عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
له‌دایكبوون له‌ ڕۆح 
1
پیاوێك له‌ فه‌ریسییه‌كان هه‌بوو به‌ ناوی نیقۆدیمۆس، یه‌كێك بوو له‌ ڕابه‌رانی جوله‌كه‌.
2
به‌ شه‌و هاته‌ لای عیسا و پێی گوت: «ڕابی، ده‌زانین تۆ مامۆستایه‌كی له‌لای خوداوه‌ هاتوویت، چونكه‌ كه‌س ناتوانێت ئه‌و په‌رجووانه‌ بكات كه‌ تۆ ده‌یكه‌یت، ئه‌گه‌ر خودای له‌گه‌ڵ نه‌بێت.»
3
عیساش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «ڕاستی ڕاستیت پێ ده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌دایك نه‌بێته‌وه‌[a] ، ناتوانێت شانشینی خودا ببینێت.»
4
نیقۆدیمۆس پێی گوت: «مرۆڤ كه‌ پیر بێت چۆن ده‌توانێت له‌دایك بێت؟ خۆ دیسان ناتوانێت بچێته‌وه‌ سكی دایكی و له‌دایك بێته‌وه‌؟»
5
عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «ڕاستی ڕاستیت پێ ده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ ئاو و له‌ ڕۆحی پیرۆز له‌دایك نه‌بێت، ناتوانێت بچێته‌ ناو شانشینی خودا.
6
ئه‌وه‌ی له‌ جه‌سته‌ له‌دایك بووه‌ جه‌سته‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌ ڕۆحی خودا له‌دایك بووه‌ ڕۆحه‌.
7
سه‌رسام مه‌به‌ كه‌ پێم گوتی: ”ده‌بێ له‌دایك ببنه‌وه‌.“
8
با بۆ كوێ بیه‌وێت هه‌ڵده‌كات و گوێت له‌ ده‌نگه‌كه‌ی ده‌بێت، به‌ڵام نازانیت له‌كوێوه‌ دێت و بۆ كوێ ده‌چێت. هه‌ركه‌سێكیش له‌ ڕۆحی پیرۆز له‌دایك بووه‌ ئاوایه‌.»
9
نیقۆدیمۆس گوتی: «چۆن ده‌كرێ ئه‌مانه‌ ڕووبده‌ن؟»
10
عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «تۆ مامۆستایه‌كی ئیسرائیلی و ئه‌مانه‌ش نازانیت؟
11
ڕاستی ڕاستیت پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی ده‌یزانین ده‌یڵێین و ئه‌وه‌ی ده‌یبینین شایه‌تی بۆ ده‌ده‌ین، ئێوه‌ش شایه‌تیمان قبوڵ ناكه‌ن.
12
باسی شته‌ زه‌مینییه‌كانم بۆتان كرد و باوه‌ڕ ناكه‌ن، ئیتر چۆن باوه‌ڕ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر باسی شته‌ ئاسمانییه‌كانتان بۆ بكه‌م؟
13
كه‌س سه‌رنه‌كه‌وتووه‌ بۆ ئاسمان جگه‌ له‌وه‌ی له‌ ئاسمان هاتووه‌ته‌ خواره‌وه‌، كه‌ ئه‌ویش كوڕی مرۆڤه‌.
14
وه‌ك موسا له‌ چۆڵه‌وانی ماره‌كه‌ی[b] به‌رزكرده‌وه‌، ئاواش ده‌بێ كوڕی مرۆڤ به‌رز بكرێته‌وه‌،
15
تاكو هه‌ركه‌سێك باوه‌ڕی پێ بهێنێت ژیانی هه‌تاهه‌تایی هه‌بێت.»
16
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خودا ئه‌وه‌نده‌ جیهانی خۆشویست، ته‌نانه‌ت كوڕه‌ تاقانه‌كه‌ی به‌ختكرد، تاكو هه‌ركه‌سێك باوه‌ڕی پێ بهێنێت له‌ناو نه‌چێت، به‌ڵكو ژیانی هه‌تاهه‌تایی هه‌بێت،
17
چونكه‌ خودا كوڕه‌كه‌ی نه‌نارده‌ جیهان تاكو جیهان حوكم بدات، به‌ڵكو تاكو جیهان به‌وه‌وه‌ ڕزگاری ببێت.
18
ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی پێ بهێنێت حوكم نادرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ ناهێنێت ئه‌وا حوكم دراوه‌، چونكه‌ باوه‌ڕی به‌ ناوی كوڕه‌ تاقانه‌كه‌ی خودا نه‌هێناوه‌.
19
ئه‌مه‌ش حوكمه‌كه‌یه‌: ڕووناكییه‌كه‌ هاته‌ جیهان به‌ڵام خه‌ڵك له‌ جیاتی ڕووناكییه‌كه‌ تاریكییه‌كه‌یان خۆشویست، چونكه‌ كرده‌وه‌یان خراپ بوو.
