عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دابه‌شكردنی خاكی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون 
1
له‌ خاكی كه‌نعان، نه‌وه‌ی ئیسرائیل ئه‌مه‌یان بۆ بوو به‌ میرات، ئه‌وه‌ی ئه‌لعازاری كاهین و یه‌شوعی كوڕی نون و سه‌رۆكه‌كانی باوكانی هۆزه‌كانی نه‌وه‌ی ئیسرائیل به‌سه‌ریاندا دابه‌شكردن وه‌ك میرات.
2
میراته‌كه‌یان به‌ تیروپشك بوو بۆ نۆ هۆزه‌كه‌ و نیو هۆزه‌كه‌، هه‌روه‌ك یه‌زدان له‌ ڕێگه‌ی موساوه‌ فه‌رمانی دا.
3
موسا میراتی دوو هۆزه‌كه‌ و نیو هۆزه‌كه‌ی له‌وبه‌ری ڕووباری ئوردوندا به‌لای ڕۆژهه‌ڵاتدا دابوو، به‌ڵام له‌ناو ئه‌واندا هیچ میراتی به‌ لێڤییه‌كان نه‌دا،
4
چونكه‌ نه‌وه‌ی یوسف دوو هۆز بوون، مه‌نه‌شه‌ و ئه‌فرایم، هه‌روه‌ها له‌ خاكه‌كه‌دا هیچ به‌شێكیان به‌ لێڤییه‌كان نه‌دا، ته‌نها چه‌ند شارۆچكه‌یه‌ك نه‌بێت بۆ نیشته‌جێبوون و ده‌وروبه‌ری شارۆچكه‌كان، بۆ له‌وه‌ڕگای ڕه‌شه‌وڵاخ و مه‌ڕوماڵاتیان.
5
هه‌روه‌ك یه‌زدان فه‌رمانی به‌ موسا كردبوو، نه‌وه‌ی ئیسرائیل ئاوایان كرد و خاكه‌كه‌یان دابه‌ش كرد.
حه‌برۆن به‌ كالێب ده‌درێت 
6
ئینجا نه‌وه‌ی یه‌هودا له‌ گلگالدا چوونه‌ پێش بۆ لای یه‌شوع، كالێبی كوڕی یه‌فونه‌ی قه‌نیزی به‌ یه‌شوعی گوت: «تۆ ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌زانیت كه‌ یه‌زدان له‌ قادێش به‌رنێعدا له‌باره‌ی من و تۆوه‌ به‌ موسای پیاوی خودای فه‌رموو،
7
له‌و كاته‌دا كه‌ موسای به‌نده‌ی یه‌زدان منی له‌ قادێش به‌رنێعه‌وه‌ نارد بۆ ئه‌وه‌ی سیخوڕیه‌تی خاكه‌كه‌ بكه‌م، ته‌مه‌نم چل ساڵ بوو، منیش گه‌ڕامه‌وه‌ و ئه‌و هه‌واڵه‌ی له‌ دڵمدا بوو پێم ڕاگه‌یاند.
8
هه‌رچه‌نده‌ براكانم ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ من بوون گه‌لیان ترساند، به‌ڵام من به‌ هه‌موو دڵمه‌وه‌ به‌دوای یه‌زدانی په‌روه‌ردگارم كه‌وتم.
9
جا موسا له‌و ڕۆژه‌ سوێندی خوارد: ”ئه‌و خاكه‌ی تۆ پێت نایه‌ سه‌ری هه‌تاهه‌تایه‌ ده‌بێته‌ میراتی خۆت و كوڕه‌كانت، چونكه‌ به‌ هه‌موو دڵته‌وه‌ به‌دوای یه‌زدانی په‌روه‌ردگارم كه‌وتیت.“[a]
10
«ئێستا ته‌ماشا بكه‌، یه‌زدان هه‌روه‌ك فه‌رمووی، ئه‌م چل و پێنج ساڵه‌ منی به‌ زیندوویی هێشتووه‌ته‌وه‌، له‌و كاته‌وه‌ كه‌ یه‌زدان به‌م قسانه‌ له‌گه‌ڵ موسادا دوا، كاتێك ئیسرائیل به‌ چۆڵه‌وانیدا ڕۆیشت. ئێستاش ئه‌وه‌تا ته‌مه‌نم هه‌شتا و پێنج ساڵه‌!
11
هێشتا هه‌تا ئه‌مڕۆش هێزم له‌به‌ردا ماوه‌، هه‌روه‌ك ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ موسا منی نارد، ئه‌و كاته‌ هێزم چۆن بوو، ئێستاش هه‌مان هێزی هاتوچۆكردنی جه‌نگم هه‌یه‌.
12
ئێستاش ئه‌م ناوچه‌ شاخاوییانه‌م بده‌رێ كه‌ یه‌زدان له‌و ڕۆژه‌دا به‌ڵێنی پێدام، چونكه‌ تۆ له‌و ڕۆژه‌دا بیستت كه‌ عه‌ناقییه‌كان له‌وێن و شاره‌كانیان گه‌وره‌ و قه‌ڵابه‌ند بوون. به‌ڵكو یه‌زدان یارمه‌تیم بدات، جا ده‌ریانده‌كه‌م، هه‌روه‌ك یه‌زدان فه‌رمووی.»
13
یه‌شوعیش داوای به‌ره‌كه‌تی بۆ كالێبی كوڕی یه‌فونه‌ كرد و حه‌برۆنی به‌ میرات پێدا.
14
له‌به‌ر ئه‌وه‌ حه‌برۆن بووه‌ میراتی كالێبی كوڕی یه‌فونه‌ی قه‌نیزی هه‌تا ئه‌مڕۆش، چونكه‌ به‌ هه‌موو دڵییه‌وه‌ به‌دوای یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل كه‌وت.
15
حه‌برۆنیش پێشتر ناوی قیریه‌ت ئه‌ربه‌ع بوو، ئه‌ربه‌عیش گه‌وره‌ترین پیاو بوو له‌ناو عه‌ناقییه‌كان.
ئینجا خاكه‌كه‌ له‌ جه‌نگ پشووی دا.
  1. a. 14‏:9 بڕوانه‌ \+xt دواوتار 1‏:36‏\+xt*.