عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئه‌بیمه‌له‌خ 
1
ئینجا ئه‌بیمه‌له‌خی كوڕی یه‌روبه‌عل چوو بۆ شه‌خه‌م بۆ لای خاڵه‌كانی، به‌ هه‌موو هۆزی دایكی گوت:
2
«به‌ هه‌موو خه‌ڵكی شه‌خه‌م بڵێن: ”كامیان باشتره‌ بۆ ئێوه‌، ئایا حه‌فتا كوڕه‌كه‌ی یه‌روبه‌عل فه‌رمانڕه‌وایه‌تیتان بكه‌ن، یان یه‌ك پیاو فه‌رمانڕه‌وایه‌تیتان بكات؟“ ئه‌وه‌شتان له‌بیر بێت كه‌ من له‌ گۆشت و خوێنی خۆتانم.»
3
ئیتر خاڵه‌كانی هه‌موو ئه‌م قسانه‌یان به‌ هه‌موو خه‌ڵكی شه‌خه‌م گوت. ئه‌وانیش ئه‌بیمه‌له‌خیان به‌دڵ بوو، چونكه‌ گوتیان «ئه‌و برامانه‌.»
4
ئینجا حه‌فتا شاقل زیویان[a] پێیدا له‌ په‌رستگای به‌عل‌به‌ریت، ئه‌بیمه‌له‌خیش به‌و پاره‌یه‌ پیاوی یاخی و چاونه‌ترسی به‌كرێ گرت و ئه‌وانیش دوای كه‌وتن.
5
ئینجا هات بۆ ماڵی باوكی له‌ عۆفرا و هه‌موو براكانی خۆی كوشت كه‌ كوڕه‌كانی یه‌روبه‌عل بوون، حه‌فتا برا له‌سه‌ر یه‌ك به‌رد. ته‌نها یۆتامی كوڕی یه‌روبه‌عل كه‌ له‌ هه‌مووان بچووكتر بوو مایه‌وه‌، چونكه‌ خۆی شارده‌وه‌.
6
ئیتر شارنشینه‌كانی شه‌خه‌م و هه‌موو بێت‌میلۆ كۆبوونه‌وه‌، چوون و له‌لای دار به‌ڕووه‌كه‌ی لای ستوونه‌كه‌ی شه‌خه‌م ئه‌بیمه‌له‌خیان كرده‌ پاشا.
7
ئینجا هه‌واڵی ئه‌مه‌یان دا به‌ یۆتام، ئه‌ویش چوو له‌سه‌ر لووتكه‌ی كێوی گه‌ریزیم و وه‌ستا، هاواری لێكردن و پێیانی گوت: «گوێم لێ بگرن ئه‌ی خه‌ڵكی شه‌خه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی خودا گوێتان لێ بگرێت.
8
جارێكیان دره‌خته‌كان چوون پاشایه‌ك ده‌ستنیشان بكه‌ن له‌سه‌ر خۆیان. جا به‌ دار زه‌یتوونیان گوت: ”پاشایه‌تیمان بكه‌.“
9
«دار زه‌یتوونیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: ”ئایا واز له‌ زه‌یته‌كه‌م بهێنم، ئه‌وه‌ی پێی ڕێز له‌ خوداوه‌نده‌كان و خه‌ڵك ده‌گرن، بچم فه‌رمانڕه‌وایه‌تی دره‌خته‌كان بكه‌م؟“
10
«ئینجا دره‌خته‌كان به‌ دار هه‌نجیریان گوت: ”وه‌ره‌ تۆ پاشایه‌تیمان بكه‌.“
11
«دار هه‌نجیریش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: ”ئایا واز له‌ شیرینییه‌كه‌م و به‌ره‌ خۆشه‌كه‌م بهێنم، بچم فه‌رمانڕه‌وایه‌تی دره‌خته‌كان بكه‌م؟“
12
«ئیتر دره‌خته‌كان به‌ دار مێویان گوت: ”تۆ وه‌ره‌ پاشایه‌تیمان بكه‌.“
13
