عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پیاوێكی لێڤی و كه‌نیزه‌كه‌ی 
1
له‌و سه‌رده‌مه‌دا هیچ پاشایه‌ك له‌ناو ئیسرائیلدا نه‌بوو.
پیاوێكی لێڤی له‌ شوێنێكی دووره‌ده‌ستی ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی ئه‌فرایمدا نیشته‌جێ بوو، كه‌نیزه‌یه‌كی هێنا خه‌ڵكی بێت‌له‌حمی یه‌هودا بوو.
2
ئیتر كه‌نیزه‌كه‌ داوێنپیسی كرد و چووه‌وه‌ بۆ ماڵی باوكی له‌ بێت‌له‌حمی یه‌هودا، چوار مانگ له‌وێ مایه‌وه‌.
3
ئینجا پیاوه‌كه‌ی هه‌ستا و به‌دوایدا چوو بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی بكاته‌وه‌ و بیگه‌ڕێنێته‌وه‌، ئیتر خزمه‌تكاره‌كه‌ی و دوو گوێدرێژی له‌گه‌ڵ خۆی برد. ژنه‌كه‌ش پیاوه‌كه‌ی برده‌ ناو ماڵی باوكی. كاتێك باوكی كیژه‌كه‌ بینی به‌ دڵخۆشییه‌وه‌ به‌خێرهاتنی كرد.
4
خه‌زووری واته‌ باوكی كیژه‌كه‌ گلی دایه‌وه‌ و سێ ڕۆژ له‌گه‌ڵیدا مایه‌وه‌، خواردیان و خواردیانه‌وه‌ و له‌وێ مایه‌وه‌.
5
له‌ ڕۆژی چواره‌مدا به‌یانی زوو له‌ خه‌و هه‌ستان و لێڤییه‌كه‌ خۆی ئاماده‌ كرد بۆ ڕۆیشتن، باوكی كیژه‌كه‌ به‌ زاواكه‌ی گوت: «تۆ به‌ پارووه‌ نانێك به‌ری دڵت بگره‌ و پاشان له‌گه‌ڵ ئه‌وان بڕۆ.»
6
ئینجا هه‌ردووكیان دانیشتن و خواردیان و پێكه‌وه‌ خواردیانه‌وه‌، باوكی كیژه‌كه‌ به‌ پیاوه‌كه‌ی گوت: «ڕازی به‌ و ئه‌مشه‌ویش به‌ خۆشی به‌سه‌ربه‌ره‌.»
7
جا كه‌ پیاوه‌كه‌ هه‌ستا بڕوات، خه‌زووری زۆری لێكرد، تاكو شه‌وێكی دیكه‌ له‌وێ بمێنێته‌وه‌.
8
پاشان بۆ سبه‌ینێ له‌ ڕۆژی پێنجه‌مدا هه‌ستا بۆ ئه‌وه‌ی بڕوات، باوكی كیژه‌كه‌ گوتی: «به‌ری دڵت بگره‌ ئینجا بڕۆ!» ئینجا هه‌تا دوای نیوه‌ڕۆ مانه‌وه‌ و هه‌ردووكیان نانیان خوارد.
9
ئیتر پیاوه‌كه‌ هه‌ستا بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌نیزه‌كه‌ی و خزمه‌تكاره‌كه‌یدا بڕوات، جا خه‌زووری، واته‌ باوكی كیژه‌كه‌، گوتی: «ئه‌وا ڕۆژ له‌ ئاوابوونه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بمێنه‌وه‌. وا كۆتایی ڕۆژه‌، ئه‌مشه‌ویش به‌ خۆشی به‌سه‌ربه‌ره‌، سبه‌ینێ زوو بكه‌وه‌ ڕێ و بگه‌ڕێوه‌ بۆ شوێنی خۆت.»
10
به‌ڵام پیاوه‌كه‌ نه‌یویست بمێنێته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌ستا و ڕۆیشت، گه‌یشته‌ به‌رامبه‌ر یه‌بوس، واته‌ ئۆرشه‌لیم، دوو گوێدرێژه‌ كورتانكراوه‌كه‌ی و كه‌نیزه‌كه‌ی له‌گه‌ڵدا بوو.
11
له‌و كاته‌دا له‌ نزیك یه‌بوس بوون و ڕۆژ زۆر نزیك بوو له‌ ئاوابوون، خزمه‌تكاره‌كه‌ به‌ گه‌وره‌كه‌ی گوت: «وه‌ره‌ با بچین بۆ ئه‌م شاره‌ی یه‌بوسییه‌كان و تێیدا بمێنینه‌وه‌.»
12
به‌ڵام گه‌وره‌كه‌ی پێی گوت: «ناچین بۆ شارێكی بێگانه‌ كه‌ هیچ كه‌سێكی لێ نییه‌ له‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل بێت، به‌ڵكو ده‌په‌ڕینه‌وه‌ بۆ گیڤعا.»
13
ئینجا به‌ خزمه‌تكاره‌كه‌ی گوت: «با به‌ره‌و پێش بچین، به‌ڵكو شه‌و له‌ گیڤعا یان له‌ ڕامه‌ بمێنینه‌وه‌.»
14
ئیتر په‌ڕینه‌وه‌ و ڕۆیشتن، له‌ نزیك گیڤعای بنیامینه‌وه‌ خۆریان لێ ئاوابوو.
15
به‌لای گیڤعادا لایاندا و چوونه‌ ئه‌وه‌ی تاكو شه‌و له‌وێ بمێننه‌وه‌. له‌ مه‌یدانی شاره‌كه‌ دانیشتن، به‌ڵام كه‌س نه‌یگرتنه‌ خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ماڵه‌كه‌یدا بمێننه‌وه‌.
