عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
به‌زاندنی میدیانییه‌كان 
1
ئیتر یه‌روبه‌عل، واته‌ گدعۆن، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵیدا بوون به‌یانی زوو هه‌ستان و له‌ته‌نیشت كانی حه‌رۆد چادریان هه‌ڵدا. ئۆردوگای میدیانییه‌كانیش له‌ باكووریانه‌وه‌ بوون له‌لای گردی مۆره‌ له‌ دۆڵه‌كه‌.
2
ئینجا خودا به‌ گدعۆنی فه‌رموو: «ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵتدایه‌ به‌لای منه‌وه‌ زۆرن، هه‌تا میدیانییه‌كان بده‌مه‌ ده‌ستیان، نه‌وه‌ك ئیسرائیل شانازی له‌سه‌ر من بكات و بڵێت: ”هێزی خۆم ڕزگاری كردم.“
3
ئێستاش بانگه‌واز بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ بكه‌: ”ئه‌وه‌ی ده‌ترسێت و تۆقیوه‌ با بگه‌ڕێته‌وه‌ و كێوی گلعاد به‌جێبهێڵێت.“» ئیتر بیست و دوو هه‌زار كه‌س له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ و ده‌ هه‌زار كه‌س مانه‌وه‌.
4
ئینجا یه‌زدان به‌ گدعۆنی فه‌رموو: «هێشتا خه‌ڵكه‌كه‌ زۆرن. بیانبه‌ره‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ر ئاوه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ له‌ بێژنگیان بده‌م بۆت. ئیتر ئه‌وه‌ی كه‌ پێت بڵێم: ”ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵت دێت“ ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵت دێت، به‌ڵام بۆ هه‌ر یه‌كێكیش پێت بڵێم: ”ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵت نایه‌ت،“ ئه‌وا نایه‌ت.»
5
گدعۆنیش خه‌ڵكه‌كه‌ی برده‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ر ئاوه‌كه‌. ئینجا یه‌زدان به‌ گدعۆنی فه‌رموو: «هه‌ركه‌سێك له‌سه‌ر له‌پی ده‌ستی به‌ زمان[a] له‌ ئاوه‌كه‌ی خوارده‌وه‌ وه‌ك چۆن سه‌گ ئاو ده‌خواته‌وه‌ جیای بكه‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌ركه‌سێك بۆ ئاو خواردنه‌وه‌ به‌سه‌ر چۆكدا بكه‌وێت جیای بكه‌ره‌وه‌.»
6
ئیتر ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ ڕێگه‌ی له‌پی ده‌سته‌وه‌ به‌ زمان ئاویان خوارده‌وه‌ سێ سه‌د پیاو بوون، خه‌ڵكه‌كه‌ی دیكه‌ش هه‌موویان له‌سه‌ر چۆكیان كه‌وتن بۆ ئاو خواردنه‌وه‌.
7
ئینجا یه‌زدان به‌ گدعۆنی فه‌رموو: «به‌و سێ سه‌د پیاوه‌ی له‌ ڕێگه‌ی له‌پی ده‌سته‌وه‌ به‌ زمان ئاویان خوارده‌وه‌ ڕزگارتان ده‌كه‌م و میدیانییه‌كان ده‌خه‌مه‌ ژێر ده‌ستته‌وه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ی دیكه‌ با هه‌ركه‌سه‌ و بچێته‌وه‌ بۆ شوێنی خۆی.»
8
ئیتر گدعۆن هه‌موو پیاوه‌كانی دیكه‌ی ئیسرائیلی نارده‌وه‌، هه‌ریه‌كه‌ و بۆ ماڵه‌كه‌ی خۆی، به‌ڵام سێ سه‌د پیاوه‌كه‌ی هێشته‌وه‌. ئه‌وانیش ئازووقه‌ و كه‌ڕه‌ناكانی ئه‌وانی دیكه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیاندا برد.
ئۆردوگای میدیانییه‌كانیش له‌ دۆڵه‌كه‌ له‌ ژێرییه‌وه‌ بوو.
9
ئینجا له‌و شه‌وه‌دا یه‌زدان به‌ گدعۆنی فه‌رموو: «هه‌سته‌ و هێرش بكه‌ سه‌ر ئۆردوگاكه‌، چونكه‌ خستوومه‌ته‌ ژێر ده‌ستته‌وه‌.
10
ئه‌گه‌ر له‌ هێرشبردن ده‌ترسیت، ئه‌وا خۆت و پورای خزمه‌تكارت بچنه‌ خواره‌وه‌ بۆ ئۆردوگاكه‌،
11
گوێت له‌ قسه‌كانیان ده‌بێت و وره‌ت به‌رزده‌بێته‌وه‌ و هێرش ده‌به‌یته‌سه‌ر ئۆردوگاكه‌.» ئیتر خۆی و پورای خزمه‌تكاری به‌ره‌و خوار چوون تاكو له‌ ڕیزه‌كانی دواوه‌ی چه‌كداره‌كانی ئۆردوگاكه‌ نزیك بوونه‌وه‌.
12
میدیانی و عه‌مالێقییه‌كان و هه‌موو كوڕانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ زۆریدا وه‌ك كولله‌ وابوون و له‌ دۆڵه‌كه‌ بوون، وشتره‌كانیشیان بێشومار بوون له‌ زۆریدا وه‌ك ئه‌و لمه‌ی له‌سه‌ر كه‌ناری ده‌ریادایه‌.
13
ئینجا گدعۆن هات و بینی پیاوێك خه‌ونێك بۆ هاوڕێكه‌ی ده‌گێڕێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: «به‌ڕاستی خه‌ونێكم بینیوه‌، له‌ خه‌ونه‌كه‌ كولێره‌یه‌كی جۆ گلۆربووه‌وه‌ بۆ ئۆردوگای میدیانییه‌كان و هاته‌ چادره‌كه‌ و لێیدا، ئیتر كه‌وت و سه‌ره‌وژێری كرد، چادره‌كه‌ی ته‌خت كرد.»