«دار مێویش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: ”ئایا واز له‌ شه‌رابه‌كه‌م بهێنم، ئه‌وه‌ی دڵی خوداوه‌نده‌كان و خه‌ڵك خۆش ده‌كات، بچم فه‌رمانڕه‌وایه‌تی دره‌خته‌كان بكه‌م؟“
14
«ئینجا هه‌موو دره‌خته‌كان به‌ دڕكوداڵیان گوت: ”تۆ وه‌ره‌ پاشایه‌تیمان بكه‌.“
15
«دڕكوداڵیش به‌ دره‌خته‌كانی گوت: ”ئه‌گه‌ر ئێوه‌ به‌ڕاستی ده‌تانه‌وێت به‌ پاشای خۆتان ده‌ستنیشانم بكه‌ن، وه‌رن له‌ژێر سێبه‌ره‌كه‌مدا خۆتان په‌نا بده‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر وا نه‌بوو ئاگرێك له‌ دڕكه‌كه‌وه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و داره‌كانی ئورزی لوبنان ده‌خوات!“
16
«ئایا ئێوه‌ به‌ ده‌ستپاكی و به‌ ڕاستی كارتان كردووه‌ كه‌ ئه‌بیمه‌له‌ختان كردووه‌ به‌ پاشا؟ ئایا چاكه‌تان له‌گه‌ڵ یه‌روبه‌عل و له‌گه‌ڵ ماڵه‌كه‌ی كردووه‌؟ ئایا به‌گوێره‌ی شایسته‌یی خۆی پاداشتتان داوه‌ته‌وه‌؟
17
باوكم بۆ ئێوه‌ جه‌نگا و خۆی خسته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و له‌ چنگی میدیان ده‌ربازی كردن.
18
ئێوه‌ش ئه‌مڕۆ به‌گژ ماڵی باوكمدا چوون و كوڕه‌كانی ئه‌وتان كوشت، حه‌فتا پیاو له‌سه‌ر یه‌ك به‌رد و ئه‌بیمه‌له‌خی كوڕی ژنه‌ خزمه‌تكاره‌كه‌ی ئه‌وتان كرده‌ پاشای خه‌ڵكی شه‌خه‌م، چونكه‌ براتانه‌!
19
جا ئه‌گه‌ر به‌ ده‌ستپاكی و به‌ ڕاستیتان كردبێت له‌گه‌ڵ یه‌روبه‌عل و له‌گه‌ڵ ماڵه‌كه‌ی له‌م ڕۆژه‌دا، ئه‌وا دڵتان خۆش بكه‌ن به‌ ئه‌بیمه‌له‌خ و با ئه‌ویش دڵی پێتان خۆش بێت.
20
به‌ڵام ئه‌گه‌ر واتان نه‌كردبوو، ئه‌وا ئاگرێك له‌ ئه‌بیمه‌له‌خه‌وه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و شارنشینه‌كانی شه‌خه‌م و بێت‌میلۆ ده‌خوات، ئاگرێكیش له‌ شارنشینه‌كانی شه‌خه‌م و له‌ بێت‌میلۆ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و ئه‌بیمه‌له‌خ ده‌خوات!»
21
ئینجا یۆتام ڕایكرد و هه‌ڵات، له‌ ترسی ئه‌بیمه‌له‌خی برای چوو بۆ بئێر و له‌وێ ژیا.
22
ئیتر ئه‌بیمه‌له‌خ سێ ساڵ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ئیسرائیلی كرد.
23
ئینجا خودا ڕۆحێكی به‌دكاری نارد بۆ نێوان ئه‌بیمه‌له‌خ و شارنشینه‌كانی شه‌خه‌م، ئیتر شارنشینه‌كانی شه‌خه‌م ناپاكییان له‌ ئه‌بیمه‌له‌خ كرد.
