عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
شه‌مشون و ده‌لیلا 
1
پاشان شه‌مشون چوو بۆ غه‌زه‌ و له‌وێ له‌شفرۆشێكی بینی و چووه‌ ژووره‌وه‌ بۆ لای.
2
ئینجا به‌ غه‌زه‌ییه‌كان گوترا: «شه‌مشون هاتووه‌ بۆ ئێره‌!» جا چوارده‌وری شوێنه‌كه‌یان گرت و به‌ درێژایی شه‌و له‌ نزیك ده‌روازه‌ی شاره‌كه‌دا خۆیان بۆ مات كرد و گوتیان: «به‌ره‌به‌یان ده‌یكوژین.»
3
شه‌مشونیش هه‌تا نیوه‌شه‌و پاڵكه‌وت و پاشان له‌ نیوه‌ی شه‌ودا هه‌ستا و هه‌ردوو لای ده‌روازه‌ی شاره‌كه‌ به‌ ته‌واوی له‌گه‌ڵ دوو كۆڵه‌كه‌كه‌ و شمشیره‌كه‌ی[a] ده‌رهێنا و خستنییه‌ سه‌ر شانی و بردنییه‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ سه‌ر چیاكه‌ی به‌رامبه‌ر حه‌برۆن.
4
پاش ئه‌وه‌ ئافره‌تێكی له‌ دۆڵی سۆرێقدا خۆشویست كه‌ ناوی ده‌لیلا بوو.
5
ئینجا حوكمڕانه‌ فه‌له‌ستییه‌كان چوونه‌ لای ده‌لیلا و پێیان گوت: «مه‌كری له‌گه‌ڵ بكه‌ و ته‌ماشا بكه‌ بزانه‌ نهێنی ئه‌و هێزه‌ مه‌زنه‌ی چییه‌ و به‌ چی به‌سه‌ریدا زاڵ بین و په‌لبه‌ستی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ملكه‌چی بكه‌ین، ئینجا هه‌ریه‌ك له‌ ئێمه‌ هه‌زار و سه‌د شاقل[b] زیوت پێده‌ده‌ین.»
6
جا ده‌لیلا به‌ شه‌مشونی گوت: «پێم بڵێ نهێنی هێزه‌ گه‌وره‌كه‌ت چییه‌ و به‌ چی ده‌به‌سترێیته‌وه‌ هه‌تا ملكه‌چ بكرێیت؟»
7
شه‌مشونیش پێی گوت: «ئه‌گه‌ر به‌ حه‌وت ژێی ته‌ڕی وشك نه‌بووه‌وه‌ بمبه‌ستنه‌وه‌، بێهێز ده‌بم و وه‌ك كه‌سێكی ئاساییم لێدێت.»
8
ئینجا حوكمڕانه‌ فه‌له‌ستییه‌كان حه‌وت ژێی ته‌ڕی وشك نه‌بووه‌وه‌یان بۆ ده‌لیلا سه‌رخست و پێی به‌ستایه‌وه‌.
9
كه‌سانی بۆسه‌كه‌ له‌ ژووره‌كه‌ له‌لای مابوونه‌وه‌، ده‌لیلا پێی گوت: «شه‌مشون، فه‌له‌ستییه‌كان هاتنه‌ سه‌رت!» شه‌مشونیش ژێیه‌كانی بڕی، وه‌ك پچرانی په‌ت كاتێك له‌ ئاگر نزیك ده‌بێته‌وه‌، جا نه‌زانرا نهێنی هێزه‌كه‌ی چییه‌.
10
جا ده‌لیلا به‌ شه‌مشونی گوت: «ئه‌وه‌تا گاڵته‌ت پێكردم و درۆت له‌گه‌ڵ كردم، ئێستا پێم بڵێ به‌ چی ده‌به‌سترێیته‌وه‌؟»
11
ئه‌ویش پێی گوت: «ئه‌گه‌ر به‌ گوریسی نوێی به‌كارنه‌هاتوو بمبه‌ستنه‌وه‌، بێهێز ده‌بم و وه‌ك كه‌سێكی ئاساییم لێدێت.»
12
ئینجا ده‌لیلا چه‌ند گوریسێكی نوێی هێنا و پێی به‌ستایه‌وه‌ و پێی گوت: «شه‌مشون، فه‌له‌ستییه‌كان هاتنه‌ سه‌رت!» بۆسه‌كه‌ش له‌ ژووره‌كه‌دا له‌لای مابووه‌وه‌، جا گوریسه‌كه‌ی وه‌ك ده‌زوو له‌ قۆڵی كرده‌وه‌.
