عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سه‌ره‌تا: ژیانی ئه‌یوب پێش تاقیكردنه‌وه‌ 
1
پیاوێك هه‌بوو له‌ خاكی عوچ ناوی ئه‌یوب بوو، كه‌سێكی ڕاست و بێ كه‌موكوڕی بوو، له‌خواترس بوو، خۆی له‌ خراپه‌ لا ده‌دا.
2
حه‌وت كوڕ و سێ كچی هه‌بوو.
3
مه‌ڕوماڵاته‌كه‌شی، حه‌وت هه‌زار مه‌ڕ و سێ هه‌زار وشتر و پێنج سه‌د جووت مانگا و پێنج سه‌د ماكه‌ر بوو، خزمه‌تكاره‌كانیشی زۆر زۆر بوون، ئه‌یوب له‌نێو هه‌موو خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتدا مه‌زنترین كه‌س بوو.
4
كوڕه‌كانیشی به‌ نۆره‌ هه‌ر جاره‌ی له‌ ماڵی یه‌كێكیان خوانیان ساز ده‌كرد، سێ خوشكه‌كه‌یان بانگهێشت ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیان بخۆن و بخۆنه‌وه‌.
5
كاتێك كه‌ ڕۆژانی خوان سازكردنه‌كه‌ ده‌سووڕایه‌وه‌، ئه‌یوب به‌دوایاندا ده‌ینارد و پیرۆزی ده‌كردن، بۆ ڕۆژی پاشتر به‌یانی زوو هه‌ڵده‌ستا و به‌پێی ژماره‌یان قوربانی سووتاندنی پێشكه‌ش ده‌كرد، چونكه‌ ئه‌یوب ده‌یگوت: «ڕه‌نگه‌ منداڵه‌كانم گوناهیان كردبێت و له‌ دڵیاندا نه‌فره‌تیان له‌ خودا كردبێت.» ئه‌یوب به‌ به‌رده‌وامی ئه‌م كاره‌ی ده‌كرد.
یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌یوب 
6
ئه‌وه‌ بوو ڕۆژێكیان فریشته‌كان[a] هاتن بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م یه‌زدان بوه‌ستن، شه‌یتانیش له‌گه‌ڵیان هات.
7
جا یه‌زدان به‌ شه‌یتانی فه‌رموو: «له‌كوێوه‌ هاتیت؟»
شه‌یتانیش وه‌ڵامی یه‌زدانی دایه‌وه‌: «له‌ گه‌ڕان له‌سه‌ر زه‌وی و هاتوچۆكردن تێیدا.»
8
یه‌زدانیش به‌ شه‌یتانی فه‌رموو: «خۆ چاوت نه‌بڕیوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌یوبی به‌نده‌م؟ چونكه‌ له‌ زه‌ویدا كه‌س نییه‌ وه‌ك ئه‌و، كه‌سێكی وا ڕاست و بێ كه‌موكوڕی، له‌خواترسه‌ و له‌ خراپه‌ لاده‌دات.»
9
شه‌یتانیش وه‌ڵامی یه‌زدانی دایه‌وه‌: «ئایا ئه‌یوب به‌خۆڕایی له‌خواترسه‌؟
10
ئایا له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ تۆ له‌ ده‌وری خۆی و ماڵه‌كه‌ی و هه‌رچی هه‌یه‌تی له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ په‌رژینت لێ داوه‌؟ كاره‌كانی ده‌ستی ئه‌وت به‌ره‌كه‌تدار كردووه‌، جا مه‌ڕوماڵاتی به‌ناو زه‌ویدا بڵاو بووه‌ته‌وه‌،
11
به‌ڵام ئێستا ده‌ست درێژبكه‌ و له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ بده‌ كه‌ هه‌یه‌تی، بزانه‌ چۆن به‌ره‌و ڕوو نه‌فره‌تت لێ ده‌كات.»
12
جا یه‌زدان به‌ شه‌یتانی فه‌رموو: «ئه‌وه‌تا هه‌رچی هه‌یه‌تی له‌ ده‌ستی تۆدایه‌، به‌ڵام ده‌ست بۆ خۆی مه‌به‌.»
ئینجا شه‌یتان له‌به‌رده‌م یه‌زدان چووه‌ ده‌ره‌وه‌.
13
ئه‌وه‌ بوو ڕۆژێكیان كوڕ و كچه‌كانی له‌ ماڵی برا گه‌وره‌كه‌یان ده‌یانخوارد و شه‌رابیان ده‌خوارده‌وه‌.
14
نێردراوێك بۆ لای ئه‌یوب هات و گوتی: «مانگاكان جووتیان ده‌كرد و ماكه‌ره‌كانیش له‌لایانه‌وه‌ ده‌له‌وه‌ڕان،
15
سه‌بئییه‌كان به‌سه‌ریاندا دان و بردیانن، خزمه‌تكاره‌كانیان دایه‌ به‌ر شمشێر، ته‌نها من ده‌رباز بووم هه‌تا هه‌واڵت بده‌مێ!»
16
هێشتا ئه‌م قسه‌ی ده‌كرد، یه‌كێكی دیكه‌ هات و گوتی: «ئاگری خودا له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاته‌ خواره‌وه‌ و مه‌ڕه‌كان و خزمه‌تكاره‌كانی سووتاند، ته‌نها من ده‌رباز بووم هه‌تا هه‌واڵت بده‌مێ!»
17
هێشتا ئه‌م قسه‌ی ده‌كرد، یه‌كێكی دیكه‌ هات و گوتی: «كلدانییه‌كان به‌ سێ كۆمه‌ڵه‌وه‌ په‌لاماری وشتره‌كانیان دا و بردیانن، خزمه‌تكاره‌كانیان دایه‌ به‌ر شمشێر، ته‌نها من ده‌رباز بووم هه‌تا هه‌واڵت بده‌مێ!»
18
هێشتا ئه‌م قسه‌ی ده‌كرد، یه‌كێكی دیكه‌ هات و گوتی:
«كوڕ و كچه‌كانت له‌ ماڵی برا گه‌وره‌كه‌یان ده‌یانخوارد و شه‌رابیان ده‌خوارده‌وه‌،
19
له‌ناكاو بایه‌كی به‌هێز له‌ چۆڵه‌وانییه‌وه‌ هات و له‌ هه‌ر چوار گۆشه‌ی ماڵه‌كه‌ی دا و ماڵه‌كه‌ به‌سه‌ر خزمه‌تكاره‌كاندا داڕما و مردن، ته‌نها من ده‌رباز بووم هه‌تا هه‌واڵت بده‌مێ!»
20
جا ئه‌یوب هه‌ستا و كه‌واكه‌ی دادڕی و سه‌ری خۆی ڕنییه‌وه‌ و كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وی و كڕنۆشی برد،
21
گوتی:
«به‌ ڕووتی له‌ سكی دایكمه‌وه‌ هاتووم و
به‌ ڕووتیش ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ئه‌وێ.
یه‌زدان دای و یه‌زدانیش بردییه‌وه‌،
ستایش بۆ ناوی یه‌زدان.»
22
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ئه‌یوب گوناهی نه‌كرد و خودای خه‌تابار نه‌كرد.
  1. a. 1‏:6 عیبری: كوڕانی خودا، لێره‌ و له‌ 2‏:1. بڕوانه‌ \+xt په‌یدابوون 6‏:2‏\+xt*‏.