عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نامه‌یه‌ك بۆ ڕاپێچكراوان 
1
ئه‌مه‌ ده‌قی ئه‌و نامه‌یه‌یه‌ كه‌ یه‌رمیای پێغه‌مبه‌ر له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ بۆ پاشماوه‌كانی نارد، پیر و كاهین و پێغه‌مبه‌ر و هه‌موو گه‌ل، هه‌موو ئه‌وانه‌ی نه‌بوخودنه‌سر له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ بۆ بابل ڕاپێچی كردبوون،
2
له‌دوای ڕاپێچكردنی یه‌هۆیاكینی پاشا و شاژنی دایكی و ده‌ستوپێوه‌نده‌كانی و پیاوه‌ گه‌وره‌كانی یه‌هودا و ئۆرشه‌لیم، هه‌روه‌ها پیشه‌وه‌ر و ئاسنگه‌ره‌كانی ئۆرشه‌لیم.
3
سدقیای پاشای یه‌هودا ئه‌لعاسای كوڕی شافان و گه‌مه‌ریای كوڕی حیلقیای نارده‌ لای نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل. یه‌رمیاش نامه‌یه‌كی پێدا ناردن بۆ بابل و تێیدا گوتی:
4
یه‌زدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل به‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌فه‌رموێت كه‌ له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ بۆ بابل ڕاپێچی كردن:
5
«خانوو بنیاد بنێن و نیشته‌جێ بن؛ باخ بچێنن و به‌روبوومی بخۆن.
6
ژن بهێنن با كوڕ و كچتان ببێت؛ ژن بۆ كوڕتان بهێنن و كچتان به‌ مێرد بده‌ن، با ئه‌وانیش كوڕ و كچیان ببێت و له‌وێ زۆر بن و كه‌م مه‌كه‌ن.
7
داوای ئاشتی و گه‌شه‌سه‌ندن بكه‌ن بۆ ئه‌و شاره‌ی ئێوه‌م بۆ ئه‌وێ ڕاپێچ كردووه‌؛ نوێژ بكه‌ن بۆ یه‌زدان له‌ پێناوی، چونكه‌ به‌ گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌و ئێوه‌ش گه‌شه‌ ده‌كه‌ن.»
8
چونكه‌ یه‌زدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: «با پێغه‌مبه‌ر و فاڵگره‌وه‌كان كه‌ له‌نێوتانن هه‌ڵتاننه‌خه‌ڵه‌تێنن و گوێ له‌ خه‌ونه‌كانیان مه‌گرن كه‌ بۆ ئێوه‌ی ده‌بینن.
9
ئه‌وان به‌ درۆ به‌ ناوی منه‌وه‌ پێشبینیتان بۆ ده‌كه‌ن. من ئه‌وانم نه‌ناردووه‌.» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
10
«یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: كاتێك حه‌فتا ساڵ له‌ بابل ته‌واو ده‌بێت، به‌سه‌رتان ده‌كه‌مه‌وه‌ و به‌ڵێنه‌ باشه‌كه‌م سه‌باره‌ت به‌ ئێوه‌ ده‌هێنمه‌ دی، ده‌تانگه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ ئه‌م شوێنه‌.
11
خۆم ئه‌و پلانه‌ ده‌زانم كه‌ بۆ ئێوه‌م داڕشتووه‌، پلان بۆ ئاشتی و گه‌شه‌سه‌ندنی ئێوه‌ نه‌ك بۆ زیانتان، بۆ ئه‌وه‌ی دواڕۆژ و هیواتان بده‌مێ.» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
12
«جا لێم ده‌پاڕێنه‌وه‌ و دێن و نوێژم بۆ ده‌كه‌ن، منیش گوێتان لێ ده‌گرم.
13
ڕووتان له‌ من ده‌كه‌ن و بۆتان ده‌رده‌كه‌وم، كاتێك به‌ هه‌موو دڵتانه‌وه‌ ڕووتان لێم ده‌كه‌ن.
14
كاتێك بۆتان ده‌رده‌كه‌وم، ڕاپێچكراوه‌كانتان ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ و به‌ختیاریتان نوێ ده‌كه‌مه‌وه‌. له‌ناو هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ و ئه‌و شوێنانه‌ كۆتان ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌وێ ده‌رمكردبوون. ده‌تانگه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ لێیه‌وه‌ ڕاپێچم كردن.» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
15
چونكه‌ گوتتان: «یه‌زدان له‌ بابل پێغه‌مبه‌رانی بۆ هه‌ستاندینه‌وه‌.»
16
به‌ڵام یه‌زدان ئاوا ده‌فه‌رموێت سه‌باره‌ت به‌و پاشایه‌ی له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی داود دانیشتووه‌ و هه‌موو ئه‌و گه‌له‌ی له‌م شاره‌دا ماونه‌ته‌وه‌، ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی ڕاپێچ نه‌كراون،
17
به‌ڵێ، یه‌زدانی سوپاسالار ئاوا ده‌فه‌رموێت: «ئه‌وه‌تا من شمشێر و قاتوقڕی و ده‌رد ده‌نێرمه‌ ناویان و ده‌یانكه‌مه‌ هه‌نجیری خراپ كه‌ له‌ خراپیدا نه‌خورێت.