20
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ركه‌سێك خراپه‌ بكات ڕقی له‌ ڕووناكییه‌كه‌یه‌ و نایه‌ته‌ لای ڕووناكییه‌كه‌، نه‌وه‌ك كرده‌وه‌كانی ئاشكرابێت.
21
به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی ڕاستی ده‌ڕوات، دێته‌ لای ڕووناكییه‌كه‌، تاكو ده‌ربكه‌وێت كه‌ كرده‌وه‌كانی له‌ خوداوه‌یه‌.
عیسا و شایه‌تی یه‌حیا 
22
دوای ئه‌مانه‌ عیسا و قوتابییه‌كانی هاتنه‌ خاكی یه‌هودیا، له‌وێ له‌گه‌ڵیان مایه‌وه‌ و خه‌ڵكی له‌ ئاو هه‌ڵكێشا.
23
یه‌حیاش له‌ ئه‌ینونی[c] نزیك شاری سالیم خه‌ڵكی له‌ ئاو هه‌ڵده‌كێشا، چونكه‌ له‌وێ ئاو زۆر بوو، ئیتر ده‌هاتن و له‌ ئاو هه‌ڵده‌كێشران،
24
چونكه‌ هێشتا یه‌حیا نه‌خرابووه‌ زیندانه‌وه‌.
25
له‌وێ ده‌رباره‌ی پاككردنه‌وه‌ گفتوگۆیه‌ك كه‌وته‌ نێوان قوتابییه‌كانی یه‌حیا و جوله‌كه‌یه‌ك.
26
هاتنه‌ لای یه‌حیا و پێیان گوت: «ڕابی[d] ، ئه‌وه‌ی له‌وبه‌ری ڕووباری ئوردون له‌گه‌ڵ تۆ بوو، ئه‌وه‌ی شایه‌تیت بۆی دا، ئه‌وه‌تا خه‌ڵك له‌ ئاو هه‌ڵده‌كێشێت و هه‌موو خه‌ڵك دێنه‌ لای.»
27
یه‌حیا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «كه‌س ناتوانێت شتێك وه‌ربگرێت ئه‌گه‌ر له‌ ئاسمانه‌وه‌ پێی نه‌درابێت.
28
ئێوه‌ خۆتان شایه‌تیم بۆ ده‌ده‌ن كه‌ گوتم: ”من مه‌سیح نیم، به‌ڵام پێش ئه‌و نێردراوم.“
29
بووك بۆ زاوایه‌، به‌ڵام هاوڕێی زاوا كه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ و گوێی لێ ده‌گرێت له‌به‌ر ده‌نگی زاوا زۆر دڵخۆش ده‌بێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌م خۆشییه‌م هاته‌ دی.
30
پێویسته‌ ئه‌و زیاد بكات و منیش كه‌م.»
31
ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ دێت له‌ سه‌رووی هه‌مووانه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ زه‌وییه‌ ئه‌وه‌ زه‌مینییه‌ و وه‌كو كه‌سێكی زه‌مینی ده‌دوێت. ئه‌وه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ دێت له‌ سه‌رووی هه‌مووانه‌ و
32
شایه‌تی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ بینیویه‌تی و بیستوویه‌تی، به‌ڵام كه‌س شایه‌تییه‌كه‌ی وه‌رناگرێت.
33
ئه‌وه‌ی شایه‌تییه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت، مۆری ده‌كات كه‌ خودا ڕاسته‌،
34
چونكه‌ ئه‌وه‌ی خودا ناردوویه‌تی به‌ په‌یامی خودا ده‌دوێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خودا بێ سنوور ڕۆحی پیرۆز ده‌به‌خشێت.
35
باوكی ئاسمانی كوڕی خۆی خۆشده‌وێت و هه‌موو شتێكی داوه‌ته‌ ده‌ستی.
36
ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به‌ كوڕه‌كه‌ بهێنێت ژیانی هه‌تاهه‌تایی هه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گوێڕایه‌ڵی كوڕه‌كه‌ نییه‌ ژیان نابینێت، به‌ڵكو تووڕه‌یی خودای له‌سه‌ر ده‌مێنێت.
  1. a. 3‏:3 ئه‌م وشه‌یه‌ی یۆنانی دوو واتای هه‌یه‌: (1) له‌ سه‌ره‌وه‌ وه‌ك ئایه‌تی 31؛ (2) دیسان، بۆ له‌ دایك بوونه‌وه‌ به‌كاردێت.
  2. b. 3‏:14 بڕوانه‌\+xt سه‌رژمێری 21‏:8‏-9.‏\+xt*‏
  3. c. 3‏:23 یۆنانی: \+tl ئه‌ینون\+tl*: كانی نون.
  4. d. 3‏:26 عیبری: مامۆستا.