عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
زه‌ڤه‌ح و چه‌لموناعی پاشایانی میدیان 
1
ئینجا پیاوانی ئه‌فرایم به‌ گدعۆنیان گوت: «ئه‌و كاره‌ چی بوو به‌ ئێمه‌ت كرد، بۆچی كه‌ چوویت بۆ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ میدیانییه‌كان ئێمه‌ت بانگ نه‌كرد؟» هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌ی توندیان لێ گرت.
2
ئه‌ویش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: «ئه‌وه‌ی من كردوومه‌ چییه‌ له‌چاو ئه‌وه‌ی ئێوه‌ كردووتانه‌؟ ئایا چنینه‌وه‌ی[a] ترێی ئه‌فرایم له‌ ترێ ڕنینه‌وه‌ی ئه‌ڤیعه‌زه‌ر باشتر نییه‌؟
3
خودا عۆرێڤ و زئێڤی هه‌ردوو سه‌ركرده‌ی میدیانییه‌كانی خسته‌ ژێر ده‌ستتانه‌وه‌. من توانیومه‌ چی بكه‌م له‌چاو ئێوه‌دا؟» جا له‌و كاته‌دا كه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ی كرد، تووڕه‌ییان به‌رامبه‌ری خاو بووه‌وه‌.
4
ئینجا گدعۆن هات بۆ ڕووباری ئوردون و خۆی و سێ سه‌د پیاوه‌كه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵیدا بوون په‌ڕینه‌وه‌، ماندوو بوون به‌ڵام به‌رده‌وام بوون له‌ ڕاونانیان.
5
گدعۆن به‌ خه‌ڵكی سوكۆتی گوت: «نان بده‌ن به‌و جه‌نگاوه‌رانه‌ی له‌گه‌ڵمدان، چونكه‌ ماندوون و من به‌رده‌وام به‌دوای زه‌ڤه‌ح و چه‌لموناعی هه‌ردوو پاشای میدیان كه‌وتووم.»
6
به‌ڵام كاربه‌ده‌سته‌كانی سوكۆت گوتیان: «ئایا ئێستا ده‌ستی زه‌ڤه‌ح و چه‌لموناع له‌ ده‌ستته‌ تاوه‌كو نان بده‌ینه‌ سه‌ربازه‌كانت؟»
7
گدعۆنیش گوتی: «بۆیه‌ كاتێك یه‌زدان زه‌ڤه‌ح و چه‌لموناع ده‌خاته‌ ژێر ده‌ستم، له‌شتان به‌ دڕكوداڵی ده‌شتوده‌ر زامدار ده‌كه‌م.»
8
له‌وێشه‌وه‌ سه‌ركه‌وت بۆ په‌نیێل و هه‌مان داواكاری لێكردن. خه‌ڵكی په‌نیێلیش وه‌كو خه‌ڵكی سوكۆت وه‌ڵامیان دایه‌وه‌.
9
هه‌روه‌ها به‌ خه‌ڵكی په‌نیێلی گوت: «كاتێك به‌ سه‌ركه‌وتوویی ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ئه‌م قولله‌یه‌ ده‌ڕووخێنم.»
10
زه‌ڤه‌ح و چه‌لموناعیش له‌ قه‌رقۆر بوون و سوپاكانیان له‌گه‌ڵیان بوون، كه‌ نزیكه‌ی پازده‌ هه‌زار بوون، هه‌موو ئه‌وانه‌ی مابوونه‌وه‌ له‌ هه‌موو سوپاكه‌ی كوڕانی ڕۆژهه‌ڵات بوون، ئه‌وانه‌ش كه‌ كه‌وتن سه‌د و بیست هه‌زار پیاوی شمشێر به‌ده‌ست بوون.
11
ئیتر گدعۆن له‌ ڕێگای چادرنشینه‌كانه‌وه‌ سه‌ركه‌وت، له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نۆڤه‌ح و یۆگبه‌هایه‌وه‌ و له‌ سوپاكه‌ی دا و سوپاكه‌ش له‌و كاته‌دا ئاگادار نه‌بوون.
