عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دانییه‌كان له‌ له‌یش نیشته‌جێ بوون 
1
له‌و سه‌رده‌مه‌دا هیچ پاشایه‌ك له‌ناو ئیسرائیلدا نه‌بوو.
له‌و ڕۆژانه‌شدا هۆزی دانییه‌كان به‌دوای شوێنێكدا ده‌گه‌ڕان بۆ نیشته‌جێبوون، چونكه‌ هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ش له‌نێو هۆزه‌كانی ئیسرائیلدا هیچ میراتێكیان به‌رنه‌كه‌وتبوو.
2
جا نه‌وه‌ی دان له‌ چۆرعا و له‌ ئه‌شتائۆله‌وه‌ پێنج جه‌نگاوه‌ری لێهاتوویان له‌ تێكڕای خێڵه‌كه‌یانه‌وه‌ نارد، بۆ ئه‌وه‌ی سیخوڕی به‌سه‌ر خاكه‌كه‌وه‌ بكه‌ن و بیپشكنن، پێیان گوتن: «بڕۆن و خاكه‌كه‌ بپشكنن.»
جا ئه‌وانیش هاتن بۆ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی ئه‌فرایم بۆ ماڵی میخا و له‌وێ مانه‌وه‌.
3
له‌و كاته‌دا كه‌ ئه‌وان له‌ نزیك ماڵی میخا بوون، ده‌نگی كوڕه‌ لێڤییه‌كه‌یان ناسییه‌وه‌ و چوون بۆ ئه‌وێ و لێیان پرسی: «كێ تۆی هێناوه‌ بۆ ئێره‌؟ له‌م شوێنه‌ چی ده‌كه‌یت؟ چیت لێره‌ هه‌یه‌؟»
4
ئه‌ویش پێی گوتن: «میخا ئه‌مه‌ و ئه‌وه‌ی بۆ كردووم و به‌ كرێی گرتووم و بووم به‌ كاهینی.»
5
ئه‌وانیش پێیان گوت: «تكایه‌ له‌ خودا بپرسه‌ و بزانه‌ له‌و ڕێگایه‌دا سه‌ركه‌وتوو ده‌بین كه‌ پێیدا ده‌ڕۆین؟»
6
كاهینه‌كه‌ش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: «به‌ سه‌لامه‌تی بڕۆن، ئه‌و ڕێگایه‌ی پێیدا ده‌ڕۆن چاوی یه‌زدانی له‌سه‌ره‌.»
7
ئینجا پێنج پیاوه‌كه‌ ڕۆیشتن و هاتنه‌ له‌یش، ته‌ماشایان كرد ئه‌و گه‌له‌ی تێیدایه‌ به‌ ئاسووده‌یی ده‌ژین، وه‌ك نه‌ریتی سه‌یدائییه‌كان، ئاسووده‌ و خاوه‌ن متمانه‌ بوون، چونكه‌ زه‌وییه‌كه‌ له‌ هیچ شتێكدا كه‌موكوڕی نه‌بوو و ده‌وڵه‌مه‌ندیش بوون. جگه‌ له‌وه‌ش له‌ سه‌یدائییه‌كانه‌وه‌ دووربوون و په‌یوه‌ندیشیان به‌ كه‌سه‌وه‌ نه‌بوو.
8
جا هاتنه‌وه‌ بۆ لای خزمه‌كانیان بۆ چۆرعا و ئه‌شتائۆل و خزمه‌كانیان لێیان پرسین: «ها هه‌واڵ چی بوو؟»
9
ئه‌وانیش گوتیان: «هه‌ستن با بچینه‌ سه‌ریان، چونكه‌ بینیمان خاكه‌كه‌ زۆر چاكه‌، جا بێده‌نگ مه‌بن و له‌ ڕۆیشتن ته‌مبه‌ڵی مه‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌ ناو خاكه‌كه‌وه‌ و ببن به‌ خاوه‌نی.
