عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕێكابییه‌كان 
1
ئه‌مه‌ ئه‌و په‌یامه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن یه‌زدانه‌وه‌ بۆ یه‌رمیا هات، له‌ سه‌رده‌می پاشایه‌تی یه‌هۆیاقیمی كوڕی یۆشیای پاشای یه‌هودا:
2
«بڕۆ بۆ ماڵی ڕێكابییه‌كان و قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌، بیانهێنه‌ بۆ ماڵی یه‌زدان، بیانبه‌ ژووره‌وه‌ بۆ یه‌كێك له‌ ژووره‌ لاته‌نیشته‌كان و شه‌رابیان ده‌رخوارد بده‌.»
3
منیش یازه‌نیاهوی كوڕی یه‌رمیای كوڕی حه‌ڤه‌چینیا و براكانی و هه‌موو كوڕه‌كانی و هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی ڕێكابییه‌كانم برد.
4
ئه‌وانم برده‌ ماڵی یه‌زدان، بۆ ژووره‌كه‌ی نه‌وه‌كانی حانانی كوڕی یه‌گده‌لیاهوی پیاوی خودا، ئه‌وه‌ی له‌ته‌نیشت ژووری پیاوه‌ گه‌وره‌كانه‌، له‌سه‌ر ژووره‌كه‌ی مه‌عسێیاهوی كوڕی شه‌لوم كه‌ پاسه‌وانی ده‌رگاكه‌یه‌.
5
جامی پڕ شه‌راب و په‌رداخم له‌پێش كوڕانی بنه‌ماڵه‌ی ڕێكابییه‌كان دانا و پێم گوتن: «شه‌راب بخۆنه‌وه‌!»
6
به‌ڵام ئه‌وان گوتیان: «ئێمه‌ شه‌راب ناخۆینه‌وه‌، چونكه‌ یۆنادابی كوڕی ڕێكابی باپیره‌ گه‌وره‌مان، فه‌رمانی پێ كردووین و گوتوویه‌تی: ”نه‌ خۆتان و نه‌ كوڕه‌كانتان بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ شه‌راب مه‌خۆنه‌وه‌.
7
هه‌روه‌ها خانوو بنیاد مه‌نێن، كشتوكاڵ مه‌كه‌ن، ڕه‌زیش مه‌چێنن و نه‌تانبێت، به‌ڵكو به‌ درێژایی ژیانتان چادرنشین بن، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نێكی درێژ له‌سه‌ر ڕووی ئه‌م خاكه‌ بژین كه‌ ئێوه‌ تێیدا نامۆن.“
8
ئێمه‌ش گوێڕایه‌ڵی قسه‌كه‌ی یۆنادابی كوڕی ڕێكابی باپیره‌ گه‌وره‌مان ده‌بین. له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی فه‌رمانی پێ كردووین، به‌ درێژایی ژیانمان نه‌ خۆمان و نه‌ ژنه‌كانمان و نه‌ كوڕ و كچه‌كانمان شه‌راب ناخۆینه‌وه‌،
9
خانوو بنیاد نانێن بۆ نیشته‌جێبوونمان، ڕه‌ز و كێڵگه‌ و كشتوكاڵیشمان نابێت.
10
چادرنشین بووین، به‌ ته‌واوی گوێڕایه‌ڵی هه‌موو ئه‌وه‌ بووین كه‌ یۆنادابی باپیره‌ گه‌وره‌مان فه‌رمانی پێ كردووین.
11
به‌ڵام كاتێك نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر ئه‌و خاكه‌، ئێمه‌ش گوتمان: ”ده‌بێ بچینه‌ ئۆرشه‌لیم بۆ هه‌ڵاتن له‌ ده‌ستی سوپای بابلی و سوپای ئارامییه‌كان.“ جا له‌ ئۆرشه‌لیم نیشته‌جێ بووین.»
12
ئینجا فه‌رمایشتی یه‌زدان بۆ یه‌رمیا هات، یه‌زدان به‌ یه‌رمیای فه‌رموو:
13
«یه‌زدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: بڕۆ به‌ پیاوانی یه‌هودا و دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم بڵێ یه‌زدان پێتان ده‌فه‌رموێت: ”ئایا ئێوه‌ ته‌مبێ نابن، بۆ ئه‌وه‌ی گوێڕایه‌ڵی فه‌رمایشته‌كانم بن؟
14
یۆنادابی كوڕی ڕێكاب فه‌رمانی به‌ كوڕه‌كانی كرد شه‌راب نه‌خۆنه‌وه‌، فه‌رمانه‌كه‌ی جێبه‌جێ كرا. هه‌تا ئه‌مڕۆش شه‌رابیان نه‌خواردووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانی باپیره‌ گه‌وره‌یان بوون. به‌ڵام من به‌رده‌وام قسه‌م له‌گه‌ڵ ئێوه‌ كردووه‌، ئێوه‌ گوێڕایه‌ڵی من نه‌بوون.
15
من به‌ به‌رده‌وامی هه‌موو به‌نده‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانی خۆمم بۆ ئێوه‌ ناردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پێتان بڵێن: ’هه‌ریه‌كه‌ و له‌ ڕه‌فتاره‌ خراپه‌كانتان بگه‌ڕێنه‌وه‌ و كرده‌وه‌كانتان چاك بكه‌نه‌وه‌، دوای خودای دیكه‌ مه‌كه‌ون بۆ په‌رستنیان، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و خاكه‌ی داومه‌ته‌ خۆتان و باوباپیرانتان.‘ به‌ڵام ئێوه‌ گوێتان پێنه‌دام و گوێتان لێ نه‌گرتم.
16
كوڕه‌كانی یۆنادابی كوڕی ڕێكاب فه‌رمانه‌كه‌ی باپیره‌ گه‌وره‌یان به‌جێگه‌یاند كه‌ فه‌رمانی پێ كردن، به‌ڵام ئه‌م گه‌له‌ گوێڕایه‌ڵی من نه‌بوون.“
17
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”ئه‌وه‌تا من هه‌موو ئه‌و خراپه‌یه‌ به‌سه‌ر یه‌هودا و دانیشتووانی ئۆرشه‌لیمدا ده‌هێنم كه‌ سه‌باره‌ت به‌وان فه‌رمووبووم. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قسه‌م له‌گه‌ڵ كردن، به‌ڵام گوێیان لێ نه‌گرتم، بانگم كردن به‌ڵام وه‌ڵامیان نه‌دامه‌وه‌.“»
18
یه‌رمیا به‌ بنه‌ماڵه‌ی ڕێكابییه‌كانی گوت: «یه‌زدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”ئێوه‌ گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانه‌كه‌ی یۆنادابی باپیره‌ گه‌وره‌تان بوون، هه‌روه‌ها هه‌موو فه‌رمانه‌كانی ئه‌وتان پاراست و هه‌موو ئه‌وه‌تان كرد كه‌ فه‌رمانی پێ كردبوون.“
19
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”به‌ درێژایی ڕۆژگار پیاو نابڕێت له‌ یۆنادابی كوڕی ڕێكاب بۆ خزمه‌تكردنم.“»