16
له‌و كاته‌دا پیره‌مێردێك ده‌مه‌و ئێواره‌ له‌ كێڵگه‌وه‌ له‌ كار ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، ئه‌م پیاوه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی ئه‌فرایم بوو، له‌ گیڤعادا نیشته‌جێ بوو، خه‌ڵكی شاره‌كه‌ش بنیامینی بوون.
17
پیره‌مێرده‌كه‌ چاوی هه‌ڵبڕی و پیاوه‌ ڕێبواره‌كه‌ی له‌ناو مه‌یدانی شاره‌كه‌دا بینی، پێی گوت: «بۆ كوێ ده‌چیت و له‌كوێوه‌ هاتوویت؟»
18
ئه‌ویش پێی گوت: «ئێمه‌ له‌ بێت‌له‌حمی یه‌هوداوه‌ هاتووین بۆ شوێنێكی دووره‌ده‌ستی ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی ئه‌فرایم ده‌چین. من خه‌ڵكی ئه‌وێم و چووم بۆ بێت‌له‌حمی یه‌هودا، ئێستا به‌ره‌و ماڵی یه‌زدان[a] ده‌چم و كه‌سیش نییه‌ بمگرێته‌ خۆی.
19
هه‌روه‌ها كا و ئالیكمان پێیه‌ بۆ گوێدرێژه‌كانمان، خۆم و ژنه‌كه‌م و خزمه‌تكاره‌كه‌م نان و شه‌رابمان پێیه‌. پێویستمان به‌ هیچ نییه‌.»
20
پیره‌مێرده‌كه‌ گوتی: «به‌خێر بێیت، هه‌موو پێداویستییه‌كانت له‌سه‌ر من، به‌ڵام له‌ مه‌یدانه‌كه‌ مه‌مێنه‌وه‌.»
21
ئینجا بردی بۆ ماڵی خۆی و ئالیكی دایه‌ گوێدرێژه‌كانیان، قاچیان شوشت و خواردیان و خواردیانه‌وه‌.
22
له‌و كاته‌دا كه‌ ده‌حه‌وانه‌وه‌، پیاوه‌ به‌دڕه‌وشته‌كانی شاره‌كه‌ ماڵه‌كه‌یان گه‌مارۆ دا و له‌ ده‌رگاكه‌یان دا، له‌گه‌ڵ پیره‌مێرده‌كه‌ی خاوه‌نی ماڵه‌كه‌ قسه‌یان كرد و گوتیان: «ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ هاته‌ ناو ماڵه‌كه‌ت بیهێنه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵی جووت بین.»
23
خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ چووه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ لایان و پێی گوتن: «نا براكانم، كاری خراپ مه‌كه‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م پیاوه‌ هاتووه‌ته‌ ناو ماڵه‌كه‌ی من، ئه‌م بێ ئابڕووییه‌ مه‌كه‌ن.
24
ئه‌وه‌تا كچه‌ پاكیزه‌كه‌م و كه‌نیزه‌ی پیاوه‌كه‌، تكایه‌ با بیانهێنمه‌ ده‌ره‌وه‌ و لاقه‌یان بكه‌ن، چیتان پێ خۆشه‌ له‌گه‌ڵیاندا بیكه‌ن، به‌ڵام ئه‌م بێ ئابڕووییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پیاوه‌دا مه‌كه‌ن.»
25
به‌ڵام پیاوه‌كان نه‌یانویست گوێی لێ بگرن. ئیتر پیاوه‌كه‌ كه‌نیزه‌كه‌ی گرت و ناردییه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆیان. ئه‌وانیش به‌ درێژایی شه‌و هه‌تا به‌یانی لاقه‌یان كرد و به‌ خراپی له‌گه‌ڵیدا ڕایانبوارد، به‌ره‌به‌یان به‌ڕه‌ڵایان كرد.
26
به‌ره‌به‌یان ژنه‌كه‌ هات و هه‌تا ڕۆژ بووه‌وه‌ له‌ به‌رده‌رگای ماڵی پیاوه‌كه‌دا كه‌وت، كه‌ گه‌وره‌كه‌شی له‌وێ بوو.
27
كاتێك گه‌وره‌كه‌ی به‌یانی هه‌ستا و ده‌رگاكانی ماڵه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و هاته‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌تا به‌ڕێ بكه‌وێت، له‌و كاته‌دا ژنه‌ كه‌نیزه‌كه‌ی له‌ به‌رده‌رگای ماڵه‌كه‌ كه‌وتبوو و ده‌ستی له‌سه‌ر سه‌كۆیه‌كه‌ بوو.
28
پێی گوت: «هه‌سته‌ با بڕۆین.» به‌ڵام وه‌ڵام نه‌بوو. ئینجا خستییه‌ سه‌ر گوێدرێژه‌كه‌ و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ شوێنه‌كه‌ی خۆی.
29
كاتێك گه‌یشته‌وه‌ ماڵ، چه‌قۆیه‌كی هێنا و كه‌نیزه‌كه‌ی گرت و په‌لپه‌لی كرد، كردی به‌ دوازده‌ پارچه‌ و ناردنی بۆ هه‌موو هه‌رێمه‌كانی ئیسرائیل.
30
جا هه‌ركه‌سێك بینی گوتی: «له‌ ڕۆژی كۆچكردنی نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ خاكی میسره‌وه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ شتی وا نه‌بووه‌ و نه‌بینراوه‌. لێی وردبنه‌وه‌ و ڕاوێژ بكه‌ن و قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن!»
  1. a. 19‏:18 ماڵی یه‌زدان: مه‌به‌ست له‌ شوێنی لێڤییه‌كه‌یه‌، ده‌شێت به‌شێك له‌ ماڵی خۆی بێت.