24
خودا ئه‌مه‌ی كرد هه‌تا ئه‌و تاوانه‌ی له‌ حه‌فتا كوڕه‌كه‌ی یه‌روبه‌عل كرا، خوێنڕشتنیان له‌ ئه‌ستۆی ئه‌بیمه‌له‌خی برایان بێت كه‌ كوشتنی، هه‌روه‌ها به‌سه‌ر شارنشینه‌كانی شه‌خه‌م، ئه‌وانه‌ی هانیان دا بۆ كوشتنی براكانی.
25
جا شارنشینه‌كانی شه‌خه‌م بۆسه‌یان له‌سه‌ر لووتكه‌ی چیاكان له‌ دژی دانا و هه‌ر یه‌كێك له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ به‌لایاندا تێده‌په‌ڕی ڕووتیان ده‌كرده‌وه‌. ئیتر هه‌واڵ گه‌یشت به‌ ئه‌بیمه‌له‌خ.
26
ئه‌وه‌ بوو گه‌عه‌لی كوڕی عه‌به‌د و براكانی هاتن و په‌ڕینه‌وه‌ بۆ شه‌خه‌م، خه‌ڵكی شه‌خه‌م متمانه‌یان پێكرد.
27
چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ سه‌ر كێڵگه‌كانیان و ترێیه‌كانیان كۆكرده‌وه‌ و به‌ پێیه‌كانیان گوشییان. له‌دوای ئه‌وه‌ چوونه‌ په‌رستگای خوداوه‌نده‌كه‌یان و ئاهه‌نگیان گێڕا. كاتێك خواردیان و خواردیانه‌وه‌، نه‌فره‌تیان له‌ ئه‌بیمه‌له‌خ كرد.
28
ئینجا گه‌عه‌لی كوڕی عه‌به‌د گوتی: «ئه‌بیمه‌له‌خ كێیه‌ و شه‌خه‌م كێیه‌ هه‌تا ئێمه‌ خزمه‌تی بكه‌ین؟ ئایا ئه‌و كوڕی یه‌روبه‌عل نییه‌ و زه‌ڤول بریكاری نییه‌؟ ئیتر بۆچی ئێمه‌ خزمه‌تی بكه‌ین؟ خزمه‌تی پیاوه‌كانی حه‌مۆری باوكی شه‌خه‌م بكه‌ن.
29
خۆزگه‌ ئه‌م گه‌له‌ له‌ژێر ده‌ستی مندا ده‌بوون، ئه‌و كاته‌ ئه‌بیمه‌له‌خم لا ده‌دا، پێم ده‌گوت: ”هه‌موو سوپاكه‌ت ئاماده‌ بكه‌ و وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!“»
30
كاتێك زه‌ڤولی فه‌رمانڕه‌وای شار قسه‌كه‌ی گه‌عه‌لی كوڕی عه‌به‌دی بیست، زۆر تووڕه‌ بوو و
31
به‌ نهێنی په‌یامنێری بۆ لای ئه‌بیمه‌له‌خ نارد، گوتی: «وا گه‌عه‌لی كوڕی عه‌به‌د و براكانی هاتن بۆ شه‌خه‌م و شاره‌كه‌ له‌ دژی تۆ ده‌وروژێنن.
32
ئێستا به‌ شه‌و خۆت و ئه‌و داروده‌ستانه‌ی له‌گه‌ڵتدایه‌ هه‌ستن و له‌ كێڵگه‌ بۆسه‌ دابنێن.
33
به‌یانی كاتی خۆر هه‌ڵاتن زوو هه‌سته‌ و هێرش به‌ره‌ سه‌ر شاره‌كه‌، ئینجا كاتێك گه‌عه‌ل و ئه‌و داروده‌ستانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵیدان دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆت، تۆش ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستت دێ بیكه‌.»
34
ئیتر ئه‌بیمه‌له‌خ و هه‌موو داروده‌سته‌كانی كه‌ له‌گه‌ڵیدا بوون به‌ شه‌و هه‌ستان و بوون به‌ چوار به‌ش و بۆسه‌یان دانا بۆ شه‌خه‌م.
