عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئه‌وانه‌ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ن كه‌ یه‌زدان به‌جێی هێشتن، بۆ ئه‌وه‌ی ئیسرائیلیان پێ تاقی بكاته‌وه‌، هه‌موو ئه‌و ئیسرائیلییانه‌ی كه‌ شاره‌زاییان نه‌بوو ده‌رباره‌ی هیچ كامێك له‌ جه‌نگه‌كانی كه‌نعان،
2
جا ئه‌وه‌ی ته‌نها بۆ فێركردنی نه‌وه‌ی ئیسرائیل كرد بۆ جه‌نگ، ئه‌وانه‌ی كه‌ پێشتر شاره‌زاییان له‌ جه‌نگ نه‌بوو،
3
پێنج حوكمڕانه‌كه‌ی فه‌له‌ستییه‌كان و هه‌موو كه‌نعانی و سه‌یدائی و حیڤییه‌كانی دانیشتووی زنجیره‌ چیای لوبنان، له‌ چیای به‌عل‌حه‌رمۆنه‌وه‌ هه‌تا ده‌روازه‌ی حه‌مات.
4
ئه‌مانه‌ بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی ئیسرائیل بوون، بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت ئاخۆ گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانه‌كانی یه‌زدان ده‌بن، ئه‌وانه‌ی له‌ ڕێگه‌ی موساوه‌ فه‌رمانی به‌ باوباپیرانیان دابوو.
5
ئیتر كوڕانی ئیسرائیل له‌نێو كه‌نعانی و حیتی و ئه‌موری و پریزی و حیڤی و یه‌بوسییه‌كاندا نیشته‌جێ بوون.
6
كچه‌كانیان هێنان وه‌ك ژن بۆ خۆیان و كچه‌كانی خۆشیان دا به‌ كوڕه‌كانی ئه‌وان و خوداوه‌نده‌كانی ئه‌وانیان په‌رست.
عۆسنیێل 
7
جا نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌كارییان كرد و یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆیان له‌بیر چووه‌وه‌ و به‌عله‌كان و ئه‌شێراكانیان په‌رست.
8
تووڕه‌یی یه‌زدان به‌سه‌ر نه‌وه‌ی ئیسرائیلدا جۆشا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕاده‌ستی كوشه‌ن ڕیشعاته‌یمی[a] پاشای میسۆپۆتامیای[b] كردن. ئیتر نه‌وه‌ی ئیسرائیل هه‌شت ساڵ ژێرده‌سته‌ی كوشه‌ن ڕیشعاته‌یم بوون.
9
ئینجا نه‌وه‌ی ئیسرائیل هاواریان بۆ یه‌زدان كرد و یه‌زدانیش ڕزگاركه‌رێكی بۆیان هه‌ستانده‌وه‌ و ڕزگاری كردن، ئه‌ویش عۆسنیێلی كوڕی قه‌نه‌زی برای كالێب ئه‌وه‌ی له‌و بچووكتر بوو.
10
ڕۆحی یه‌زدان هاته‌ سه‌ری و ڕابه‌رایه‌تی ئیسرائیلی كرد. چوو بۆ جه‌نگ و یه‌زدانیش كوشه‌ن ڕیشعاته‌یمی پاشای ئارامی خسته‌ ژێر ده‌ستیه‌وه‌ و به‌سه‌ر كوشه‌ن ڕیشعاته‌یمدا باڵاده‌ست بوو.
11
چل ساڵ خاكه‌كه‌ له‌ ئاشتیدا بوو، ئینجا عۆسنیێلی كوڕی قه‌نه‌ز مرد.
ئێهود 
12
دیسان نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌به‌رچاوی یه‌زدان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خراپه‌كاری، له‌به‌ر ئه‌وه‌ عه‌گلۆنی پاشای مۆئابی زاڵ كرد به‌سه‌ر ئیسرائیل، چونكه‌ له‌به‌رچاوی یه‌زدان به‌دكارییان كرد.
13
جا عه‌گلۆن عه‌مۆنی و عه‌مالێقییه‌كانی له‌ خۆی كۆكرده‌وه‌، چوو و ئیسرائیلی به‌زاند، ده‌ستی به‌سه‌ر شاری دار خورمادا گرت.
14
ئیتر نه‌وه‌ی ئیسرائیل هه‌ژده‌ ساڵ ژێرده‌سته‌ی عه‌گلۆنی پاشای مۆئاب بوون.
15
ئینجا نه‌وه‌ی ئیسرائیل هاواریان بۆ یه‌زدان كرد و یه‌زدانیش ڕزگاركه‌رێكی بۆیان هه‌ستانده‌وه‌، ئێهودی كوڕی گێرای بنیامینی، پیاوێكی چه‌پله‌ر[c] بوو. نه‌وه‌ی ئیسرائیلیش سه‌رانه‌یان به‌ ده‌ستی ئه‌ودا نارد بۆ عه‌گلۆنی پاشای مۆئاب.
16
ئێهود شمشێرێكی دوو ده‌می بۆ خۆی دروستكرد كه‌ درێژییه‌كه‌ی باڵێك[d] بوو، له‌ژێر جله‌كانییه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕانی ڕاستی له‌ خۆی به‌ست.
