عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
داگیرکردنی ئۆرشەلیم 
1
لە مانگی دەی ساڵی نۆیەمی سدقیای پاشای یەهودا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هەموو سوپاکەی بەرەو ئۆرشەلیم جوڵاند و گەمارۆی دا.
2
لە نۆی مانگی چواری ساڵی یازدەیەمی سدقیا شوورای شارەکە شکێنرا.
3
جا هەموو سەرکردەکانی پاشای بابل هاتن و لە دەروازەکەی ناوەڕاست دانیشتن: نێرگەل‌سەرئەچەری سمەگەری، نەبۆسەرسەخیم کە سەرۆکی دیوان بوو، نێرگەل‌سەرئەچەر کە سەرۆکی مۆغەکان بوو، لەگەڵ پاشماوەی سەرکردەکانی پاشای بابل.
4
کاتێک کە سدقیای پاشای یەهودا و هەموو جەنگاوەرەکان ئەوانیان بینی، هەڵاتن و بە شەو بە ڕێگای باخچەی پاشادا بە دەروازەکەی نێوان دوو شووراکەدا شارەکەیان بەجێهێشت، بەرەو دەشتایی عەراڤا[a] ڕۆیشتن.
5
بەڵام سوپای بابلییەکان بەدوایان کەوتن، لە دەشتی ئەریحا گەیشتنە سدقیا. گرتیان و هێنایان بۆ لای نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ڕیڤلە، لە خاکی حەمات، ئەویش دادگایی کرد.
6
هەر لە ڕیڤلە پاشای بابل کوڕەکانی سدقیای لەبەرچاوی باوکیان کوشت، ئینجا هەموو پیاوماقوڵانی یەهوداشی لەناوبرد.
7
پاشان هەردوو چاوی سدقیای دەرهێنا، بە زنجیری بڕۆنز کۆتی کرد بۆ ئەوەی بیباتە بابل.
8
هەروەها بابلییەکان کۆشکی پاشا و ماڵەکانی خەڵکیان سووتاند، شووراکانی ئۆرشەلیمیان ڕووخاند.
9
ئەو پاشماوەیەی خەڵکی کە لە شارەکە مابوونەوە و ئەوانەی چووبوونە پاڵی و پەنایان بردبووە بەر پاشای بابل، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ڕاپێچی کردن بۆ بابل.
10
بەڵام هەندێک لەو خەڵکە هەژارەی هیچیان نەبوو، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا لە خاکی یەهودا بەجێی هێشتن، هەر لەو کاتەدا ڕەز و کێڵگەی پێدان.
11
نەبوخودنەسری پاشای بابل لەبارەی یەرمیاوە فەرمانی بە نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا کرد:
12
«بیبە و با چاوت لەسەری بێت، زیانی پێ مەگەیەنە، بەڵکو ئەوەی داوای دەکات بۆی بکە.»
13
نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا، نەبوشەزبانی سەرۆکی دیوان، نێرگەل‌سەرئەچەری سەرۆکی مۆغەکان، لەگەڵ هەموو سەرکردەکانی پاشای بابل
14
ناردیان و یەرمیایان لە حەوشەی پاسەوانەکان دەرهێنا، دایانە دەست گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافان، بۆ ئەوەی بیباتە ماڵەوە، ئیتر لەنێو خەڵکەکەی مایەوە.
15
کاتێک یەرمیا لە حەوشەی پاسەوانەکان گیرابوو، فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، پێی فەرموو:
16
«بڕۆ و بە عەبەدمەلەخی کوشی بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت: هەموو ئەوەی سەبارەت بەو شارە فەرمووم خەریکم پەیڕەوی دەکەم، بۆ خراپە نەک چاکەی، لەو کاتەدا لەبەرچاوت جێبەجێ دەکرێت.
17
بەڵام لەو ڕۆژەدا تۆ ڕزگار دەکەم و نادرێیتە دەست ئەوانەی لێیان دەترسیت. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
18
بێگومان دەربازت دەکەم، بە شمشێر ناکوژرێیت و ژیانت ڕزگار دەبێت، چونکە پشتت بە من بەست. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»
  1. a. 39‏:4 عەراڤا شیوێک بووە لە دەریاچەی جەلیلەوە هەتا دەریای مردوو.‏