عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
داگیركردنی ئۆرشه‌لیم 
1
له‌ مانگی ده‌ی ساڵی نۆیه‌می سدقیای پاشای یه‌هودا، نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل هه‌موو سوپاكه‌ی به‌ره‌و ئۆرشه‌لیم جوڵاند و گه‌مارۆی دا.
2
له‌ نۆی مانگی چواری ساڵی یازده‌یه‌می سدقیا شوورای شاره‌كه‌ شكێنرا.
3
جا هه‌موو سه‌ركرده‌كانی پاشای بابل هاتن و له‌ ده‌روازه‌كه‌ی ناوه‌ڕاست دانیشتن: نێرگه‌ل‌سه‌رئه‌چه‌ری سمه‌گه‌ری، نه‌بۆ‌سه‌رسه‌خیم كه‌ سه‌رۆكی دیوان بوو، نێرگه‌ل‌سه‌رئه‌چه‌ر كه‌ سه‌رۆكی مۆغه‌كان بوو، له‌گه‌ڵ پاشماوه‌ی سه‌ركرده‌كانی پاشای بابل.
4
كاتێك كه‌ سدقیای پاشای یه‌هودا و هه‌موو جه‌نگاوه‌ره‌كان ئه‌وانیان بینی، هه‌ڵاتن و به‌ شه‌و به‌ ڕێگای باخچه‌ی پاشادا به‌ ده‌روازه‌كه‌ی نێوان دوو شووراكه‌دا شاره‌كه‌یان به‌جێهێشت، به‌ره‌و ده‌شتایی عه‌راڤا[a] ڕۆیشتن.
5
به‌ڵام سوپای بابلییه‌كان به‌دوایان كه‌وتن، له‌ ده‌شتی ئه‌ریحا گه‌یشتنه‌ سدقیا. گرتیان و هێنایان بۆ لای نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل له‌ ڕیڤله‌، له‌ خاكی حه‌مات، ئه‌ویش دادگایی كرد.
6
هه‌ر له‌ ڕیڤله‌ پاشای بابل كوڕه‌كانی سدقیای له‌به‌رچاوی باوكیان كوشت، ئینجا هه‌موو پیاوماقوڵانی یه‌هوداشی له‌ناوبرد.
7
پاشان هه‌ردوو چاوی سدقیای ده‌رهێنا، به‌ زنجیری بڕۆنز كۆتی كرد بۆ ئه‌وه‌ی بیباته‌ بابل.
8
هه‌روه‌ها بابلییه‌كان كۆشكی پاشا و ماڵه‌كانی خه‌ڵكیان سووتاند، شووراكانی ئۆرشه‌لیمیان ڕووخاند.
9
ئه‌و پاشماوه‌یه‌ی خه‌ڵكی كه‌ له‌ شاره‌كه‌ مابوونه‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی چووبوونه‌ پاڵی و په‌نایان بردبووه‌ به‌ر پاشای بابل، نه‌بوزه‌ره‌دانی فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانانی پاشا ڕاپێچی كردن بۆ بابل.
10
به‌ڵام هه‌ندێك له‌و خه‌ڵكه‌ هه‌ژاره‌ی هیچیان نه‌بوو، نه‌بوزه‌ره‌دانی فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانانی پاشا له‌ خاكی یه‌هودا به‌جێی هێشتن، هه‌ر له‌و كاته‌دا ڕه‌ز و كێڵگه‌ی پێدان.
11
نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل له‌باره‌ی یه‌رمیاوه‌ فه‌رمانی به‌ نه‌بوزه‌ره‌دانی فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانانی پاشا كرد:
12
«بیبه‌ و با چاوت له‌سه‌ری بێت، زیانی پێ مه‌گه‌یه‌نه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی داوای ده‌كات بۆی بكه‌.»
13
نه‌بوزه‌ره‌دانی فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانانی پاشا، نه‌بوشه‌زبانی سه‌رۆكی دیوان، نێرگه‌ل‌سه‌رئه‌چه‌ری سه‌رۆكی مۆغه‌كان، له‌گه‌ڵ هه‌موو سه‌ركرده‌كانی پاشای بابل
14
ناردیان و یه‌رمیایان له‌ حه‌وشه‌ی پاسه‌وانه‌كان ده‌رهێنا، دایانه‌ ده‌ست گه‌ده‌لیاهوی كوڕی ئه‌حیقامی كوڕی شافان، بۆ ئه‌وه‌ی بیباته‌ ماڵه‌وه‌، ئیتر له‌نێو خه‌ڵكه‌كه‌ی مایه‌وه‌.
15
كاتێك یه‌رمیا له‌ حه‌وشه‌ی پاسه‌وانه‌كان گیرابوو، فه‌رمایشتی یه‌زدانی بۆ هات، پێی فه‌رموو:
16
«بڕۆ و به‌ عه‌به‌دمه‌له‌خی كوشی بڵێ: ”یه‌زدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: هه‌موو ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌و شاره‌ فه‌رمووم خه‌ریكم په‌یڕه‌وی ده‌كه‌م، بۆ خراپه‌ نه‌ك چاكه‌ی، له‌و كاته‌دا له‌به‌رچاوت جێبه‌جێ ده‌كرێت.
17
به‌ڵام له‌و ڕۆژه‌دا تۆ ڕزگار ده‌كه‌م و نادرێیته‌ ده‌ست ئه‌وانه‌ی لێیان ده‌ترسیت. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
18
بێگومان ده‌ربازت ده‌كه‌م، به‌ شمشێر ناكوژرێیت و ژیانت ڕزگار ده‌بێت، چونكه‌ پشتت به‌ من به‌ست. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.“»
  1. a. 39‏:4 عه‌راڤا شیوێك بووه‌ له‌ ده‌ریاچه‌ی جه‌لیله‌وه‌ هه‌تا ده‌ریای مردوو.