14
هاوڕێكه‌شی وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «ئه‌وه‌ له‌ شمشێره‌كه‌ی گدعۆنی كوڕی یۆئاشی پیاوی ئیسرائیل زیاتر به‌ولاوه‌ هیچی دیكه‌ نییه‌، خودا میدیانییه‌كان و هه‌موو سوپاكه‌ی خستووه‌ته‌ ژێر ده‌ستیه‌وه‌.»
15
ئیتر كاتێك گدعۆن گوێی له‌ هه‌واڵی خه‌ونه‌كه‌ و لێكدانه‌وه‌كه‌ی بوو كڕنۆشی برد[b] و گه‌ڕایه‌وه‌ ئۆردوگاكه‌ی ئیسرائیل و گوتی: «هه‌ستن، چونكه‌ خودا سوپای میدیانییه‌كانی خستووه‌ته‌ ژێر ده‌ستتانه‌وه‌.»
16
ئینجا سێ سه‌د پیاوه‌كه‌ی دابه‌ش كرد بۆ سێ تیپ و كه‌ڕه‌نای دایه‌ ده‌ستی هه‌موویان له‌گه‌ڵ گۆزه‌ی به‌تاڵ و چرای خسته‌ ناو گۆزه‌كانه‌وه‌.
17
پێی گوتن: «سه‌یری من بكه‌ن و وه‌ك من بكه‌ن، ئه‌وه‌تا من ده‌چمه‌ نزیك ئۆردوگاكه‌، ئیتر من چی ده‌كه‌م ئێوه‌ش وا بكه‌ن.
18
ئینجا من و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵمدان كه‌ كه‌ڕه‌نامان لێدا، ئێوه‌ش به‌ ده‌وری هه‌موو ئۆردوگاكه‌دا كه‌ڕه‌نا لێ بده‌ن و بڵێن: ”بۆ یه‌زدان و بۆ گدعۆن!“»
19
ئیتر گدعۆن و سه‌د پیاوه‌كه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵیدا بوون له‌ سه‌ره‌تای نیوه‌ شه‌ودا هاتن بۆ كه‌ناری ئۆردوگاكه‌ و له‌و كاته‌دا پاسه‌وانه‌كانیان گۆڕی بوو، ئینجا كه‌ڕه‌نایان لێدا و ئه‌و گۆزانه‌ی له‌ ده‌ستیان بوو شكاندیانن.
20
سێ تیپه‌كه‌ كه‌ڕه‌نایان لێدا و گۆزه‌كانیان شكاند و چراكانیان به‌ ده‌ستی چه‌پیانه‌وه‌ گرت و كه‌ڕه‌ناكانیان به‌ ده‌ستی ڕاست بۆ ئه‌وه‌ی لێی بده‌ن، هاواریان كرد: «شمشێرێك بۆ یه‌زدان و بۆ گدعۆن!»
21
ئیتر هه‌ریه‌كه‌ و له‌ شوێنی خۆیان به‌ ده‌وری ئۆردوگاكه‌دا ڕاوه‌ستان. ئینجا هه‌موو میدیانییه‌كان ڕایانكرد و هاواریان كرد و هه‌ڵاتن.
22
كاتێك سێ سه‌د كه‌سه‌كه‌ كه‌ڕه‌نایان لێدا، یه‌زدان كارێكی كرد له‌ پیاوانی سه‌راپای ئۆردوگاكه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌ به‌ شمشێره‌كه‌ی له‌ هاوڕێكه‌ی خۆی بدات، ئیتر سوپاكه‌ هه‌ڵات بۆ بێت‌شیتا به‌ره‌و چه‌رێرا هه‌تا ده‌گاته‌ سنووری ئابێل مه‌حۆلا نزیك ته‌بات.
23
ئیتر پیاوانی ئیسرائیل له‌ هۆزه‌كانی نه‌فتالی و ئاشێر و هه‌موو مه‌نه‌شه‌ بانگ كران و كۆبوونه‌وه‌ و به‌دوای میدیانییه‌كان كه‌وتن.
24
ئینجا گدعۆن نێردراوی نارد بۆ هه‌موو ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی ئه‌فرایم و گوتی: «دابه‌زن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی میدیانییه‌كان و سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌كانیان لێ بستێنن هه‌تا ده‌گاته‌ بێت‌بارا و ڕووباری ئوردون.»
ئیتر هه‌موو پیاوانی ئه‌فرایم كۆبوونه‌وه‌ و سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌كانیان لێسه‌ندن هه‌تا ده‌گاته‌ بێت‌بارا و ڕووباری ئوردون.
25
دوو سه‌ركرده‌ی میدیانییه‌كانیشیان گرت، عۆرێڤ و زئێڤ. عۆرێڤیان له‌سه‌ر تاشه‌به‌ردی عۆرێڤ كوشت، به‌ڵام زئێڤیان له‌ناو گوشه‌ری زئێڤدا كوشت. هه‌روه‌ها دوای میدیانییه‌كان كه‌وتن و كه‌لله‌سه‌ری عۆرێڤ و زئێڤیان له‌وبه‌ری ڕووباری ئوردونه‌وه‌ هێنا بۆ گدعۆن.
  1. a. 7‏:5 شێوازی ئاو خواردنه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی له‌پی ده‌سته‌وه‌ و نزیكبوونه‌وه‌ی له‌پی ده‌ست له‌ ده‌م.
  2. b. 7‏:15 كڕنۆشی برد: واته‌ خودای په‌رست.