عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕاحاب و دوو سیخوڕ 
1
ئینجا یه‌شوعی كوڕی نون له‌ شه‌تیمه‌وه‌ دوو سیخوڕی به‌ نهێنی نارد و گوتی: «بڕۆن ته‌ماشای خاكه‌كه‌ بكه‌ن، به‌ تایبه‌تی ئه‌ریحا.» ئه‌وانیش ڕۆیشتن و چوونه‌ ماڵی ژنێكی له‌شفرۆش كه‌ ناوی ڕاحاب بوو، له‌وێ مانه‌وه‌.
2
به‌ پاشای ئه‌ریحا گوترا: «بزانه‌، ئه‌مشه‌و دوو پیاوی نه‌وه‌ی ئیسرائیل هاتوونه‌ته‌ ئێره‌ هه‌تا سیخوڕی ده‌رباره‌ی خاكه‌كه‌ بكه‌ن.»
3
له‌به‌ر ئه‌وه‌ پاشای ئه‌ریحا به‌دوای ڕاحابدا ناردی و پێی گوت: «ئه‌و دوو پیاوه‌ی كه‌ هاتن بۆ لات و هاتنه‌ ناو ماڵه‌كه‌ت بیانهێنه‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ هاتوون بۆ ئه‌وه‌ی سیخوڕی له‌باره‌ی هه‌موو خاكه‌كه‌وه‌ بكه‌ن.»
4
به‌ڵام ڕاحاب دوو پیاوه‌كه‌ی بردبوو و شاردبوونییه‌وه‌ و گوتی: «ڕاسته‌ ئه‌و دوو پیاوه‌ هاتنه‌ لای من، به‌ڵام نه‌مزانی خه‌ڵكی كوێن.
5
كاتێك تاریكی داهات، كاتی داخستنی ده‌روازه‌ی شار، دوو پیاوه‌كه‌ ڕۆیشتن. نازانم دوو پیاوه‌كه‌ بۆ كوێ چوون. به‌ په‌له‌ شوێنیان بكه‌ون، به‌ڵكو پێیان بگه‌ن.»
6
به‌ڵام ئه‌و هه‌ردووكیانی بردبوو بۆ سه‌ربان و له‌ناو كۆمه‌ڵێك چیلكه‌ داری كه‌تاندا شاردبوونییه‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌ربان هه‌ڵیچنیبوون.
7
پیاوه‌كانی پاشاش به‌و ڕێگایه‌ی كه‌ به‌ره‌و ته‌نكاییه‌كانی ڕووباری ئوردون ده‌چوو به‌دوای سیخوڕه‌كاندا چوون. كه‌ پیاوانی پاشا چوونه‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌ستبه‌جێ پاسه‌وانه‌كان ده‌روازه‌كه‌یان داخست.
8
پێش ئه‌وه‌ی سیخوڕه‌كان خه‌ویان لێ بكه‌وێت، ڕاحاب بۆ لایان سه‌ركه‌وته‌ سه‌ربان و
9
به‌ پیاوه‌كانی گوت: «زانیومه‌ كه‌ یه‌زدان ئه‌م خاكه‌ی به‌ ئێوه‌ داوه‌ و ترسی ئێوه‌ باڵی به‌سه‌رماندا كێشاوه‌ و سه‌رجه‌م دانیشتووانی خاكه‌كه‌ش له‌به‌ر ئێوه‌ ڕه‌نگیان په‌ڕیوه‌،
10
چونكه‌ بیستمان یه‌زدان چۆن ئاوی ده‌ریای سووری[a] له‌پێشتان وشك كرد، كاتێك له‌ میسر هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌وبه‌ری ڕووباری ئوردون به‌لای ڕۆژهه‌ڵات چیتان به‌ هه‌ردوو پاشای ئه‌مورییه‌كان سیحۆن و عۆگ كرد، ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ ته‌واوی قڕتان كردن[b] .
11
كاتێك ئه‌وه‌مان بیست، دڵمان تۆقی و به‌هۆی ئێوه‌وه‌ كه‌س وره‌ی[c] نه‌ما، چونكه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ئه‌و خودایه‌ له‌ ئاسمان له‌ سه‌ره‌وه‌ و له‌سه‌ر زه‌وی له‌ خواره‌وه‌.
12
ئێستاش به‌ یه‌زدان سوێندم بۆ بخۆن كه‌ چۆن من چاكه‌م له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا كرد، ئێوه‌ش له‌گه‌ڵ ماڵی باوكم چاكه‌ بكه‌ن. نیشانه‌یه‌كی دڵنیابوونم بده‌نێ كه‌
13
دایك و باوك و خوشك و براكانم و هه‌موو ئه‌وه‌ی هه‌یانه‌ به‌ زیندوویی بیانهێڵنه‌وه‌ و فریای گیانمان بكه‌ون له‌ مردن.»
14
پیاوه‌كانیش پێیان گوت: «مه‌رگمان به‌ پێش مه‌رگتان بكه‌وێت![d] ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌مان نه‌دركێنن، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر یه‌زدان خاكه‌كه‌ی پێداین، ئه‌وا چاكه‌ و دڵسۆزیت له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین.»