12
جا زه‌ڤه‌ح و چه‌لموناع هه‌ڵاتن و ئه‌ویش دوایان كه‌وت و هه‌ردوو پاشای میدیان زه‌ڤه‌ح و چه‌لموناعی گرت و هه‌موو سوپاكه‌ی ته‌فروتونا كرد.
13
ئینجا گدعۆنی كوڕی یۆئاش به‌لای ڕێگای هه‌ورازی حه‌ره‌س له‌ جه‌نگ گه‌ڕایه‌وه‌.
14
گه‌نجێكی له‌ خه‌ڵكی سوكۆت گرت و پرسیاری لێكرد، ئه‌ویش ناوی كاربه‌ده‌سته‌كانی سوكۆت و پیره‌كانی بۆ نووسی كه‌ حه‌فتا و حه‌وت پیاو بوون.
15
ئینجا گدعۆن هات بۆ لای خه‌ڵكی سوكۆت و گوتی: «ئه‌وه‌تا زه‌ڤه‌ح و چه‌لموناع كه‌ گاڵته‌تان پێكردم و گوتتان: ”ئایا ده‌ستی زه‌ڤه‌ح و چه‌لموناع ئێستا به‌ ده‌ستته‌وه‌یه‌ هه‌تا نان بده‌ینه‌ پیاوه‌ ماندووه‌كانت؟“»
16
جا پیره‌كانی شارۆچكه‌كه‌ی برد و به‌ دڕكوداڵی ده‌شتوده‌ر سزای دان و كردنی به‌ په‌ند بۆ خه‌ڵكی سوكۆت.
17
هه‌روه‌ها قولله‌ی په‌نیێلی ڕووخاند و پیاوه‌كانی شارۆچكه‌كه‌ی كوشت.
18
به‌ زه‌ڤه‌ح و چه‌لموناعی گوت: «ئه‌و پیاوانه‌ی كه‌ له‌ تاڤۆر كوشتتان چۆن بوون؟»
ئه‌وانیش گوتیان: «له‌ تۆ ده‌چوون، هه‌ریه‌كه‌یان وه‌ك شازاده‌یه‌ك بوو.»
19
گدعۆنیش گوتی: «ئه‌وان برای منن و كوڕی دایكمن. به‌ یه‌زدانی زیندوو، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ به‌ زیندوویی بتانهێشبوونایه‌وه‌ نه‌مده‌كوشتن!»
20
ئینجا به‌ یه‌ته‌ری نۆبه‌ره‌ی كوڕی گوت: «هه‌سته‌ بیانكوژه‌!» به‌ڵام یه‌ته‌ر شمشێره‌كه‌ی ڕانه‌كێشا، چونكه‌ ترسا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا مێردمنداڵ بوو.
21
زه‌ڤه‌ح و چه‌لموناعیش گوتیان: «تۆ هه‌سته‌ و بمانكوژه‌، چونكه‌ ”پیاو چۆن بێت هێزیشی وایه‌.“» گدعۆنیش هه‌ستا و زه‌ڤه‌ح و سه‌لمونناعی كوشت و ئه‌و هیزاره‌ی[b] به‌ ملی وشتره‌كانیانه‌وه‌ بوو بردی.
ئێفۆدی گدعۆن 
22
ئیتر پیاوانی ئیسرائیل به‌ گدعۆنیان گوت: «فه‌رمانڕه‌وایه‌تیمان بكه‌، خۆت و كوڕه‌كه‌ت و كوڕی كوڕه‌كه‌شت، چونكه‌ ڕزگارت كردین له‌ ده‌ستی میدیان.»
23
به‌ڵام گدعۆن پێی گوتن: «من فه‌رمانڕه‌وایه‌تیتان ناكه‌م و كوڕه‌كه‌شم فه‌رمانڕه‌وایه‌تیتان ناكات. یه‌زدان فه‌رمانڕه‌وایه‌تیتان ده‌كات.»
24
ئینجا گدعۆن پێی گوتن: «داوای شتێكتان لێ ده‌كه‌م، هه‌ریه‌كه‌تان ئه‌و گوارانه‌ی ده‌ستیكه‌وتووه‌ بمداتێ.» چونكه‌ به‌گوێره‌ی نه‌ریتی ئیسماعیلییه‌كان، گواره‌ی زێڕیان له‌ گوێ كردبوون.
