌ پێش و ئه‌و هۆزه‌ی یه‌زدان نیشانی ده‌كات با به‌ خێڵه‌كانییه‌وه‌ بێته‌ پێش و ئه‌و خێڵه‌ی یه‌زدان نیشانی ده‌كات با به‌ بنه‌ماڵه‌كانییه‌وه‌ بێته‌ پێش و ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ی یه‌زدان نیشانی ده‌كات با به‌ پیاوه‌كانییه‌وه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌ك بێنه‌ پێشه‌وه‌.
15
ئه‌وه‌ی به‌ شته‌ ته‌رخانكراوه‌كانه‌وه‌ بگیردرێت، خۆی و هه‌رچی هه‌یه‌تی به‌ ئاگر ده‌سووتێنرێ، چونكه‌ ئه‌و په‌یمانی یه‌زدانی شكاندووه‌ و كارێكی دزێوی له‌ناو ئیسرائیلدا ئه‌نجام داوه‌.“»
16
بۆ به‌یانی یه‌شوع زوو له‌ خه‌و هه‌ستا و هۆزه‌كانی نه‌وه‌ی ئیسرائیلی یه‌ك یه‌ك هێنایه‌ پێش و هۆزی یه‌هودا نیشان كرابوو[b] .
17
خێڵه‌كانی یه‌هودای هێنایه‌ پێش و خێڵی زه‌ره‌حییه‌كان نیشان كرابوو. ئینجا خێڵی زه‌ره‌حییه‌كانی هێنایه‌ پێش به‌ خێزانه‌كانیانه‌وه‌ و زیمری نیشان كرابوو.
18
به‌ره‌بابه‌كه‌ی ئه‌ویشی به‌ پیاوه‌كانییه‌وه‌ هێنایه‌ پێش و عاخانی كوڕی كه‌رمی كوڕی زیمری كوڕی زه‌ره‌ح نیشان كرابوو كه‌ سه‌ر به‌ هۆزی یه‌هودایه‌.
19
ئینجا یه‌شوع به‌ عاخانی گوت: «تكایه‌ كوڕی خۆم، یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل شكۆدار بكه‌ و دانی پێدا بنێ و پێم بڵێ چیت كردووه‌؟ لێمی مه‌شاره‌وه‌.»
20
عاخانیش وه‌ڵامی یه‌شوعی دایه‌وه‌ و گوتی: «به‌ڕاستی من به‌رامبه‌ر به‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل گوناهم كردووه‌ و ئاوام كردووه‌،
21
له‌نێو تاڵانكردنه‌كه‌دا كه‌وایه‌كی بابلی گرانبه‌ها و دوو سه‌د شاقل زیو[c] و قاڵبه‌ زێڕێكم بینی كه‌ كێشه‌كه‌ی په‌نجا شاقل ده‌بوو، ئاره‌زووم كرد و بردم. ئه‌وه‌تا له‌ژێر زه‌وی له‌ناوه‌ڕاستی چادره‌كه‌مدا شاردومه‌ته‌وه‌ و زیوه‌كه‌ش له‌ ژێره‌وه‌یه‌.»
22
جا یه‌شوع چه‌ند كه‌سێكی نارد و ڕایانكرد بۆ چادره‌كه‌ و بینییان ئه‌وه‌تا له‌ناو چادره‌كه‌دا شاردراونه‌ته‌وه‌ و زیوه‌كه‌ش له‌ ژێریانه‌وه‌یه‌.
23
ئه‌وانیش شته‌كانیان له‌ ناوه‌ڕاست چادره‌كه‌ هه‌ڵگرت و بۆ یه‌شوع و هه‌موو نه‌وه‌ی ئیسرائیلیان هێنا و له‌به‌رده‌م یه‌زدان دایاننا.
24
ئینجا یه‌شوع عاخانی كوڕی زه‌ره‌حی له‌گه‌ڵ زیوه‌كه‌ و كه‌واكه‌ و قاڵبه‌ زێڕه‌كه‌ و كوڕه‌كانی و كچه‌كانی و گا و گوێدرێژ و مه‌ڕه‌كانی و چادره‌كه‌ی و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی هی ئه‌و بوون، هه‌موو نه‌وه‌ی ئیسرائیلیشی له‌گه‌ڵ بوو، بردیانن و سه‌ریان خستن بۆ دۆڵی عاخۆر.
25
ئینجا یه‌شوع گوتی: «چۆن لێت تێكداین، یه‌زدانیش ئه‌مڕۆ ئاوا لێت تێكبدات.»
ئینجا هه‌موو نه‌وه‌ی ئیسرائیل ئه‌ویان به‌ردباران كرد و ئه‌وانه‌ی دیكه‌یان به‌ردباران كرد و سووتاندیانن،
26
كۆمه‌ڵه‌ به‌ردێكی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر عاخان كه‌ڵه‌كه‌ كرد كه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆش له‌وێیه‌. ئینجا جۆشی تووڕه‌ییه‌كه‌ی یه‌زدان دامركایه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و شوێنه‌ش هه‌تا ئه‌مڕۆ به‌ دۆڵی عاخۆر[d] ناوده‌بردرێت.
  1. a. 7‏:1 له‌ زمانی عیبری ئه‌م زاراوه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شتێك یان كه‌سێك كه‌ ده‌به‌خشرێت به‌ یه‌زدان. له‌ كاتی شه‌ڕدا ده‌ستكه‌وته‌كه‌ دابه‌ش ناكرێت و به‌خشینه‌كه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی له‌ناوبردنی ته‌واوه‌.
  2. b. 7‏:16 نیشان كرابوو: له‌ ڕێگه‌ی تیروپشك نیشان كرابوون.
  3. c. 7‏:21 دوو سه‌د شاقل زیو: نزیكه‌ی 2,3 كیلۆگرام.
  4. d. 7‏:26 \+tl عاخۆر\+tl* وشه‌یه‌كی عیبرییه‌ به‌ واتای تێكدان.