13
ده‌لیلاش به‌ شه‌مشونی گوت: «هه‌تا ئێستا گاڵته‌م پێ ده‌كه‌یت و درۆم له‌گه‌ڵ ده‌كه‌یت، ئێستا پێم بڵێ به‌ چی ده‌به‌سترێیته‌وه‌؟»
ئه‌ویش پێی گوت: «ئه‌گه‌ر حه‌وت تیسك[c] له‌ پرچم به‌ ڕایه‌ڵی ته‌ونێكه‌وه‌ بچنیته‌وه‌ و له‌ ته‌خته‌ دارێك گرێی بده‌یت، ئه‌و كاته‌ بێهێز ده‌بم و وه‌ك كه‌سێكی ئاساییم لێدێت.» جا كاتێك خه‌وتبوو، ده‌لیلا حه‌وت تیسك له‌ پرچی به‌ ڕایه‌ڵی ته‌ونه‌كه‌ چنییه‌وه‌ و
14
له‌ ته‌خته‌ دارێك گرێی دا.
جارێكی دیكه‌ پێی گوت: «شه‌مشون، فه‌له‌ستییه‌كان هاتنه‌ سه‌رت!» جا له‌ خه‌وه‌كه‌ی به‌ئاگا هات و ته‌خته‌ دار و ته‌ونه‌كه‌ و ڕایه‌ڵه‌كه‌ی هه‌ڵته‌كاند.
15
ئینجا پێی گوت: «چۆن ده‌ڵێیت ”تۆم خۆشده‌وێ“ و دڵیشت له‌گه‌ڵمدا نییه‌؟ ئه‌وه‌تا ئه‌مه‌ سێ جاره‌ گاڵته‌م پێ ده‌كه‌یت و پێم ناڵێیت نهێنی هێزه‌ گه‌وره‌كه‌ت چییه‌.»
16
جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نگی پێهه‌ڵچنی بوو و هه‌موو ڕۆژێك لێی دووباره‌ ده‌كرده‌وه‌، هه‌تا وه‌ڕسی كردبوو.
17
بۆیه‌ هه‌موو دڵی خۆی بۆ كرده‌وه‌ و پێی گوت: «گوێزان به‌سه‌ر سه‌رمدا نه‌هاتووه‌، چونكه‌ له‌ سكی دایكمه‌وه‌ بۆ خودا ته‌رخانكراوم[d] . جا ئه‌گه‌ر سه‌رم بتاشرێت هێزه‌كه‌م لێم ده‌ڕوات و لاواز ده‌بم و وه‌ك كه‌سێكی ئاساییم لێدێت.»
18
جا ده‌لیلا كه‌ بینی هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌ دڵیدایه‌ پێی گوت، حوكمڕانه‌ فه‌له‌ستییه‌كانی بانگكرد و گوتی: «ئه‌م جاره‌ سه‌ربكه‌ون، چونكه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ دڵیدا بوو پێی گوتم.» ئینجا حوكمڕانه‌ فه‌له‌ستییه‌كان سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ لای و زیوه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیاندا برد.
19
ئینجا له‌سه‌ر ڕانی خه‌واندی و پیاوێكی بانگكرد و هه‌ر حه‌وت تیسكه‌كه‌ی سه‌ری تاشی و ده‌ستی به‌ زه‌لیلی كرد و هێزه‌كه‌ی له‌ ده‌ست دا.
20
ئینجا گوتی: «شه‌مشون، فه‌له‌ستییه‌كان هاتنه‌ سه‌رت!»
جا ئه‌ویش له‌ خه‌و خه‌به‌ری بووه‌وه‌ و گوتی: «وه‌ك هه‌موو جارێك ده‌چمه‌ ده‌ره‌وه‌ و خۆم ڕاده‌ته‌كێنم و ئازاد ده‌بم.» به‌ڵام نه‌یزانی یه‌زدان به‌جێی هێشتووه‌.
21
جا فه‌له‌ستییه‌كان گرتیان و چاویان هه‌ڵكۆڵی و بردیانه‌ خواره‌وه‌ بۆ غه‌زه‌ و به‌ زنجیری بڕۆنز به‌ستیانه‌وه‌ و له‌ زینداندا ئیشی ده‌ستاڕی ده‌كرد.
22
به‌ڵام مووی سه‌ری ده‌ستی به‌ هاتنه‌وه‌ كرد پاش ئه‌وه‌ی تاشرابوو.
مردنی شه‌مشون 
23
حوكمڕانه‌ فه‌له‌ستییه‌كانیش كۆبوونه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قوربانییه‌كی گه‌وره‌ بۆ داگۆنی خوداوه‌ندیان سه‌ر ببڕن و ئاهه‌نگ بگێڕن و گوتیان: «خوداوه‌نده‌كه‌مان شه‌مشونی دوژمنمانی داوه‌ته‌ ده‌ستمان.»
