عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «له‌و كاته‌دا، ده‌بم به‌ خودای هه‌موو خێڵه‌كانی ئیسرائیل، ئه‌وانیش ده‌بن به‌ گه‌لی من.»
2
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«ئه‌و گه‌له‌ی له‌ ده‌می شمشێر ده‌ربازبوون
له‌ چۆڵه‌وانی میهره‌بانییان ده‌ستكه‌وت،
كاتێك هاتم ئیسرائیل بحه‌وێنمه‌وه‌.»
3
له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ یه‌زدانمان بۆ ده‌ركه‌وتووه‌ و ده‌فه‌رموێت:
«به‌ خۆشویستنێكی هه‌تاهه‌تایی ئێوه‌م خۆشده‌وێت،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌رده‌وامیم دا به‌ خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕم بۆ ئێوه‌.
4
ئه‌ی ئیسرائیلی پاكیزه‌، بنیادت ده‌نێمه‌وه‌،
بنیاد ده‌نرێیته‌وه‌.
دووباره‌ ده‌فه‌كانت هه‌ڵده‌گریته‌وه‌
بۆ ناو سه‌مای به‌زمگێڕان ده‌چیت.
5
دووباره‌ ڕه‌زه‌مێو ده‌چێنیت
له‌ چیاكانی سامیره‌،
ڕه‌زه‌وانه‌كان ده‌چێنن و
به‌ره‌كه‌ی ده‌خۆن[a] .
6
ڕۆژێك دێت
چاودێران له‌ شاخه‌كانی ئه‌فرایم بانگه‌واز ده‌كه‌ن:
”وه‌رن، با بۆ سییۆن سه‌ربكه‌وین،
بۆ لای یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان.“»
7
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«به‌ شادییه‌وه‌ گۆرانی بۆ یاقوب بڵێن،
هاواری خۆشی بكه‌ن بۆ سه‌ر باشترین نه‌ته‌وه‌.
با ستایشتان ببیسترێت و بڵێن:
”ئه‌ی یه‌زدان، گه‌لی خۆت ڕزگار بكه‌،
پاشماوه‌كه‌ی ئیسرائیل!“
8
ئه‌وه‌تا من له‌ خاكی باكووره‌وه‌ ده‌یانهێنمه‌وه‌،
له‌ هه‌موو لایه‌كی زه‌وی كۆیان ده‌كه‌مه‌وه‌،
له‌نێویان شه‌ل و نابینا ده‌بێت
ژنی سكپڕ و ژانگرتوو پێكه‌وه‌،
كۆمه‌ڵێكی گه‌وره‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئێره‌.
9
به‌ گریانه‌وه‌ دێن،
له‌و كاته‌ی ده‌یانگه‌ڕێنمه‌وه‌ ده‌پاڕێنه‌وه‌،
به‌لای ڕووباره‌ ئاوه‌كاندا ده‌یانبه‌م،
به‌ ڕێگایه‌كی ڕاست، تێیدا ساتمه‌ ناكه‌ن و ناكه‌ون،
چونكه‌ من باوكی ئیسرائیلم،
ئه‌فرایم نۆبه‌ره‌مه‌.
10
«ئه‌ی نه‌ته‌وه‌كان، گوێ له‌ فه‌رمایشتی یه‌زدان بگرن،
له‌ كه‌ناره‌ دووره‌كان ڕابگه‌یه‌نن:
”ئه‌وه‌ی ئیسرائیلی په‌رته‌وازه‌ كرد، كۆیان ده‌كاته‌وه‌،
وه‌ك شوان مێگه‌لی خۆی ده‌پارێزێت.“
11
چونكه‌ یه‌زدان نرخی ئازادبوونی یاقوبی دا،
له‌ ده‌ست ئه‌وه‌ی له‌و[b] به‌هێزتر بوو كڕییه‌وه‌.
12
جا دێن و له‌ به‌رزاییه‌كانی سییۆن هاواری خۆشی ده‌كه‌ن.
له‌به‌ر خێروبێری یه‌زدان ده‌گه‌شێنه‌وه‌،
به‌سه‌ر دانه‌وێڵه‌ و شه‌رابی نوێ و زه‌یته‌وه‌،
به‌سه‌ر به‌رخ و گوێره‌كه‌وه‌.
وه‌ك باخچه‌یه‌كی تێر ئاو ده‌بن،
جارێكی دیكه‌ سیس نابن.
13
ئه‌وسا پاكیزه‌كان سه‌ما ده‌كه‌ن و دڵشاد ده‌بن،
گه‌نجان و پیران پێكه‌وه‌.
شینیان ده‌گۆڕم به‌ شادی،
دڵنه‌واییان ده‌كه‌م و له‌دوای په‌ژاره‌ییان دڵخۆشیان ده‌كه‌م.