15
ئینجا ڕاحاب هه‌ردووكیانی له‌ په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ گوریس شۆڕكرده‌وه‌، چونكه‌ ماڵه‌كه‌ی كه‌ تێیدا ده‌ژیا له‌ شوورای شاره‌كه‌ بوو.
16
هه‌روه‌ها پێی گوتن: «بڕۆن بۆ چیا نه‌وه‌ك ئه‌وانه‌ی به‌ شوێنتاندا ده‌گه‌ڕێن تووشتان بن، له‌وێ بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ خۆتان بشارنه‌وه‌، هه‌تا ئه‌وان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، ئینجا به‌ ڕێگای خۆتاندا بڕۆن.»
17
پیاوه‌كانیش پێیان گوت: «ئێمه‌ بێتاوان ده‌بین له‌و سوێنده‌ی كه‌ بۆ تۆمان خوارد
18
ئه‌گه‌ر هاتوو له‌ كاتی هاتنمان بۆ ناو خاكه‌كه‌، ئه‌م گوریسه‌ سووره‌ به‌و په‌نجه‌ره‌یه‌وه‌ گرێ نه‌ده‌یت كه‌ ئێمه‌ت لێوه‌ی شۆڕكرده‌وه‌ و ئه‌گه‌ر دایك و باوك و خوشك و براكانت و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی ماڵی باوكت له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆتدا كۆنه‌كه‌یته‌وه‌.
19
ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌سێك له‌ ده‌رگاكانی ماڵه‌كه‌ی تۆوه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ خوێنی خۆی له‌سه‌ر خۆی ده‌بێت و ئێمه‌ بێتاوان ده‌بین، به‌ڵام هه‌ر یه‌كێك له‌گه‌ڵ تۆ له‌ ماڵه‌كه‌تدا بێت، ئه‌گه‌ر ده‌ستدرێژییه‌كی كرایه‌ سه‌ر ئه‌وا خوێنی له‌سه‌ر ئێمه‌ ده‌بێت.
20
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌ی ئێمه‌ بدركێنیت، ئێمه‌ بێتاوان ده‌بین له‌و سوێنده‌ی كه‌ بۆ تۆمان خوارد.»
21
ڕاحابیش گوتی: «چۆنتان گوت، ئاوا ده‌بێت.» ئیتر به‌ڕێی كردن و ڕۆیشتن، ئه‌ویش گوریسه‌ سووره‌كه‌ی به‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ گرێ دا.
22
پیاوه‌كان ڕۆیشتن و چوونه‌ چیا و ماوه‌ی سێ ڕۆژ له‌وێ مانه‌وه‌، هه‌تا پیاوانی پاشا گه‌ڕانه‌وه‌، پیاوانی پاشاش له‌ هه‌موو ڕێگاكان به‌دوایاندا گه‌ڕان، به‌ڵام نه‌یاندۆزینه‌وه‌.
23
ئینجا دوو پیاوه‌كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌، له‌ چیاكه‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌ و له‌ ڕووباره‌كه‌ په‌ڕینه‌وه‌، هاتنه‌ لای یه‌شوعی كوڕی نون و هه‌موو به‌سه‌رهاته‌كه‌یان بۆ گێڕایه‌وه‌،
24
به‌ یه‌شوعیان گوت: «به‌ڕاستی یه‌زدان هه‌موو خاكه‌كه‌ی داوه‌ته‌ ده‌ستمانه‌وه‌ و سه‌رجه‌م دانیشتووانی خاكه‌كه‌ش به‌هۆی ئێمه‌وه‌ ڕه‌نگیان سپی بووه‌.»
  1. a. 2‏:10 عیبری \+tl سوف\+tl* واته‌ (زه‌ل). ده‌شێت مه‌به‌ست له‌ ده‌ریای سوف بێت، ئه‌و ده‌ریایه‌ بێت كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌رووی باكووری كه‌نداوی سوێسی ئه‌مڕۆ، به‌ڵام له‌ ده‌قی یۆنانی په‌یمانی نوێ هه‌ر به‌ ده‌ریای سوور نووسراوه‌. بڕوانه‌ \+xt عیبرانییه‌كان 11‏:29‏\+xt*‏.
  2. b. 2‏:10 له‌ زمانی عیبری ئه‌م زاراوه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شتێك یان كه‌سێك كه‌ ده‌به‌خشرێت به‌ یه‌زدان، زۆر جار به‌خشینه‌كه‌ به‌ ته‌واوی له‌ ناوده‌بردرێت.
  3. c. 2‏:11 وره‌: عیبری \+tl نه‌فه‌ش\+tl* واته‌ ڕۆح.
  4. d. 2‏:14 سیخوڕه‌كان به‌ڵێنیان به‌ ڕاحاب دا ژیانی خۆی و خێزانه‌كه‌ی بپارێزن. ده‌ربڕینه‌كه‌یان به‌م شێوه‌یه‌ بوو: (با خودا ژیانمان لێ وه‌ربگرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یڵێین به‌ ئه‌نجامی نه‌گه‌یه‌نین.)