عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئاگاداری بۆ سدقیا 
1
كاتێك نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل و هه‌موو سوپاكه‌ی و هه‌موو شانشینه‌كانی ئه‌و خاكانه‌ی له‌ژێر ده‌ستی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ئه‌ودا بوون و هه‌موو گه‌لان له‌ دژی ئۆرشه‌لیم و هه‌موو شارۆچكه‌كانی ده‌جه‌نگین، یه‌زدان په‌یامی بۆ یه‌رمیا نارد، فه‌رمووی:
2
«یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: بڕۆ قسه‌ له‌گه‌ڵ سدقیای پاشای یه‌هودا بكه‌ و پێی بڵێ: ”یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: من خه‌ریكم ئه‌م شاره‌ ده‌ده‌مه‌ ده‌ست پاشای بابله‌وه‌ و به‌ ئاگر ده‌یسووتێنێت.
3
تۆش له‌ ده‌ستی ده‌رباز نابیت، به‌ڵكو به‌گرتن ده‌گیرێیت و ده‌درێیته‌ ده‌ستی ئه‌وه‌وه‌، چاوه‌كانت چاوه‌كانی پاشای بابل ده‌بینێت، ڕووبه‌ڕوو قسه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كات. پاشان ده‌چیته‌ بابل.
4
«”ئه‌ی سدقیای پاشای یه‌هودا، گوێ له‌ به‌ڵێنی یه‌زدان بگره‌، یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت سه‌باره‌ت به‌ تۆ: به‌ شمشێر نامریت،
5
به‌ ئاشتی ده‌مریت. وه‌ك چۆن خه‌ڵكی بۆ ڕێزگرتن له‌ باوباپیرانی پاشاكانی پێش تۆ بخووریان ده‌سووتاند، ئاوا بۆ ڕێزگرتن له‌ تۆ بخوور ده‌سووتێنن، به‌ ’گه‌وره‌ ڕۆ!‘ بۆت ده‌لاوێنه‌وه‌. یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: من ئه‌و به‌ڵێنه‌ ده‌ده‌م.“»
6
جا یه‌رمیای پێغه‌مبه‌ر له‌ ئۆرشه‌لیم هه‌موو ئه‌م قسانه‌ی به‌ سدقیای پاشای یه‌هودا گوت،
7
له‌و كاته‌ی سوپاكه‌ی پاشای بابل كه‌وته‌ جه‌نگه‌وه‌ له‌ دژی ئۆرشه‌لیم و ئه‌و شارانه‌ی دیكه‌ی یه‌هودا كه‌ مابوونه‌وه‌، له‌ دژی لاخیش و عه‌زێقا، له‌ شاره‌ قه‌ڵابه‌نده‌كانی یه‌هودا ته‌نها ئه‌مانه‌ مابوونه‌وه‌.
ئازادكردنی كۆیله‌كان 
8
ئه‌و په‌یامه‌ی له‌لایه‌ن یه‌زدانه‌وه‌ بۆ یه‌رمیا هات، دوای ئه‌وه‌ی سدقیای پاشا په‌یمانی له‌گه‌ڵ هه‌موو گه‌ل به‌ست كه‌ له‌ ئۆرشه‌لیم بوون بۆ ڕاگه‌یاندنی ئازادكردنی كۆیله‌.
9
هه‌ركه‌سه‌ كۆیله‌ عیبرانییه‌كه‌ی و كه‌نیزه‌ عیبرانییه‌كه‌ی خۆی ئازاد بكات، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س ئه‌و برا و خوشكه‌ جوله‌كه‌یه‌ی نه‌كات به‌ كۆیله‌.
10
پیاوه‌ گه‌وره‌كان و هه‌موو گه‌ل هاتنه‌ ناو په‌یمانه‌كه‌وه‌ و ڕازی بوون به‌وه‌ی هه‌ركه‌سه‌ و ده‌بێت كۆیله‌ و كه‌نیزه‌كه‌ی خۆی ئازاد بكات و ئیتر كه‌س نه‌یانكات به‌ كۆیله‌، گوێڕایه‌ڵ بوون و به‌ڕه‌ڵایان كردن.
11
به‌ڵام پاشان گه‌ڕانه‌وه‌، ئه‌و كۆیله‌ و كه‌نیزانه‌ی ئازادیان كردبوون جارێكی دیكه‌ كردیاننه‌وه‌ به‌ كۆیله‌ و كه‌نیزه‌.