10
كاتێك ده‌گه‌نه‌ ئه‌وێ، گه‌لێكی خاوه‌ن متمانه‌ و خاكێكی له‌ دوو لاوه‌ به‌ر فراوان ده‌بینن. خودا خستوویه‌تییه‌ ژێر ده‌ستتانه‌وه‌ و شوێنێكه‌ له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی كه‌موكوڕی له‌ هیچ شتێك نییه‌.»
11
ئیتر شه‌ش سه‌د پیاوی چه‌كدار له‌ خێڵی دانییه‌كان له‌ چۆرعا و ئه‌شتائۆله‌وه‌ بۆ شه‌ڕكردن به‌ڕێكه‌وتن.
12
پیاوه‌كان سه‌ركه‌وتن و له‌ قیریه‌ت یه‌عاریم له‌ یه‌هودا چادریان هه‌ڵدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆش به‌و شوێنه‌ ده‌گوترێت مه‌حه‌نێی دان[a] ، شوێنه‌كه‌ش له‌ ڕۆژئاوای قیریه‌ت یه‌عاریمه‌وه‌یه‌.
13
له‌وێشه‌وه‌ په‌ڕینه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی ئه‌فرایم و هاتن بۆ ماڵی میخا.
14
ئینجا ئه‌و پێنج پیاوه‌ی كه‌ بۆ سیخوڕیكردن به‌سه‌ر خاكی له‌یشه‌وه‌ چووبوون، به‌ خزمه‌كانیان گوت: «ئایا ده‌زانن له‌م ماڵه‌دا ئێفۆد و بت و په‌یكه‌ری داتاشراو و بتی له‌قاڵبدراو هه‌یه‌؟ كه‌واته‌ ئێستا بیربكه‌نه‌وه‌ چی بكه‌ن.»
15
ئینجا ڕوویان كرده‌ ئه‌وێ و هاتن بۆ ماڵی میخا، سڵاویان له‌ كوڕه‌ لێڤییه‌كه‌ كرد.
16
شه‌ش سه‌د پیاوه‌ چه‌كداره‌كه‌ی نه‌وه‌ی دان به‌ هه‌موو چه‌ك و تفاقه‌وه‌ له‌به‌رده‌م ده‌رگاكه‌ ڕاوه‌ستان.
17
ئه‌و پێنج پیاوه‌ی كه‌ بۆ سیخوڕیكردن به‌سه‌ر خاكه‌كه‌وه‌ چووبوون، سه‌ركه‌وتن و چوونه‌ ژووره‌وه‌ بۆ ئه‌وێ، په‌یكه‌ره‌ داتاشراوه‌كه‌ و ئێفۆده‌كه‌ و بته‌كان و بته‌ له‌قاڵبدراوه‌كه‌یان برد، كاهینه‌كه‌ش له‌به‌رده‌م ده‌رگاكه‌ له‌گه‌ڵ شه‌ش سه‌د پیاوه‌ چه‌كداره‌كه‌ ڕاوه‌ستابوو.
18
كاتێك پێنج پیاوه‌كه‌ چوونه‌ ناو ماڵی میخا و په‌یكه‌ره‌ داتاشراوه‌كه‌ و ئێفۆده‌كه‌ و بته‌كان و بته‌ له‌قاڵبدراوه‌كه‌یان برد، كاهینه‌كه‌ لێی پرسین: «ئه‌وه‌ چی ده‌كه‌ن؟»
19
ئه‌وانیش وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: «بێده‌نگ به‌! ده‌ستت بخه‌ره‌ سه‌ر ده‌مت و له‌گه‌ڵمان وه‌ره‌، ببه‌ به‌ باوك و كاهینمان. چاكتره‌ كاهینی ماڵی یه‌ك پیاو بیت، یاخود كاهینی هۆزێك و خێڵێك له‌ ئیسرائیلدا؟»
20
ئیتر كاهینه‌كه‌ش دڵخۆش بوو، ئێفۆده‌كه‌ و بته‌كان و په‌یكه‌ره‌ داتاشراوه‌كه‌ی برد و چووه‌ ڕیزی گه‌له‌كه‌وه‌.
