عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
«به‌ڵام ئێستا ئه‌وانه‌ی له‌ من منداڵترن
گاڵته‌م پێ ده‌كه‌ن،
ئه‌وانه‌ی بێزم نه‌ده‌هات باوكیان
له‌گه‌ڵ سه‌گه‌كانی ناو ڕانه‌كه‌م دابنێم.
2
ده‌بێت هێزی ده‌ستیان چ سوودێكی بۆ من هه‌بێت؟
چونكه‌ سست بوون و له‌ كه‌ڵك كه‌وتوون.
3
له‌ ده‌ستكورتی و له‌ برسیێتیدا له‌ڕ بوون؛
به‌ شه‌و به‌ناو زه‌وی وشكدا ده‌گه‌ڕان،
كه‌ وێران و كاول بوون.
4
ئه‌وانه‌ی وشترالووك و گه‌ڵایان له‌ ده‌وه‌نه‌كانه‌وه‌ ده‌هێنا،
ڕه‌گی دار گه‌ز[a] خۆراكیان بوو.
5
له‌نێو كۆمه‌ڵه‌ی خه‌ڵك ده‌رده‌كران،
هاواریان به‌سه‌ردا ده‌كردن وه‌ك به‌سه‌ر دزدا هاوار بكه‌ن.
6
له‌ناو دۆڵه‌ وشكه‌كان نیشته‌جێ بوون،
له‌ ئه‌شكه‌وت و له‌ناو تاشه‌به‌رده‌كان.
7
له‌نێو ده‌وه‌نه‌كان زه‌ڕین و
له‌ژێر گه‌زگه‌زه‌كان خۆیان مات كرد.
8
نه‌وه‌ی گێلی، هه‌روه‌ها نه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی بێ ناو بوون،
له‌ خاكه‌كه‌ تێهه‌ڵدراون.
9
«به‌ڵام ئێستا ئه‌وان به‌ به‌ندی گۆرانی هه‌جووم ده‌كه‌ن؛
په‌ندم به‌سه‌ردا ده‌ڵێن.
10
قێزم لێ ده‌كه‌نه‌وه‌، دووره‌په‌رێزیم لێ ده‌گرن؛
له‌ تفه‌كانیان ڕووی من ناپارێزن.
11
چونكه‌ خودا په‌تی كه‌وانه‌كه‌ی منی به‌رداوه‌ و منی چه‌ماندووه‌ته‌وه‌،
جڵه‌وی لغاوه‌كه‌م به‌ده‌ستیانه‌وه‌یه‌،
12
له‌لای ڕاستم گه‌نجه‌ لاساره‌كان هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌رم،
پاشقولم لێ ده‌گرن و سه‌نگه‌ر له‌ دژی من لێ ده‌ده‌ن.
13
ڕێگاكانم لێ تێكده‌ده‌ن،
بۆ ژێركه‌وتنم هاوكاری یه‌كتر ده‌كه‌ن،
كه‌س نییه‌ پشتگیری من بكات.
14
ئه‌وان دێن هه‌روه‌ك له‌ كه‌لێنێكی فراوانه‌وه‌ بێن،
له‌ژێر وێرانیه‌وه‌ خلۆر ده‌بنه‌وه‌.
15
نه‌هامه‌تی به‌سه‌رمدا وه‌رگه‌ڕا،
هه‌روه‌كو با ڕێزی منی برد،
ئاسووده‌ییم وه‌ك هه‌ور تێپه‌ڕی.
16
«به‌ هێواشی ژیانم به‌ره‌ و كۆتایی ده‌چێت،
كه‌وتمه‌ ڕۆژانی زه‌لیلییه‌وه‌.
17
شه‌وگار ئێسكه‌كانم له‌ناومدا كلۆر ده‌كات،
ئازاره‌كانم پشوو ناده‌ن.
18
خودا به‌ زۆری هێزه‌كه‌ی منی به‌ جله‌كانم گرت و شێوه‌ی گۆڕیم،
وه‌ك له‌ یه‌خه‌ی كراسه‌كه‌مه‌وه‌ منی پێچایه‌وه‌.
19
فڕێیدامه‌ ناو قوڕه‌وه‌،
ڕه‌نگی خۆڵ و خۆڵه‌مێشم لێ نیشت.
20
«ئه‌ی خودا هاوارت بۆ ده‌هێنم و وه‌ڵامم ناده‌یته‌وه‌؛
ڕاده‌وه‌ستم و ئاوڕم لێ ناده‌یته‌وه‌.
21
له‌گه‌ڵ مندا توند ده‌جوڵێیته‌وه‌،
به‌ توانای ده‌سته‌كانت دژایه‌تیم ده‌كه‌یت.
22
ده‌مڕفێنیت و ده‌مده‌یته‌ ده‌ست ڕه‌شه‌با؛
فڕێمده‌ده‌یته‌ ناو زریانه‌وه‌.
23
چونكه‌ ده‌زانم بۆ مردن ده‌مگه‌ڕێنیته‌وه‌،
بۆ ماڵی چاوه‌ڕوانكراوی هه‌موو زیندووێك.
24
«بێگومان كه‌س ده‌ستدرێژی ناكاته‌ سه‌ر مرۆڤێكی تێكشكاو،
كاتێك له‌ ته‌نگانه‌یدا هاوار ده‌كات.
25
ئایا بۆ لێقه‌وماوان نه‌گریام؟
ئایا بۆ نه‌دار گیانم خه‌مبار نه‌بوو؟
26
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، كه‌ ئاواته‌خوازی چاكه‌ بووم، خراپه‌ هات؛
چاوه‌ڕوانی ڕووناكی بووم، تاریكی هات.
27
هه‌ناوم گڕی گرتووه‌ و ناوه‌ستێت،
ڕۆژانی زه‌لیلی به‌ره‌وپیرم دێن.
28
ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕام به‌ڵام به‌بێ خۆر؛
له‌ناو كۆمه‌ڵ هه‌ستام هاوارم كرد.
29
بووم به‌ برای چه‌قه‌ڵه‌كان و
هاوڕێی كونده‌په‌پووه‌كان.
30
پێستم ڕه‌ش و هه‌ڵوه‌ری له‌به‌رم،
له‌شم له‌به‌ر تایه‌كی توند ده‌سووتێت.
31
قیساره‌كه‌م بۆ لاوانه‌وه‌یه‌ و
شمشاڵه‌كه‌م بۆ ده‌نگی گریاوه‌كانه‌.
  1. a. 30‏:4 دارێكی گه‌ڵا وردی لق باریكه‌، لقه‌كانی بۆ گسك به‌كاردێت.