عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
جه‌نگی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ بنیامین 
1
ئینجا هه‌موو نه‌وه‌ی ئیسرائیل هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و كۆمه‌ڵه‌كه‌ وه‌ك یه‌ك پیاو له‌به‌رده‌م یه‌زدان كۆبوونه‌وه‌[a] له‌ میچپا، له‌ دانه‌وه‌ هه‌تا بیری شابه‌ع[b] و هه‌روه‌ها خاكی گلعاد.
2
سه‌رۆكه‌كانی هه‌موو گه‌ل، هه‌موو هۆزه‌كانی ئیسرائیل له‌ كۆبوونه‌وه‌ی گه‌لی خودا وه‌ستان و ژماره‌یان چوار سه‌د هه‌زار پیاده‌ی شمشێر به‌ده‌ست بوو.
3
نه‌وه‌ی بنیامینیش بیستیانه‌وه‌ كه‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل سه‌ركه‌وتوون بۆ میچپا. جا نه‌وه‌ی ئیسرائیل گوتیان: «قسه‌ بكه‌ن ئه‌م كاره‌ خراپه‌ چۆن ڕوویدا؟»
4
پیاوه‌ لێڤییه‌كه‌ مێردی ژنه‌ كوژراوه‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و گوتی: «من و كه‌نیزه‌كه‌م هاتینه‌ گیڤعای بنیامین بۆ ئه‌وه‌ی شه‌و له‌وێ به‌سه‌ربه‌رین.
5
جا خه‌ڵكی گیڤعا شه‌و هاتنه‌ سه‌رم و له‌ ماڵه‌كه‌دا گه‌مارۆیان دام و به‌ته‌مابوون بمكوژن، كه‌نیزه‌كه‌ی منیان لاقه‌ كرد هه‌تا مرد.
6
منیش كه‌نیزه‌كه‌ی خۆمم گرت و له‌تله‌تم كرد و ناردم بۆ هه‌موو هه‌رێمه‌كانی ئیسرائیل، چونكه‌ ئه‌وانه‌ ئه‌وپه‌ڕی به‌دڕه‌وشتییان له‌ ئیسرائیل ئه‌نجام داوه‌.
7
ئێستاش هه‌موو نه‌وه‌ی ئیسرائیل لێره‌یه‌، جا ڕاوێژ و بڕیاری خۆتان بڵێن.»
8
ئینجا هه‌موو گه‌ل وه‌ك یه‌ك پیاو هه‌ستان و گوتیان: «كه‌س له‌ ئێمه‌ ناچێته‌وه‌ بۆ چادره‌كه‌ی و كه‌سیش لا نادات بۆ ماڵه‌كه‌ی.
9
ئێستاش ئه‌مه‌ ئه‌و كاره‌یه‌ كه‌ به‌ گیڤعای ده‌كه‌ین: به‌پێی تیروپشك، له‌ دژیان سه‌رده‌كه‌وین.
10
له‌ناو هه‌موو هۆزه‌كانی ئیسرائیلدا بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌ پیاو له‌ هه‌ر سه‌د پیاوێك و سه‌د له‌ هه‌زار و هه‌زار له‌ ده‌ هه‌زار جیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ هێنانی خواردن بۆ سوپا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كاتی چوونه‌ ژووره‌وه‌یان بۆ گیڤعای بنیامین به‌پێی هه‌موو ئه‌و بێ ئابڕووییه‌ی له‌ ئیسرائیل كردیان، سزا بدرێن.»
11
ئینجا هه‌موو پیاوانی ئیسرائیل وه‌ك یه‌ك پیاو كۆبوونه‌وه‌ له‌ دژی شاره‌كه‌.
12
جا هۆزه‌كانی ئیسرائیل چه‌ند پیاوێكیان بۆ هه‌موو هۆزه‌كانی بنیامین نارد و گوتیان: «ئایا ئه‌و به‌دكارییه‌ چی بوو له‌نێوتاندا ڕوویدا؟
13
جا ئێستا ئه‌و پیاوه‌ به‌دڕه‌وشتانه‌ی كه‌ له‌ گیڤعادان بیانده‌نه‌ ده‌ستمان بۆ ئه‌وه‌ی بیانكوژین و خراپه‌ له‌ ئیسرائیلدا ڕیشه‌كێش بكه‌ین.»
