عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نزای یونس 
1
یونس له‌ناو سكی ماسییه‌كه‌وه‌ نزای بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆی كرد،
2
گوتی:
«له‌ ته‌نگانه‌مدا هاوارم بۆ یه‌زدان كرد،
وه‌ڵامی دامه‌وه‌.
له‌ناو سكی جیهانی مردووانه‌وه‌ هاوارم كرد،
گوێت له‌ ده‌نگم بوو.
3
فڕێتدامه‌ قووڵایی،
له‌ناو جه‌رگه‌ی ده‌ریاكان،
لافاو ده‌وری دام،
شه‌پۆله‌كانت به‌ لێشاو
دایانپۆشیم.
4
گوتم: ”له‌به‌رچاوت ده‌ركرام،
به‌ڵام ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌
بۆ ته‌ماشاكردنی په‌رستگای پیرۆزت.“
5
ئاو ده‌وری دام، تاكو ئه‌وه‌ی ترس گه‌یشته‌ گیانم،
قووڵایی ده‌وری گرتم،
گیای ده‌ریا له‌سه‌رم ئاڵا.
6
تاكو بنی چیاكان شۆڕ بوومه‌وه‌،
بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌ زه‌وی به‌ندی كردم.
ئه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارم،
به‌ڵام تۆ ژیانی منت له‌ جیهانی مردووان هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌.
7
«ئه‌ی یه‌زدان، كاتێك گیانم شه‌كه‌ت بوو،
تۆم بیركه‌وته‌وه‌،
نزاكه‌م گه‌یشته‌ لات،
بۆ په‌رستگای پیرۆزت.
8
«ئه‌وانه‌ی بتی پووچ ده‌په‌رستن
له‌ خۆشه‌ویستی خودا بۆ خۆیان هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.
9
به‌ڵام من به‌ ده‌نگی ستایشه‌وه‌
قوربانیت بۆ سه‌رده‌بڕم،
ئه‌وه‌ی نه‌زرم كردووه‌ به‌جێی ده‌هێنم.
ڕزگاری له‌ یه‌زدانه‌وه‌یه‌.»
10
ئینجا یه‌زدان فه‌رمانی به‌ ماسییه‌كه‌ دا، ئه‌ویش ڕشایه‌وه‌ و یونسی فڕێدایه‌ سه‌ر وشكانی.