عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
په‌یامێك سه‌باره‌ت به‌ میسر 
1
ئه‌مه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌ بۆ یه‌رمیای پێغه‌مبه‌ر سه‌باره‌ت به‌ نه‌ته‌وه‌كان:
2
بۆ میسر:
سه‌باره‌ت به‌ سوپاكه‌ی نه‌خو فیرعه‌ون، پاشای میسر، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ڕووباری فورات بوو له‌ كه‌ركه‌میش، كه‌ نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل له‌ ساڵی چواره‌می یه‌هۆیاقیمی كوڕی یۆشیای پاشای یه‌هودا لێیدا:
3
«سپه‌ر و قه‌ڵغان ئاماده‌ بكه‌ن،
پێشكه‌ون بۆ جه‌نگ!
4
ئه‌سپ زین بكه‌ن،
ئه‌ی سواره‌كان، سه‌ربكه‌ون!
به‌ كڵاوی ئاسنینه‌وه‌ له‌ ئاماده‌باشیدا بن!
ڕمه‌كان تیژ بكه‌ن،
زرێیه‌كان[a] بپۆشن!
5
چی ده‌بینم؟
ئه‌وان تۆقیون،
به‌ره‌و پاش ده‌كشێنه‌وه‌،
پاڵه‌وانه‌كانیان به‌زین.
به‌ په‌له‌ هه‌ڵاتن و
ئاوڕیشیان نه‌دایه‌وه‌،
له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ترس و تۆقین هه‌یه‌.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
6
«ئه‌وه‌ی تیژڕه‌وه‌ هه‌ڵنایه‌ت و
پاڵه‌وان ده‌رباز نابێت.
له‌ باكوور له‌لای ڕووباری فورات
ساتمه‌یان كرد و كه‌وتن.
7
«ئه‌مه‌ كێیه‌ وه‌ك ڕووباری نیل هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌،
وه‌ك ئه‌و ڕووبارانه‌ی ئاوه‌كه‌یان شه‌پۆل ده‌دات؟
8
میسره‌ وه‌ك ڕووباری نیل هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌،
وه‌ك ئه‌و ڕووبارانه‌ی ئاوه‌كه‌یان شه‌پۆل ده‌دات.
ده‌ڵێت: ”هه‌ڵده‌ستم و زه‌وی داده‌پۆشم،
شار و دانیشتووانه‌كه‌ی له‌ناو ده‌بم.“
9
ئه‌ی ئه‌سپه‌كان، سه‌ربكه‌ون!
ئه‌ی گالیسكه‌كان، سه‌ره‌ڕۆ بن!
با پاڵه‌وانان به‌ره‌و پێش بچن،
كوش و پووت قه‌ڵغان به‌ده‌ستن،
لوودییه‌كان تیره‌كانیان له‌ كه‌وانه‌كانیان ڕاده‌كێشن.
10
به‌ڵام ئه‌مڕۆ ڕۆژی یه‌زدانه‌[b] ، په‌روه‌ردگاری سوپاسالار،
ڕۆژی تۆڵه‌یه‌، تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ دوژمنانی.
جا شمشێر ده‌خوات و تێر ده‌بێت،
له‌ خوێنیان تێر ده‌خواته‌وه‌،
چونكه‌ یه‌زدان، په‌روه‌ردگاری سوپاسالار، قوربانی سه‌ربڕاو پێشكه‌ش ده‌كات
له‌ خاكی باكوور له‌لای ڕووباری فورات.
11
«سه‌ربكه‌وه‌ بۆ گلعاد و هه‌تووان بهێنه‌،
ئه‌ی میسری كچه‌ پاكیزه‌.
به‌ڵام بێهووده‌ داووده‌رمان زۆر ده‌كه‌یت،
چاكبوونه‌وه‌ت نییه‌.
12
نه‌ته‌وه‌كان سووكایه‌تی تۆیان بیستووه‌،
قیژه‌ت دنیای پڕكردووه‌،
چونكه‌ پاڵه‌وانێك ساتمه‌ له‌ پاڵه‌وانێك ده‌كات،
هه‌ردووكیان پێكه‌وه‌ ده‌كه‌ون.»
13
ئه‌مه‌ ئه‌و په‌یامه‌یه‌ كه‌ یه‌زدان به‌ یه‌رمیای پێغه‌مبه‌ری ڕاگه‌یاند، له‌باره‌ی هێرشكردنی نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل بۆ سه‌ر خاكی میسر:
14
«ئه‌مه‌ له‌ میسر ڕابگه‌یه‌نن، له‌ شاری مگدۆل جاڕبده‌ن،
هه‌روه‌ها له‌ مه‌مفیس و ته‌حپه‌نحێس، بڵێن:
”وریابه‌ و له‌ ئاماده‌باشیدا به‌،
چونكه‌ شمشێر ده‌وروبه‌رت ده‌خوات.“
15
بۆچی تواناداره‌كانت به‌ زه‌ویدا دران؟
نه‌وه‌ستان، چونكه‌ یه‌زدان ئه‌وانی خست.