14
كاهینه‌كان تێر ده‌كه‌م له‌ چه‌وری،
گه‌له‌كه‌م له‌ خێروبێرم تێر ده‌بن.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
15
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«ده‌نگێك له‌ ڕامه‌وه‌ بیسترا،
گریان و شیوه‌نێكی گه‌وره‌،
ڕاحێل بۆ منداڵه‌كانی ده‌گریێت،
ڕازی نییه‌ دڵنه‌وایی بكرێت،
له‌به‌ر منداڵه‌كانی، چونكه‌ نه‌ماون.»
16
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«واز له‌ گریان بهێنه‌ و
چاوت فرمێسك هه‌ڵنه‌ڕێژێ،
چونكه‌ كرده‌وه‌كه‌ت پاداشتی هه‌یه‌.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
«له‌ خاكی دوژمن ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.
17
كه‌واته‌ هیوا به‌ دواڕۆژت هه‌یه‌.
منداڵه‌كانت ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ خاكی خۆیان.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
18
«به‌ دڵنیاییه‌وه‌ گوێم لێ بوو ئه‌فرایم ئاخی هه‌ڵده‌كێشا:
”وه‌ك گوێره‌كه‌یه‌كی ده‌سته‌مۆنه‌كراو ته‌مبێت كردم،
من ته‌مبێ بووم.
بمگه‌ڕێنه‌وه‌ لای خۆت، ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌،
چونكه‌ تۆ یه‌زدانی خودای منی.
19
له‌دوای گومڕابوونم،
په‌شیمان بوومه‌وه‌،
له‌دوای تێگه‌یشتنم،
له‌ سنگی خۆمم دا.
شه‌رمه‌زار بووم و گاڵته‌م پێ كرا،
چونكه‌ ڕیسوایی كاتی مێردمنداڵیم به‌ كۆڵمه‌وه‌ بوو.“
20
ئایا ئه‌فرایم كوڕی ئازیزم نییه‌،
ئه‌و منداڵه‌ی دڵم پێی خۆشه‌؟
چونكه‌ هه‌ر كاتێك له‌ دژی ئه‌و ده‌دوێم،
دووباره‌ دێته‌وه‌ یادم.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ناوم بۆی ده‌سووتێت،
به‌ ته‌واوی به‌زه‌ییم پێیدا دێته‌وه‌.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
21
«نیشانه‌ بۆ خۆت بچه‌قێنه‌ و
ڕێوشوێن دابنێ.
به‌ وردی بڕوانه‌ ڕێگاكه‌،
ئه‌و ڕێگایه‌ی پێیدا ده‌ڕۆن.
ئه‌ی ئیسرائیلی پاكیزه‌، بگه‌ڕێوه‌،
بگه‌ڕێوه‌ بۆ شارۆچكه‌كانت.
22
هه‌تا كه‌ی به‌م لاو به‌و لادا ده‌ڕۆیت،
ئه‌ی كچی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌؟
چونكه‌ یه‌زدان شتێكی نوێی له‌سه‌ر زه‌وی به‌دیهێناوه‌:
ژن پیاو ده‌پارێزێت.»
23
یه‌زدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: «كاتێك ڕاپێچكراوه‌كانیان ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌، جارێكی دیكه‌ ئه‌م وشانه‌ له‌ خاكی یه‌هودا و له‌ شارۆچكه‌كانی ده‌ڵێنه‌وه‌: ”ئه‌ی نشینگه‌ی ڕاستودروستی، ئه‌ی كێوی پیرۆز! یه‌زدان به‌ره‌كه‌تدارت بكات.“
24
جا خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ یه‌هودا و هه‌موو شارۆچكه‌كانی نیشته‌جێ ده‌بن، جوتیار و ڕه‌وه‌نده‌كان له‌گه‌ڵیان ده‌بن.
25
ماندوو ده‌بووژێنمه‌وه‌، هه‌موو سیسێك تێر ده‌كه‌م.»
26
لێره‌دا به‌ئاگاهاتم و ته‌ماشای ده‌وروبه‌رم كرد. خه‌وه‌كه‌م خۆش بوو.
27
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «ئه‌وه‌تا سه‌رده‌مێك دێت، ژماره‌ی خه‌ڵك و ژماره‌ی ئاژه‌ڵ له‌ ئیسرائیل و یه‌هودا زۆر زیاد ده‌كه‌م.
28
جا چۆن چاودێر بووم بۆ ڕیشه‌كێشكردن و ڕووخاندن، بۆ كاولكاری، بۆ له‌ناوبردن و به‌ڵا به‌سه‌رهێنان، ئاواش چاودێر ده‌بم بۆ بنیادنانه‌وه‌ و چاندن.» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
29
«له‌و ڕۆژانه‌دا ئیتر ناڵێن:
«”باوكان به‌رسیله‌یان خوارد،
ددانی منداڵه‌كان ئاڵ ده‌بێت.“
30
به‌ڵكو هه‌ركه‌سه‌ و به‌ تاوانی خۆیه‌وه‌ ده‌مرێت، هه‌ركه‌سێك به‌رسیله‌ بخوات ددانی خۆی ئاڵ ده‌بێت.»