25
ئه‌وانیش گوتیان: «به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌.» ئینجا جبه‌یه‌كیان ڕاخست و هه‌ریه‌كه‌ و ئه‌و گوارانه‌ی ده‌ستی كه‌وتبوو فڕێیدایه‌ سه‌ری.
26
كێشی ئه‌و گواره‌ زێڕانه‌ی كه‌ داوای كرد هه‌زار و حه‌وت سه‌د شاقل[c] بوو، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ هیزاره‌كان كه‌ له‌سه‌ر شێوه‌ی مانگی نوێ بوون، هه‌روه‌ها بازن و جبه‌ و عه‌بای ئه‌رخه‌وانی كه‌ له‌به‌ر پاشایانی میدیان بوو، هه‌روه‌ها بێجگه‌ له‌و ملوانكانه‌ی كه‌ له‌ ملی وشتره‌كانیان بوو.
27
جا گدعۆن ئێفۆدێكی لێ دروستكردن و له‌ عۆفرا داینا كه‌ شارۆچكه‌كه‌ی خۆی بوو. هه‌موو ئیسرائیلیش به‌دوایه‌وه‌ له‌وێ له‌شفرۆشییان كرد، ئیتر ئه‌وه‌ ته‌ڵه‌یه‌ك بوو بۆ گدعۆن و ماڵه‌كه‌ی.
مردنی گدعۆن 
28
میدیانیش له‌به‌رده‌م كوڕانی ئیسرائیلدا زه‌لیل بوون و ئیتر سه‌ریان به‌رز نه‌كرده‌وه‌. خاكه‌كه‌ش له‌ سه‌رده‌می گدعۆندا چل ساڵ له‌ ئاشتیدا بوو.
29
جا یه‌روبه‌علی[d] كوڕی یۆئاش ڕۆیشت و له‌ ماڵی خۆی دانیشت.
30
گدعۆن حه‌فتا كوڕی له‌ پشتی خۆی هه‌بوو، چونكه‌ ژنی زۆربوو.
31
هه‌روه‌ها كه‌نیزه‌كه‌شی كه‌ له‌ شه‌خه‌م بوو، ئه‌ویش كوڕێكی بۆی بوو، ناوی لێنا ئه‌بیمه‌له‌خ.
32
ئینجا گدعۆنی كوڕی یۆئاش له‌ ته‌مه‌نێكی باشی پیریدا مرد و له‌ گۆڕی یۆئاشی باوكی له‌ عۆفرای ئه‌ڤیعه‌زه‌رییه‌كاندا نێژرا.
33
هه‌ر له‌دوای مردنی گدعۆن نه‌وه‌ی ئیسرائیل دیسان به‌دوای به‌عله‌كانه‌وه‌ له‌شفرۆشییان كرد و به‌عل‌به‌ریتیان[e] به‌ خودای خۆیان دانا.
34
نه‌وه‌ی ئیسرائیل یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆیان بیر نه‌كه‌وته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌ربازی كردن له‌ ده‌ستی هه‌موو دوژمنه‌كانی ده‌وروبه‌ریان.
35
هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ماڵی یه‌روبه‌عل گدعۆن دڵسۆز نه‌بوون به‌رامبه‌ر به‌ هه‌موو ئه‌و چاكانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل كردی.
  1. a. 8‏:2 كۆكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌ی ڕنراوه‌كان.
  2. b. 8‏:21 هیزار: ئه‌و ملوانكه‌ و جوانكاریانه‌یه‌ به‌ گه‌ردنی ئاژه‌ڵه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسرێت، بریتی بووه‌ له‌ ملوانكه‌ و زه‌نگوڵی شێوه‌ مانگی كراوه‌.
  3. c. 8‏:26 هه‌زار و حه‌وت سه‌د شاقل: نزیكه‌ی 19,5 كیلۆگرام.
  4. d. 8‏:29 یه‌روبه‌عل: مه‌به‌ست له‌ گدعۆن، لێره‌ و له‌ ئایه‌تی 35.
  5. e. 8‏:33 واته‌ خوداوه‌ندی په‌یمان یان مێردی په‌یمان.