به‌ڵام نه‌وه‌ی بنیامین نه‌یانویست گوێ له‌ براكانیان و له‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل بگرن.
14
ئینجا نه‌وه‌ی بنیامین له‌ شارۆچكه‌كانی خۆیانه‌وه‌ بۆ گیڤعا كۆبوونه‌وه‌ هه‌تا بۆ جه‌نگان له‌ دژی ئیسرائیل بێنه‌ ده‌ره‌وه‌.
15
نه‌وه‌ی بنیامین له‌و ڕۆژه‌دا له‌ شارۆچكه‌كانی خۆیانه‌وه‌ بیست و شه‌ش هه‌زار پیاوی شمشێر به‌ ده‌ستیان كۆكرده‌وه‌ جگه‌ له‌ دانیشتووانی گیڤعا كه‌ ژماره‌یان حه‌وت سه‌د پیاوی هه‌ڵبژارده‌ بوو.
16
له‌ هه‌موو ئه‌م گه‌له‌ حه‌وت سه‌د پیاوی هه‌ڵبژارده‌ی هه‌بوون كه‌ به‌ ده‌ستی چه‌پ به‌ به‌رده‌قانی[c] نیشانیان له‌ موو ده‌گرت و ده‌یانپێكا.
17
جا نه‌وه‌ی ئیسرائیلیش بێجگه‌ له‌ بنیامین، چوار سه‌د هه‌زار پیاوی شمشێر به‌ده‌ستیان كۆكرده‌وه‌ و هه‌موویان پیاوی جه‌نگ بوون.
18
جا نه‌وه‌ی ئیسرائیل هه‌ستان و سه‌ركه‌وتن بۆ بێت‌ئێل و پرسیاریان له‌ خودا كرد و گوتیان: «كێ له‌ ئێمه‌ یه‌كه‌م جار سه‌رده‌كه‌وێت بۆ جه‌نگ له‌ دژی نه‌وه‌ی بنیامین؟»
یه‌زدانیش گوتی: «یه‌كه‌م جار یه‌هودا.»
19
ئینجا بۆ به‌یانی نه‌وه‌ی ئیسرائیل هه‌ستان و چادریان هه‌ڵدا له‌ دژی گیڤعا.
20
ئینجا پیاوانی ئیسرائیل بۆ جه‌نگ له‌ دژی بنیامین هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و پیاوانی ئیسرائیل له‌ نزیك گیڤعاوه‌ بۆ جه‌نگ ڕیزیان به‌ست.
21
نه‌وه‌ی بنیامینیش له‌ گیڤعاوه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌و ڕۆژه‌دا بیست و دوو هه‌زار پیاویان له‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ناوبرد.
22
به‌ڵام پیاوانی ئیسرائیل یه‌كتریان هاندا و دووباره‌ بۆ جه‌نگ له‌و شوێنه‌دا ڕیزیان به‌سته‌وه‌ كه‌ له‌ ڕۆژی یه‌كه‌مدا تێیدا ڕیزیان به‌ست.
23
پاشان نه‌وه‌ی ئیسرائیل سه‌ركه‌وتن و هه‌تا ئێواره‌ له‌به‌رده‌م یه‌زدان گریان و پرسیاریان له‌ یه‌زدان كرد و گوتیان: «ئایا بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ جه‌نگ له‌ دژی بنیامینی برامان؟»
یه‌زدانیش گوتی: «سه‌ربكه‌ونه‌ سه‌ره‌وه‌ بۆیان.»
24
ئینجا نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ ڕۆژی دووه‌مدا له‌ دژی نه‌وه‌ی بنیامین چوونه‌ پێشه‌وه‌ و
25
بنیامینیش له‌ ڕۆژی دووه‌مدا له‌ گیڤعاوه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ و دووباره‌ هه‌ژده‌ هه‌زار پیاویان له‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ناوبرد كه‌ هه‌موو شمشێر به‌ده‌ست بوون.
26
ئینجا هه‌موو نه‌وه‌ی ئیسرائیل، هه‌موو گه‌ل سه‌ركه‌وتن، هاتن بۆ بێت‌ئێل و گریان، له‌وێدا له‌به‌رده‌م یه‌زداندا دانیشتن، له‌و ڕۆژه‌دا هه‌تا ئێواره‌ به‌ ڕۆژوو بوون و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبه‌شییان[d] له‌به‌رده‌م یه‌زدان پێشكه‌ش كرد.
