عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سوپای كولله‌ 
1
له‌ سییۆن فوو به‌ كه‌ڕه‌نادا بكه‌ن،
له‌سه‌ر كێوی پیرۆزم هاوار بكه‌ن بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌.
با هه‌موو دانیشتووانی خاكه‌كه‌ بله‌رزن،
چونكه‌ ڕۆژی یه‌زدان دێت و نزیكه‌.
2
ڕۆژی تاریكی و ئه‌نگوسته‌چاوه‌،
ڕۆژی هه‌ور و ته‌می چڕه‌.
وه‌ك كازێوه‌ باڵی به‌سه‌ر چیاكاندا ده‌كێشێت،
سوپایه‌كی گه‌وره‌ و به‌هێز دێت،
له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ هاوشێوه‌ی نه‌بووه‌،
له‌ نه‌وه‌ی داهاتووش شتی وا نابێته‌وه‌.
3
له‌پێشیانه‌وه‌ ئاگر ده‌خوات و
له‌پشتیشیانه‌وه‌ گڕ ده‌سووتێنێت.
له‌پێشیانه‌وه‌ خاك وه‌ك باخچه‌ی عه‌ده‌نه‌،
له‌پشتیشیانه‌وه‌ چۆڵه‌وانییه‌كی وێرانه‌،
هیچ لێیان ده‌رباز نابێت.
4
دیمه‌نیان وه‌ك دیمه‌نی ئه‌سپه‌،
وه‌ك سوار غار ده‌ده‌ن.
5
وه‌ك ده‌نگی گالیسكه‌
له‌سه‌ر لووتكه‌ی چیاكان باز ده‌ده‌ن،
وه‌ك ده‌نگی گڕی ئاگره‌ كه‌ پوشوپه‌ڵاش هه‌ڵده‌لووشێت،
وه‌ك سوپایه‌كی به‌هێزی ڕیزبه‌ستووه‌ بۆ جه‌نگ.
6
له‌به‌رده‌م ئه‌وان، گه‌لان سڵ ده‌كه‌نه‌وه‌،
هه‌موو ده‌موچاوێك ڕه‌نگی هه‌ڵده‌بزڕكێت.
7
وه‌ك پاڵه‌وان هێرش ده‌به‌ن،
وه‌ك جه‌نگاوه‌ر به‌ شووراكاندا هه‌ڵده‌گه‌ڕێن.
هه‌موویان له‌سه‌ر یه‌ك هێڵ ده‌ڕۆن و
له‌ ڕێچكه‌ی خۆیان لاناده‌ن.
8
ته‌نگ به‌ یه‌كتری هه‌ڵناچنن و
هه‌ریه‌كه‌یان به‌ ڕیزی خۆیدا ده‌ڕوات،
به‌ سه‌نگه‌ره‌كاندا ڕه‌ت ده‌بن،
به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕیزه‌كانیان بشكێنن.
9
به‌ناو شاره‌كه‌دا غار ده‌ده‌ن،
به‌سه‌ر شووراكاندا ڕاده‌كه‌ن،
سه‌رده‌كه‌ونه‌ سه‌ر ماڵه‌كان،
وه‌ك دز به‌ناو په‌نجه‌ره‌كاندا دێنه‌ ژووره‌وه‌.
10
له‌به‌رده‌میان زه‌وی ده‌له‌رزێت،
ئاسمان ده‌هه‌ژێت،
خۆر و مانگ تاریك ده‌بن و
ئه‌ستێره‌كان تروسكایی خۆیان ڕاده‌گرن.
11
یه‌زدان ده‌نگی به‌رز ده‌كاته‌وه‌
له‌پێش سوپاكه‌یه‌وه‌،
سه‌ربازه‌كانی زۆر زۆرن،
ئه‌وانه‌ی فه‌رمانه‌كه‌ی به‌جێده‌هێنن به‌ هێزن.
ڕۆژی یه‌زدان گه‌وره‌یه‌،
زۆر سامناكه‌.