12
ئینجا فه‌رمایشتی یه‌زدان بۆ یه‌رمیا هات:
13
«یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: من له‌گه‌ڵ باوباپیرانتان په‌یمانم به‌ست، ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ خاكی میسره‌وه‌ ده‌رمهێنان له‌ خاكی كۆیلایه‌تییه‌وه‌، فه‌رمووم:
14
”له‌ كۆتایی حه‌وت ساڵدا هه‌ركه‌سه‌ و ده‌بێت ئه‌و عیبرانییه‌ ئازاد بكات و به‌ڕه‌ڵا بكات كه‌ خۆی به‌ ئێوه‌ فرۆشتووه‌ و شه‌ش ساڵ خزمه‌تی كردوون.“[a] به‌ڵام باوكانتان گوێیان لێ نه‌گرتم و گوێیان شل نه‌كرد.
15
ئه‌مڕۆ ئێوه‌ تۆبه‌تان كرد و ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوی من ڕاست بوو كردتان، هه‌ركه‌سه‌ و ئازادكردنی بۆ هاونیشتیمانییه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند، له‌و ماڵه‌ی ناوی منی هه‌ڵگرتووه‌ په‌یمانتان به‌ست.
16
به‌ڵام پاشان هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ و ناوی منتان زڕاند، هه‌ریه‌كه‌تان كۆیله‌ و كه‌نیزه‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ئازادتان كردبوون چیان بووێ بۆ خۆیان بیكه‌ن، ناچارتان كردن ببنه‌وه‌ كۆیله‌ و كه‌نیزه‌تان.
17
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئێوه‌ گوێڕایه‌ڵی من نه‌بوون بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ركه‌سه‌ و ئازادكردنی هاونیشتیمانییه‌كه‌ی ڕابگه‌یه‌نێت، من ”ئازادی“ بۆ ئێوه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نم، ”ئازادی“ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شمشێر و قاتوقڕی و ده‌رد له‌ناوبچن. وا ده‌كه‌م هه‌موو شانشینه‌كانی زه‌وی لێتان بتۆقن. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
18
ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ په‌یمانه‌كه‌ی منیان شكاند، ئه‌وانه‌ی به‌نده‌كانی ئه‌و په‌یمانه‌یان جێبه‌جێ نه‌كرد كه‌ له‌به‌رده‌می من به‌ستیان، وه‌ك ئه‌و گوێره‌كه‌یه‌یان لێده‌كه‌م كه‌ دوو له‌تیان كرد و به‌ناو دوو له‌ته‌كه‌یدا تێپه‌ڕین.[b]
19
پیاوه‌ گه‌وره‌كانی یه‌هودا و پیاوه‌ گه‌وره‌كانی ئۆرشه‌لیم و كاربه‌ده‌ستان و كاهینان و هه‌موو گه‌لی خاكه‌كه‌، ئه‌وانه‌ی به‌ناو دوو له‌تی جوانه‌گادا تێپه‌ڕین،
20
ده‌یانده‌مه‌ ده‌ست دوژمنه‌كانیان كه‌ ده‌یانه‌وێ بیانكوژن. ته‌رمه‌كانیان ده‌بێت به‌ خۆراكی باڵنده‌ و ئاژه‌ڵی كێوی.
21
«سدقیای پاشای یه‌هودا و پیاوه‌ گه‌وره‌كانیشی ده‌ده‌مه‌ ده‌ست دوژمنه‌كانیان كه‌ ده‌یانه‌وێ بیانكوژن، ده‌یانده‌مه‌ ده‌ست سوپاكه‌ی پاشای بابل، ئه‌وانه‌ی له‌ كۆڵتان بوونه‌ته‌وه‌.
22
من فه‌رمان ده‌ده‌م بابلییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌م شاره‌ و له‌ دژی بجه‌نگن. ئه‌م شاره‌ ده‌گرن و به‌ ئاگر ده‌یسووتێنن، شارۆچكه‌كانی یه‌هوداش وێران ده‌كه‌م و ئاوه‌دانی تێدا نامێنێت.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
  1. a. 34‏:14 بڕوانه‌ \+xt دواوتار 15‏:12‏\+xt*
  2. b. 34‏:18 وه‌ك نیشانه‌ی به‌ستنی په‌یمان گوێره‌كه‌یه‌ك پارچه‌ كراوه‌ بۆ دوو به‌ش و جیا كراوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سه‌ی په‌یمانه‌كه‌ ده‌به‌ستێت به‌ نێوان دوو به‌شه‌كه‌دا تێده‌په‌ڕێت و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر دڵسۆز نه‌بم بۆ په‌یمانه‌كه‌ منیش وه‌ك ئه‌وه‌م لێبێت. بڕوانه‌ \+xt په‌یدابوون 15‏:9‏-19.‏\+xt*‏