عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئینجا هه‌موو سه‌رله‌شكره‌كان و یۆحانانی كوڕی قارێیه‌ح و یه‌زه‌نیای كوڕی هۆشه‌عیا و هه‌موو گه‌ل له‌ بچووكه‌وه‌ هه‌تا گه‌وره‌ هاتنه‌ پێش و
2
به‌ یه‌رمیای پێغه‌مبه‌ریان گوت: «تكایه‌! گوێ له‌ پاڕانه‌وه‌مان بگره‌ و نوێژمان بۆ بكه‌ بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت له‌ پێناو هه‌موو ئه‌مانه‌ی ماونه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ك ده‌بینی، چونكه‌ پێشتر زۆر بووین و ئێستا كه‌م ماوینه‌ته‌وه‌.
3
به‌ڵكو یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت پێمان بڵێت، به‌ كام ڕێگادا بڕۆین و چی بكه‌ین.»
4
یه‌رمیای پێغه‌مبه‌ریش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: «گوێم لێتان بوو، من وه‌ك قسه‌كه‌ی خۆتان داوا له‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ده‌كه‌م، جا یه‌زدان هه‌رچی فه‌رموو پێتانی ڕاده‌گه‌یه‌نم، هیچتان لێ ناشارمه‌وه‌.»
5
ئه‌وانیش به‌ یه‌رمیایان گوت: «با یه‌زدان له‌نێوانمان شایه‌تێكی ڕاست و دڵسۆز بێت، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ هه‌موو فه‌رمایشته‌كه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت كه‌ به‌ تۆدا بۆمان ده‌نێرێت، ئاوا نه‌كه‌ین.
6
چاك بێت یان خراپ، ئێمه‌ گوێ له‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان ده‌گرین، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌تنێرین بۆ لای، چونكه‌ ئه‌گه‌ر گوێ له‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان بگرین، چاكه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كات.»
7
ئه‌وه‌ بوو دوای ده‌ ڕۆژ، فه‌رمایشتی یه‌زدان بۆ یه‌رمیا هات.
8
ئه‌ویش یۆحانانی كوڕی قارێیه‌ح و هه‌موو ئه‌و سه‌رله‌شكرانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵی بوون و هه‌موو گه‌ل له‌ بچووكه‌وه‌ هه‌تا گه‌وره‌ی بانگكرد،
9
پێی گوتن: «یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل ئه‌وه‌ی ئێوه‌ منتان بۆ لای نارد بۆ ئه‌وه‌ی پاڕانه‌وه‌كه‌تان بخه‌مه‌ به‌رده‌می، ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
10
”ئه‌گه‌ر له‌م خاكه‌ نیشته‌جێ بن، من بنیادتان ده‌نێم و ناتانڕووخێنم، ده‌تانچێنم و ڕیشه‌كێشتان ناكه‌م، چونكه‌ پاشگه‌ز بوومه‌وه‌ له‌و به‌ڵایه‌ی به‌سه‌رم هێنان.
11
هه‌روه‌ها یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: له‌ پاشای بابل مه‌ترسن، ئه‌وه‌ی ئێستا لێی ده‌ترسن. لێی مه‌ترسن، چونكه‌ من له‌گه‌ڵتانم بۆ ئه‌وه‌ی ڕزگارتان بكه‌م و له‌ ده‌ستی ئه‌و فریاتان بكه‌وم.
12
جا به‌زه‌ییم پێتاندا دێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پاشای بابل به‌زه‌یی پێتاندا بێته‌وه‌ و بۆ خاكه‌كه‌ی خۆتان بتانگه‌ڕێنێته‌وه‌.“
13
«به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێوه‌ بڵێن: ”له‌م خاكه‌ نیشته‌جێ نابین“ و گوێڕایه‌ڵی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان نه‌بن،
14
به‌ڵكو بڵێن: ”نا! ئێمه‌ ده‌چینه‌ خاكی میسر و له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بین، له‌وێ شه‌ڕ نابینین و ده‌نگی كه‌ڕه‌نا نابیستین و برسی نان نابین،“
15
ئه‌ی پاشماوه‌ی یه‌هودا، ئێستا گوێ له‌ فه‌رمایشتی یه‌زدان بگرن. یه‌زدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”ئه‌گه‌ر مكوڕ بن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بچنه‌ میسر و چوون و له‌وێ نیشته‌جێ بوون،
16
ئه‌وا ئه‌و شمشێره‌ی ئێوه‌ لێی ده‌ترسن له‌وێ پێتان ده‌گات، ئه‌و قاتوقڕییه‌ی ئێوه‌ لێی ده‌ترسن بۆ میسر دواتان ده‌كه‌وێت، له‌وێ ده‌مرن.
17
جا هه‌موو ئه‌و پیاوانه‌ی سوور بوون له‌ چوونه‌ میسر بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ نیشته‌جێ بن، له‌وێ به‌ شمشێر و قاتوقڕی و ده‌رد له‌ناوده‌چن، كه‌سیان نامێنێته‌وه‌ و ده‌رباز نابن له‌و به‌ڵایه‌ی من به‌سه‌ریان ده‌هێنم.“
18
چونكه‌ یه‌زدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”وه‌ك چۆن تووڕه‌یی و هه‌ڵچوونم به‌سه‌ر دانیشتووانی ئۆرشه‌لیمدا ڕژا، ئاواش هه‌ڵچوونم به‌سه‌رتاندا ده‌ڕژێت كاتێك بچن بۆ میسر، جا ده‌بنه‌ مایه‌ی نه‌فره‌ت لێكردن و تۆقین، سووكایه‌تی و ڕیسوایی، هه‌رگیز ئه‌م شوێنه‌ نابیننه‌وه‌.“
19
«ئه‌ی پاشماوه‌ی یه‌هودا، یه‌زدان سه‌باره‌ت به‌ ئێوه‌ فه‌رمووی: ”مه‌چنه‌ ناو میسره‌وه‌.“ باش بزانن كه‌ من ئه‌مڕۆ ئاگادارم كردنه‌وه‌،
20
چونكه‌ ئێوه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی ترسناكتان كرد كاتێك منتان بۆ لای یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان نارد و گوتتان: ”نوێژمان بۆ بكه‌ بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان، یه‌زدانی خودامان هه‌رچی بفه‌رموێت، ئه‌وه‌مان پێ ڕابگه‌یه‌نه‌وه‌ و ده‌یكه‌ین.“
21
ئه‌وا من ئه‌مڕۆ به‌ ئێوه‌م ڕاگه‌یاند، به‌ڵام ئێوه‌ گوێڕایه‌ڵی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان نه‌بوون له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی منی پێ ڕاسپارد پێتان بڵێم.
22
جا ئێستا باش بزانن كه‌ له‌و شوێنه‌ی ده‌تانه‌وێ بۆی بچن و لێی نیشته‌جێ بن له‌وێ به‌ شمشێر و قاتوقڕی و ده‌رد له‌ناوده‌چن.»