عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
شه‌مشون تۆڵه‌ له‌ فه‌له‌ستییه‌كان ده‌كاته‌وه‌ 
1
ئینجا پاش ماوه‌یه‌ك له‌ كاتی دروێنه‌ی گه‌نمدا شه‌مشون ژنه‌كه‌ی به‌ كاره‌بزنێك به‌سه‌ركرده‌وه‌ و گوتی: «ده‌چمه‌ ژووره‌وه‌ بۆ لای ژنه‌كه‌م له‌ ژووره‌كه‌ی خۆی.» به‌ڵام باوكی ژنه‌كه‌ی نه‌یهێشت بچێته‌ ژووره‌وه‌.
2
باوكی گوتی: «له‌ ڕاستیدا من وا بیرم كرده‌وه‌ كه‌ تۆ ڕقت لێی بووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ دام به‌ هاوڕێكه‌ت. ئایا خوشكه‌ بچووكه‌كه‌ی له‌و جوانتر نییه‌؟ با له‌ جیاتی ئه‌و بۆ تۆ بێت.»
3
شه‌مشونیش پێی گوتن: «ئێستا من بێتاوانم ئه‌گه‌ر خراپه‌ به‌سه‌ر فه‌له‌ستییه‌كان بهێنم.»
4
ئینجا شه‌مشون چووه‌ ڕاو و سێ سه‌د ڕێوی ڕاوكرد، كلكی هه‌ردوو ڕێوی پێكه‌وه‌ به‌سته‌وه‌ و مه‌شخه‌ڵێكی له‌ناوه‌ڕاستی هه‌ردوو كلكه‌كان دانا.
5
ئینجا ئاگری له‌ مه‌شخه‌ڵه‌كان به‌ردا و ڕێویه‌كانی به‌ڕه‌ڵا كرده‌ ناو كێڵگه‌كانی فه‌له‌ستییه‌كانه‌وه‌، جا ئه‌وه‌ی كۆكرابووه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی چێنرابوو ته‌نانه‌ت ڕه‌زه‌مێوه‌كان و ڕه‌زه‌ زه‌یتوونه‌كانیشی سووتاند.
6
فه‌له‌ستییه‌كانیش گوتیان: «كێ ئه‌مه‌ی كرد؟» وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: «شه‌مشونی زاوای تیمنی، چونكه‌ ژنه‌كه‌ی لێسه‌نده‌وه‌ و دایه‌ هاوڕێكه‌ی.»
ئینجا فه‌له‌ستییه‌كان سه‌ركه‌وتن و ژنه‌كه‌ و باوكیان سووتاند.
7
شه‌مشونیش پێی گوتن: «چونكه‌ ئه‌مه‌تان كردووه‌، ئه‌وا من وازتان لێ ناهێنم هه‌تا تۆڵه‌ نه‌كه‌مه‌وه‌.»
8
ئینجا به‌ توندی لێیدان و زۆر كه‌سی لێیان كوشت، پاشان به‌ره‌و خوار چوو و له‌ناو كونێك له‌ تاشه‌به‌ردی عێتام نیشته‌جێ بوو.
9
ئینجا فه‌له‌ستییه‌كان سه‌ركه‌وتن و له‌ یه‌هودا چادریان هه‌ڵدا و له‌ له‌حی بڵاو بوونه‌وه‌.
10
جا پیاوانی یه‌هودا گوتیان: «بۆچی هاتوونه‌ته‌ سه‌رمان؟»
ئه‌وانیش گوتیان: «بۆ ئه‌وه‌ی شه‌مشون ببه‌ستینه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی پێ بكه‌ین كه‌ پێی كردین.»
11
ئینجا سێ هه‌زار پیاو له‌ یه‌هودا به‌ره‌و خوار چوون بۆ كونه‌كه‌ له‌ تاشه‌به‌ردی عێتام و به‌ شه‌مشونیان گوت: «ئایا نازانیت فه‌له‌ستییه‌كان به‌سه‌رماندا زاڵن؟ تۆ چیت پێكردین؟»
ئه‌ویش پێی گوتن: «چییان پێكردم، ئه‌وه‌م پێكردوون.»
12
ئینجا پێیان گوت: «هاتووینه‌ خواره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتبه‌ستینه‌وه‌ و بتده‌ینه‌ ده‌ست فه‌له‌ستییه‌كان.»
شه‌مشونیش پێی گوتن: «سوێندم بۆ بخۆن كه‌ ئێوه‌ نامكوژن.»
13
ئه‌وانیش گوتیان: «نه‌خێر ناتكوژین، به‌ڵام ده‌تبه‌ستینه‌وه‌ و ده‌تده‌ینه‌ ده‌ستیان.» ئینجا به‌ دوو گوریسی نوێ به‌ستیانه‌وه‌ و له‌ تاشه‌به‌رده‌كه‌وه‌ سه‌ریان خست.
14
كاتێك هات بۆ له‌حی، فه‌له‌ستییه‌كان به‌ هاواره‌وه‌ به‌ره‌و ڕووی چوون. ئینجا ڕۆحی یه‌زدان به‌ تواناوه‌ هاته‌ سه‌ری و ئه‌و دوو گوریسه‌ی به‌ بازوویه‌وه‌ بوو وه‌ك كه‌تانی سووتێنراویان لێهات و ده‌ستی ئازاد بوو.
15
ئینجا شه‌مشون شه‌ویلاكێكی كه‌ری دۆزییه‌وه‌ كه‌ هێشتا وشك نه‌ببووه‌وه‌، هه‌ڵیگرت و هه‌زار پیاوی به‌وه‌ كوشت.
16
ئینجا شه‌مشون گوتی:
«به‌ شه‌ویلاكی كه‌رێك
ئێوه‌م كرده‌ كه‌رگه‌ل،
به‌ شه‌ویلاكی كه‌رێك
هه‌زار پیاوم كوشت.»
17
كه‌ له‌ قسه‌كردن بووه‌وه‌ شه‌ویلاكه‌كه‌ی ده‌ستی فڕێدا و ئه‌و شوێنه‌ی به‌ ڕامه‌ت له‌حی[a] ناو برد.
18
پاشان زۆر تینووی بوو و هاواری بۆ یه‌زدان كرد و گوتی: «تۆ ئه‌م ڕزگارییه‌ گه‌وره‌یه‌ت دا به‌ده‌ست خزمه‌تكاره‌كه‌ت و ئایا ئێستاش له‌ تینووێتیدا ده‌مرم و ده‌كه‌ومه‌ ده‌ست خه‌ته‌نه‌ نه‌كراوه‌كان؟»
19
ئینجا خودا چاڵه‌كه‌ی له‌حییه‌ی كرده‌ دوو كه‌رت و ئاوی لێ هاته‌ ده‌ره‌وه‌. كاتێك شه‌مشون خواردیه‌وه‌ ڕۆحی هاته‌وه‌ به‌ر و بووژایه‌وه‌، بۆیه‌ به‌ كانی هه‌قۆرێ ناوبرا كه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ له‌ له‌حیدایه‌.
20
جا شه‌مشون له‌ ڕۆژگاری فه‌له‌ستییه‌كاندا بیست ساڵ ڕابه‌رایه‌تی ئیسرائیلی كرد.
  1. a. 15‏:17 ڕامه‌ت له‌حی: واته‌ گردی شه‌ویلاك.