عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هه‌ڵاتنی یونس له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی 
1
فه‌رمایشتی یه‌زدان بۆ یونسی كوڕی ئه‌میته‌ی[a] هات، پێی فه‌رموو:
2
«هه‌سته‌ بڕۆ بۆ شاری مه‌زنی نه‌ینه‌وا و تێیدا بانگه‌واز بكه‌، چونكه‌ خراپه‌كانیان به‌رز بووه‌ته‌وه‌ بۆ به‌رده‌مم.»
3
یونسیش بۆ ئه‌وه‌ی له‌ یه‌زدان هه‌ڵبێت ده‌ستی به‌ گه‌شتێك كرد بۆ ته‌رشیش. سه‌ره‌تا چوو بۆ به‌نده‌ری یافا و كه‌شتییه‌كی دۆزییه‌وه‌ كه‌ ده‌چووه‌ ته‌رشیش، كرێیه‌كه‌ی دا و سوار بوو، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیان بچێته‌ ته‌رشیش و خۆی له‌ ڕووی یه‌زدان بدزێته‌وه‌.
4
یه‌زدانیش بایه‌كی مه‌زنی بۆ سه‌ر ده‌ریاكه‌ نارد و ڕه‌شه‌بایه‌كی مه‌زن له‌ ده‌ریاكه‌ هه‌ڵیكرد، خه‌ریك بوو كه‌شتییه‌كه‌ پارچه‌پارچه‌ بێت.
5
كه‌شتیوانه‌كان ترسان، هه‌ریه‌كه‌یان هاواری بۆ خوداوه‌نده‌كه‌ی خۆی كرد، ئه‌و شتانه‌ی كه‌ له‌ناو كه‌شتییه‌كه‌دا بوون فڕێیان دایه‌ ناو ده‌ریاكه‌، بۆ ئه‌وه‌ی باری خۆیان سووك بكه‌ن.
كه‌چی یونس چوو بووه‌ نهۆمی خواره‌وه‌ی كه‌شتییه‌كه‌ و پاڵكه‌وتبوو، له‌ خه‌وێكی قووڵدا بوو.
6
سه‌رۆكی سه‌وڵ لێده‌ره‌كان چووه‌ لای و پێی گوت: «ئه‌وه‌ بۆچی نوستوویت؟ هه‌سته‌ هاوار بكه‌ بۆ خوداوه‌نده‌كه‌ت، به‌ڵكو ئاوڕمان لێ بداته‌وه‌ و له‌ناونه‌چین.»
7
ئینجا كه‌شتیوانه‌كان به‌ یه‌كتریان گوت: «وه‌رن با تیروپشك بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئه‌م به‌ڵایه‌ به‌هۆی كێیه‌.» ئیتر تیروپشكیان كرد و كه‌وته‌ سه‌ر یونس.
8
لێیان پرسی: «پێمان بڵێ به‌هۆی كێ تووشی ئه‌م به‌ڵایه‌ بووین؟ ئیشت چییه‌ و له‌كوێوه‌ هاتوویت؟ سه‌ر به‌ چ خاكێكیت و له‌ چ نه‌ته‌وه‌یه‌كیت؟»
9
ئه‌ویش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: «من عیبرانیم و له‌ یه‌زدان ده‌ترسم، خودای ئاسمان، ئه‌وه‌ی ده‌ریا و وشكانیی دروستكردووه‌.»
10
پیاوه‌كان ترسێكی زۆریان لێ نیشت و لێیان پرسی: «بۆچی ئه‌مه‌ت كرد؟» پیاوه‌كان زانییان كه‌ له‌ یه‌زدان هه‌ڵاتووه‌، چونكه‌ پێشتر پێی گوتبوون.
11
لێیان پرسی: «چیت لێ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ریاكه‌ هێمن بێته‌وه‌؟» چونكه‌ ده‌ریاكه‌ زیاتر هه‌ڵده‌چوو.
12
ئه‌ویش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: «بمبه‌ن و فڕێمبده‌نه‌ ناو ده‌ریاكه‌وه‌، ئیتر ده‌ریاكه‌تان لێ هێمن ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ من ده‌زانم به‌هۆی منه‌وه‌یه‌ ئه‌م ڕه‌شه‌با مه‌زنه‌تان له‌سه‌ره‌.»
13
به‌ڵام پیاوه‌كان زیاتر و زیاتر سه‌وڵیان لێده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی كه‌شتییه‌كه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ وشكانی، كه‌چی نه‌یانتوانی، چونكه‌ ده‌ریاكه‌ زیاتر هه‌ڵده‌چوو.
14
ئیتر هاواریان بۆ یه‌زدان كرد و گوتیان: «ئای ئه‌ی یه‌زدان، با له‌ناونه‌چین، له‌به‌ر گیانی ئه‌م پیاوه‌ خوێنی بێتاوانێك مه‌خه‌ره‌ ئه‌ستۆمان. ئه‌ی یه‌زدان، ئه‌وه‌ی ویستت كردت.»
15
ئینجا یونسیان گرت و فڕێیان دایه‌ ناو ده‌ریاكه‌وه‌، ئیتر هاژه‌ی ده‌ریاكه‌ هێمن بووه‌وه‌.
16
پیاوه‌كان زۆر له‌ یه‌زدان ترسان و قوربانییان بۆ یه‌زدان سه‌ربڕی و نه‌زریان[b] كرد.
17
یه‌زدانیش ماسییه‌كی ئاماده‌ كرد كه‌ زۆر گه‌وره‌ بوو بۆ ئه‌وه‌ی یونس قووت بدات، ئیتر یونس سێ شه‌و و سێ ڕۆژ له‌ناو سكی ماسییه‌كه‌دا مایه‌وه‌.
  1. a. 1‏:1 بڕوانه‌ دووه‌م پاشاكان 14‏:25.
  2. b. 1‏:16 نه‌زر: داوا له‌ خودا ده‌كرێت بۆ ئه‌نجامدانی كارێك و پابه‌ند ده‌كرێت به‌ مه‌رجێكه‌وه‌. ئه‌گه‌ر خودا ئه‌و كاره‌ بكات، ئه‌وا ده‌رئه‌نجام ئه‌میش ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام ده‌دات كه‌ پێیه‌وه‌ پابه‌ندی كردووه‌. بڕوانه‌ \+xt سه‌رژمێری 21‏:2‏\+xt*‏.