عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
لێقه‌ومان به‌هۆی بتپه‌رستی 
1
ئه‌و په‌یامه‌ی بۆ یه‌رمیا هات سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو ئه‌و جوله‌كانه‌ی له‌ خاكی میسر نیشته‌جێ بوون، له‌ مگدۆل و له‌ ته‌حپه‌نحێس و له‌ مه‌مفیس و له‌ پاشایه‌تی باشووری میسر:
2
«یه‌زدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئێوه‌ هه‌موو ئه‌و به‌ڵایه‌تان بینی كه‌ به‌سه‌ر ئۆرشه‌لیم و هه‌موو شارۆچكه‌كانی یه‌هودام هێنا. ئه‌مڕۆ وێرانه‌ و ئاوه‌دانی تێدا نییه‌،
3
له‌به‌ر ئه‌و خراپانه‌ی كردیان. په‌ستیان كردم به‌ بخوور سووتاندن و په‌رستنیان بۆ خوداكانی دیكه‌، ئه‌و خودایانه‌ی نه‌ ئه‌وان ناسیوویانن و نه‌ ئێوه‌ و نه‌ باوباپیرانتان.
4
منیش به‌ به‌رده‌وامی هه‌موو به‌نده‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانی خۆمم بۆ ناردن، فه‌رمووم: ”تكایه‌! ئه‌م كاره‌ قێزه‌ونه‌ مه‌كه‌ن كه‌ من ڕقم لێیه‌تی.“
5
به‌ڵام نه‌ گوێیان گرت و نه‌ گوێیان شل كرد بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خراپه‌كه‌یان بگه‌ڕێنه‌وه‌ یان له‌ بخوور سووتاندن بۆ خوداكانی دیكه‌ بوه‌ستن.
6
جا هه‌ڵچوون و تووڕه‌ییم ڕژا، له‌ شارۆچكه‌كانی یه‌هودا و له‌ شه‌قامه‌كانی ئۆرشه‌لیمدا گڕی گرت، وه‌ك ئه‌مڕۆ وێران بوو و بووه‌ چۆڵه‌وانی.
7
«ئێستاش یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: بۆچی ئێوه‌ به‌ڵایه‌كی گه‌وره‌ به‌سه‌ر خۆتان ده‌هێنن، به‌ قڕبوونتان له‌ناوه‌ڕاستی یه‌هودا به‌ پیاو و ژن، به‌ منداڵ و شیره‌خۆره‌وه‌، ئیتر هیچ پاشماوه‌یه‌كتان لێ نامێنێته‌وه‌؟
8
بۆچی به‌ كرده‌وه‌كانی ده‌ستتان په‌ستم ده‌كه‌ن كاتێك له‌ خاكی میسر بخوور بۆ خوداكانی دیكه‌ ده‌سووتێنن، كه‌ ئێوه‌ بۆی هاتوون تاوه‌كو له‌وێ ئاواره‌ بن؟ خۆتان قڕ ده‌كه‌ن و ده‌بنه‌ نه‌فره‌ت و ڕیسوایی له‌نێو هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی سه‌ر زه‌وی.
9
ئایا خراپه‌كانی باوباپیرانتان و خراپه‌كانی پاشاكان و شاژنه‌كانی یه‌هودا و خراپه‌كانی خۆتان و ژنه‌كانتان له‌یادچوو، ئه‌وه‌ی له‌ خاكی یه‌هودا و شه‌قامه‌كانی ئۆرشه‌لیم كران؟
10
هه‌تا ئه‌مڕۆش نه‌ زه‌لیل بوون و نه‌ له‌ من ترسان و نه‌ ڕێگای فێركردن و فه‌رزه‌كانی منتان گرته‌به‌ر، ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م ئێوه‌ و له‌به‌رده‌م باوباپیرانتان دامناوه‌.
11
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئه‌وه‌تا من مكوڕ ده‌بم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ڵاتان به‌سه‌ربهێنم و هه‌موو یه‌هودا قڕ بكه‌م.
12
پاشماوه‌ی یه‌هوداش ده‌به‌م، ئه‌وانه‌ی سوور بوون بچنه‌ خاكی میسر هه‌تا له‌وێ نیشته‌جێ بن. هه‌موویان له‌ خاكی میسر له‌ناوده‌چن، به‌ شمشێر ده‌كوژرێن و به‌ قاتوقڕی ده‌مرن. له‌ بچووكه‌وه‌ هه‌تا گه‌وره‌ به‌ شمشێر و قاتوقڕی له‌ناوده‌چن و ده‌بنه‌ مایه‌ی نه‌فره‌ت لێكردن و تۆقین، سووكایه‌تی و ڕیسوایی.