35
گه‌عه‌لی كوڕی عه‌به‌دیش چووبووه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ناو ده‌روازه‌ی شاره‌كه‌دا ڕاوه‌ستابوو. له‌و كاته‌دا ئه‌بیمه‌له‌خ و داروده‌سته‌كانی كه‌ له‌گه‌ڵیدا بوون له‌ بۆسه‌كه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌.
36
كاتێك گه‌عه‌ل خه‌ڵكه‌كه‌ی بینی، به‌ زه‌ڤولی گوت: «ئا ئه‌وه‌ خه‌ڵكن له‌ لووتكه‌ی چیاكانه‌وه‌ دێنه‌ خواره‌وه‌!»
زه‌ڤولیش پێی گوت: «ئه‌وه‌ تۆ سێبه‌ری چیاكان ده‌بینیت وا ده‌زانیت خه‌ڵكه‌.»
37
به‌ڵام گه‌عه‌ل دیسان گوتی: «ئا ئه‌وه‌ خه‌ڵكن له‌ به‌رزایی زه‌وییه‌كه‌وه‌ دێنه‌ خواره‌وه‌ و یه‌ك تیپیش وا له‌ ڕێی دار به‌ڕووه‌كه‌ی به‌خت خوێنه‌ره‌كانه‌وه‌ دێت.»
38
زه‌ڤولیش پێی گوت: «ئێستا ئه‌و ده‌مه‌ت له‌كوێیه‌ كه‌ پێی دوایت: ”ئه‌بیمه‌له‌خ كێیه‌ هه‌تا ئێمه‌ خزمه‌تی بكه‌ین؟“ ئایا ئه‌وه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ نین كه‌ گاڵته‌ت پێیان كرد؟ ده‌ ئێستا بڕۆ ده‌ره‌وه‌ و له‌گه‌ڵیاندا بجه‌نگێ!»
39
گه‌عه‌لیش له‌به‌رده‌م خه‌ڵكی شه‌خه‌مدا چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌بیمه‌له‌خ جه‌نگا.
40
ئه‌بیمه‌له‌خیش به‌زاندی، ئیتر له‌ ده‌ستی هه‌ڵات و بریندارێكی زۆر به‌ درێژایی ڕێگاكه‌ هه‌تا به‌رده‌م ده‌روازه‌كه‌ كه‌وتن.
41
ئینجا ئه‌بیمه‌له‌خ له‌ ئه‌روما دانیشت و زه‌ڤولیش گه‌عه‌ل و براكانی ده‌ركرد و نه‌یهێشت له‌ شه‌خه‌مدا بژین.
42
ئینجا بۆ به‌یانییه‌كه‌ی خه‌ڵكی شه‌خه‌م چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ كێڵگه‌ و هه‌واڵ درا به‌ ئه‌بیمه‌له‌خ.
43
ئه‌ویش داروده‌سته‌كانی برد و كردنی به‌ سێ به‌شه‌وه‌ و له‌ كێڵگه‌دا بۆسه‌ی دانا، بینی وا خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ شار دێنه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌ویش بۆیان هه‌ستا و لێیدان.
44
ئه‌بیمه‌له‌خ و ئه‌و به‌شه‌ی له‌گه‌ڵیدا بوون هه‌ڵمه‌تیان برد و له‌ناو ده‌روازه‌ی شاره‌كه‌دا ڕاوه‌ستان، به‌ڵام دوو به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ هێرشیان برده‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ كێڵگه‌دا بوون و لێیان دان.
45
ئه‌بیمه‌له‌خیش به‌ درێژایی ڕۆژ چوو به‌گژ شاره‌كه‌دا و شاره‌كه‌ی گرت، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی تێیدا بوو كوشتنی، شاره‌كه‌ی وێران كرد و خاكه‌كه‌ی به‌ خوێ داپۆشی.
46
ئینجا هه‌موو خه‌ڵكی قولله‌ی شه‌خه‌م ئه‌مه‌یان بیست، بۆیه‌ چوونه‌ ناو قه‌ڵای په‌رستگای ئێل به‌ریت.
