عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئیسرائیل 
1
ئه‌مه‌ ئه‌و په‌یامه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن یه‌زدانه‌وه‌ بۆ یه‌رمیا هات:
2
«یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”هه‌موو ئه‌و وشانه‌ی كه‌ پێم فه‌رموویت، له‌ په‌ڕتووكێكدا بیاننووسه‌.“
3
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: ”سه‌رده‌مێك دێت، ئیسرائیل و یه‌هودای گه‌له‌كه‌م له‌ ڕاپێچكراوی ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌، ده‌یانهێنمه‌وه‌ ئه‌و خاكه‌ی به‌ باوباپیرانی ئه‌وانم دابوو، بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌نداریێتی بكه‌ن.“» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
4
ئه‌مانه‌ش ئه‌و وشانه‌ن كه‌ یه‌زدان سه‌باره‌ت به‌ ئیسرائیل و یه‌هودا فه‌رمووی:
5
«یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«”هاواری ترسمان بیست،
تۆقین نه‌ك ئاشتی.
6
بپرسن و ببینن:
ئایا نێر سكی ده‌بێت؟
ئه‌ی بۆچی هه‌ر پیاوێك ده‌بینم
وه‌ك ژنی ژانگرتوو ده‌ستی به‌ كه‌مه‌رییه‌وه‌یه‌ و
هه‌موو ڕووشی زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوه‌؟
7
ئای! له‌و ڕۆژه‌ سامناكه‌!
ڕۆژی ئاوا نابێت.
ئه‌مه‌ كاتی ته‌نگانه‌یه‌ بۆ یاقوب،
به‌ڵام لێی ڕزگار ده‌بێت.“
8
«یه‌زدانی سوپاسالار ده‌فه‌رموێت،
”له‌و ڕۆژه‌دا، ئه‌و نیره‌ ده‌شكێنم كه‌ له‌ ملیانه‌،
پێبه‌ندیان ده‌پسێنم و
چیتر بێگانه‌ نایانكه‌ن به‌ كۆیله‌.
9
به‌ڵكو یه‌زدانی په‌روه‌ردگاریان ده‌په‌رستن و
خزمه‌تی داودی پاشایان ده‌كه‌ن، [a]
ئه‌وه‌ی كه‌ بۆیان دایده‌نێم.“»
10
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «”ئه‌ی یاقوبی به‌نده‌م، مه‌ترسه‌،
ئه‌ی ئیسرائیل، مه‌تۆقه‌.
به‌ دڵنیاییه‌وه‌ من له‌م شوێنه‌ دووره‌ ڕزگارت ده‌كه‌م،
نه‌وه‌كه‌شت له‌و خاكه‌وه‌ی بۆی ڕاپێچ كراوه‌.
یاقوب ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ئاسووده‌ ده‌بێت،
دڵنیا ده‌بێت و كه‌س نایتۆقێنێت.
11
من له‌گه‌ڵتدام و ڕزگارت ده‌كه‌م.“
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت:
”ئه‌گه‌ر كۆتایی به‌ هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ بهێنم
كه‌ له‌نێویاندا په‌رته‌وازه‌م كردیت،
كۆتایی به‌ تۆ ناهێنم.
ته‌مبێت ده‌كه‌م، به‌ڵام به‌ دادپه‌روه‌ری،
بێ سزا به‌ڕه‌ڵات ناكه‌م.“
12
«یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«”شكاوییه‌كه‌ت بێ چاره‌یه‌،
برینه‌كه‌ت سه‌خته‌.
13
كه‌س نییه‌ داكۆكی له‌ كێشه‌ی تۆ بكات،
ده‌رمان نییه‌ بۆ برینه‌كه‌ی تۆ،
تۆ چاك نابیته‌وه‌.
14
هه‌موو هاوپه‌یمانه‌كانت له‌بیریان كردوویت،
هیچ گرنگی به‌ تۆ ناده‌ن.
وه‌ك لێدان له‌ دوژمن له‌ تۆم دا،
به‌ سه‌ختی ته‌مبێم كردی
له‌سه‌ر زۆری تاوانه‌كانت،
له‌سه‌ر گه‌وره‌یی گوناهه‌كانت.
15
بۆچی له‌به‌ر شكانه‌كه‌ت هاوار ده‌كه‌یت،
له‌به‌ر ئازاره‌كه‌ت كه‌ ناشكێت؟
له‌سه‌ر زۆری تاوانه‌كانت و گه‌وره‌یی گوناهه‌كانت،
منیش ئه‌مه‌م پێكردیت.
16
«”به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ی تۆیان خوارد ده‌خورێن،
هه‌موو دوژمنه‌كانت ڕاپێچ ده‌كرێن.
ڕاووڕووتكه‌رانت ڕاووڕووت ده‌كرێن و
هه‌موو تاڵانكه‌رانت ده‌كه‌م به‌ تاڵانی.
17
به‌ڵام ته‌ندروستیت ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌،
برینه‌كانت چاك ده‌كه‌مه‌وه‌،
چونكه‌ ناویان لێنایت دوورخراوه‌كه‌،
سییۆن، ئه‌وه‌ی كه‌س گرنگی پێ نادات.“
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
18
«یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«”من ڕاپێچكراوانی چادره‌كانی یاقوب ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌،
به‌زه‌ییم به‌ نشینگه‌كانی دێته‌وه‌.
شار له‌سه‌ر گرده‌كه‌ی خۆی بنیاد ده‌نرێته‌وه‌،
كۆشك له‌ شوێنی خۆی بنیاد ده‌نرێته‌وه‌.
19
ده‌نگی گۆرانی سوپاسگوزاری و
به‌زمیان لێ به‌رز ده‌بێته‌وه‌.
ژماره‌یان زۆر ده‌كه‌م و
كه‌م نابن،
ڕێزیان لێ ده‌نێم و
بچووك نابن.
20
كوڕه‌كانی وه‌ك جاری جاران ده‌بن،
كۆمه‌ڵه‌كه‌ی له‌به‌رده‌مم ده‌چه‌سپێت،
سزای هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌ده‌م كه‌ سته‌می لێ ده‌كه‌ن.
21
میره‌كه‌یان یه‌كێك ده‌بێت له‌نێو خۆیان،
فه‌رمانڕه‌واكه‌یان له‌ خۆیان هه‌ڵده‌كه‌وێت.
له‌ خۆمی نزیك ده‌كه‌مه‌وه‌ و لێم نزیك ده‌بێته‌وه‌،
چونكه‌ كه‌س ناوێرێت به‌بێ ویستی من لێم نزیك بێته‌وه‌.“»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
22
«”ئێوه‌ ده‌بن به‌ گه‌لی من و
منیش ده‌بم به‌ خودای ئێوه‌.“»
23
ئه‌وه‌تا گه‌رده‌لوولی یه‌زدان
تووڕه‌ییه‌ هه‌ڵده‌چێت،
گه‌رده‌لوولێكی ڕاماڵه‌،
له‌سه‌ر سه‌ری به‌دكاران هه‌ڵده‌كات.
24
گڕی تووڕه‌یی یه‌زدان دانامركێته‌وه‌
هه‌تا نیازه‌كانی دڵی خۆی
به‌ ته‌واوی به‌جێنه‌گه‌یه‌نێت.
له‌ ڕۆژانی داهاتوودا
له‌مه‌ تێ ده‌گه‌ن.
  1. a. 30‏:9 مه‌به‌ستی له‌ یه‌كێكه‌ له‌ نه‌وه‌كانی داود.