13
هه‌روه‌ها سزای ئه‌وانه‌ش ده‌ده‌م كه‌ له‌ خاكی میسر نیشته‌جێن، وه‌ك چۆن به‌ شمشێر و قاتوقڕی و ده‌رد سزای ئۆرشه‌لیمم دا.
14
پاشماوه‌كه‌ی یه‌هودا، ئه‌وانه‌ی هاتوون بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خاكی میسر له‌ ئاواره‌یی بكه‌ون، ئه‌وانه‌ی تامه‌زرۆی گه‌ڕانه‌وه‌ن بۆ نیشته‌جێبوون تێیدا، نه‌ پاشماوه‌ و نه‌ ده‌ربازبوویان نابێت بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ خاكی یه‌هودا. كه‌سیان لێ ناگه‌ڕێته‌وه‌، جگه‌ له‌ كه‌مینه‌یه‌كی ده‌ربازبوو.»
15
ئینجا هه‌موو ئه‌و پیاوانه‌ی كه‌ ده‌یانزانی ژنه‌كانیان بخوور بۆ خوداكانی دیكه‌ ده‌سووتێنن، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی ڕاوه‌ستابوون، كۆمه‌ڵێكی گه‌وره‌ بوون، هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌ پاشایه‌تی باكوور و پاشایه‌تی باشووری میسر نیشته‌جێن، وه‌ڵامی یه‌رمیایان دایه‌وه‌ و گوتیان:
16
«ئێمه‌ گوێ له‌م په‌یامه‌ ناگرین كه‌ به‌ ناوی یه‌زدانه‌وه‌ به‌ ئێمه‌ت گوت.
17
به‌ڵكو هه‌ر شتێك له‌ ده‌می خۆمانه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین: بخوور بۆ شاژنی ئاسمان ده‌سووتێنین و شه‌رابی پێشكه‌شكراو پێشكه‌ش ده‌كه‌ین، وه‌ك چۆن خۆمان و باوباپیرانمان و پاشاكانمان و پیاوه‌ گه‌وره‌كانمان له‌ شارۆچكه‌كانی یه‌هودا و شه‌قامه‌كانی ئۆرشه‌لیم ئه‌نجاممان داوه‌. ئه‌و كاته‌ تێر نان بووین و له‌ خۆشیدا بووین و خراپه‌مان نه‌بینی.
18
به‌ڵام له‌و كاته‌وه‌ی وازمان له‌ بخوور سووتاندن هێناوه‌ بۆ شاژنی ئاسمان و پێشكه‌شكردنی شه‌رابی پێشكه‌شكراو بۆی، پێویستمان به‌ هه‌موو شتێكه‌ و به‌ شمشێر و قاتوقڕی له‌ناوچووین.»
19
ژنه‌كانیش گوتیان: «ئێمه‌ كاتێك كه‌ بخوورمان بۆ شاژنی ئاسمان ده‌سووتاند و شه‌رابی پێشكه‌شكراومان پێشكه‌شی ده‌كرد، ئایا به‌بێ ئاگاداری پیاوه‌كانمان كولێره‌مان بۆ ده‌كرد له‌سه‌ر وێنه‌ی ئه‌و و شه‌رابی پێشكه‌شكراومان پێشكه‌ش ده‌كرد؟»
20
ئینجا یه‌رمیا به‌ هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ی گوت، پیاو و ژنه‌كان، به‌ هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌ی به‌م قسه‌یه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌:
21
«ئایا یه‌زدان بیری له‌و بخووره‌ نه‌كرده‌وه‌ و به‌یادیدا نه‌هات كه‌ له‌ شارۆچكه‌كانی یه‌هودا و له‌ شه‌قامه‌كانی ئۆرشه‌لیم سووتاندتان، ئێوه‌ و باوباپیر و پاشا و میر و هه‌موو گه‌لی خاكه‌كه‌؟
22
ئیتر یه‌زدان له‌به‌ر كرده‌وه‌ خراپه‌كان و شته‌ قێزه‌ونه‌كانتان كه‌ ئه‌نجامتان داوه‌ زیاتر به‌رگه‌ی نه‌گرت، جا خاكه‌كه‌تان بووه‌ ڕووخاوی و وێرانه‌ و نه‌فره‌ت و بێ ئاوه‌دانی، وه‌ك ئه‌مڕۆ.
