عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئینجا یه‌زدان پێی فه‌رمووم: «ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر موسا و ساموئێلیش له‌به‌رده‌مم ڕاوه‌ستن داكۆكیتان لێ بكه‌ن، دڵم ناچێته‌ سه‌ر ئه‌م گه‌له‌. له‌به‌رچاوی من ده‌ریانبكه‌! با بڕۆن!
2
جا كاتێك پێت ده‌ڵێن: ”بۆ كوێ بچین؟“ تۆش پێیان ده‌ڵێیت: ”یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«”ئه‌وانه‌ی بۆ مردنن، بۆ مردن،
ئه‌وانه‌ی بۆ شمشێرن، بۆ شمشێر،
ئه‌وانه‌ی بۆ برسیێتین، بۆ برسیێتی،
ئه‌وانه‌ی بۆ ڕاپێچن، بۆ ڕاپێچ.“»
3
یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: «چوار جۆریان به‌سه‌ره‌وه‌ داده‌نێم، شمشێر بۆ كوشتن، سه‌گه‌كان بۆ ڕاكێشان، باڵنده‌ و ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كانیش بۆ خواردن و له‌ناوبردن.
4
هه‌موو شانشینه‌كانی زه‌وی لێتان ده‌تۆقن، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مه‌نه‌شه‌ی كوڕی حه‌زقیای پاشای یه‌هودا له‌ ئۆرشه‌لیم كردی.»
5
«ئه‌ی ئۆرشه‌لیم، كێ دڵی پێت ده‌سووتێت؟
كێ بۆت خه‌مبار ده‌بێت؟
كێ ئاوڕده‌داته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سه‌لامه‌تیت بپرسێت؟
6
تۆ وازت له‌ من هێنا،
لێم یاخی ده‌بی،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌ست درێژده‌كه‌مه‌ سه‌رت و له‌ناوت ده‌به‌م،
له‌ لێبوردنت بێزار بووم.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
7
«به‌ شه‌ن شه‌نیان ده‌كه‌م،
له‌ ده‌روازه‌ی شاره‌كانی خاكه‌كه‌.
جه‌رگسووتاوم كرد، گه‌لی خۆمم له‌ناوبرد،
ڕه‌فتاری خۆیان نه‌گۆڕی.
8
بێوه‌ژنه‌كانیان زۆر زیاتر ده‌كه‌م،
زیاتر له‌ لمی ده‌ریا.
له‌ نیوه‌ڕۆدا وێرانكه‌ری بۆ ده‌هێنم
بۆ سه‌ر دایكی گه‌نجان.
له‌ناكاو
ترس و تۆقاندنی به‌سه‌ردا ده‌ده‌م.
9
دایكی حه‌وت منداڵ سیس بوو،
گیانی سپارد.
هێشتا ڕۆژ بوو خۆری ئاوابوو،
شه‌رمه‌زار و ڕیسوا بوو.
پاشماوه‌كه‌شیان ده‌ده‌مه‌ به‌ر شمشێر
له‌ به‌رچاوی دوژمنانیان.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
10
قوڕبه‌سه‌رم دایكه‌، چونكه‌ منت بوو،
پیاوێك كه‌ ده‌مه‌قاڵێ و ململانێی له‌گه‌ڵ سه‌راپای خاكه‌كه‌ هه‌یه‌!
نه‌ قه‌رزم كردووه‌ و نه‌ قه‌رزیان داومه‌تێ،
كه‌چی هه‌مووان نه‌فره‌تم لێ ده‌كه‌ن.
11
یه‌زدان فه‌رمووی:
«بێگومان بۆ مه‌به‌ستی چاك ده‌ربازت ده‌كه‌م،
بێگومان وا ده‌كه‌م دوژمن
له‌ كاتی به‌ڵا و له‌ كاتی ته‌نگانه‌دا لێت بپاڕێنه‌وه‌!»
12
«كه‌س ده‌توانێت ئاسن بشكێنێت،
ئاسنی باكوور و بڕۆنز؟
13
«سامان و گه‌نجینه‌كانت
ده‌كه‌م به‌ تاڵانی، به‌بێ نرخ،
له‌به‌ر هه‌موو گوناهه‌كانت،
له‌ سه‌راپای خاكه‌كه‌ت.
14
ده‌تكه‌مه‌ كۆیله‌ی دوژمنه‌كانت،
له‌ خاكێك نه‌تناسیبێت،
چونكه‌ تووڕه‌ییم گڕی گرتووه‌
وه‌ك ئاگرێك ده‌تانسووتێنێت.»
15
«ئه‌ی یه‌زدان، تۆ ده‌زانیت،
به‌بیری خۆتم بهێنه‌ره‌وه‌ و گرنگیم پێبده‌،
تۆڵه‌م بستێنه‌وه‌ له‌ چه‌وسێنه‌رانم.
وا مه‌كه‌ به‌هۆی پشوودرێژی تۆ له‌ناوبچم،
بزانه‌ كه‌ له‌به‌ر تۆ به‌رگه‌ی ڕیسواییم گرت.
16
كاتێك فه‌رمووده‌كانی تۆ هات، خواردم
بۆم بووه‌ مایه‌ی شادی و خۆشحاڵی دڵم،
چونكه‌ من ناوی تۆم هه‌ڵگرتووه‌،
ئه‌ی یه‌زدان، خودای سوپاسالار.
17
قه‌ت له‌ كۆڕی گاڵته‌جاڕان دانه‌نیشتووم،
له‌گه‌ڵیشیان دڵخۆش نه‌بووم.
به‌ ته‌نها دانیشتم، چونكه‌ ده‌ستی تۆم له‌سه‌ر بوو،
پڕت كردم له‌ تووڕه‌یی.
18
بۆچی ژانم كۆتایی نایه‌ت،
برینه‌كه‌م بێ چاره‌یه‌ و نایه‌وێت چاك بێته‌وه‌؟
ئایا وه‌ك كه‌ندێكی فریوده‌ر ده‌بیت بۆم،
وه‌ك كانییه‌ك جێی متمانه‌ نه‌بێت؟»
19
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت:
«ئه‌گه‌ر تۆبه‌ بكه‌یت، ده‌تگه‌ڕێنمه‌وه‌ لای خۆم
تاكو وه‌ك به‌نده‌ی خۆم له‌به‌رده‌ستم ڕاوه‌ستیت.
ئه‌گه‌ر قسه‌ی به‌ نرخ بكه‌یت، نه‌ك بێبه‌ها،
ده‌تكه‌مه‌ وته‌بێژی خۆم.
با ئه‌و گه‌له‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ لای تۆ،
به‌ڵام تۆ نه‌گه‌ڕێیته‌وه‌ لای ئه‌وان.
20
ده‌تكه‌مه‌ شوورا بۆ ئه‌و گه‌له‌،
شوورایه‌كی بڕۆنزی پته‌و،
له‌گه‌ڵت ده‌جه‌نگن
به‌ڵام ده‌ره‌قه‌تت نایه‌ن،
چونكه‌ من له‌گه‌ڵتدام،
بۆ ڕزگاركردن و بۆ فریاكه‌وتنت.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
21
«له‌ ده‌ستی خراپه‌كاران فریات ده‌كه‌وم و
له‌ چنگی زۆرداران ده‌تكڕمه‌وه‌.»