عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سووتاندنی تۆماره‌كه‌ی یه‌رمیا 
1
له‌ ساڵی چواره‌می یه‌هۆیاقیمی كوڕی یۆشیای پاشای یه‌هودا، ئه‌م په‌یامه‌ له‌لایه‌ن یه‌زدانه‌وه‌ بۆ یه‌رمیا هات:
2
«تۆمارێك بۆ خۆت بهێنه‌ و هه‌موو ئه‌و وشانه‌ی كه‌ پێم فه‌رموویت سه‌باره‌ت به‌ ئیسرائیل و یه‌هودا و هه‌موو گه‌لان، له‌ ماوه‌ی پاشایه‌تی یۆشیاوه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ، هه‌مووی تێدا تۆمار بكه‌.
3
به‌ڵكو بنه‌ماڵه‌ی یه‌هودا گوێیان له‌ هه‌موو ئه‌و به‌ڵایه‌ ده‌بێت كه‌ به‌ نیازم به‌سه‌ریان بهێنم، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌ و له‌ ڕێگا خراپه‌كانی خۆیه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، منیش له‌ تاوان و گوناهه‌كانیان خۆشده‌بم.»
4
یه‌رمیاش باروخی كوڕی نێرییای بانگكرد، كاتێك یه‌رمیا هه‌موو وشه‌كانی یه‌زدان كه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵیدا پێكردبوو ده‌یگوت، باروخ له‌ تۆمارێكدا نووسییه‌وه‌.
5
یه‌رمیا فه‌رمانی به‌ باروخ كرد و گوتی: «من به‌ندم و ناتوانم بچمه‌ ناو په‌رستگای یه‌زدانه‌وه‌.
6
جا تۆ له‌ ڕۆژی ڕۆژووگرتن بڕۆ ناو په‌رستگای یه‌زدان و وشه‌كانی یه‌زدان ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌مم له‌ تۆماره‌كه‌دا نووسیته‌وه‌ بیخوێنه‌وه‌. بۆ گه‌لی یه‌هودای بخوێنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی له‌ شارۆچكه‌كانی خۆیانه‌وه‌ دێن.
7
به‌ڵكو له‌به‌رده‌م یه‌زدان ده‌پاڕێنه‌وه‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌ ڕێگا خراپه‌كانی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و تووڕه‌یی و هه‌ڵچوونه‌ی كه‌ یه‌زدان سه‌باره‌ت به‌م گه‌له‌ فه‌رموویه‌تی، گه‌وره‌یه‌.»
8
باروخی كوڕی نێرییاش هه‌موو ئه‌وه‌ی كرد كه‌ یه‌رمیای پێغه‌مبه‌ر ڕایسپارد. به‌وه‌ی له‌ په‌رستگای یه‌زداندا وشه‌كانی یه‌زدانی له‌نێو تۆماره‌كه‌ خوێنده‌وه‌.
9
له‌ مانگی نۆی ساڵی پێنجه‌می یه‌هۆیاقیمی كوڕی یۆشیای پاشای یه‌هودا، بانگه‌وازی ڕۆژووگرتنیان ڕاگه‌یاند بۆ هه‌موو گه‌ل له‌ ئۆرشه‌لیم، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ شارۆچكه‌كانی یه‌هوداوه‌ هاتبوونه‌ ئۆرشه‌لیم.
10
له‌ ژووره‌كه‌ی گه‌مه‌ریای كوڕی شافانی خامه‌ی نهێنی[a] ، له‌ حه‌وشه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌، له‌لای داڵانی ده‌روازه‌ نوێیه‌كه‌ی په‌رستگای یه‌زدان، باروخ وشه‌كانی نێو تۆماره‌كه‌ی یه‌رمیای بۆ هه‌موو گه‌ل خوێنده‌وه‌.
