عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
له‌ مانگی حه‌وت ئیسماعیلی كوڕی نه‌ته‌نیاهۆی كوڕی ئه‌لیشاماع كه‌ له‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كی شاهانه‌ بوو، یه‌كێك بوو له‌ گه‌وره‌ پیاوانی پاشا، له‌گه‌ڵ ده‌ پیاو هاتنه‌ میچپا بۆ لای گه‌ده‌لیاهوی كوڕی ئه‌حیقام. كاتێك پێكه‌وه‌ نانیان ده‌خوارد،
2
ئیسماعیلی كوڕی نه‌ته‌نیاهۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌ پیاوه‌ی له‌گه‌ڵی بوون هه‌ستان و به‌ شمشێر له‌ گه‌ده‌لیاهوی كوڕی ئه‌حیقامی كوڕی شافانیان دا و كوشتیان، ئه‌وه‌ی پاشای بابل كردبوو به‌ فه‌رمانڕه‌وای خاكه‌كه‌.
3
هه‌روه‌ها ئیسماعیل هه‌موو ئه‌و جوله‌كانه‌شی كوشت كه‌ له‌ میچپا له‌گه‌ڵ گه‌ده‌لیاهو بوون، هه‌روه‌ها ئه‌و سه‌ربازه‌ بابلییانه‌شی كوشت كه‌ له‌و ناوه‌ بوون.
4
له‌ ڕۆژی پاش كوشتنی گه‌ده‌لیاهو، به‌ر له‌وه‌ی كه‌س پێی بزانێت،
5
هه‌ندێك پیاو له‌ شه‌خه‌م و شیلۆ و سامیره‌وه‌ هاتن، هه‌شتا پیاوی ڕیش تاشراو و جل دادڕاو، له‌شی خۆیان بریندار كردبوو، هاتن و پێشكه‌شراوی دانه‌وێڵه‌ و بخووری ساده‌یان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو بۆ ئه‌وه‌ی بیبه‌نه‌ ناو ماڵی یه‌زدان.
6
ئیسماعیلی كوڕی نه‌ته‌نیاهۆش له‌ میچپا هاته‌ ده‌ره‌وه‌ تاكو پێشوازییان لێ بكات، ده‌ڕۆیشت و ده‌گریا. كه‌ پێیان گه‌یشت پێی گوتن: «وه‌رن بۆ لای گه‌ده‌لیاهوی كوڕی ئه‌حیقام.»
7
كاتێك گه‌یشتنه‌ ناوه‌ڕاستی شاره‌كه‌، ئیسماعیلی كوڕی نه‌ته‌نیاهۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵی بوون، ئه‌وانیان كوشت و فڕێیان دانه‌ ناو ئه‌مباراوێك.
8
به‌ڵام ده‌ پیاویان تێدابوو گوتیان: «مه‌مانكوژه‌، گه‌نم و جۆ و زه‌یت و هه‌نگوینمان هه‌یه‌ و له‌ كێڵگه‌دا شاردراوه‌ته‌وه‌.» جا ئیسماعیل ده‌ستی گێڕایه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ براكانیان نه‌یكوشتن.
9
ئه‌و ئه‌مباراوه‌ی ئیسماعیل لاشه‌ی هه‌موو ئه‌و پیاوانه‌ی فڕێدا ناوی كه‌ به‌هۆی گه‌ده‌لیاهوه‌وه‌ كوشتبوونی، ئه‌و ئه‌مباراوه‌ بوو كه‌ ئاسا پاشا بۆ به‌رگری له‌ دژی به‌عشای پاشای ئیسرائیل دروستی كردبوو، جا ئیسماعیلی كوڕی نه‌ته‌نیاهۆ به‌ كوژراوان پڕی كرده‌وه‌.
10
پاشان ئیسماعیل، هه‌موو پاشماوه‌ی گه‌ل كه‌ له‌ میچپا بوون ڕاپێچی كردن، كچه‌كانی پاشا و هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌وێ مانه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی نه‌بوزه‌ره‌دانی فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانانی پاشا، گه‌ده‌لیاهوی كوڕی ئه‌حیقامی به‌ سه‌رپه‌رشتیار به‌سه‌ریانه‌وه‌ دانا. ئیسماعیلی كوڕی نه‌ته‌نیاهۆ ڕاپێچی كردن و ڕۆیشت، هه‌تا بۆ لای عه‌مۆنییه‌كان بپه‌ڕێته‌وه‌.
11
كاتێك یۆحانانی كوڕی قارێیه‌ح و هه‌موو ئه‌و سه‌رله‌شكرانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون، ئه‌و خراپانه‌یان بیسته‌وه‌ كه‌ ئیسماعیلی كوڕی نه‌ته‌نیاهۆ كردبووی،
12
هه‌موو پیاوه‌كانیان برد و چوون بۆ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ ئیسماعیلی كوڕی نه‌ته‌نیاهۆ، له‌لای گۆمه‌كه‌ی گبعۆن تووشی بوون.
13
ئه‌و ڕاپێچكراوانه‌ی له‌گه‌ڵ ئیسماعیل بوون دڵشاد بوون كاتێك یۆحانانی كوڕی قارێیه‌حیان له‌گه‌ڵ هه‌موو سه‌رله‌شكره‌كان بینی كه‌ له‌گه‌ڵی بوون،
14
جا هه‌موو ئه‌و گه‌له‌ی ئیسماعیل له‌ میچپاوه‌ ڕاپێچی كردبوون گه‌ڕانه‌وه‌ و چوون بۆ لای یۆحانانی كوڕی قارێیه‌ح.
15
به‌ڵام ئیسماعیلی كوڕی نه‌ته‌نیاهۆ، به‌ هه‌شت پیاوه‌وه‌ له‌ یۆحانان ده‌رباز بوون و چوونه‌ لای عه‌مۆنییه‌كان.
هه‌ڵاتن بۆ میسر 
16
ئینجا یۆحانانی كوڕی قارێیه‌ح و هه‌موو سه‌رله‌شكره‌كان كه‌ له‌گه‌ڵی بوون، هه‌موو پاشماوه‌ی گه‌لیان له‌ میچپا برده‌وه‌، ئه‌وانه‌ی له‌ ئیسماعیلی كوڕی نه‌ته‌نیاهۆ وه‌ریانگرتنه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی ئیسماعیل گه‌ده‌لیاهوی كوڕی ئه‌حیقامی كوشتبوو، جه‌نگاوه‌ره‌ به‌تواناكان و ژن و منداڵ و كاربه‌ده‌ستان بوون كه‌ له‌لای گبعۆن وه‌ریانگرتبوونه‌وه‌.
17
جا چوون و له‌ گێروت كیمهام، ئه‌وه‌ی له‌ته‌نیشت بێت‌له‌حمه‌، نیشته‌جێ بوون، بۆ ئه‌وه‌ی بڕۆن و بچنه‌ ناو میسره‌وه‌،
18
دوور له‌ بابلییه‌كان. لێیان ده‌ترسان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیسماعیلی كوڕی نه‌ته‌نیاهۆ، گه‌ده‌لیاهوی كوڕی ئه‌حیقامی كوشتبوو، ئه‌وه‌ی پاشای بابل كردبوو به‌ فه‌رمانڕه‌وای خاكه‌كه‌.