كێ خۆی له‌به‌ری ده‌گرێت؟
دڵتان دابدڕن 
12
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «به‌ڵام ئێستا،
به‌ هه‌موو دڵتانه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ لام،
به‌ ڕۆژووگرتن و گریان و شیوه‌ن گێڕانه‌وه‌.»
13
دڵتان دابدڕن نه‌ك جله‌كانتان،
بگه‌ڕێنه‌وه‌ لای یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان،
چونكه‌ میهره‌بان و به‌ به‌زه‌ییه‌،
پشوودرێژه‌،
خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی زۆره‌،
له‌ خراپه‌ پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌.
14
كێ ده‌زانێت؟ ڕه‌نگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ و پاشگه‌ز بێته‌وه‌،
له‌پاش خۆیه‌وه‌ به‌ره‌كه‌ت به‌جێبهێڵێت،
بۆ پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌ و شه‌راب
بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان.
15
له‌ سییۆن فوو به‌ كه‌ڕه‌نادا بكه‌ن،
ڕۆژووگرتنێك ڕابگه‌یه‌نن،
بۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی پیرۆز بانگیان بكه‌ن.
16
گه‌ل كۆبكه‌نه‌وه‌ و
كۆمه‌ڵ ته‌رخان بكه‌ن،
پیران خڕبكه‌نه‌وه‌ و
منداڵان كۆبكه‌نه‌وه‌
له‌گه‌ڵ شیره‌خۆره‌كان.
با زاوا له‌ ژووره‌كه‌یه‌وه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌،
بووكیش له‌ كولله‌كه‌ی.
17
با كاهینه‌كان، خزمه‌تكارانی یه‌زدان،
له‌نێوان هه‌یوانه‌كه‌ و قوربانگاكه‌دا بگریێن.
با بڵێن: «ئه‌ی یه‌زدان، دڵت به‌ گه‌له‌كه‌ت بسووتێت،
میراته‌كه‌ت مه‌كه‌ جێگای تانه‌ و ته‌شه‌ر،
هه‌تا گه‌لان بیانكه‌نه‌ په‌ند.
بۆچی له‌نێو گه‌لاندا بڵێن: ”كوا خوداكه‌یان؟“»
وه‌ڵامی یه‌زدان 
18
ئینجا یه‌زدان خۆشه‌ویستی بۆ خاكه‌كه‌ی ده‌رده‌بڕێت و
به‌زه‌یی به‌ گه‌له‌كه‌یدا دێته‌وه‌.
19
یه‌زدان وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ و به‌ گه‌له‌كه‌ی ده‌فه‌رموێت:
«دانه‌وێڵه‌ و شه‌رابی نوێ و زه‌یتتان بۆ ده‌نێرم،
هه‌تا ئه‌وه‌ی لێی تێرده‌بن،
ئیتر ناتانكه‌مه‌ جێگای تانه‌ و ته‌شه‌ری نه‌ته‌وه‌كان.
20
«ئه‌و سوپایه‌ش كه‌ له‌ باكووره‌وه‌ هاتووه‌ لێتان دوور ده‌خه‌مه‌وه‌،
ده‌ریده‌كه‌م بۆ زه‌وییه‌كی وشك و وێران،
ڕووی له‌ ده‌ریای ڕۆژهه‌ڵاته‌[a] و
پشتیشی له‌ ده‌ریای ڕۆژئاوایه‌[b] ،
بۆگه‌نییه‌كه‌ی سه‌ركه‌وت و
بۆنه‌ پیسه‌كه‌ی بڵاو ده‌بێته‌وه‌.»
بێگومان كاری مه‌زنی ئه‌نجام داوه‌.
21
ئه‌ی زه‌وی مه‌ترسه‌!
شاد و دڵخۆش به‌،
چونكه‌ یه‌زدان كاری مه‌زنی ئه‌نجام داوه‌.
22
ئه‌ی ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كان مه‌ترسن،
چونكه‌ له‌وه‌ڕگاكانی ده‌شتوده‌ر سه‌وز ده‌بن،
دره‌خته‌كان به‌ر ده‌گرن،
دار هه‌نجیر و دار مێو به‌رێكی زۆر ده‌رده‌خه‌ن.