31
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «ئه‌وه‌تا سه‌رده‌مێك دێت،
په‌یمانێكی نوێ[c] له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل و
بنه‌ماڵه‌ی یه‌هودا ده‌به‌ستم.
32
نه‌ك وه‌كو ئه‌و په‌یمانه‌ی
له‌گه‌ڵ باوباپیرانیاندا به‌ستم،
ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌ستی ئه‌وانم گرت
بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خاكی میسر ده‌ریانبهێنم،
چونكه‌ ئه‌وان په‌یمانه‌كه‌ی منیان شكاند،
هه‌رچه‌نده‌ من مێردی[d] ئه‌وان بووم.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
33
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «ئه‌مه‌ ئه‌و په‌یمانه‌یه‌ كه‌ له‌دوای ئه‌و ڕۆژانه‌
له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیلدا ده‌یبه‌ستم،
فێركردنه‌كه‌م ده‌خه‌مه‌ ناو بیركردنه‌وه‌یان و
له‌سه‌ر دڵیان ده‌ینووسم.
من ده‌بم به‌ خودای ئه‌وان و
ئه‌وانیش ده‌بن به‌ گه‌لی من.
34
له‌مه‌ودوا كه‌س هاوڕێكه‌ی خۆی
یان براكه‌ی خۆی فێرناكات و بڵێت: ”یه‌زدان بناسه‌،“
چونكه‌ هه‌موویان ده‌مناسن،
له‌ بچووكیانه‌وه‌ هه‌تا گه‌وره‌یان،
چونكه‌ له‌ تاوانه‌كانیان خۆشده‌بم،
چیتر گوناهه‌كانیان به‌بیری خۆم ناهێنمه‌وه‌.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
35
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت،
ئه‌وه‌ی خۆری داناوه‌
بۆ دره‌وشانه‌وه‌ له‌ ڕۆژ،
فه‌رزی مانگ و ئه‌ستێره‌كانیش
بۆ دره‌وشانه‌وه‌ له‌ شه‌و،
ئه‌وه‌ی ده‌ریا ده‌وروژێنێت،
شه‌پۆله‌كانی هاژه‌یان دێت،
ناوی یه‌زدانی سوپاسالاره‌،
36
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت:
«ئه‌گه‌ر ئه‌م فه‌رزانه‌ له‌به‌رده‌مم له‌ كار بخرێن،
ئه‌وسا ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئیسرائیلیش كپ ده‌بن
له‌وه‌ی به‌ درێژایی ڕۆژگار له‌به‌رده‌مم ببن به‌ نه‌ته‌وه‌.»
37
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«ئه‌گه‌ر ئاسمان له‌ سه‌ره‌وه‌ بپێورێت،
ئه‌گه‌ر بناغه‌كانی زه‌وی له‌ ژێره‌وه‌ بپشكنرێن،
ئه‌وسا منیش هه‌موو ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئیسرائیل ڕه‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌،
له‌به‌ر هه‌موو ئه‌وه‌ی كردیان.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
38
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «سه‌رده‌مێك دێت، شاره‌كه‌ بۆ یه‌زدان بنیاد ده‌نرێت، له‌ قولله‌ی حه‌نه‌نێله‌وه‌ هه‌تا ده‌روازه‌ی گۆشه‌كه‌.
39
له‌وێوه‌ گوریسی پێوانه‌ به‌سه‌ر گردی گارێڤ درێژ ده‌كرێت و ده‌سووڕێته‌وه‌ بۆ گۆعه‌.
40
ته‌واوی ئه‌و دۆڵه‌ی لاشه‌ و خۆڵه‌مێشی تێدا فڕێده‌درێت، هه‌روه‌ها هه‌موو كێڵگه‌كان بۆ دۆڵی قدرۆن له‌ ڕۆژهه‌ڵات تاوه‌كو ده‌روازه‌ی ئه‌سپ پیرۆز ده‌بێت بۆ یه‌زدان، هه‌تاهه‌تایه‌ ڕیشه‌كێش ناكرێت و جارێكی دیكه‌ كاول ناكرێته‌وه‌.»
  1. a. 31‏:5 واته‌ یه‌زدان نیشته‌جێیان ده‌كاته‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ كه‌ بتوانن به‌ری داره‌كانیان بخۆن، چونكه‌ دروست نه‌بوو به‌ری هیچ دارێك بخۆن هه‌تا ساڵی پێنجه‌م.
  2. b. 31‏:11 مه‌به‌ست له‌ فیرعه‌ونی میسره‌ كه‌ له‌ گه‌لی ئیسرائیل به‌هێزتر بوو.
  3. c. 31‏:31 بڕوانه‌\+xt مه‌تا 26‏:28 و عیبرانییه‌كان 8‏:13‏\+xt*‏.
  4. d. 31‏:32 په‌یوه‌ندی نێوان خودا و گه‌له‌كه‌ی به‌ په‌یوه‌ندی نێوان ژن و مێرد ده‌چووێنرێت، له‌ ڕووی ئه‌رك و وه‌فا و گوێڕایه‌ڵییه‌وه‌.