11
كاتێك میخایوی كوڕی گه‌مه‌ریای كوڕی شافان هه‌موو وشه‌كانی یه‌زدانی له‌نێو تۆماره‌كه‌ بیست،
12
دابه‌زی بۆ ژووره‌كه‌ی خامه‌ی نهێنی له‌ كۆشكی پاشا، كه‌ هه‌موو پیاوه‌ گه‌وره‌كان له‌وێ دانیشتبوون، ئه‌لیشاماعی خامه‌ی نهێنی، ده‌لایای كوڕی شه‌مه‌عیا، ئه‌لناتانی كوڕی عه‌كبۆر، گه‌مه‌ریای كوڕی شافان، سدقیای كوڕی حه‌نه‌نیا، هه‌روه‌ها هه‌موو پیاوه‌ گه‌وره‌كانی دیكه‌.
13
میخایوش هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی پێ ڕاگه‌یاندن كه‌ بیستبووی، له‌ كاتێك كه‌ باروخ تۆماره‌كه‌ی بۆ گه‌ل ده‌خوێنده‌وه‌.
14
جا هه‌موو پیاوه‌ گه‌وره‌كان یه‌هودی كوڕی نه‌ته‌نیاهۆی كوڕی شه‌له‌میاهوی كوڕی كووشیان نارد بۆ ئه‌وه‌ی به‌ باروخ بڵێت: «ئه‌و تۆماره‌ی لێیه‌وه‌ بۆ ئه‌م گه‌له‌ خوێندته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ستت هه‌ڵیبگره‌ و وه‌ره‌.» ئینجا باروخی كوڕی نێرییاش تۆماره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌ستی هه‌ڵگرت و چوو بۆ لایان.
15
پێیان گوت: «فه‌رموو دابنیشه‌، گوێمان لێبێت بیخوێنه‌وه‌.» باروخیش بۆی خوێندنه‌وه‌.
16
كاتێك گوێیان له‌ هه‌موو ئه‌و وشانه‌ بوو، به‌ ترسه‌وه‌ ته‌ماشای یه‌كتریان كرد و به‌ باروخیان گوت: «ده‌بێ ته‌واوی ئه‌م وشانه‌ به‌ پاشا ڕابگه‌یه‌نین.»
17
ئینجا له‌ باروخیان پرسی: «تكایه‌ پێمان بڵێ چۆن هه‌موو ئه‌م وشانه‌ت نووسی؟ ئایا له‌ ده‌می یه‌رمیا بیستت؟»
18
باروخیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: «به‌ڵێ، به‌ ده‌می خۆی هه‌موو ئه‌م وشانه‌ی بۆ ده‌گوتم، منیش به‌ مه‌ره‌كه‌ب له‌ تۆماره‌كه‌دا ده‌منووسییه‌وه‌.»
19
ئینجا پیاوه‌ گه‌وره‌كان به‌ باروخیان گوت: «بڕۆ خۆت و یه‌رمیا خۆتان بشارنه‌وه‌، با كه‌س نه‌زانێت ئێوه‌ له‌كوێن.»
20
دوای ئه‌وه‌ی تۆماره‌كه‌یان له‌ ژووره‌كه‌ی ئه‌لیشاماعی خامه‌ی نهێنی دانا، چوونه‌ هه‌یوانه‌كه‌ بۆ لای پاشا، هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان به‌ پاشا ڕاگه‌یاند.
21
پاشا یه‌هودی نارد بۆ ئه‌وه‌ی تۆماره‌كه‌ بهێنێت، ئه‌ویش له‌ ژووره‌كه‌ی ئه‌لیشاماعی خامه‌ی نهێنییه‌وه‌ تۆماره‌كه‌ی هێنا. یه‌هودی بۆ پاشا و بۆ هه‌موو ئه‌و پیاوه‌ گه‌ورانه‌ی لای پاشا وه‌ستابوون خوێندییه‌وه‌.
22
ئه‌وه‌ له‌ مانگی نۆ بوو، پاشا له‌ ماڵی زستانه‌ دانیشتبوو، ئاگردانێكیش له‌به‌رده‌می داگیرسابوو.
