عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
تۆلاع 
1
له‌دوای سه‌رده‌می ئه‌بیمه‌له‌خ تۆلاعی كوڕی پوڤه‌ كوڕی دۆدۆ هه‌ستا بۆ ئه‌وه‌ی ئیسرائیل ڕزگار بكات، كه‌ پیاوێك بوو له‌ هۆزی یه‌ساخار، له‌ شامیر له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی ئه‌فرایم ده‌ژیا.
2
بیست و سێ ساڵ ڕابه‌رایه‌تی ئیسرائیلی كرد، ئینجا مرد و له‌ شامیر نێژرا.
یائیر 
3
ئینجا له‌دوای ئه‌و یائیری گلعادی هه‌ستا و بیست و دوو ساڵ ڕابه‌رایه‌تی ئیسرائیلی كرد.
4
سی كوڕی هه‌بوو و سواری سی گوێدرێژ ده‌بوون و سی شارۆچكه‌یان هه‌بوو، پێیان ده‌گوترا حه‌ڤۆت یائیر كه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆش وایان پێ ده‌ڵێن و له‌ خاكی گلعاده‌.
5
یائیرش مرد و له‌ قامۆن نێژرا.
یه‌فتاح 
6
نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌به‌رچاوی یه‌زدان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خراپه‌كاری. به‌عله‌كان و عه‌شتۆره‌ته‌كان و خوداوه‌نده‌كانی ئارام، سه‌یدا، مۆئاب، عه‌مۆنییه‌كان و فه‌له‌ستییه‌كانیان په‌رست و وازیان له‌ یه‌زدان هێنا و نه‌یانپه‌رست.
7
له‌به‌ر ئه‌وه‌ تووڕه‌یی یه‌زدان له‌ ئیسرائیلییه‌كان هاته‌ جۆش و ڕاده‌ستی فه‌له‌ستییه‌كان و عه‌مۆنییه‌كانی كردن.
8
ئه‌وانیش له‌و ساڵه‌وه‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیلیان تێكشكاند و سته‌میان لێكردن. بۆ ماوه‌ی هه‌ژده‌ ساڵ نه‌وه‌ی ئیسرائیلیان ده‌چه‌وسانده‌وه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ به‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری ئوردون بوون له‌ خاكی ئه‌مورییه‌كان ئه‌وانه‌ی له‌ گلعاد بوون.
9
عه‌مۆنییه‌كان له‌ ڕووباری ئوردونیش په‌ڕینه‌وه‌ بۆ جه‌نگ له‌ دژی یه‌هودا و بنیامین و بنه‌ماڵه‌ی ئه‌فرایم، بۆیه‌ ئیسرائیل زۆر په‌رێشان بوون.
10
جا نه‌وه‌ی ئیسرائیل هاواریان بۆ یه‌زدان كرد و گوتیان: «ئێمه‌ گوناهمان كرد ده‌رهه‌ق به‌ تۆ، چونكه‌ وازمان له‌ خودای خۆمان هێنا و به‌عله‌كانمان په‌رست.»
11
یه‌زدانیش به‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیلی فه‌رموو: «كاتێك میسری، ئه‌موری، عه‌مۆنی، فه‌له‌ستی،
12
سه‌یدائی، عه‌مالێقی و ماعۆنییه‌كان، ته‌نگیان پێتان هه‌ڵچنی، ئیتر هاوارتان بۆ كردم، ئایا منیش له‌ ده‌ستیان ڕزگارم نه‌كردن؟
13
به‌ڵام ئێوه‌ وازتان لێ هێنام و خودای دیكه‌تان په‌رست. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئیتر ڕزگارتان ناكه‌م.
14
بڕۆن هاوار بكه‌ن بۆ ئه‌و خوداوه‌ندانه‌ی هه‌ڵتانبژاردون، با له‌ كاتی ته‌نگانه‌تان ئه‌وان ڕزگارتان بكه‌ن.»
15
نه‌وه‌ی ئیسرائیلیش به‌ یه‌زدانیان گوت: «گوناهمان كرد، جا چی به‌ باش ده‌زانیت پێمانی بكه‌، ته‌نها هه‌ر ئه‌مڕۆ ده‌ربازمان بكه‌.»
16
ئیتر خوداوه‌نده‌ بێگانه‌كانیان له‌نێو خۆیاندا لابرد و یه‌زدانیان په‌رست، ئه‌ویش دڵته‌نگ بوو به‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ ناخۆشیدا بێت.
17
ئینجا له‌شكره‌كانی عه‌مۆنییه‌كان بانگ كران و كۆبوونه‌وه‌ و له‌ گلعاددا چادریان هه‌ڵدا، كوڕانی ئیسرائیلیش كۆبوونه‌وه‌ و له‌ میچپا چادریان هه‌ڵدا.
18
ئیتر ڕابه‌ره‌كانی گه‌لی گلعاد به‌ یه‌كتریان گوت: «ئه‌و پیاوه‌ی ده‌ست بكات به‌ جه‌نگ له‌گه‌ڵ عه‌مۆنییه‌كان، ئه‌وا ئه‌و ده‌بێت به‌ سه‌رۆكی هه‌موو خه‌ڵكی گلعاد.»