16
به‌رده‌وام ساتمه‌ ده‌كه‌ن،
به‌سه‌ر یه‌كتریدا ده‌كه‌ون.
ده‌ڵێن: ”هه‌ستن با بگه‌ڕێینه‌وه‌،
بۆ ناو گه‌له‌كه‌مان و خاكی له‌دایكبوونمان،
دوور له‌ شمشێری سته‌مكاری.“
17
له‌وێ هاواریان ده‌كرد:
”فیرعه‌ونی پاشای میسر ته‌نها هاتوهه‌رای هه‌یه‌،
ده‌رفه‌تی ئه‌و به‌سه‌رچوو!“»
18
پاشا كه‌ ناوی یه‌زدانی سوپاسالاره‌
ده‌فه‌رموێت: «به‌ گیانی خۆم،
كه‌سێك دێت وه‌ك تاڤۆره‌ له‌نێو چیاكان،
وه‌ك كارمه‌له‌ له‌لای ده‌ریاوه‌ دێت.
19
ئه‌ی دانیشتووانی میسر،
خۆتان كۆبكه‌نه‌وه‌ بۆ ڕاپێچ،
چونكه‌ مه‌مفیس وێران ده‌بێت،
ده‌بێته‌ چۆڵه‌وانییه‌كی بێ ئاوه‌دانی.
20
«میسر مانگایه‌كی زێده‌ جوانه‌،
به‌ڵام مێشومه‌گه‌ز له‌ باكووره‌ بۆی دێت.
21
هه‌روه‌ها سه‌ربازه‌ به‌كرێگیراوه‌كانت له‌ ڕیزه‌كانی جه‌نگ،
وه‌ك جوانه‌گای قه‌ڵه‌ون،
چونكه‌ ئه‌وانیش ڕوو وه‌رده‌گێڕن،
تێكڕا هه‌ڵدێن و ناوه‌ستن،
چونكه‌ ڕۆژی كاره‌سات گه‌یشته‌ سه‌ریان،
كاتی سزادانیان.
22
میسر وه‌ك ماری هه‌ڵاتوو فیشك ده‌دات،
چونكه‌ دوژمنه‌كانی به‌ سوپاوه‌ دێنه‌ پێش،
هه‌روه‌ك داربڕه‌كان
به‌ ته‌وره‌وه‌ بۆی هاتن.
23
دارستانه‌كه‌ی ده‌بڕنه‌وه‌،
هه‌رچه‌نده‌ زۆر چڕه‌،
چونكه‌ له‌ كولله‌ زۆرترن،
له‌ ژماره‌ نایه‌ن.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
24
«دانیشتووانی میسر شه‌رمه‌زار ده‌بن،
درایه‌ ده‌ست گه‌لی باكوور.»
25
یه‌زدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل فه‌رمووی: «من خه‌ریكم سزا ده‌سه‌پێنم، له‌سه‌ر ئامۆنی خودای تیب و فیرعه‌ون، له‌سه‌ر میسر و خوداوه‌نده‌كان و پاشاكانی، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ش كه‌ پشتیان به‌ فیرعه‌ون به‌ستووه‌.
26
ده‌یانده‌مه‌ ده‌ست ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت بیانكوژن، ده‌ست نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل و ده‌ست خزمه‌تكاره‌كانی. پاش ئه‌مه‌ میسر وه‌ك ڕۆژانی پێشتری ئاوه‌دان ده‌بێته‌وه‌.» ئه‌مه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
27
«ئه‌ی یاقوبی به‌نده‌م، مه‌ترسه‌،
ئه‌ی ئیسرائیل، مه‌تۆقه‌.
به‌ دڵنیاییه‌وه‌ من له‌م شوێنه‌ دووره‌ ڕزگارت ده‌كه‌م،
نه‌وه‌كه‌شت له‌و خاكه‌وه‌ی بۆی ڕاپێچ كراوه‌.
یاقوب ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ئاسووده‌ ده‌بێت،
دڵنیا ده‌بێت و كه‌س نایتۆقێنێت.
28
ئه‌ی یاقوبی به‌نده‌م، مه‌ترسه‌،
چونكه‌ من له‌گه‌ڵتدام.
هه‌رچه‌نده‌ كۆتایی ده‌هێنم به‌ هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی
كه‌ بۆ ناویان په‌رته‌وازه‌م كردیت،
به‌ڵام تۆ به‌ ته‌واوی له‌ناو نابه‌م.
له‌ سزا ناتبوورم،
به‌ دادپه‌روه‌ری ته‌مبێت ده‌كه‌م.» ئه‌مه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
  1. a. 46‏:4 زرێ: به‌ڕگێكی كانزاییه‌ كه‌ له‌ كاتی شه‌ڕ ده‌پۆشرێت.
  2. b. 46‏:10 ڕۆژی سزادانی گوناهباران و ڕزگاركردنی گه‌لی خودا.