21
ئینجا ڕۆیشتن، منداڵ و ئاژه‌ڵی ماڵی و هه‌رچی به‌هادار بوو دایانه‌ پێش خۆیان.
22
كاتێك له‌ ماڵی میخا دووركه‌وتنه‌وه‌ ئه‌و پیاوانه‌ی كه‌ له‌ناو ماڵه‌كانی نزیك ماڵی میخا بوون، دوای نه‌وه‌ی دان كه‌وتن و پێیان گه‌یشتن.
23
هاواریان له‌ نه‌وه‌ی دان كرد. ئه‌وانیش ئاوڕیان دایه‌وه‌ و به‌ میخایان گوت: «ئه‌وه‌ چیته‌، پیاوه‌كانت بانگكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ بكه‌ن؟»
24
ئه‌ویش گوتی: «ئه‌و بتانه‌ی دروستم كردن له‌گه‌ڵ كاهینه‌كه‌ بردووتانه‌ و ڕۆیشتوون، هیچم بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌، ئیتر چۆن پێم ده‌ڵێن، ”ئه‌وه‌ چیته‌؟“»
25
نه‌وه‌ی دانیش وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: «با له‌نێوماندا گوێمان له‌ ده‌نگت نه‌بێت، نه‌وه‌ك ئه‌م پیاوه‌ سه‌رگه‌رمانه‌ په‌لامارت بده‌ن و گیانی خۆت و خێزانه‌كه‌ت بكێشن.»
26
ئینجا نه‌وه‌ی دان ڕێگای خۆیان گرته‌به‌ر، كه‌ میخاش بینی له‌و به‌هێزترن، گه‌ڕایه‌وه‌ و چووه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كه‌ی.
27
به‌ڵام ئه‌وان ئه‌وه‌ی میخا دروستی كردبوو له‌گه‌ڵ كاهینه‌كه‌یدا بردیان و چوونه‌ له‌یش، بۆ لای گه‌لێكی ئاسووده‌ و خاوه‌ن متمانه‌، جا دایانه‌ به‌ر شمشێر و شاره‌كه‌یان سووتاند.
28
كه‌سیش نه‌بوو به‌ هانای بگات، چونكه‌ شاره‌كه‌ له‌ناو دۆڵی بێت‌ڕه‌حۆڤ بوو كه‌ له‌ سه‌یدائه‌وه‌ دوور بوو، په‌یوه‌ندیشیان به‌ كه‌سه‌وه‌ نه‌بوو.
ئینجا دانییه‌كان شاره‌كه‌یان بنیاد ناوه‌ و تێیدا نیشته‌جێ بوون و
29
شاره‌كه‌یان ناونا دان، به‌ ناوی دانی باپیر گه‌وره‌یانه‌وه‌ كه‌ یه‌كێك بوو له‌ كوڕه‌كانی ئیسرائیل[b] ، به‌ڵام پێشتر شاره‌كه‌ ناوی له‌یش بوو.
30
ئینجا نه‌وه‌ی دان په‌یكه‌ره‌ داتاشراوه‌كه‌یان بۆ خۆیان دانا و یۆناتانی كوڕی گێرشۆمی كوڕی موسا خۆی و كوڕه‌كانی بوون به‌ كاهینی هۆزی دانییه‌كان هه‌تا ڕۆژی ڕاپێچكردنی خه‌ڵكی خاكه‌كه‌.
31
به‌ درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ ماڵی خودا له‌ شیلۆ بوو، ئه‌و په‌یكه‌ره‌ داتاشراوه‌ی كه‌ میخا دروستی كردبوو بۆ خۆیان دایاننا.
  1. a. 18‏:12 مه‌حه‌نێی دان: واته‌ ئۆردوگای دان.
  2. b. 18‏:29 له‌ كوڕه‌كانی ئیسرائیل: واته‌ یه‌كێك بوو له‌ كوڕه‌كانی یاقوب.