27
جا نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ یه‌زدانیان پرسی. له‌و سه‌رده‌مه‌دا سندوقی په‌یمانی خودا له‌وێ بوو،
28
هه‌روه‌ها له‌و سه‌رده‌مه‌دا فینه‌حاسی كوڕی ئه‌لعازاری كوڕی هارون له‌به‌رده‌میدا خزمه‌تی ده‌كرد. له‌ یه‌زدانیان پرسی و گوتیان: «ئایا بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ جه‌نگ له‌ دژی نه‌وه‌ی بنیامینی برامان یان واز بهێنین؟»
یه‌زدانیش گوتی: «سه‌ربكه‌ون، چونكه‌ سبه‌ینێ ده‌یانده‌م به‌ده‌ستتانه‌وه‌.»
29
ئینجا نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ چوارده‌وری گیڤعا بۆسه‌یان دانا و
30
له‌ ڕۆژی سێیه‌م هێرشیان كرده‌ سه‌ر نه‌وه‌ی بنیامین و وه‌ك جاری یه‌كه‌م و دووه‌م له‌ نزیك گیڤعاوه‌ ڕیزیان به‌ست.
31
نه‌وه‌ی بنیامینیش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌ل چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ شاره‌كه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌. وه‌ك دوو جاره‌كه‌ی پێشتر ده‌ستیان به‌ لێدانی گه‌ل كرد و نزیكه‌ی سی پیاویان له‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل كوشت، له‌و دوو ڕێگایه‌ی كه‌ یه‌كێكیان سه‌رده‌كه‌وت بۆ بێت‌ئێل و ئه‌وه‌ی دیكه‌یان له‌ ده‌شتوده‌ره‌وه‌ بۆ گیڤعا ده‌چوو.
32
نه‌وه‌ی بنیامین گوتیان: «وه‌ك یه‌كه‌م جار له‌به‌رده‌مماندا به‌زیوون.» به‌ڵام نه‌وه‌ی ئیسرائیل گوتیان: «با هه‌ڵبێین و له‌ شاره‌كه‌ دووریان بخه‌ینه‌وه‌ به‌ره‌و ڕێگاكان.»
33
ئینجا هه‌موو پیاوانی ئیسرائیل له‌ شوێنه‌كانیانه‌وه‌ هه‌ستان و له‌ به‌عل‌تاماردا ڕیزیان به‌ست، ئیسرائیلییه‌كان له‌ بۆسه‌كه‌یانه‌وه‌ له‌ ڕۆژئاوای گیڤعا ڕاپه‌ڕین.
34
له‌ به‌رامبه‌ر گیڤعاوه‌ ده‌ هه‌زار پیاوی هه‌ڵبژارده‌ له‌ هه‌موو ئیسرائیله‌وه‌ هاتن و شه‌ڕه‌كه‌ گه‌رم بوو، به‌ڵام بنیامینییه‌كانیش نه‌یانزانی كه‌ چ به‌ڵایه‌كیان به‌سه‌رهاتووه‌.
35
جا یه‌زدان له‌به‌رده‌م ئیسرائیلدا له‌ نه‌وه‌ی بنیامینی دا و نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌و ڕۆژه‌دا بیست و پێنج هه‌زار و سه‌د پیاویان له‌ بنیامین له‌ناوبرد و هه‌موو ئه‌وانه‌ش شمشێر به‌ ده‌ست بوون.
36
ئینجا نه‌وه‌ی بنیامین بینییان كه‌ تێكشكاون.
پیاوانی ئیسرائیلیش له‌ به‌رامبه‌ر بنیامین كشانه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وان پشتیان به‌و بۆسه‌یه‌ به‌ستبوو كه‌ له‌ گیڤعادا نابوویانه‌وه‌.
37
ئینجا پیاوانی بۆسه‌كه‌ هه‌ستان و چوونه‌ ناو گیڤعاوه‌ و شاڵاویان برد و به‌ شمشێر له‌ هه‌موو شاره‌كه‌یان دا.
38
نیشانه‌ی نێوان پیاوانی ئیسرائیل و پیاوانی بۆسه‌كه‌ش ئه‌وه‌ بوو كه‌ دووكه‌ڵێكی زۆر له‌ شاره‌كه‌وه‌ به‌رز بكه‌نه‌وه‌،
39
جا پیاوانی ئیسرائیل له‌ جه‌نگه‌كه‌دا ئاوڕ ده‌ده‌نه‌وه‌ و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.