23
كاتێك یه‌هودی سێ چوار ستوونی له‌ تۆماره‌كه‌ خوێنده‌وه‌، پاشا به‌ قه‌ڵه‌مبڕی نووسه‌ره‌كه‌ پارچه‌پارچه‌ی كرد و فڕێیدایه‌ ناو ئاگردانه‌كه‌وه‌ هه‌تا هه‌موو تۆماره‌كه‌ له‌ناو ئاگره‌كه‌ به‌ ته‌واوی فه‌وتا.
24
جا نه‌ پاشا و نه‌ هیچ یه‌كێك له‌ خزمه‌تكاره‌كانی كه‌ گوێیان له‌ هه‌موو ئه‌و وشانه‌ بوو نه‌ترسان، جله‌كانی به‌ریان دانه‌ دڕی.
25
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌لناتان و ده‌لایا و گه‌مه‌ریا تكایان له‌ پاشا كرد تۆماره‌كه‌ نه‌سووتێنێت، به‌ڵام ئه‌و گوێی لێ نه‌گرتن.
26
به‌ڵكو پاشا فه‌رمانی دا به‌ میر یه‌ره‌حمێل و سه‌رایای كوڕی عه‌زریێل و شه‌له‌میاهوی كوڕی عه‌بدئێل بۆ گرتنی باروخی سه‌رقه‌ڵه‌م و یه‌رمیای پێغه‌مبه‌ر، به‌ڵام یه‌زدان ئه‌وانی شارده‌وه‌.
27
دوای ئه‌وه‌ی پاشا تۆماره‌كه‌ی سووتاند كه‌ ئه‌و وشانه‌ی تێدابوو باروخ له‌ ده‌می یه‌رمیاوه‌ نووسیبووی، فه‌رمایشتی یه‌زدان بۆ یه‌رمیا هات:
28
«بگه‌ڕێوه‌ و تۆمارێكی دیكه‌ ببه‌ و هه‌موو ئه‌و وشانه‌ی تێدا بنووسه‌وه‌ كه‌ له‌ناو تۆماره‌كه‌ی یه‌كه‌م جار بوو، ئه‌وه‌ی یه‌هۆیاقیمی پاشای یه‌هودا سووتاندی.
29
به‌ یه‌هۆیاقیمی پاشای یه‌هوداش بڵێ: ”یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: تۆ ئه‌و تۆماره‌یه‌ت سووتاند و گوتت: ’بۆچی تێیدا نووسیت و گوتت، بێگومان پاشای بابل دێت و ئه‌م خاكه‌ ده‌فه‌وتێنێت و مرۆڤ و ئاژه‌ڵی تێدا قڕ ده‌كات؟‘
30
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدان له‌باره‌ی یه‌هۆیاقیمی پاشای یه‌هوداوه‌ ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: كه‌س له‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئه‌و له‌سه‌ر ته‌ختی داود دانانیشێت، ته‌رمه‌كه‌ی فڕێده‌درێته‌ به‌ر گه‌رمای ڕۆژ و سه‌رمای شه‌و.
31
سزای خۆی و منداڵ و خزمه‌تكاره‌كانی ده‌ده‌م له‌سه‌ر تاوانه‌كانیان، هه‌موو ئه‌و به‌ڵایه‌ی پێیانم گوت، به‌سه‌ر خۆیان و دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم و پیاوانی یه‌هودای ده‌هێنم، چونكه‌ گوێیان لێ نه‌گرت.“»
32
ئینجا یه‌رمیا تۆمارێكی دیكه‌ی برد و دایه‌ باروخی كوڕی نێرییای سه‌رقه‌ڵه‌م، ئه‌ویش له‌ ده‌می یه‌رمیاوه‌ هه‌موو وشه‌كانی ئه‌و تۆماره‌ی نووسییه‌وه‌ كه‌ یه‌هۆیاقیمی پاشای یه‌هودا له‌ناو ئاگردانه‌كه‌ سووتاندی، هه‌روه‌ها زۆر وشه‌ی له‌و جۆره‌شی بۆ زیاد كرد.
  1. a. 36‏:10 ڕازپۆش.