18
به‌ شمشێر و قاتوقڕی و ده‌رد ڕاویان ده‌نێم، له‌به‌رده‌م هه‌موو شانشینه‌كانی زه‌وی قێزه‌ونیان ده‌كه‌م، نه‌فره‌تیان لێ ده‌كرێت و ده‌بنه‌ په‌ند و مایه‌ی گاڵته‌جاڕی و ڕیسوایی، له‌نێو هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی بۆ ئه‌وێ ده‌ریانده‌كه‌م.
19
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوێیان له‌ فه‌رمایشتی من نه‌گرت، ئه‌وه‌ی به‌ به‌رده‌وامی به‌ده‌ستی به‌نده‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانم بۆم ناردن. هه‌روه‌ك ئێوه‌ی ڕاپێچكراویش گوێتان لێ نه‌گرت.» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
20
له‌به‌ر ئه‌وه‌، ئه‌ی هه‌موو ڕاپێچكراوه‌كان، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ بۆ بابلم ناردن، گوێ له‌ فه‌رمایشتی یه‌زدان بگرن.
21
ئه‌مه‌ فه‌رمووده‌ی یه‌زدانی سوپاسالاره‌، خودای ئیسرائیل، سه‌باره‌ت به‌ ئه‌حاڤی كوڕی قولایا و سدقیای كوڕی مه‌عسێیاهو، ئه‌وانه‌ی به‌ درۆ به‌ ناوی منه‌وه‌ پێشبینیتان بۆ ده‌كه‌ن: «ده‌یانده‌مه‌ ده‌ست نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل، ئه‌ویش له‌به‌رچاوتان ده‌یانكوژێت.
22
له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موو ڕاپێچكراوه‌كانی یه‌هودا له‌ بابل، ناوی ئه‌وان وه‌ك نه‌فره‌ت به‌كارده‌هێنن و ده‌ڵێن: ”یه‌زدان وه‌ك سدقیا و ئه‌حاڤت لێ بكات، ئه‌وانه‌ی پاشای بابل به‌ ئاگر برژاندنی.“
23
چونكه‌ له‌ناو ئیسرائیلدا كارێكی قێزه‌ونیان كرد، داوێنپیسییان له‌گه‌ڵ ژنی براده‌ره‌كانیان كرد، به‌ ناوی منه‌وه‌ به‌ درۆ قسه‌یان كرد كه‌ من فه‌رمانم پێ نه‌كردبوون. من خۆم ده‌زانم و شایه‌تی ئه‌وه‌م.» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
په‌یامێك بۆ شه‌مه‌عیا 
24
به‌ شه‌مه‌عیای نه‌حه‌لامی بڵێ:
25
«یه‌زدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: تۆ به‌ ناوی خۆته‌وه‌ نامه‌ت نارد بۆ هه‌موو ئه‌و گه‌له‌ی له‌ ئۆرشه‌لیمه‌ و بۆ سه‌فه‌نیای كوڕی مه‌عسێیاهوی كاهین و بۆ هه‌موو كاهینه‌كان. به‌ سه‌فه‌نیات گوت:
26
”یه‌زدان تۆی له‌ جێگای یه‌هۆیاداعی كاهین كردووه‌ به‌ كاهین، بۆ ئه‌وه‌ی ببیته‌ سه‌رپه‌رشتیار به‌سه‌ر ماڵی یه‌زدانه‌وه‌، هه‌ر پیاوێكی شێت كه‌ خۆی وه‌ك پێغه‌مبه‌ر بنوێنێ بیخه‌یته‌ ناو كۆت و به‌نده‌وه‌.
27
ئه‌ی بۆچی سه‌رزه‌نشتی یه‌رمیای عه‌ناتۆتی ناكه‌یت كه‌ خۆی وه‌ك پێغه‌مبه‌ر ده‌نوێنێ؟
28
په‌یامێكی بۆ بابل بۆ ناردووین و ده‌ڵێت: مانه‌وه‌تان درێژه‌ ده‌كێشێت. جا بۆ خۆتان خانوو بنیاد بنێن و نیشته‌جێ بن؛ باخ بچێنن و له‌ به‌روبوومه‌كه‌ی بخۆن.“»
29
سه‌فه‌نیای كاهینیش ئه‌م نامه‌یه‌ی بۆ یه‌رمیای پێغه‌مبه‌ر خوێنده‌وه‌.
30
ئینجا فه‌رمایشتی یه‌زدان بۆ یه‌رمیا هات:
31
«په‌یامێك بۆ هه‌موو ڕاپێچكراوان بنێره‌ و بڵێ: ”یه‌زدان له‌باره‌ی شه‌مه‌عیای نه‌حه‌لامییه‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شمه‌عیا پێشبینیی بۆ كردن، منیش نه‌مناردووه‌، وای لێكردوون پشت به‌ درۆ ببه‌ستن،
32
یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ئه‌وه‌تا من سزای شه‌مه‌عیای نه‌حه‌لامی و وه‌چه‌كه‌ی ده‌ده‌م. كه‌سی بۆ نامێنێته‌وه‌ له‌ناو ئه‌م گه‌له‌دا دانیشێت، ئه‌و شته‌ باشانه‌ نابینێت كه‌ من بۆ گه‌له‌كه‌ی خۆمی ده‌كه‌م، چونكه‌ جاڕی یاخیبوونی دا له‌ دژی من.“» ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.