23
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بخوورتان سووتاند و گوناهتان كرد له‌ دژی یه‌زدان، گوێڕایه‌ڵی یه‌زدان نه‌بوون و ڕێگای فێركردن و فه‌رز و یاساكانی ئه‌وتان نه‌گرته‌به‌ر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ تووشی ئه‌م به‌ڵایه‌ بوون، وه‌ك ئه‌مڕۆ.»
24
ئینجا یه‌رمیا به‌ هه‌موو گه‌ل و به‌ تایبه‌تیش به‌ هه‌موو ژنه‌كانی گوت: «ئه‌ی هه‌موو خه‌ڵكی یه‌هودا، ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ خاكی میسرن، گوێ له‌ فه‌رمایشتی یه‌زدان بگرن:
25
یه‌زدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئێوه‌ و ژنه‌كانتان به‌ قسه‌ به‌ڵێنتان دا و به‌ ئه‌نجامتان گه‌یاند، گوتتان ”بێگومان ئێمه‌ ئه‌و نه‌زرانه‌مان[a] جێبه‌جێ ده‌كه‌ین كه‌ نه‌زرمان كردبوو بۆ شاژنی ئاسمان، بخوور ده‌سووتێنین و شه‌رابی پێشكه‌شكراوی پێشكه‌ش ده‌كه‌ین.“
«كه‌واته‌ فه‌رموون، به‌ڵێنه‌كانتان بهێننه‌ دی و نه‌زره‌كانتان بپارێزن!
26
به‌ڵام ئه‌ی هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی یه‌هودا كه‌ له‌ میسر نیشته‌جێن، گوێ له‌ فه‌رمایشتی یه‌زدان بگرن: ”من به‌ ناوی مه‌زنی خۆم سوێند ده‌خۆم، له‌مه‌ودوا كه‌س له‌ خه‌ڵكی یه‌هودا له‌ هه‌موو خاكی میسر ناوی من به‌سه‌ر زاریدا نایه‌ت، كه‌ بڵێت: ’به‌ یه‌زدانی زیندووی باڵاده‌ست.‘
27
ئه‌وه‌تا من بۆ خراپه‌ نه‌ك بۆ چاكه‌ چاودێرییان ده‌كه‌م، جا هه‌موو پیاوانی یه‌هودا، ئه‌وانه‌ی له‌ خاكی میسرن، به‌ شمشێر ده‌كوژرێن و به‌ قاتوقڕی ده‌مرن، هه‌تا ئه‌وه‌ی كه‌سیان لێ نامێنێته‌وه‌.
28
ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ شمشێر ده‌رباز ده‌بن له‌ خاكی میسره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ خاكی یه‌هودا، خه‌ڵكانێكی كه‌م ده‌بن. ئینجا هه‌موو پاشماوه‌ی یه‌هودا ئه‌وانه‌ی هاتنه‌ میسر تاكو له‌وێ بژین، ده‌زانن قسه‌ی كێ سه‌رده‌گرێت، هی من یان هی ئه‌وان.“»
29
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «”ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌ بۆ ئێوه‌، من له‌م شوێنه‌ سزاتان ده‌ده‌م، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن هه‌ر ده‌بێت قسه‌ی من سه‌ربگرێت كه‌ له‌ دژی ئێوه‌یه‌ و بۆ خراپه‌یه‌.“
30
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”ئه‌وه‌تا من حۆفره‌عی فیرعه‌ونی میسر ده‌ده‌مه‌ ده‌ست دوژمنه‌كانی كه‌ ده‌یانه‌وێ بیكوژن، وه‌ك چۆن سدقیای پاشای یه‌هودام دایه‌ ده‌ست نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل، ئه‌و دوژمنه‌ی ده‌یویست بیكوژێت.“»
  1. a. 44‏:25 نه‌زر: داوا له‌ خودا ده‌كرێت بۆ ئه‌نجامدانی كارێك و پابه‌ند ده‌كرێت به‌ مه‌رجێكه‌وه‌. ئه‌گه‌ر خودا ئه‌و كاره‌ بكات، ئه‌وا ده‌رئه‌نجام ئه‌میش ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام ده‌دات كه‌ پێیه‌وه‌ پابه‌ندی كردووه‌. بڕوانه‌ \+xt سه‌رژمێری 21‏:2‏\+xt*‏.