پێشتر نه‌وه‌ی بنیامین سی پیاویان له‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل كوشتبوو و گوتیان: «به‌ دڵنیاییه‌وه‌ وه‌ك جه‌نگی یه‌كه‌م له‌به‌رده‌مماندا به‌زیوون.»
40
ئینجا كاتێك ستوونی دووكه‌ڵ له‌ شاره‌كه‌ به‌رزبووه‌وه‌، نه‌وه‌ی بنیامین ئاوڕیان دایه‌وه‌ بۆ دواوه‌ و ته‌ماشایان كرد دووكه‌ڵی هه‌موو شاره‌كه‌ به‌ ئاسماندا ده‌چێت.
41
ئینجا پیاوانی ئیسرائیل گه‌ڕانه‌وه‌ بۆیان و پیاوانی بنیامین تۆقین، چونكه‌ زانییان به‌ڵایان به‌سه‌رهاتووه‌.
42
جا له‌به‌رده‌م پیاوانی ئیسرائیلدا به‌ره‌و ده‌شتوده‌ر هه‌ڵاتن، به‌ڵام شه‌ڕه‌كه‌ پێیان گه‌یشت و ئه‌وانه‌ش چووبوونه‌ ناو شارۆچكه‌كانه‌وه‌ لێیان ڕاپه‌ڕین و له‌ناویانبردن.
43
ئینجا بنیامینه‌كانیان گه‌مارۆ دا و به‌ ئاسانی ڕاویان نان و به‌رامبه‌ر به‌ گیڤعا له‌لای ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ پێیان گه‌یشتنه‌وه‌.
44
جا هه‌ژده‌ هه‌زار جه‌نگاوه‌ری به‌ توانا له‌ بنیامین كوژران.
45
ئینجا به‌ره‌و ده‌شتوده‌ر سووڕانه‌وه‌ و بۆ تاشه‌به‌ردی ڕیمۆن هه‌ڵاتن، جا له‌ ڕێگادا پێنج هه‌زار پیاویان لێ كوشتن. هه‌تا گدعۆم ڕاویان نان و دوو هه‌زار پیاوی دیكه‌یان لێ كوشتن.
46
له‌و ڕۆژه‌دا بیست و پێنج هه‌زار پیاوی شمشێر به‌ده‌ست له‌ بنیامین كوژران و هه‌موویان جه‌نگاوه‌ری به‌ توانا بوون.
47
به‌ڵام شه‌ش سه‌د پیاو سووڕانه‌وه‌ و به‌ره‌و ده‌شتوده‌ر هه‌ڵاتن بۆ تاشه‌به‌ردی ڕیمۆن و چوار مانگ له‌ تاشه‌به‌ردی ڕیمۆندا مانه‌وه‌.
48
ئینجا پیاوانی نه‌وه‌ی ئیسرائیل گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌ی بنیامین و له‌ناو هه‌موو شاره‌كه‌دا به‌ شمشێر له‌ خۆیان و ئاژه‌ڵه‌كانیان و له‌ هه‌موو شته‌كانی شاره‌كه‌یان دا و هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و شارۆچكانه‌ی پێی گه‌یشتن سووتاندیانن.
  1. a. 20‏:1 ئه‌و كه‌سانه‌ی كۆبوونه‌ته‌وه‌ بۆ پێكهێنانی له‌شكر. \+xt بڕوانه‌ 21‏:5‏\+xt*.
  2. b. 20‏:1 واته‌ له‌ باكووری ئیسرائیل هه‌تا باشوور.
  3. c. 20‏:16 به‌رده‌قانی: قۆچه‌قانی.
  4. d. 20‏:26 قوربانی هاوبه‌شی: ئه‌م قوربانییه‌ هاوده‌می قوربانی سووتاندن بوو. ته‌نها یه‌ك كه‌س هه‌ڵده‌ستا به‌ دابینكردنی ئه‌م قوربانییه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی دیكه‌ به‌شی زۆری ئه‌م قوربانییه‌یان له‌به‌رده‌م خودا ده‌خوارد وه‌ك هێمایه‌ك بۆ پێكه‌وه‌ ژیان. \+xt بڕوانه‌ لێڤییه‌كان 7‏:11‏-15.‏\+xt*‏