23
ئه‌ی نه‌وه‌ی سییۆن،
شاد و دڵخۆش بن به‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان،
چونكه‌ بۆ ده‌ركه‌وتنی ڕاستودروستی پاییزه‌ بارانی پێدان.
پاییزه‌ باران و به‌هاره‌ باران
هه‌روه‌ك پێشتر به‌سه‌رتاندا ده‌بارێنێت.
24
ئیتر جۆخینه‌كان[c] پڕ ده‌بن له‌ دانه‌وێڵه‌ و
قه‌ڕابه‌كان سه‌رڕێژ ده‌بن له‌ شه‌راب و زه‌یت.
25
«قه‌ره‌بووی ئه‌و ساڵانه‌تان ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ كولله‌ی گه‌وره‌ خواردیان،
پێكوڕه‌ و ورده‌ كولله‌ و
كولله‌ی قرتێنه‌ر،
له‌شكره‌ گه‌وره‌كه‌م كه‌ ناردمه‌ سه‌رتان.
26
ئینجا زۆر ده‌خۆن و تێر ده‌بن،
ستایشی ناوی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆتان ده‌كه‌ن،
ئه‌وه‌ی كاری سه‌رسوڕهێنه‌ری له‌گه‌ڵدا كردن،
بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ گه‌له‌كه‌م سه‌رشۆڕ نابێت.
27
ئیتر ده‌زانن كه‌ من له‌ناوه‌ڕاستی ئیسرائیلم،
كه‌ من یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانم و
بێجگه‌ له‌ من یه‌كێكی دیكه‌ نییه‌.
بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ گه‌له‌كه‌م سه‌رشۆڕ نابێت.
ڕۆژی یه‌زدان 
28
«پاش ئه‌مانه‌،
ڕۆحم به‌سه‌ر هه‌موو خه‌ڵكدا ده‌ڕێژم.
كوڕان و كچانتان په‌یامی خودا ڕاده‌گه‌یه‌نن،
پیرانتان خه‌ون ده‌بینن،
گه‌نجانتان بینینیان بۆ ئاشكرا ده‌كرێت.
29
ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر به‌نده‌ و كه‌نیزه‌كانیشم،
له‌و ڕۆژانه‌دا ڕۆحی خۆم ده‌بارێنم.
30
په‌رجوو[d] له‌ ئاسمان و
زه‌ویدا نیشان ده‌ده‌م،
خوێن و ئاگر و ستوونی دووكه‌ڵ.
31
خۆر ده‌بێته‌ تاریكی و
مانگیش ده‌بێته‌ خوێن،
به‌ر له‌وه‌ی ڕۆژی گه‌وره‌ و ترسناكی یه‌زدان بێت.
32
به‌ڵام هه‌ركه‌سێك به‌ ناوی یه‌زدانه‌وه‌ بپاڕێته‌وه‌
ڕزگاری ده‌بێت،
چونكه‌ هه‌روه‌ك یه‌زدان فه‌رمووی،
ڕزگاربوون له‌ كێوی سییۆن و
له‌ ئۆرشه‌لیم ده‌بێت،
بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ ماونه‌ته‌وه‌،
ئه‌وانه‌ی یه‌زدان بانگهێشتی كردوون.
  1. a. 2‏:20 ده‌ریای مردوو.
  2. b. 2‏:20 ده‌ریای ناوه‌ڕاست.
  3. c. 2‏:24 جۆخین یان سه‌رخه‌رمان ئه‌و زه‌وییه‌ ته‌رخانكراوه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وه‌رزێر و جوتیاره‌وه‌ به‌كارهێنراوه‌ بۆ كوتانی دانه‌وێڵه‌ له‌سه‌ری له‌دوای كۆكردنه‌وه‌ی له‌ كێڵگه‌.
  4. d. 2‏:30 په‌رجوو: موعجیزه‌.