عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
یه‌رمیا هه‌موو فه‌رمایشته‌كانی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاریانی به‌ هه‌موو گه‌ل ڕاگه‌یاند كه‌ یه‌زدان پێی ڕایسپاردبوو. كاتێك ته‌واو بوو،
2
عه‌زه‌ریای كوڕی هۆشه‌عیا و یۆحانانی كوڕی قارێیه‌ح و هه‌موو پیاوه‌ لووتبه‌رزه‌كان قسه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌رمیا كرد و گوتیان: «تۆ درۆ ده‌كه‌یت! یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان تۆی نه‌ناردووه‌ هه‌تا بڵێت: ”مه‌چنه‌ میسر بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ نیشته‌جێ بن.“
3
به‌ڵكو باروخی كوڕی نێرییا تۆی له‌ ئێمه‌ هانداوه‌ تاوه‌كو بمانده‌یته‌ ده‌ست بابلییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی بمانكوژن یان بۆ بابل ڕاپێچمان بكه‌ن.»
4
ئیتر یۆحانانی كوڕی قارێیه‌ح و هه‌موو سه‌رله‌شكره‌كان و هه‌موو گه‌ل كه‌سیان گوێڕایه‌ڵی یه‌زدان نه‌بوون هه‌تا له‌ خاكی یه‌هودا ئۆقره‌ بگرن.
5
به‌ڵكو یۆحانانی كوڕی قارێیه‌ح و هه‌موو سه‌رله‌شكره‌كان، هه‌موو پاشماوه‌ی یه‌هودایان برد، ئه‌وانه‌ی له‌ناو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌وه‌ گه‌ڕابوونه‌وه‌ كه‌ په‌رته‌وازه‌ ببوون بۆ لایان، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خاكی یه‌هودا بژین.
6
پیاو و ژن و منداڵ و كچه‌كانی پاشا و هه‌موو ئه‌وانه‌یان برد كه‌ نه‌بوزه‌ره‌دانی فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانانی پاشا له‌لای گه‌ده‌لیاهوی كوڕی ئه‌حیقام كوڕی شافان به‌جێی هێشتبوون. هه‌روه‌ها یه‌رمیای پێغه‌مبه‌ر و باروخی كوڕی نێرییاش له‌گه‌ڵیان بوون.
7
جا چوونه‌ ناو خاكی میسر، گوێڕایه‌ڵی یه‌زدان نه‌بوون و هه‌تا ته‌حپه‌نحێس چوون.
8
ئینجا له‌ ته‌حپه‌نحێس فه‌رمایشتی یه‌زدان بۆ یه‌رمیا هات، پێی فه‌رموو:
9
«له‌گه‌ڵ ده‌ستت هه‌ندێك به‌ردی گه‌وره‌ ببه‌ و له‌به‌رچاوی پیاوانی یه‌هودا، بیانخه‌ ژێر قوڕه‌وه‌، له‌و به‌ردڕێژه‌ی له‌ به‌رده‌رگای كۆشكی فیرعه‌ونه‌ له‌ ته‌حپه‌نحێس.
10
پێیان بڵێ: ”یه‌زدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: من ده‌نێرم و نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل، خزمه‌تكاره‌كه‌م، ده‌هێنم و ته‌خته‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م به‌ردانه‌ داده‌نێم كه‌ چه‌قاندم، ئه‌ویش چه‌تری ته‌خته‌كه‌ی به‌سه‌ردا هه‌ڵده‌دات.
11
جا دێت و له‌ خاكی میسر ده‌دات، ئه‌وه‌ی بۆ مردنه‌ بۆ مردن، ئه‌وه‌ی بۆ دیلیێتیه‌ بۆ دیلیێتی، ئه‌وه‌ی بۆ شمشێره‌ بۆ شمشێر.
12
ئینجا ئاگر به‌رده‌داته‌ په‌رستگاكانی خوداوه‌نده‌كانی میسر، په‌رستگاكان ده‌سووتێنێت و خوداوه‌نده‌كانیان ڕاپێچ ده‌كات. خاكی میسر له‌ خۆی ده‌پێچێته‌وه‌، وه‌ك چۆن شوان كه‌واكه‌ی له‌ خۆی ده‌پێچێته‌وه‌، ئینجا له‌وێوه‌ به‌ سه‌لامه‌تی ده‌رده‌چێت.
13
كۆڵه‌كه‌كانی په‌رستگای خۆر له‌ خاكی میسر ده‌شكێنێت، په‌رستگاكانی خوداوه‌نده‌كانی میسر به‌ ئاگر ده‌سووتێنێت.“»