24
جا كه‌ گه‌ل بینییان ستایشی خوداوه‌نده‌كه‌یان كرد، چونكه‌ گوتیان:
«خوداوه‌نده‌كه‌مان ئه‌و دوژمنه‌مانی
دایه‌ ده‌ستمان
كه‌ خاكه‌كه‌ی ئێمه‌ی وێران كرد و
زۆری لێ كوشتین.»
25
پاش ئه‌وه‌ی دڵیان خۆش بوو، گوتیان: «شه‌مشون بانگ بكه‌ن هه‌تا جۆش و خرۆشمان پێبدات.» ئینجا شه‌مشونیان له‌ زیندانه‌وه‌ بانگكرد و له‌به‌رده‌میاندا نوواندنی بۆ ده‌كردن.
كاتێك له‌نێوان كۆڵه‌كه‌كان ڕایانوه‌ستاند،
26
شه‌مشون به‌و مێردمنداڵه‌ی گوت كه‌ ده‌ستی گرتبوو: «لێمگه‌ڕێ با ده‌ست بده‌مه‌ كۆڵه‌كه‌كان كه‌ په‌رستگاكه‌ی له‌سه‌ر ڕاوه‌ستاوه‌ هه‌تا خۆمیان پێوه‌ بگرم.»
27
په‌رستگاكه‌ش پڕ بوو له‌ پیاو و ئافره‌ت و هه‌موو حوكمڕانه‌ فه‌له‌ستییه‌كانیش له‌وێ بوون، له‌ سه‌ربانه‌كه‌ش سێ هه‌زار پیاو و ئافره‌تی لێبوو، ته‌ماشای شه‌مشونیان ده‌كرد نوواندنی بۆ ده‌كردن.
28
جا شه‌مشون هاواری بۆ یه‌زدان كرد و گوتی: «ئه‌ی یه‌زدانی باڵاده‌ست، تكایه‌ به‌ بیری خۆتم بهێنه‌ره‌وه‌، تكایه‌ به‌هێزم بكه‌، ته‌نها ئه‌م جاره‌ ئه‌ی خودایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ یه‌ك جار تۆڵه‌ی چاوم له‌ فه‌له‌ستییه‌كان بكه‌مه‌وه‌.»
29
ئینجا شه‌مشون دوو كۆڵه‌كه‌كه‌ی ناوه‌ندی گرت كه‌ په‌رستگاكه‌ له‌سه‌ریان ڕاوه‌ستابوو و خۆی پێیانه‌وه‌ گرت، یه‌كێكیان له‌لای ده‌سته‌ ڕاستی و ئه‌وی دیكه‌یان له‌لای ده‌سته‌ چه‌پی.
30
ئینجا شه‌مشون گوتی: «با له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستییه‌كاندا بمرم!» جا به‌ هه‌موو هێزی چه‌مایه‌وه‌ و په‌رستگاكه‌ به‌سه‌ر حوكمڕانه‌كان و هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌ی تێیدا بوون ڕووخا، جا ئه‌وانه‌ی له‌ كاتی مردنیدا كوشتنی زیاتر بوون له‌وانه‌ی له‌ ژیانیدا كوشتنی.
31
ئینجا براكانی و هه‌موو ماڵی باوكی دابه‌زین و هه‌ڵیانگرت و بردیانه‌ سه‌ره‌وه‌، له‌نێوان چۆرعا و ئه‌شتائۆل له‌ناو گۆڕی مانۆوه‌حی باوكی ناشتیان. ئه‌ویش بیست ساڵ ڕابه‌رایه‌تی ئیسرائیلی كرد.
  1. a. 16‏:3 ‏شمشیره‌: پارچه‌ دارێك بووه‌ له‌ جیاتی قوفڵ له‌ دواوه‌ی ده‌رگا به‌ شێوه‌ی ئاسۆیی دانراوه‌ بۆ داخستنی ده‌رگا.
  2. b. 16‏:5 نزیكه‌ی 13 كیلۆگرام.
  3. c. 16‏:13 تیسك: كۆمه‌ڵه‌ تاڵه‌ مووی پرچی سه‌ره‌ كه‌ پێكه‌وه‌ كۆبووه‌ته‌وه‌، پێشی ده‌گوترێ له‌زگه‌ موو.
  4. d. 16‏:17 ته‌رخانكراوم: واته‌ نه‌زر ده‌كات. بڕوانه‌ سه‌رژمێری به‌شی 6.