47
ئیتر هه‌واڵیان دا به‌ ئه‌بیمه‌له‌خ كه‌ هه‌موو خه‌ڵكی قولله‌ی شه‌خه‌م كۆبوونه‌ته‌وه‌.
48
ئه‌بیمه‌له‌خ خۆی و هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵی بوون سه‌ركه‌وتن بۆ كێوی چه‌لمۆن. ئینجا ئه‌بیمه‌له‌خ ده‌ستی دایه‌ ته‌ور و لقوپۆپی داری بڕییه‌وه‌ و هه‌ڵیگرت و خستییه‌ سه‌ر شانی، به‌و خه‌ڵكه‌ی گوت كه‌ له‌گه‌ڵیدا بوون: «چاوتان لێیه‌ چیم كرد، ئێوه‌ش خێرا وه‌كو من بكه‌ن!»
49
خه‌ڵكه‌كه‌ش هه‌ریه‌كه‌ و چه‌ند لقوپۆپێكی بڕییه‌وه‌ و له‌دوای ئه‌بیمه‌له‌خه‌وه‌ ڕۆیشتن، به‌ چوارده‌وری قه‌ڵاكه‌دا دایاننا و قه‌ڵاكه‌یان به‌سه‌ردا سووتاندن. به‌م جۆره‌ هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ی ناو قولله‌ی شه‌خه‌م مردن كه‌ نزیكه‌ی هه‌زار پیاو و ژن بوون.
50
ئینجا ئه‌بیمه‌له‌خ چوو بۆ تێڤێچ و گه‌مارۆی تێڤێچی دا و گرتی.
51
له‌ناوه‌ڕاستی شاره‌كه‌ش قولله‌یه‌كی قاییم هه‌بوو، هه‌موو پیاوان و ژنان و ته‌واوی خه‌ڵكی شاره‌كه‌ بۆ ئه‌وێ هه‌ڵاتن، ده‌رگاكانیان له‌دوای خۆیانه‌وه‌ داخست و سه‌ركه‌وتن بۆ سه‌ربانی قولله‌كه‌.
52
ئه‌بیمه‌له‌خیش هات بۆ قولله‌كه‌ و چوو به‌گژیدا و نزیكی ده‌رگای قولله‌كه‌ بووه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاگر بیسووتێنێت.
53
ئینجا ژنێك به‌رداشی سه‌ره‌وه‌ی ده‌ستاڕێكی كێشا به‌ سه‌ری ئه‌بیمه‌له‌خدا و كه‌لله‌ی سه‌ری شه‌قكرد.
54
ئه‌ویش ده‌ستبه‌جێ ئه‌و كوڕه‌ی بانگكرد كه‌ قه‌ڵغان و ڕمه‌كانی بۆ هه‌ڵگرتبوو، پێی گوت: «شمشێره‌كه‌ت ده‌ربێنه‌ و بمكوژه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پێم نه‌ڵێن: ”ژنێك كوشتی.“» ئیتر كوڕه‌كه‌ شمشێره‌كه‌ی پێدا كرد و مرد.
55
كاتێك پیاوه‌كانی ئیسرائیل بینییان ئه‌بیمه‌له‌خ مرد، هه‌ریه‌كه‌ و گه‌ڕایه‌وه‌ شوێنی خۆی.
56
ئیتر خودا خراپه‌كارییه‌كه‌ی ئه‌بیمه‌له‌خی به‌سه‌ر خۆیدا هێنایه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ باوكی كردی، كه‌ حه‌فتا براكه‌ی كوشت.
57
هه‌روه‌ها خودا هه‌موو خراپه‌كارییه‌كانی خه‌ڵكی شه‌خه‌می به‌سه‌ر هێنانه‌وه‌، نه‌فره‌ته‌كه‌ی یۆتامی كوڕی یه‌روبه‌علیان به‌سه‌رهات.
  1. a. 9‏:4 نزیكه‌ی 0,8 كیلۆگرام.