17
سه‌رانه‌كه‌ی بۆ عه‌گلۆنی پاشای مۆئاب هێنا، عه‌گلۆنیش پیاوێكی زۆر قه‌ڵه‌و بوو.
18
كاتێك ئێهود له‌ ڕاده‌ستكردنی سه‌رانه‌كه‌ی بووه‌وه‌، هه‌ڵگرانی سه‌رانه‌كه‌ی ڕه‌وانه‌ كرد.
19
به‌ڵام ئه‌و له‌لای بته‌كانی گلگاله‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ و گوتی: «ئه‌ی پاشا، په‌یامێكی نهێنیم پێیه‌ بۆت.»
ئه‌ویش گوتی: «بێده‌نگ بن!» ئینجا هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌لای وه‌ستا بوون چوونه‌ ده‌ره‌وه‌.
20
ئیتر ئێهود هاته‌ ژووره‌وه‌ بۆ لای بۆ ژووره‌ فێنكه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌ لێی دانیشتبوو و به‌ ته‌نها هی خۆی بوو، ئێهود گوتی: «په‌یامی خودام له‌لایه‌ بۆ تۆ.» ئه‌ویش له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ هه‌ستا.
21
ئێهودیش ده‌ستی چه‌پی درێژكرد و شمشێره‌كه‌ی له‌ ڕانی ڕاستی كرده‌وه‌ و كردی به‌ ورگی دا.
22
ده‌سكه‌كه‌شی له‌دوای تیخه‌كه‌ چووه‌ ناوه‌وه‌ و تیخه‌كه‌ له‌ پشتی ده‌رچوو. ئێهود شمشێره‌كه‌ی له‌ ورگی ڕانه‌كێشایه‌وه‌، پیوه‌كه‌ی[e] هاته‌وه‌ سه‌ر شمشێره‌كه‌ و پیساییه‌كه‌ی هاته‌ ده‌ره‌وه‌.
23
ئینجا ئێهود چووه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ هه‌یوانه‌كه‌، ده‌رگاكانی سه‌ره‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا داخست و كلیلی دان.
24
له‌دوای ئه‌وه‌ی ڕۆیشت، خزمه‌تكاره‌كان هاتن و سه‌یریان كرد بینییان ده‌رگاكانی ژووره‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ داخراوه‌، گوتیان: «بێگومان له‌ ژووره‌ فێنكه‌كه‌ له‌ ئاوده‌سته‌.»
25
ئیتر چاوه‌ڕێیان كرد هه‌تا نیگه‌ران بوون. كاتێك بینییان ده‌رگاكانی سه‌ره‌وه‌ ناكاته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌ستیان دایه‌ كلیله‌كه‌ و كردیانه‌وه‌، بینییان گه‌وره‌كه‌یان له‌سه‌ر زه‌وی به‌ مردوویه‌تی كه‌وتووه‌.
26
به‌ڵام كاتێك ئه‌وان له‌ چاوه‌ڕوانی بوون ئێهود ده‌رباز بوو، به‌لای بته‌كانیاندا تێپه‌ڕی و ده‌رباز بوو بۆ سێعیرا.
27
كاتێك هات له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی ئه‌فرایم كه‌ڕه‌نای لێدا و كوڕانی ئیسرائیل له‌گه‌ڵی له‌ چیاكه‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌ و ئه‌و له‌پێشیانه‌وه‌ بوو.
28
پێی گوتن: «دوام بكه‌ون، چونكه‌ یه‌زدان دوژمنه‌ مۆئابییه‌كانی ئێوه‌ی خسته‌ ژێر ده‌ستتان.» ئه‌وانیش به‌دوایدا هاتنه‌ خواره‌وه‌ و ته‌نكاییه‌كانی ڕووباری ئوردونیان گرت كه‌ ده‌چووه‌ مۆئاب و نه‌یانهێشت كه‌س تێبپه‌ڕێت.
29
له‌و كاته‌دا له‌ مۆئاب نزیكه‌ی ده‌ هه‌زار پیاویان كوشت، له‌ هه‌موو پاڵه‌وانێكی كه‌ڵه‌گه‌ت، كه‌س ده‌رباز نه‌بوو.
30
مۆئابییه‌كان له‌و ڕۆژه‌دا ژێرده‌سته‌ی ئیسرائیل بوون، خاكه‌كه‌ش هه‌شتا ساڵ له‌ ئاشتیدا بوو.
شه‌مگه‌ر 
31
له‌دوای ئێهود شه‌مگه‌ری كوڕی عه‌نات بوو، كه‌ شه‌ش سه‌د پیاوی له‌ فه‌له‌ستییه‌كان به‌ گۆچانی گاوانی كوشت، هه‌روه‌ها ئه‌ویش ئیسرائیلی ڕزگار كرد.
  1. a. 3‏:8 ڕیشعاته‌یم واته‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ به‌دكار.
  2. b. 3‏:8 میسۆپۆتامیا: عیبری (ئارامی دوو ڕووبار) به‌ واتای وڵاتی ئارام كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان دجله‌ و فورات.
  3. c. 3‏:15 چه‌پله‌ر: چۆپان، ئه‌وه‌ی كار به‌ ده‌ستی چه‌پ ده‌كات.
  4. d. 3‏:16 نزیكی نیو مه‌تر.
  5. e. 3‏:22 پیوه‌كه‌: واته‌ به‌زه‌كه‌.